کۆمیتەی کاروباری دەرەوە- HC 668
هاوس ئاف کامنس (مەجلیسی هەڕەمەی بریتانیا)
کۆمیتەی کاروباری دەرەوە
شاهیدی دانی زارەکی : بارودۆخی سووریا،HC 668
سێشەمە ٢٨-ی ژانڤییەی ٢٠٢٥
بە فەرمانی هاوس ئاف کامنس سیایی ئەو دانیشتنە لە ٢٨-ی ژانڤییەی ٢٠٢٥ بڵاو دەبێتەوە.
ئەندامانی ئامادەی کۆمیتە: ئێمیلی تۆرنبێری (سەرۆک)، ئافرا براندرێت؛ فیل بیرکل؛ دان کاردن؛ رێچارد فۆرد؛ بلێر مەکداگل: ئیبتیسام موحەمەد، ئێدوارد مۆرلۆ؛ سێر جان وتینگدەیل.
شاهیدەکان
لینا خەتیب، پسپۆڕ و فێلۆی بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە خانەی بیری چاتم هاوس، سیمۆن کۆلیس، سەفیری پێشووی بریتانیا لە عێڕاق، سووریا، قەتەر و عەڕەبستانی سعوودی
تاقی کردنەوەی شاهیدەکان
شاهیدەکان: دوکتور لینا خەتیب و سیمۆن کۆلیس
سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە ئێمیلی تۆرنبێری :ئەمە دانیشتنێکی دیکەی کۆمیتەکەمانە
لەسەر بارودۆخی سوریا و ئەمڕۆ بەڵگەی زۆر باشمان لەبەردەست دەندرێ لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو پانێڵمان هەیە و پانێڵی یەکەمیش ئەمەیە: تکایە ئەگەر دەکرێ خۆتان بناسێنن؟
دوکتور خەتیب: سڵاو من لینا خەتیبم. من لە پێش ململانێکانەوە ماوەیەکی زۆر زۆر درێژە لەسەر سوریا کاردەکەم و پسپۆڕم لە چاتام هاوس. لە بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا
تۆرنبێری: پێشتر لانیکەم جارێک چاومان پێتان کەوتووە، و زۆر سوپاس بۆ یارمەتیدانتان، بۆیە کاتێک چاتام هاوس زانیارییە کورتەکانیان پێداین، قسەکانی بەڕێزت زۆر یارمەتیدەر بوو.
سیمۆن کۆلیس: ئەمن دوایین باڵیۆزی بریتانیا لە سوریا بووم، بەر لەوەی باڵیۆزخانەکەی دابخرێ لە بیست و دووی شوباتدا، ساڵێک دوای ڕاپەڕین ، دوای ئەوە باڵیۆز بووم لە عێراق و سعودیە. لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا وەک ڕاوێژکارێک لە سەر پرس و کاروباری لە مەڕ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارم کردووە
تۆرنبێری: زۆر سپاس بۆ هەردووکتان کە هاتن. کۆمەڵێک پرسیارمان هەیە . بەڵام ڕەنگە پێویست بێت بزانین
ئایا سەرتان سوڕما لە ڕووخانی لەناکاوی ڕێژێمی ئەسەد لە مانگی دێسامبر دا؟
دوکتور خەتیب: من سەرم سووڕ نەما ، چونکە دەمزانی ئەوە ڕوودەدا لەبەر ئەوەی پێوەندیم لەگەڵ کەسانێک لە ناوخۆی سوریادا هەبوو کە بەشێک بوون لە پلانەکە و هەروەها هێندێک ئەکتەری دیکە لە دەرەوە کە ئەمەیان دەبینی و پێشبینیان دەکرد. ڕێژێم بەڕاستی گنخا بوو لە کاتێکدا زۆربەی جیهانی ڕۆژئاوا من وا گریمانە دەکەم پێیان وا بوو سیستەمەکە تەواو پتەو و قایمە هەرچەندە لە تەنکەشی دابوو . خەڵک لە هەرێمەکە ولەسەر ئەرزی واقیع شتەکان زۆر جیاوازتر دەبینن و جیاواز مامەڵە دەکەن.
