با ڕووباری ئاراسمان لێ نەکەن بە دەریاکەی بەردەمی موسا.

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٩:٤٨، ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «نووسینی: '''سەردار حەمەڕەش''' وێنۆک چەند ساڵێک لەمەوبەر کتێبێکم کەوتە بەردەست بەناوی "ڕۆژنامەی ئێلێن بێر" ( Hélène Berr). هەر کە دەستم کرد بەخوێندنەوەی هەتا کۆتایی نەمتوانی دەستی لێ بەربدەم . حەزم لەو کتێبانەیە کە هەر خێرا دەتبەن بۆ خۆی...»ەوە)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

98745ard01.jpg

چەند ساڵێک لەمەوبەر کتێبێکم کەوتە بەردەست بەناوی "ڕۆژنامەی ئێلێن بێر" ( Hélène Berr). هەر کە دەستم کرد بەخوێندنەوەی هەتا کۆتایی نەمتوانی دەستی لێ بەربدەم . حەزم لەو کتێبانەیە کە هەر خێرا دەتبەن بۆ خۆیان. ئێلێن بێر، کچیکی جووی فەرەنسی بوو، کەسێکی شارەزا بوو لە ئەدەبی ئنگلیزی و ئەوروپیدا. لەبەر ئەوەی لە خێزانێکی جوو بوو، لە سەردەمی حوکمی ڤیشی لە فەرەنسا کە ئەو دەمە فەرەنسا لە لایەن نازیەکانەوە داگیر کرابوو، بۆی نەبوو بچیێە تاقیکردنەوەی ئەگرێگاسیۆن (l’agrégation)ی وانەی ئنگلیزی کە بەرزترین پلەی تاقیکردنەوەیە لە فەرەنسا.

لە ساڵی 1944 دا کاتێک لە پاریس ژیانی جووەکان دەکەوێتە مەترسیەوە، خێزانی ئێلێنیش بە هەمان شێوە. هەموو ڕۆژێک ئێلێن لە دەفتەرێکدا بیرەوەریەکانی خۆی دەنوسێتەوە؛ بە خۆڕسکانە ئەوەی لەو ساتەدا بە بیریا هاتووە، ڕووداوەکانی دەوروبەری، ڕۆژبەڕۆژ دەیانوسێتەوە، دێرەکانی هۆنیونەتەوە بە بێ کوژاندنەوە، بە شکڵیکی ئەدەبی نایاب، هەندێک جار ووتەی شکسپیر یان نوسەری تری خزاندۆتە ناو باسەکانی. لە پەرەگرافێکدا دەڵێت: ئەمڕۆ بۆیە دێمە سەر ئەم دەفتەرە بۆ نوسینی چەند دێڕێک، لەبەر ئەوەی کەسی تر شک نابەم هەتاوەکو نیاز و ڕازی خۆمی بۆ بدرکێنم.

پاش ئەوەی خێزانی ئێلێن خۆیان دەشارنەوە لە دەوروبەری پاریس، هەر یەکەیان لە لایەک، شەوێک بڕیار دەدەن هەموویان پێکەوە لە ماڵی خۆیاندا وەک جاران لە دەوری ئێوارە خوانێک کۆببەنەوە، بەڵام ئەفسوس ئەو شەوە دراوسێیەکیان خەبەریان لێ دەدات. پاش ئەوەی پۆلیس دێن و خۆیی و خێزانەکەی دەبەن بۆ بەندیخانە و لەوێوە بۆ ئەڵمانیا، سەرونگوم دەبن. باوکی ئێلێن بەڕیوەبەری شەریەکەیەکی کیمیاویی فەرەنسا بوو، هەر لە خەستەخانەیەکی فەرنسیدا بە دەرزی ژەهراوی دەیکوژن.

