مەرگی چاوکاڵان

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٩:٠٠، ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «نووسینی: '''ڕێڤان جاف''' وێنۆک بابەت: ڕۆمانی '''نەبەز گۆران''' نووسەر زۆر بە سادەیی ئازارەکانی داڕشتووە، دەتوانی جوانیی هەموو ڕستەیەکی لەو سادەییەوە ببینیتەوە، جوانی دەربڕین و داڕشتن کە لە ئاکامی بیرکردنەوە و ئەزموونەکانی نووسەر...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: ڕێڤان جاف

465916313 .jpg

بابەت: ڕۆمانی نەبەز گۆران

نووسەر زۆر بە سادەیی ئازارەکانی داڕشتووە، دەتوانی جوانیی هەموو ڕستەیەکی لەو سادەییەوە ببینیتەوە، جوانی دەربڕین و داڕشتن کە لە ئاکامی بیرکردنەوە و ئەزموونەکانی نووسەرەوە زۆر بە ئاسانی لە بیروهزری خوێنەردا جێگیر دەبن، بواری خوێندنەوە بۆ خوێنەر ئاسانتر و لەبارتر دەکات بەبێ ئەوەی ئاسۆی بیرکردنەوە بشێوێنێت وا لە خوێنەر دەکات بە دوای ڕەگی کێشە و تاوانەکاندا بگەڕێت و هەڵوێست وەربگرێت. بە ڕوانگەیەکی بەرز و ڕۆشنەوە، بە دیدێکی ڕوون و ڕاستەوە واقیعیەتی مێژووی مەرگ و کاریگەری ڕووداوەکان لە مێشکی خوێنەردا گەڵاڵە و پەسەند دەکات وا لە خوێنەر دەکات هەر زوو لە نێو هزر و هەستەکانیدا ساغ بێتەوە، هێزی وشە و ڕستەکانی زۆر بە وردی خوێنەر بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە دەبەستێتەوە.

نووسەر بە زامێکی قووڵ و ئازارێکی نەبڕاوەوە، بە کارامەیی و شارەزایی پوخت و چڕەوە، بە هەستێکی پڕ لە شانازی نیشتیمانی و نەتەوایەتی یەوە، ڕژان و ئافاتی مەرگ لە شارە بە هەیبەت و خانەدانەکەی هەڵەبجەدا دەگێڕێتەوە، بە دڵێکی پڕ ئازارەوە ئەو ئازارە جەرگبڕەی سەنگینی ژیانت لەبیردەباتەوە بە نێو بچوککردنەوە و چاوەڕوانی گەلیکی هەمیشە چاوەڕوانکراو و ئومێدبڕاو و زامداردا شۆڕدەبێتەوە کە کرانە کەرەستە و هەوێنی دەسەڵاتی خوێناویی و ستەمکاری بەعس. باس لە خامۆشیەکی ترسناک و ژەهراوی، باس لە هەتککردن و دەستبردنی ئاسمان و خاکی کوردستان دەکات کە دەستبردنە بۆ ڕۆحی نەتەوەیەک، باس لە خاڵێکی ڕەشی قڕکردن و کۆمەڵکوژی دەکات کە هێندەی ئەستێرەکانی سەر ئاسمانی شارەکە لە ناو کوچە و کۆڵان و ماڵ و قەراغ ڕێگاکاندا کوردی بێ دەرەتان کرانە قوربانی دەستی دیکتاتۆرێکی تاوانکار و خوێنڕێژ.

بە زمانێک ئەم چیرۆکە سامناک و خەمناک و پڕ کارەساتەی گۆڕە گەورەکەی هەڵەبجەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە بۆ هەمیشە وەک پەڵەی ڕەش و غەدر بەسەر ڕووخساری دونیاوە دەمێنێتەوە، باس لە ئازاری هەموو ئەو زامانە دەکات کە بەسەرتاپای نیشتماندا دەگەڕا، ئێشەکەییان ئەوەندە قووڵە وەک چزوو بە جەرگدا دەچەقێن، دڵ لە نێو قوڵپەقوڵپی گریاندا نقووم دەبێت. باس لە گورگە برسیەکەی دەوڵەتی عێراقی دەکات کە بە فڕوفێڵی لەناوبردن و دەسەڵاتەوە مەرگییان گەیاندبووە هەموو شار و گوند و دۆڵێکی سەرزەمینی نیشتمان بۆئەوەی هیچ هەناسەیەکی ئارامی بە ژیانەوە نەهێڵن، زۆر خراپ و بێباکانە یارییان بە چارەنووسی نەتەوەیەک دەکرد، زوڵم و غەدریان وەک ژەنگ ڕۆحمانی دەخواردەوە، شێوە و شێوازی مەرگ ئەوەندە زۆر بوو چیتر هەواڵی مەرگ کەسی ڕانەدەچڵەکاند وەک بڵێی هەموو کورد چاوەڕێی مەرگی یەکتربین، ئاخر بەرەو هەرلایەک بچوویتایە مردن بانگی قڕکردنی بۆ دەکردیت.

