کێ بون ئەوانەی موفتی پێنجوێنیان لە پلانی کوشتنی ئاگادار دەکردەوە؟

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٢:٠٧، ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «نووسین و ئامادەکردنی: '''سەردار حەمەڕەش''' وێنۆک ئەوکەسانەی کەیارمەتی موفتیان داوە لە سەردەمی خۆیدا، چەند کەسێکی کەم بوون ؛ شێخ لەتیفی کوڕی شیخ مەحمودی نەمر، عەبدولی حاجی کەریمی شمقار، حەمەی باخەوان، ئەحمەدی دادە ئایشێ. ئەمانە بوب...»ەوە)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

نووسین و ئامادەکردنی: سەردار حەمەڕەش

Ard01.jpg

ئەوکەسانەی کەیارمەتی موفتیان داوە لە سەردەمی خۆیدا، چەند کەسێکی کەم بوون ؛ شێخ لەتیفی کوڕی شیخ مەحمودی نەمر، عەبدولی حاجی کەریمی شمقار، حەمەی باخەوان، ئەحمەدی دادە ئایشێ. ئەمانە بوبوونە چاو و گوێی موفتی، هەواڵیان دەگەیاندە موفتی کە چۆن خەڵکی باسی دەکەن یان کاتێک کەسانێک پلانی کوشتنیان بۆ موفتی دائەڕشت، هەر خێرا موفتیان ئاگادار دەکردەوە، ئەویش بۆ ماوەیەک لە پێنجوێن دوور دەکەوتەوە، هەتاوەکو بکوژەکانی دوور دەکەوتنەوە. موفتی تەنها هاوسەرەکەی ئاگادار دەکردەوە لە هۆکاری دوور کەوتنەوەی .

دەمەو دوانیوەڕۆیەک، موفتی پێنجوێنی بە دەم ژانی کتوپڕی سکیەوە دەناڵێنێت، بە پەلە دوکانەکەی دائەخات و سواری ئۆتۆمۆبیل دەبێت و دەچیت بۆ خەستەخانەی سلێمانی، پاش پشکنین دکتۆرەکان بڕیار ئەدەن نەشتەرگەری بۆ بکەن، لە کاتی نەشتەرگەریدا دەبینن کە هەناوی موفتی هێجگار ڕەش بۆتەوە، بە جۆرێک کە هەرگیز لەوە و بەر کەسێکیان نەبینیوە بەو ئاستە هەناوی ڕەش بوبێتەوە، لە بەر ئەوەی کە موفتی پێنجوێنی دووجار هەناوی ڕەش بوبۆوە، یەکەمیان بە هۆکاری تەپ و تۆزی توتن؛ هەرچەندە موفتی جگەرەی نەکێشاوە بەڵام هەفتەی دوو جار چۆتە ژێرخانەکە و دەرگای لە سەر خۆی داخستوە و سەر و چاوی خۆی ئالاندوە لە پەڕۆ و جامانەوە، لە ناو تەپ و تۆزی توتندا، بۆ پاک کردنەوە و بژاردن و ئامادەکردنی بۆ دوکانەکەی، هەتاوەکو بەرەنجی شانی خۆی بژی و نەبێتە جاش و بندیوار و قەڵەم فرۆش.

دووەمیان؛ داخ و خەفەتی ئەو گەلەی کە بەردبارانیان دەکرد و نەیان توانی و نەیان دەویست لێی تێ بگەن، وەک کچەکەی هەموو جارێک دەی ووت ؛ هەر داخو خەفەت کوشتی. ئەبێت بوترێت لە سەردەمانێکدا ئەوکەسانەی کە لەبەردەم فانۆسدا قورئانیان دەخوێندەوە، کارەبایان پێ حەرام بوو، تێ گەشتن لە موفتی کارێکی هەروا ئاسان نەبووە. هەرنەوەی ئەمانەن کە ئەمڕۆ دیواری فەیسبوکەکانیان بە سورەتی قورئان ئەڕازێننەوە وەک ئەوەی فەیسبوک بە نەوت کاربکات . یان لە پەرلەمان بە شانازیەوە هەڵناسن لە بەر سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب کە لەلایەن هاو خەمێکی وەک موفتیەوە نوسراوە، هەر نەوەی ئەمانەن کە ئێستاکە بۆ ئۆردوگان دەگرین و هەرگیز خەمی کوردانیان نیە و خیانەت لەگەل و نیشتمانی خۆیان دەکەن .