پاش کۆتایی جەنگ، بە دوای ئێلێندا دەگەڕێن، چەند کچێک باسی ئێلێنیان کردووە، گوایە لە ئاوشویتز، لە پۆڵۆنیا بەندکرابوون پێکەوە. وەهای دەگێڕنەوە کە ئێلێن لە بەندیخانەکە بۆ ئەوان هیوایەک بووە؛ کچێکی هاوەڵیان لە بەر باری گرانی و ئەشکەنجە و شۆک، کەوتبووە حالەتێکی سەرلێشێواوی و شێتیەوە و کەس نەیدەتوانی لێێ نزیک بێتەوە، تەنها ئێلێن توانیویەتی لێی نزیک بێتەوە و بی دوێنێت. بەڵام بەیانیەک، ئێلێن لەبەر ئازاری جومگەکانی و نەخۆشی و لاوازیی، هێزی تیا نامێنێت هەڵسێتە سەرپێ و جێگەکەی جێ بهێڵێت، لە جێگەکەیدا دەمێنێتەوە، یەکێک لە حەرەسەکان، کە ژنێکی ئەڵمانیە و زۆر قینی لە ئێلێنە، وەک هەموو ئەو بەڕبەرانەی کە لە ئەقڵی کامڵ و ژیر دەترسن، هەر لەویادا بە تێڵا دەکەوێتە گیانی ئێلێن و لەژێ تێڵادا دەیکوژێت.

چەند ڕۆژێک پێش کریسمس بوو، لە لادێ بووم کاتێک کتێبەکەم تەواو کرد. لە گەڵ دواهەمین رستەی کتێبەکەدا، کتێبەکەم گرت بە دەستمەوە و چومە ژورێکەوە، دەرگاکەم لەسەر خۆم داخست. کەوتمە حاڵەتێکەوە ! بە جۆرێک توشی شۆک ببووم، خۆمم نە دەناسیەوە، وەک ئەوەی نزیکترین خۆشەویستم لەکیس دابێت. کتێبەکەم گرتبوو بە بەر سنگمەوە و هاوار هاوار و ناڵە ناڵەم بوو، وەک ئەوەی ئەو ژنە حەرەسە ئەڵمانیە بەسەر منەوە بێت و من دارکاری بکات، ئەوەی سەمەرە بوو بەلامەوە ئەوە بوو کە دەنگی هاواری خۆمم نە دەناسیەوە، بە بێ زیادەڕۆیی وەک ئەوەی دەنگی ڕۆحێکی تر بێت لە گیانمدا هاوار بکات وەها بوو.

هاوسەرەکەم تەقەی دا لە دەرگا هەتاوەکو بزانێت چی ڕوی داوە. هاوسەرەکەم دەیزانی کە کتێبەکەی ئێلێنم بەدەستەوەیە و دەی خوێنمەوە، چونکا خۆی کتێبەکەی پێ دابووم، لەبەر ئەوەی مامۆستای مێژووە و کاری ئەوە کارەساتی شۆوا و ژینۆسایدی جووەکان بۆ خویندکارەکانی باس بکات و هەندێک جار زیارەتی مێنیمۆنتەکانیش دەکەن لەگەڵ خوێندکارەکانی. دەرگاکەم لێ نەکردەوە، داوام لێ کرد بۆ چەند ساتێک وازم لێ بێنێت بە تەنیا لە ژورەکەدا. کوتووپڕ بەهۆش خۆمدا هاتمەوە، خۆم بینیەوە لە ژورێکدا، بۆ کەسێک دەگریم، نە بینیومە و نە دەیناسم.

هەزارەها کەس ئەمڕۆ لە جیهاندا دەمرن، لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا، لە کوردستان بە نمونە، بەخۆمم گووت، بۆچی کارەساتی ئەو کچە هێندە کاری تێ کردم؟ وادیار بوو ئەوەی منی خستبووە ئەو حاڵەتەوە، ئەوە بوو کە ڕۆحێکی هۆشمەند و کامڵی وەک ئێلێن بە تێڵایەک لە لایەن بەڕبەرێکەوە بکوژرێت. بێ شک فەرەنسا گەورەترین نوسەری لەکیس چوو.