باسکردن و گێڕانەوەی هەموو ئەم چیرۆکە ئازاراوییانەی تاوان و کاولکاری و مەرگەسات.... هەر لە حەوسەڵە و سەلیقەداری و بەرزی باڵای قەڵەمە بوێرەکەی مامۆستا دەوەشێتەوە. ڕاست و دروستی دۆخەکە و ناوەڕۆکی ئازارەکان ئەوەندە سامناک و سەختە بە خوێندنەوەییان ئەندێشەی خوێنەر بەجۆرێک دەهەژێنێت تەزووی لەرز و موچڕکەی بەدبەختی و قوربانی بە گیاندا دێنێت، خوێندنەوەی هەر ڕستەیەک بۆ من ژانێک بوو وەک گرێیەکی ژەهراوی شانەکانی جەستەمی دەخواردەوە، هەستم بە نەفرەتێکی توند دەکرد، نەفرەتێک لە مێژوویەکی پڕ لە تاڵیی و ئازاری نیشتمان کە جەللادی و تەڵخی ڕۆژگاری بیردەخستەوە، هەموو هەستەکانم لە نێو تاوان و قوربانیدا چڕدەبووەوە.

نووسینەوەی ئەم جۆرە کتێبانە لەسەر مێژووی پڕ نەهامەتی و مەینەتیەکانی گەلەکەمان بۆخۆی چوکڵێکە بە چاوی هەموو ناحەزان و نەیارانی کورد، دارێکە دەیدەین بە ڕۆحی هەموو ئەو دڕندانەی بە ناڕەوایی و بێ ویژدانیەوە، بە تاوانی سەرکوتکردن و زەوتکردنی نامرۆڤانەییان ژیانیان کردینە پرسەیەکی بەردەوام، لە هەمان کاتیشدا پەیامێکی ئاگاداربوونەوەی باشی بۆ خۆمان لە دواوەیە، هەوڵێکە بۆ بونیادکردنی ناسنامەیەکی نوێی ژیان و بەدیهێنانی ژیانێکی واتادار.

  • ئاخر ئاوان نەیانویست ئازادبین و شوناسمان هەبێت
  • ئاخر ئەوان نەیانویست لێرەبین و مێژوومان هەبێت
  • ئاخر ئەوان نەیانویست خۆمان بێن و ئایندەمان هەبێت

زەبر و دەسەڵاتی حکومەتە فاشیستە سەرکوتکەرەکەی عێراق، سوپا زلهێزەکەی بەعس، نیزامە شوومەکەی دیکتاتۆریەت بە باشترین ڕاهێنان و قڕکردنی بە ئەنقەست و سیستماتیکەوە، بە گەورەترین فشاری زوڵم و ستەمی پڕ لە ڕک وکینە و غەزەبەوە وەک ڕەش مار ئاڵایە ڕۆح و گیانی کوردەوە، بە مەترسیدارترین پرۆسە و ڕەشترین گەشتەوە دەرگای ئەنفال و جینۆسایدی کردەوە، بە قێزەوەنترین و فریودەرترین بۆردومانی کۆپتەر وفڕۆکە و تۆپ و ناپاڵمی کیمیاویەوە وەک قەلەڕەشێک لەسەر ڕۆحی ئەو خەڵکە دەنیشتەوە، بۆنی مەرگی لە هەموو سووچ و کەلەبەرێکدا بڵاوکردەوە، بە بیرکردنەوەی بێ ڕەحمانەی (بێ ماڵی، بێ ناسنامەیی یە) کەوتە بەرنامەڕێژی و بڕیاری ڕاگواستن و وێرانکردن و تێکدانی ماڵە هەمیشەییەکەی کوردان و دابڕانی ئەو خەڵکە کۆڵەوارە لە کێوەکان کە تاقە دۆست و پەنایان بوو، گەمارۆدانیان لە زیندانەکانی بیابان و ئۆردوگاکانی زۆرەملێ، بە چەپۆک و هەڵپەی هەنجن هەنجنی زوڵمەوە، بە ژەهری جڕوجانەوەرە دڕندەکانی مار و دوپشکەوە، بە تەپوتۆزی گەردەلوول و ڕەشەبای لماوی یەوە، بە لوورەی ترسێنەری گورگ و چەقەڵەوە، بە چنگ و چڕنووکی سەگە ڕەشەکانی بایابانەوە، کەڵبەی تیژی ژەهراوییان لەسەر تەرم و ئێسک و پروسکی قوربانییان تیژتر گیرسایەوە، ناویان لە ژێر لمی بێ ڕۆح و نەزۆکدا سڕایەوە.

