کوردۆفۆبیا و مۆدێرنە
نووسینی: ئیسماعیل حەمەئەمین
فۆبیا نەخۆشیەکی دەروونییە، ترسە کە لە ڕادەی ترسێکی لۆجیکی و سروشتی دەردەچێت، ئەمەش وا دەکات کە ئەو کەسە تەواوی ژیانی لە ترس و تۆقین دا بەسەربەرێت. هەمیشە ڕادەکات لەو شتەی لێی تۆقیوە و خەون و خواردنی لێ هەراسان کردووە. بێگومان لەگەڵ هاتنی مۆدێرنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکەکان فۆبیایەکیان لەلادروستبوو، فۆبیایەک لەوەوپێش ئەزموونیان نەکردبوو؛ ئەو فۆبیایەش، فۆبیای کورد بوو. پێشتر لە ئیمپراتۆریەتە پیروپەکەوتەکەیی عوسمانلیدا ناوی کورد و کوردستان ترس و تۆقینی لەلای تورک دروست نەدەکرد، چونکە کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دەگاتە بۆسنیا، ئیسلامەتی پێکەوەی گرێی دەدان. بە مانای خوایەک هەبوو هەموویانی پێکەوە گرێدابوو؛ لەگەڵ هاتنی مۆدێرنە ئەو خوایە دەمرێت.
جێگەی ئاوڕلێدانەوەیە بڵێین؛ دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتان و والیەکانی و بەگە خزمەتکارەکانیان شەو و ڕۆژ خوماری ژیانی نێو حەریمەکانیان بوون. خەریکی سێکس و خواردنەوە و کەنیزە و خەسێندرا و غولامبازی (نێربازی) بوون، بێگومان لەسەر شانی باج و خەراجی موسوڵمانان! خوایەک هەبوو لە فۆرمی دەوڵەتی ئاینی دا، ئەم ژیانەی هەڵدەسوڕاند. ئەو زەمەنە هێشتا بیرۆکەی `دەوڵەتی نەتەوەیی` لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدایکنەبوو بوو. ئیدی لەگەڵ هاتنی بریتانی و فەڕەنسی و ڕووسەکان، بابڵێن؛ مۆدێرنە، دەوڵەتی نەتەوەیی لەدایکدەبێت.
دەوڵەتی نەتەوەیی لە ناوچەکەدا لە فۆرمی دەوڵەتی دروستکراوی کۆلۆنی، پاشکۆی هێزە کۆلۆنیالیەکانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم لە ئێراق و سووریا و تورکیا و ئێران، دروست دەبێت. کوردستان بەسەر ئەم چوار قەوارە دروستکراوە مۆدێرنەیەدا دابەشدەکرێت. لەم نەخشە مۆدێرنەیەدا، لە نێوان دەوڵەتی کۆلۆنی ناسیونالیزمی عەرەبی و پان ئێرانی و تورکی دا، کورد نە دەیەوێت ببێتە سەردەستە، و نە ژێردەستەشی قبوڵە[1]. بەمانای کورد دژی ئەو فۆرمە هێگێڵیانە (هێگڵ) [2] بوو، کە بڕوای وابوو دەوڵەت لەو دوالیزمە پێکدێت؛ سەردەستە و ژێردەستە. بەمانای دەوڵەت خوایە و میللەت دەبێت بی پەرستن؛ دیارە شۆڕشی شێخ مەحمود و شوڕشی سمایل خانی شوکاک و شێخ سەعیدی پیران و جینۆسایدی دەرسیم لە کوردستان، دەرهاویشتەی دژایەتی کورد بووە بۆ ئەم نەخشە مۆدێرنەیە.
لەو ڕۆژەوە `کوردۆفۆبیا` لەدایکدەبێت؛ لەسەرێکەوە هەژموونی پیاوی سپی ` White supremacy ` دەکەوێتە گەڕ و لە دژی کورد دەجەنگێت، هەوڵدەدات بیگەڕێنێتەوە بۆ پڕۆژەی یەکەمی مۆدێرنەی سەدەی بیستەم. ئەو پڕۆژەیەی، کورد و کوردستانیان بەسەر دەوڵەتانی ناسیونالیزم و شۆڤێنزمی دەوڵەتە مەرکەزیەکانی ناوچەکە دابەشکرد. لەو ڕۆژەوە پیاوی سپی گیرۆدەی پڕۆژە مۆدێرنەکەیەتی، نازانێت چی لێ بکات، چۆن بیگونجێنێت؛ چونکە سەرگرتنی ئەو پڕۆژەیە، درێژەپێدانی ژیانی مۆدێرنەیە، تاوەکو ئەمڕۆش ئەم پڕۆژە مۆدێرنەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جگە لە شکستی زیاتر، هیچیتری بەرهەم نەهێناوە.