بە ڕاستی سەرسوڕمان ئەوانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوە بوون و هەستیان بە ئاسوودەیی دەکرد بە بیستنی ئەو ڕێوایەتە زاڵە کە ئەوە ڕێژیمێکە بەرخوە دەدا و زۆر جار بردوویەتەوە، و بە ڕاشکاوی بلێم سەرنجیان نەدەدا سەر ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیع چ دەقەومێ، چونکە سووریا ئیدی چبڕ ئەولەویەتێکی سیاسی و تەنانەت ئی میدیاییش نەبوو.
تۆرنبێری: دکتۆر خەتیب من گوێم لێتە، بەڵام بەرخوەدانی دەکرد: بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەمبەر ڕاپەڕین و سەرهەڵدان دا خۆی ڕاگرت و وا وەبەرچاو دەهات کۆنتڕۆڵی بەدەست بێ. بۆ ئێمە مانان کە لە نزیکەوە چاومان بەسەریەوە نەبوو، ئەوە چ بوو نەمانزانی؟ چ ڕووی دەدا؟
دوکتور خەتیب: بۆ نموونە ئەو ئاڵوگۆڕەی بە سەر گرووپەکانی وەک هەیئەتی تەحریری شام دا هات. من دەستنیشانکردنی گروپەکە بە تیرۆریست نابەمەر ژێر پرسیار ، بەڵام پێموایە گرینگ نییە گروپەکان بە چ شێوەیەک دەستنیشان بکەین، پێویستە بەردەوام بە شوێن ئەوە دا بین کە ئەوان بۆ دەگۆڕدرێن. چونکە ئەوان تەنانەت وەک گرووپی تێرۆریستیش دەتوانن بگۆڕدرێن.
بۆ نموونە، من یەکێک بووم لە یەکەم کەسەکان کە بانگەشەی ئەوەم کرد ئەوان دەکرێ بگۆڕدرێن. بە درێژایی ڕێگا لە ساڵی ٢٠١٥وە کاتێک ئەوان هێشتا هەیئەتی تەحریری شام نەبوون، ئەوان گروپێک بوون لەو کاتەدا بە بەرەی نوسرە ناسرابوون. من یەکێک بووم لە یەکەم کەسەکان بە ئاشکرا لەسەر ئەو پراگماتیزمە نووسیم کە ئەم گروپە باوەشی تێوەردێنا. ئەو دەم نووسیم ئەمە گروپێکە کە تمووحی سیاسی هەیە و هەرکاتێک گۆڕانکاری لە سوریا ڕوو بدا دەیەوێ ئەویش لە دەوری ماسە دانیشێ. ئەو دەمی ئەوان زیاتر لە ئەلقاعیدە دوور دەکەوتنەوە، هەر چەند ئەو دەمیش هاوپەیمانی ئەلقاعیدە بوون. من ئەو کاتە دەمگوت ئەوان خەریکی شەڕن بە دژی داعش و ڕەنگە بتوانن ئەکتەرێک بن دژی داعش لە هاوکێشەکە دا. ئەوەتا دە ساڵ دواتر ئەوە ئەو شتەیە کە ڕووی داوە.
ئەو پرۆسەی پەرەسەندنە. بە شەوێک ڕووی نەداوە . هەیئەتی تەحریری شام لە پڕ نەبوو بە ئاکتەرێک بە هەبوونی تمووحی سیاسی و توانایی ئەوەی هەبوو هێندێک ناوچان لە لە سووریا ئیدارە بکا. بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە خۆی ساز دا. ئەوە شتێکە کە نابیندرێ و چاوی لێ هەتەڵە دەکرێ کاتێک گرووپان هەر مۆری تێڕۆریستییان لێ دەدرێ، چونکە ئەوە مانای وایە کە ئەو سەرنجەی دەدرێتەسەریان تەنێ لە سەر ئەو لایەنەیە و هەموو شتەکانی دیکەی کە گرووپەکە دەیکا لای لێ ناکردرێتەوە.
تۆرنبێری: بەڕێز کۆلیس ئایا بەڕێزت واقت وڕما دەکرێ تۆش وڵامی هەمان پرسیار بدەیتەوە؟ سەرت سوڕما؟
سیمۆن کۆلیس: بەڵێ پێموایە ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو ئەو خێراییە بوو کە ڕوویدا پێم وایە ڕێژێم وەک دکتۆر لینا باسی کرد، بە ڕوونی هیچ داهاتوویەکی نەبووە، ڕێژێم هیچ ئایندەیەکی درێژخایەنی نەبوو . چوار ساڵە ململانێ چەقی بەستبوو ، ئەوان دەرفەتیان نەقۆستەوە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچن. و بێگومان پشتبەستنیان بە پشتیوانی ئێران و حزبوڵای لوبنان و ڕوسیا ئەوەی بەسەر هێنان. دوایە ململانێ لە ئۆکرانیا دەستی پێکرد، ڕووسیا سەرقاڵ بوو دوای ئەوەی شەڕی غەززە دەستی پێکرد بۆیە پایە دەرەکییەکانی پشتیوانی ڕێژێم نەمان.