بە هەزاران بێ گوناح و بێ چارەی "هەڵەبجە و گەرمیان و بارزان" هەر هەموویان بە ئازاری کوربوونەوە لە زیندانە تاریکەکانی قەڵای نوگرەسەلمانی بیابانە ترسناکەکەی عەرعەر توندکران، ویستیان لە ئاکامی چەپەڵیی و دڕندەیی هەموو ئۆپەراسیۆنەکانیاندا شەڕێکی دەروونی و کۆمەڵکوژی و بچوککردنەوە لە سەرتاسەری کوردستاندا ئەنجام بدەن، دەروونی ئەو خەڵکە زامدارە زیاتر تێکبشکێنن و هێز و بیرکردنەوەیان تووشی داڕمان بکەن، ناسنامەمان ونبکەن و خاکمان لەدەست بدەین.

نوگرەسەلمان: ئەو زیندانەی شایاتحاڵی هەزاران زریکە و هاواری مەرگ و لە گۆڕنانە، لێرە ژیان لە مەرگ تۆقێنەرترە. نوگرەسەلمان: ئەو شوێنەی ڕۆژبەڕۆژ مردن شوێنی خۆی لە ناویدا گەرمتر دەکرد، قافڵەی مردن بە بێ وچان پیر و مناڵ گەنجی کوێستان و گەرمەسێری دەگرتەوە.

نوگرەسەلمان: گۆڕە گەورەکەی هەزاران خەیاڵ و ئەندێشەی خراپ، هەزاران ترس و شڵەژان، هەزاران سزای دەروونی ترسناک.

جانەوەرە دڕندەکانی بەعس، گورگ و شەمشەمەکوێرە زەبەلاحەکەی دیکتاتۆریەت بە گەمەی تاریک و ترسهێنەر و نیەتی پیس و مەبەستی گڵاو، بە پلان و بەرنامەی داڕێژراوی ( ئەگەر لە سەرما و گەرما و برسێتی و نیگەرانی و بێ کەسیدا نەمرن ئەوا لەسەر ئاگرێکی کزی زەلیلکردن و غەدر و خیانەت دەمرن.)

ویستیان لە سروشتی کوردبوونەوە بمانگۆڕن بۆ بوونێکی ترسناکی بێ دەنگ و کپکراو و دەستکاریکراوی پڕ لە فۆبیای مەرگ.

ویستیان بە هاڕین و زامدارکردنی ئینتمای نەتەوەی و بەهای مرۆیی شوێن و ژیانی کورد بگۆڕن، لەسەر زەمینی یەوە بیبەنە ناو گۆڕ.

ویستیان وەک مرۆڤێکی هەڵکەنراو و نەفیکراو لە خاک و ڕەچەڵەکی خۆی، بێکەس و پەراوێزخراوێکی لە پەل و پاکەوتوو بمێنێتەوە بۆئەوەی هەمیشە لە تەنیشت مردن دوور لە ژیان بیربکاتەوە. ویستیان ڕەچەڵەکمان لە ڕەگەوە هەڵبکێشن و بیبڕنەوە و ڕیشەی هەموومان لە جێیەک کۆبکەنەوە تا بۆن و بەرامەی مەرگ بۆ مەودایەکی دوور دوامان بکەوێت، و بۆ حەوت پشت بچینەوە سەر نەفرەتی لەناوچوون و قڕکردن.

ویستیان بە گیانی پڕ نیگەرانی و قووتدانی خەم و ئازارەکانی زوڵمەوە هەموو خاڵە تاریکەکانی ناو مێشکمان چڕبکەنەوە، بە ترس و تۆقی دۆزە نادیارەکەی کوردبوون مێشکمان بکەن بە توێکڵە گوێزی پووچ و بەتاڵ.