  • موفتی عاچز مەبە کە پێت دەڵێن بابی
  • کەرە خۆیی و نەتەوە و بابی

تەرمەکەی موفتیان هێنایەوە بۆ پێنجوێن، بردیان بۆ مزگەوتی قازی بۆ ئامادەکردن و ناشتنی. دووچڵ ئێسقان و مشتێک گۆشت، لە گیرفانی شەڕواڵە شاڵەکەیدا، پارچەیەک کاغەزی زەرد باو، دواهەمین دێرە هۆنراوەی لەسەر نوسرابوو. موفتی لە سەرەمەرگیدا لە دواهەین هەناسەیدا ئەو چەند دێڕە هۆنراوەیەی هۆنیوەتەوە، پەشیمان نەبۆتەوە لە هەڵوێستەکانی؛ ناشچیت بۆ ئاسمان بۆلای ئێزدان، بانگی دەکات بۆ گردی سەیوان، ئەگەر ئێزدان رازی نەبووە لە هلوێستی بوێری و نیشتمان پەروەری و تازەگەری، با لەگەڵ یارانی هاودەردی، هەر لە گردی سەیوان، ئەوێ مەیدانی حەشری بێت .

  • ئەگەر مردم تکایە باگردی سەیوان ماڵ و قەبرم بێت
  • گەڵای ئەو دارە جوانانە لە جێی کابات و کەپرم بێت

ئەو ئێوارەیە خەڵکێکی زۆر هاتبوون بۆ مزگەوت، بۆ پێشوازی کردن نەبوو لە کەسێکی شاعیر و نیشتمان پەروەر، نەخێر، هاتبوون هەتاوەکو ببینن لەکاتی شوشتنیدا، کە ئایا راستە خوا لە پاداشتی هەڵوێستەکانی کلکی لە موفتی رواندووە. بەڵام بۆ ناشتنی لە گۆڕستانی حاجی شیخ، تەنها چەند هاوڕییەکی گیانی بە گیانی لەگەڵدا بوون، ئیتر بۆ دواجار پێنجوێن و مەلاکان ڕزگاریان بوو لەو کەسەی کە راستیەکانی ئەوانی هەڵدەماڵی.

دوای کۆچی دوایی موفتی ژیان بۆ خێزانەکەی هەروا ئاسان نەبووە ،موفتی نۆ سەر خێزانی لە دوای خۆی جێ هێشتووە، بەتایبەتی کوڕەکانی لە تەمەنێکی گەنجیدا بوون ؛ ئەمیان دوانزە ساڵ، ئەویان یانزە ساڵ، هەر چۆنێک بێت چونەتە سەر دوکان و توانیویانە بژێوی ژیانیان بەڕی بکەن، بەڵام خێزانی موفتی هەر بەچاوێکی نزم سەیر کراوون، لە کاتی زەکات و خێر و قوربانیدا ماڵی مەلا کافریان بێ بەش کردووە، ئەو کەسانەشی کە یارمەتیان داوون بە دزیەوە یارمەتیان داوون. بەڵام موفتی کاتێک خۆی لە ژیاندا بووە، زستانان بارە داری ناردووە بۆ مەکتەبەکەی پێنجوێن هەتاوەکو مندالان سەرمایان نەبێت، یان پارەی کۆ کردۆتەوە بۆ لەشکرەکەی شێخ مەحمود. پاداشتی نیشتمان پەروەران هەر وەها بووە.

مەلاکانی پێنجوێن لەترسی ئەوەی، نەوەکا یەکێک لە کوڕەکانی جێگەی موفتی بگرێتەوە، دەچنە بن کڵێشەی کوڕە گەورەکەی و هەوڵ ئەدەن بە ئاراستەیەکی تردا بیبەن، خەتاباری دەکەن و دەیترسێنن. پێێ دەڵێن کە دەتوانێت بە قورئان خوێندن گوناحی باوکی بشواتەوە هەتاوەکو لە گۆڕەکەیدا ئازار نەچێژێت، کوڕەکەشی لە ترسی ئەوەی وەک باوکی بەسەر نەیەت، دەکەوێتە گێژاوی بیرکردنەوە، لەنێوان دوو بەرەی دژ بەیەکی ئەواندا؛ بەرەی تاریکستان و بەرەی خۆر، باشیش دەزانێت ئەگەر لە پێنجوێندا بمێنێتەوە ناتوانێن ڕێگای باوکی بگڕیتە بەر.