ئەوەی ڕێگرە لەبەردەم ئەم پرۆژەیە، کوردە بە پلەی یەکەم، هەربۆیە دەوڵەتانی تورکی ئێراقی و سووری و ئێرانی ئێرانی، کە مۆدێلی دەوڵەتانی مەرکەزی پۆست کۆلۆنیالین، دەبنە جێبەجێکەری ئەو پرۆژەی ئەسیمیلیشنە مۆدێرنەیە، بابێڵێن توانەیەوە. ئەم پڕۆژەی توانەی کوردە بەو ڕادەیەیە، کۆمپانیاکانی خۆرئاوا؛ ئەڵمانیا و ئەمریکا و زۆریتر. ژەهری کیمیاوی دەدەنە دیکتاتۆرێکی پۆست کۆلۆنیالی دەستکردی خۆیان کە `سەدام حوسێن` ە، بۆ هیچ نا بۆئەوەی کورد بتۆقێنێت، کورد ئامادەبکات بۆ توانەوە لە قەوارەی دەوڵەتانی تورکی و ئێراقی دا. بۆ نموونە، کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا تاوەکو ئەمڕۆ تانکێکی ترسناکی وەک (لیۆپۆلد) و چەکی ترسناک دەدەنە تورک بۆ لەناوبردنی کورد.
پێشتریش کۆمپانیاکانی کاڕل و کۆلب Karl Kolb و ۆتەر ئینجنیەرین و WET[3] زۆریتر سەپۆرتی سەدامی دیکتاتۆر بوون بۆ دروستکردنی ژەهری کیمیاوی، کە دوایی حکومەتی سەدام هەڵەبەبجە بۆردومان دەکات و پێنج هەزار خەڵکی سیڤیلی لەچەند خولەکێکدا جینۆسای دەکات. حکومەتی سەدام هەر بە ئەوەوە ناوەستێت، بەڵکو لە ساڵی ١٩٨٨ ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی کورد بە ناوی `ئەنفال` دەستپێدەکات و دەرئەنجامەکەی لەناوبردنی زیاتر لە سەدو هەشتا هەزار کورد دەبێت. پارادۆکسەی مۆدێرنەکە لێرەدایە؛ سەدامێک کە قەڵەمدادان و قەڵەم جافی بۆ دروست نەدەکرا و هاوردەی دەکرد، کەچی لەپڕێکدا دەبێتە خاوەنی چەکی کیمیاوی و بایەلۆژی. نەک هەر ئەوە، بەڵکو مۆدێرنەی `پیاوی سپی` بێدەنگیش دەبن لەمەڕ تاوانکاریەکانی بەرامبەر کورد و کۆمەلکوژی کورد لە سووریا و ئێران و تورکیا و ئێراق دا. لە مێژووی نێزیکدا دواهەوڵدانی مۆدێرنەکەی پیاوی سپی بۆ توانەوەی کورد، ناردنی `داعش ` بوو بۆ کورد و بەدرێژایی سەدان کیلۆمەتر پەلاماری کوردستانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان دا. سەیرلەوەدا بوو، سەرکردەکانی داعشی وەک `ئەبوبەکر بەغدادی` و `ئەحمەد جۆلانی` لە زیندانەکانی بەغداد، زیندانی کرابوون، بەڵام بۆ گیانی کورد لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، ئازاد کران!
بەمجۆرە ئەقڵی گاڵتەجاڕی مۆدێرنە، بابڵێن؛ سینیزمی مۆدێرنە، دووفاقی خۆی و دەبڵ مۆڕاڵی خۆی دەگەیەنێتە ئاستێکی ترسناک، بە ئەمەش لەڕووی هزرییەوە لێی بڕوانین؛ شکستی پڕۆژەی مۆدێرنەیە. شکستیەک ناکرێت چیتر بە قسەکەی (یورگن هابەرماس) قەناعەت بکەین و بڵێن `مۆدێرنە پڕۆژەیەکی ناتەواوە` بەڵکو پڕۆژەیەکی فاشیلە، بەجۆرێک ژینگەی سەر ئەم زەویەشی خستۆتە مەترسیەوە.