مەرگی چاوکاڵان: مەرگی بێ تاوان و بێ گوناهان، چیرۆکی پڕ تراژیدیای ڕۆحیی و نەتەوەیی، کارەسات و کۆستی لە ڕادەبەدەر قووڵ و هەستیار کە ویژدان و ڕۆح بەرگەییان ناگرێت، بە ئامانجگرتنی هەڵوەشاندنەوەی نەتەوەی کورد و لەباربردنی خەون و هیوا و لە خاچدانی خاک و هەڕاجکردنی نیشتمان.

مەرگی چاوکاڵان: چیرۆکی پڕ دەرد و ژانی مەرگ، چیرۆکی پێشێلکردنی سەروەری خاک و تاکی کورد بە پرۆسەی دەربەدەری و ئاسەواربڕین و بەربادکردن و خاپوورکردن و دژایەتیکردن و بنبڕکردن و .......... هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی کارەساتە نەگریسەکەی هەڵەبجەوە هەتا دروستبوونی دەسەڵات و حوکمڕانی کوردی.

مەرگی چاوکاڵان: چیرۆکی ئەو دوو گەنجەی کە بە حەسرەت و خۆشەویستی و پڕ عەشقی خاکەوە باوەشیان بە تروسکەی هیوا و ڕزگاریدا کردبوو، دەستبەرداری ژیان نەدەبوون، سەرەڕای ئەوەی هەموو شتێکیان لێ سەنرابووەوە ناچاربوون خەون و خەیاڵی ڕزگاربوون بکەنە فریادڕەسی مانەوە بۆئەوەی لە کەیلی ئازارەکان و مێردەزمەی مەرگ هەڵبێن. چیرۆکی هەموو ئەو ترس و غەدر و ناهەقیە تەحەمولنەکراوەی ئەم دوو گەنجە کە بۆنی مەرگ نەیتوانی ئومێدبڕاوییان بکات، بە پێچەوانەوە بە هێزێکی ئەرێنی یەوە ڕووداوەکانیان هەڵدەسەنگاند و بە بێ وەستان چەرخی ئەو قۆناغە سەختەییان پێکەوە پاڵ دەنا، ئەمەش ڕۆحی مانەوە و بەرگرییانی پتەوتر و بەردەوامتر دەکرد. بەردەوام بە خۆڕاگریەوە لە نێو هەستە خراپ و کارەساتە گورز وەشێنەکاندا، لە نێو ناشرینی و بێڕەوشتی بەعسیەکاندا زیاتر بەدوای جوانیدا وێڵ بوون، لە بەدڕەفتاری زاڵمەوە زیاتر بە دوای مانای ژیاندا عەوداڵ بوون و گوڕوتینیان لە خۆیاندا زیندوودەکردەوە بۆئەوەی لە گێژاوی ملکەچی و قڕکردندا نووقم نەبن، بۆئەوەی لە ئامێزی ژیاندا بمێننەوە و وشکی و شەقشەقبوونی خاکی بیابان لەسەر ڕۆح و جەستەیان نەمێنێتەوە، بۆئەوەی لە تاڵیی و سەختی کارەساتەکان بێنە دەرەوە، بۆئەوەی برینی یادەوەریی و زامەکانیان ساڕێژبکەنەوە، بۆئەوەی بە تەواوی ون نەبن و لە ڕووی ڕۆحیەوە نەخنکێن، بە ئاگایی هەموو هەستەکانی بینین و بیستن گەڕاوەنەوە نێو" ماڵی زمان" و پەنا دەبەنە بەر کۆکردنەوە و نووسینەوەی هەموو چیرۆکە تراژیدیە بینراو و نەبینراوەکانی ئەنفال و جینۆسایدی هەموو ناوچەکانی کوردستان کە هەرهەموویان وەک دەستە خوشکی ئازار تەنها ناوەکانیان جیایان دەکاتەوە و ناوەڕۆکیان هەمان دەرد و ژانی مەرگە و کۆییان دەکاتەوە، دەیانەوێت خاکێک لە ئازار و خەمی نەبڕاوە، گەلێک لە قوربانی و مەرگ ترس و ناهەقی کۆبکەنەوە و بە دونیایان بناسێنن، چیرۆکەکانیان بە بۆنی مەرگەوە سەرەنگوم نەکرێن، لە یاد و هزری نەوەکاندا بە نەمری بمێننەوە.