تۆرنبێری: شتێک هەیە کە سپاش بە هەمان شێوە مووچەی پێنەدەدرا.
کۆلیس: پێم وایە ڕێژیم دڕندانە لەگەڵ سپا جووڵاوە . سەربازە پیادەکانی سپا وەک توعمەیەک وا بوون لە گشت ئەو ماوەیە دا، تەنانەت لە پلەی بەرزتریش دا. ڕێژێم ماوەیەکی درێژ بوو لە جێدا ببوو بە بنەماڵەیەکی تاوانبار. بنەماڵەی ئەسەد مەخلوف بنەماڵەیەکی تاوانبار بوون و بە کۆنتڕۆڵ کردنی سەرچاوەکان وەک خێزانێکی تاوانبار ڕەفتاریان دەکرد.
تۆرنبێری: ئەوە ڕاستە براکەی کارگەیەکی تاوانکاری مادەی هۆشبەری بەڕێوەدەبرد؟
کۆلیس: بەڵێ ماهر سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان، پێدەچێت، بازرگانی کاپتاگۆن بووبی. بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی ئەمفیتامین.
تۆرنبێری: ئێمە دواتر لەو بارەیە وەپرسیار دەکەین. باشە، کە وایە ئەتۆش سەرت سوڕما؟
کۆلیس: من سەرم سوڕماوە لە خێراییەکە، گومانم هەیە، گومانم هەیە کە ئەحمەد شەرع سەری سوڕمابێت لەوەی چۆن وا بە خێرایی لە حەڵەبەوە گەیشتە حەما. کاتێک گەیشتنە ئەوێ دەیانزانێ کە دەگەنە شامیش. حومس دوایین شوێن بوو کە ڕێژیم دەیتوانی لەوێ دەست بکاتەوە. بەڵام بەو خێراییەی کە ئەوان لە حەڵەبەوە گەیشتنە حەما و کاتێک دەرکەوت کە ڕژیم نایەوێ یان ناتوانێ حومس بپارێزێ ئەوە دوایین نیشانە بوو، کە شام دەبەستێتەوە بە ناوچەی تەنیشت دەریا کە ئەوە دڵی ناوچە عەلەوییەکانە. لە دوای ئەوە ڕێژیم نەیدەتوانی خۆی بگرێ و بەردەوام بێ. ڕاستە ئەوە زۆر بەخێرایی ڕووی دا. بەڵام کاتی ڕوودانی بە وردی چاوەڕوان نەکراو بوو نەک لە ئاستی جیهانی دا، بەڵکوو زۆر خەڵکیش لە ناوخۆی سووریا چاوەڕوان نەبوون ئەوە ئاوا لە پڕ ڕوو بدا.
تۆرنبێری: پێش ئەوەی رێگە بدەم بە هاوکاران بۆ پرسیار کردن با ئەوەش بخەمە ڕوو ئێمە وەکوو کۆمیتەیەکی بژاردە دەورمان ئەوەیە بە شێوەیەکی ئەڕینی لەتەک وەزاڕەتی دەرەوە دا کار بکەین. و ئەمن پێم وایە بیروڕای گشتی ڕەنگە ئەو پرسیارە بکەن کە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە چ کارێکی زیاتری لە دەست دەهات بیکا بۆ ئەوەی ئەو گۆڕان و ڕووخانە پێشبینی بکا چونکە وەک دەردەکەوێ هەموو لایەک سەریان سوڕماوە لەوە. ڕەنگە وڵامی ئەو پرسیارە لای ئێوە هەبێ و پێمان بڵێن.