لێرەوە پێموایە پڕۆژەی مۆدێرنە هەم لە فۆرمە کۆلۆنیالیەکەیدا و هەم لە فۆرمە پۆست کۆلۆنیالیەکەیدا، دەبێتە پڕۆژەیەکی شکستەخواردوو، نەک هەر بۆ دەرەوەی خۆی، بەڵکو بۆ ناوەوەی خۆی. بەوجۆرەی کە بە تەن چەک دەنێرێتە ئۆکراینا و چۆتە نێو گێژەنێکی ترسناکی جەنگ و قەیرانی ئابوورییەوە. پڕۆژەی مۆدێرنە لەسەرەکی تروە، وەهای کردووە بۆ توانەوەی کورد، شۆڕشگێڕە ئەبەدیەکەی دژە مۆدێرنە، جارێکی تر پەنابەرێتە بەر هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان. تەنانەت بۆ ڕووخانی مۆدێلی دەوڵەتی پۆست کۆلۆنیالی ناسیونالستی عەرەبی سووریی لە ناوچەکەدا کە خۆی دروستکەرێتی، لە خەونی ئەوەدا دەژی `ئیسلامەکی نەرم` وەک ئەڵتەرناتیف لەناوچەکە دابمەزرێنێت. ئەوەی نیولیبرالیزم و پیاوی سپی و مۆدێرنەکەی نایزانێت ئەوەیە، کە شتێک نییە بەناوی حوکمی ئیسلامی نەرم، بەمانی نیولیبرالیەتی ئیسلامەوی خەونێکە نایەتەدی، چونکە ئەقڵی ئاینی خاوەنی بوونێکی ڕاوەستاوی خۆیەتی، ئەمەش پێماندەڵێت کە مۆدێرنستەکان چەندە هەژارن لە تێگەیشتن لە ئاین و کولتورەکانی ئەویتری دەرەوەی پرۆژەی پیاوی سپی؛ ئەو پرۆژەیەی هیچ ڕۆشنگەرییەکی تێدا نەماوە، یاخود بە شێوەیەکی تر قسەبکەم؛ قەیرانی ڕۆشنگەرییە لە پرۆژەی مۆدێرنەدا خۆی ڕەنگیداوەتەوە.
چیرۆکی کورد، چیرۆکێکی لۆکالی نییە، بەڵکو چیرۆکەکی جیهانییە، چیرۆکی “بوونە لە جیهاندا“ بە گوزارشە هایدگەرییەکەی؛ چیرۆکی کورد لەم نێوەدا لەگەڵ قەیرانی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنەدایە. چیرۆکی کورد، چیرۆکی ئەو (هۆمۆ سەکار – Homo sacer [4]یان بڵێن ئەو کەسە خوێنڕژاوەیە کە هەموو کەس مافی خۆی بیکوژێت، بێئەوەی سزابدرێت. بەڵام کورد بە بەرگری و شۆڕشی بووە ئەو هۆمۆساکارەی نوێیەی سزای ئەوانە دەدات فەتوای هۆمۆسەکریان بۆ دەرکردووە، کە ئەویش پیاوی سپییە بەخۆی هەژموونی مۆدێلە مۆدێرنەکەیەوە. هەرچەندە مۆدێرنە لەڕێگەی دابەشکردنی کوردستان و نەتەوەیی کوردە وە هەوڵدەدات، کورد بکرێتە هۆمۆسەکارێکی ڕۆمانی، ئەو کەسەی لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا دەبێت بەردەوام خۆی بشارێتەوە بۆئەوەی نەیکوژن، بەڵام کورد ئەم هاوکێشەی هەڵگەڕانەو، و بەرگری لە بوونی خۆی کرد و تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە. بەجۆرێک، زۆربەی نەتەوەکانی ناوچەکە لە ئاشووری و تورکمان و جوولەکە و ئەرمەنی لەسەرخۆ توانەوە، بەڵام کورد ماوەتەوە و شەڕی کولتوری و شەڕی مانەوەی فیزیکی و شوناسی خۆی دەکات؛ کورد ئەو هۆمۆساکارەیە کە نەک هەڵنایەت بەڵکو تا ئەمڕۆ شەڕی مان و نەمان دەکات. لێرەوە `کوردوفۆبیا` کەی مۆدێرنە لەدایکبووە.
[1] بۆزیاتر بڕوانە ؛دکتۆر عیرفان موستەفا، بوونی نەتەوەیی کورد، چاپی یەکەم چاپخانەی ڕەنج ٢٠١١
[2] . “Der Staat ist die Wirklichkeit der sittlichen Idee“ findet sich in den “Grundlinien der Philosophie des Rechts” in § 257. Dies ist der erste Paragraph des dritten Abschnitts über den Staat. – G. W. Gegel. Grundlinien der Philosophie des Rechts oder Naturrecht und Staatswissenschaft im Grundrisse, werk 7, Surkamp 20024. [3] https://www.wilsoncenter.org/blog-post/west-germanys-secret-back-channel-iraq.
[4] Giorgio Agamben, Homo Sacer: Sovereign Power and Bare Life, Kindle Edition.