ئاخر قوربانیەکانی ئەنفال و کیمیاباران و کەسوکاریان، ئەم خەڵکە ماف خوراو و زامدارەی کورد بە گشتی چیمان دەویست!؟؟؟

تەنها دەمانویست ڕێگایەکی ڕاست و دروستمان هەبێت بۆئەوەی سەرجەم ڕێگاکانی دیکەی لێوە ببینین، دەنگی سەربەخۆی خۆمان بدۆزینەوە و دونیای بوونمان بۆ نزیک بکاتەوە.

تاکە ئاوات و ئامانجمان، تاکە خەون و هیوامان، تاکە خەم و حەسرەتمان تەنها بستێ خاکی ڕزگارکراوی نیشتمان بوو، پاراستنی شکۆی کورد و کوردبوون بوو، دەستەبەرکردنی عەدالەت و ئاسایشی کونجێکی سەقامگیر و دڵنیایی نیشتمان بوو. هەرهەموومان بە هاوار و تینوێتی ئازادییەوە خەریکی کردنەوەی بازنە قوفڵدراوەکانی ڕێکخستن و سازکردنەوەی مشتێک هەتاوی ئاشتی و قومێک شەکراوی بیروباوەڕی کوردایەتی و توولەڕێیەکی ڕێبازی نەتەوایەتی بووین بۆئەوەی گۆشەیەک، ماڵێک بدۆزینەوە تێیدا بژین و خۆشەویستی و چیرۆکەکانی تێدا کۆبکەینەوە.

بەڵام بەداخێکی زۆرەوە بە درێژای مێژوو کەوتینە نێوان بەرداشی زوڵمی داگیرکاری و هێزی داپڵۆسێنەری ناحەز و دوژمنکاری هەرهەموویان بە چاوی تەماع و ڕووتاندنەوە ، بە قین و غەزەبەوە چاوییان بڕییە نیشتمانە بێ کەسەکەمان، دواتریش هێزگەلی سیاسەت و سەرانی دەسەڵاتی خۆمان نەیانتوانی بەتەواوی کەڵک لە ژاراوی ئەزموون و کۆستەکان وەربگرن واتا توند ڕاینەچڵەکاندن تا بە پێی پێویست بیر لە خوێنی ڕژاوی کورد و کارەسات و نەهامەتیەکانی نیشتمان بکەنەوە ، وەک شەفیعێکی ئەزمووندار هیچ شەفاعەتێکی باشیان بۆ نەکردین، بگرە تۆڵەی خۆییان و کوردیشیان لە بەعسیەکان بە چڕوپڕی نەکردەوە لە دوایدا لە خۆمانیان کردەوە. وەک بڵێی هەریەکەیان بە جۆرێک نواندنی داگیرکاری و زەبروزەنگی لە ئەزەلەوە بە میراتی بۆ مابێتەوە و بە هەموویان بیانەوێت بۆ هەمیشە کورد لە ژێر باری گرانی زەلیلی و زەبوونی و بێ چارەیی و ژێردەستەیدا بمێنێتەوە. گەمژەیی مرۆڤی دەسەڵاتدار لەوەدایە وادەزانێت هەتاماوە هەر ئەیباتەوە و هەموو شتێک بە هەوەس و خواستی خۆی دەبێت، کەسیش لە ئاستی ئەودا بوونی نییە، ئەوان نازانن [حوکمی زوڵم و زەلالەت ئاخری هەر ڕووخانە.]

ئاخر ئێمەی کورد چیمان دەوێت؟؟؟؟

تەنها دەمانەوێت ئەگەری ئەنفال و مەرگەسات و ڕەشەکوژی هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان هەر بە هەڵەبجە و گەرمیان و بادینان و هەولێر و کۆیە و ناوچەی ئاکۆییان و قەرەداغ، عەفرین و شەنگال و کۆبانی............ دووبارەنەبێتەوە.

تەنها دەمانەوێت سەختیی و قووڵی ئەم کۆستە تاڵانە وەک غەدر و تاوانێکی ڕاگوزەر سەیرنەکرێن.

تەنها دەمانەوێت بە ئامانج و ناسنامەی هاوبەشەوە، هەموو ئەم جینۆساید و تەبعیس و تەرحیل و ........، بچوک نەکرێتەوە.