ڕۆژێک لە گۆڕستانی حاجی شێخ لە کاتی بیرکرنەوەدا، لە ژیانی خۆی و موفتی باوکی، لە کاتێکدا لە گێژاوی بیرکردنەوەدا دەبێت لەسەر گۆری باوکی، کوتووپڕ دەبینێت کۆمەڵە کەسێکی عابا بەشان، سەر و چاو داپۆشراو بە پەڕۆی ڕەش، لە ئاسمانەوە بەرەو ڕوی دێن، ڕیش پان و پرچ درێژ، خەنجەر و سوزن بە دەستەوە، بە زکرو حاڵ دەچنە سەر گۆڕی موفتی، کێلەکانی دەوری گۆڕەکەی لادەبەن و تەرمی موفتی دەردەهێنن، هەرلەویادا لە بەردەم کوڕەکەیدا، بە سوزن لاشەی وەک بێژنگ کون کون دەکەن، بە چەقۆ، هەنجن هەنجنی دەکەن، دانەکانی یەک بەیەک هەڵدەکێشن، نینۆکەکانی، ئێسکەکانی دەشکێنن، زمانی دەبڕن، چاوەکانی هەڵ دەکۆڵن، پێستی کەوڵ دەکەن و دیوانەکەی بە بزمار بە سنگیا دادەکوتن، هەڵی دەواسن بەدارێکا و دەیسوتێنن. بە بینینی ئەو دیمەنە کوڕەکەی زراوی دەتۆقێت، بە هۆش خۆیدا دێتەوە و بە هاوار هاوار هەڵدێت و رادەکات بۆ مزگەوت، ئەم روداوە بۆ ییاوانی دینی دەگێڕێتەوە کە چۆن گوێی لە ناڵە ناڵی باوکی بووە بە دەم ئازارەوە، ئەوانیش دڵ نەوایی دەکەنەوە و دڵخۆشن بەوەی کە پێشبینیەکانیان راست درەچووە .

دەبێت بە هەڵا لە شاری پێنجوێندا، هەموو کەس باسی ئەشکەنجەی موفتی دەکەن لە گۆڕەکەیدا، هاوسەری موفتی ئەم باسەی بەرگوێ دەکەوێت، بە خۆیی و قورئانێکەوە رادەکاتە سەر گۆڕی موفتی، کراسەکەی خۆی دائەدڕی و دژی خدواکان هاوار دەکات ؛ کێ دەتوانێت مێردی من ئەشکەنجە بدات. کام خودا ؟ موفتی ئەو پایوە دبە بەزەییە بوو، کاتێک کە هەنگاوی دەنا، ئاگاداری پێ یەکانی بوو، نەوەکا مێروولەیەک پان بکاتەوە. سەری کوڕەکەی ڕادەوەشێنێت و دەقیژێنێت بە سەریا : تۆ دڵی دوژمنانت پێ خۆش کردین .

ئیتر لەو ڕۆژەوە کوڕەکەی ڕێگایەکی تر دەگرێتە بەر و هەموو ڕۆژێک قورئان لە سەر گۆڕی موفتی دەخوێنێت، بەڵکو گوناحەکانی بشواتەوە، بۆ رازیکردنی مەلاکانیش کاتێک دەبێتە خاوەن خێزان، کوڕەکەی دەخاتە حوجرە و ژیانی لە پێنجوێن بەردەوام دەبیت هەتا دەبێتە موختاری پێنجوێن.

شێخ لەتیفیش کە زۆر موفتی خۆش ویستووە، یارمەتی کورەکەی تری ئەدات کە بچێتە سلێمانی و لەوێ خوێندنی سەناعە بخوێنێت. هەرچۆنێک بێت دوو کچ و کوڕێکی موفتی توانیان خوێندن تەوابکەن و یارمەتی ئەوانی تر بدەن و بگوێزنەوە سلێمانی، سلێمانی بۆ ئەوان ئەمەریکا بوو. بەڵام کچەکانی موفتی داواکاریان کەم بوو لە بەر ئەوەی کچی موستەشار و جاش و خیانەتکار نەبوون، کچی موفتی پێنجوێنی بوون.

کچەکەشی، ئەو کچەی کە فێری جگەرە کێشان بوبو بۆ جیاکردنەوەی جۆری توتن بۆ باوکی، ئەو کچەی کە لەسەر دووکان دوکانداری بۆ دەکرد، هەتا لەژیاندا مابوو بەیادی باوکیەوە هەموو شەوێک دوو جگەرەی دەکێشا، هەتا کۆچی دوایشی کرد، پۆرترێی باوکی بە پشت سەریەوە بوو، دەی ووت ؛ ئەو مرۆڤە خودای منە. بۆ ڕیزگرتن لەویش، لەکاتی ناشتنیدا هەموو سێرۆمۆنیەکی دینی رەت کردەوە، جگە لە ئاوازی شمشاڵەکەی قالە مەڕە نەبێت.

هەرکەسەو پارچەیەکی ئەم چیرۆکەی لایە، مەلاکان و پلاندانەرانی کوشتنی موفتیش بە جۆرێکی تر باسی ئەم روداوە دەکەن، بێ شک موفتیش لەسەر ئەم باسە چەند هۆنراوەیەکی نوسیوە، مەخابن هەر لە دوکانەکەیدا سوتاوە و نەگەشتنە بەرگوێمان .

مانگی هەشتی داهاتو کۆنفرانسێک لەسەر موفتی دەکرێت لە زانکۆی سلێمانی، ئایا وەختی ئەوە هاتووە باسی ئەم راستیانە بکرێن ؟

یا مەسڵەحەت تەوەقوف هەتا یەومی نەفخی سوور!؟