ئاخۆ ئەگەر لە ژیاندا بمایە ئەمڕۆ چ ڕۆمانێکی بۆ دەنوسین؟

ئێلێن، دەفتەری بیرەوەریەکانی پێشکەش دەکات بە کوڕیک کە ناوی ناوە: کوڕە چاو خۆڵەمێشیەکە، ناوبراو لەو سەردەمەدا لە هێزی بەرگری فەرەنسیدا بوو، پاشان بووە دیبلۆماتکار. پاش کۆتایی شەڕ، لە لایەن خێزانی ئێلێنەوە دەفتەرەکەی پێ دەدرێت، ئەویش چەندەها ساڵ وەک من لەگەڵ بیرەوەری و ئازارەکانی ئێلێندا دەژی و دەتلێتەوە. کاتێک خێزان پێک دەهێنێت، بۆ ئەوەی ژنەکەی بزانێت کەسێک لە پێش ئەو خۆشی ویستووە، دەفتەرەکە دەدات بە هاوسەرەکەی هەتاوەکو ئەویش بی خوێنێتەوە، دوای خوێندنەوەی پەرتوکەکە، ژنەکەی پێی دەڵێت:

"چەندە خۆشە، لە ژیانتا کەسێکی ئاوا خۆشی بوێیت."

لە ساڵی 2008 دا کوڕە چاو خۆڵەمێشەکە دەفتەرەکە چاپ دەکات، وەک خۆی دەڵێت: ویستم خەڵکی بەشداربن لە ئازارەکانم. ئیدی کتێبەکەی ئێلێن دەبێتە کتێبێکی نایاب لە کتێبخانەی فەرەنسا. پاشان کوڕە چاو خۆلە مێشیەکە دەڵێت: لەگەڵ هاوسەرەکەمدا ژیانم پێکهێنا و منداڵمان بوو، هەرگیز سێبەری ئێلێن نەبووە ڕێگر لە نێوانماندا، هێندە کچێکی دڵ فراوان بوو.

ئەمڕۆ چەند شوێنێک بەناوی ئێلێنەوە ناونراون لە فەرنسا، لەوانە کتێبخانەیەکی گشتیی. کاتێک بە کٶڵانەکانی گەڕەکی پێنج و شەشی پاریسدا تێپەڕ دەبم، بە تایبەتی دەوروبەری دانشگای سۆربۆن، بیر لە ئێلێن دەکەمەوە، ئاخۆ چۆن بە خەون و خەمەکانیەوە بەم کۆڵانانەدا گوزەری کردبێت ؟

بۆیە ئەم باسەم گێرایەوە لەبەرئەوەی لە لاپەڕەیەکی دەفەتەری بیرەوەریەکەیدا، ئێلێن دەڵێت: رۆژێک دایکم بە بیستنی هەوالێکی جەرگبڕ دژی جووەکان، پرسیاری لە خۆی دەکرد کە ئایا کەسێک هەیە ئەم روداوانە بنوسێتەوە هەتاوەک و خەڵکی لە داهاتودا بزانن چی رویداوە؟ چونکێ دایکی نەیدەزانی کە ئێلێن ڕۆژ بە ڕۆژ هەموو ڕوداوەکان دەنوسێتەوە. بۆیە منیش دەڵێم: ئایا کەسێک هەیە لە کوردستان ئەم روداوانەی ئەم سی ساڵەی رابوردوی کوردستان بنوسێتەوە بۆ مێژوو، هەتاوەک و رووباری ئاراسمان لێ نەکەن بە دەریاکەی بەردەمی موسا و زیاتر گرنگی بدەن بە تاوانەکانی ئەنفال و جینۆسایدی ئێزیدییەکان هەتاوەکو گۆڕی نەمران؟