دوکتور خەتیب: ئەمن پێم خۆشە بە ئێوە بڵێم، ئەمن ئەوەی دەمزانی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەم لێ ئاگادار کرد، لە مانگی فێورییەی ساڵی ٢٠٢٤. ئەمن وەبیرم هێنانەوە و بە نووسینیش بۆم نووسین. ئەمن گشت ئەو زانیارییانەی هەمبوو لەبەر دەستم نان سەبارەت بەوەی لە ناو سوریا دا چ دەگوزرا. بەڵام ڕاستتان پێ بڵێم ئەو دەمی وەکوو زۆر لە وڵاتانی دیکە لە ئوڕووپا و لە ئەمریکاش، سووریا لە ئەولەوییەت دا نەبوو تەنانەت ئەگەر ئێوە زانیاریشتان بۆ هاتبا کە کاروبار لە سەر زەوی واقیع دا خەریکە دەگۆڕدرێن، دواجار ئەگەر بابەتەکە ئەولەوییەتێکی سیاسەتی دەرەوە نەبێ بۆ وڵاتەکە، ئەو زانیارییانەی کە دەدرێن و پێشکێش دەکرێن تەنیا قەید دەکرێن و بە لاوە دەنێرێن و بەڵێ فڵانەکەس فڵان شتی بە ئێمە گوت. جا بۆیە بۆ من ئەوە گرینگە بڵێم من پێکێشیتان لەگەڵ دەکەم مەکەونە داوی ئاسوودەیی و پاڵ لێ دانەوە کاتێک ئێمە لە گەڵ کاروباری ئەو هەرێمە یان هەرێمێکی دیکە ڕووبەڕوو دەبین.
تۆنبێری: ئەوە مەسەلەی لەسەرتاقە دانانی کێشەیەکە وایە؟ بۆیە خەڵک وای دادەنێن شتێک کە لە سەر تاقە داندرا دەکرێ قەید بکرێ و لەجیاتیان مرۆف خەریکی بابەتی زۆر ڕۆژانەتر بێ؟
خەتیب: بەڵی وایە. هیچ دۆخ و حاڵەتێکی کە هەیە واتە هیچ ستاتوس کۆیەک داییمی و یەکجارەکی نییە. زۆر جار وایە ئەو سیاسەتەی کە لە ناو قوتوویەکی تایبەتی دا دا دەندرێ.چونکە دیارە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە لەگەڵ هەموو جیهان ڕووبەڕوویە و دەبێ پێیەوە خەریک بێ و هەرێمێکی تایبەتی ناکرێ ئەولەوییەتی هەرە لەسەرەوە بێ. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک باس دێتە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بارودۆخێکی تایبەتی هەیە کە ئەمن دەبینم دووبارە بووەتەوە ئەویش ئەوەیە کە کێشەکان بوون و دەبن بە شتێکی نۆرماڵ و ئاسایی. جا بۆیە چاوەڕوان دەکرێ کە لەو هەرێمە دا کێشە و ئالۆزی ئاوا هەبێ کە لە سەر تاقە دابندرێن یان بۆ ماوەی درێژ بەردەوام بن هەر وەک ئێمە لە جەرەیانی هێرشی قێزەوەنانە و تۆقێنەرانەی ٧-ی ئۆکتۆبر دا شاهیدی بووین و کردەوەی حەماس و بارودۆخ لە سووریا، لە ڕاستی دا هیچ شتێک نییە بە ناوی کێشەی ڕەشکردن کە بتوانین لەگەڵی بژین و دەرببەین.
تۆرنبێری : بەڕێز کۆلینس ئێوە دەتانەوێ شتێک بڵێن. ئێمە لێت نادەین ، پێمان خۆشە وەزاڕەتی دەرەوەتان بە جێهێشتووە.
کۆلیس: ئەمن پێنج ساڵە ئەوێم بەجێ هێشتووە و بە دڵنیاییەوە لێرە نیم کە ڕاستەو خۆ بە ناوی ئەوان قسە بکەم. لە سەر پرسیاری ئەوەی کە ئایا دەکرا ڕووداوەکان پێشبینی بکرێن، ئەمن دڵنیانیم ئەوە چ جیاوازییەکی دەهێنا ئاراوە لە مەڕ ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیع دا قەوما. با بڵیین خەڵک پییان وابووبێ کە ئەوەی ڕوویدا بە ئەگەڕێکی ڕێ تێچوو داندارابێ کە ڕژیم لە چوارچێوەیەکی زەمانی دیاریکراو دا بڕووخێ. ئەو ڕاستییەی کە ئەو دواجار تێک قرما هیچکس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد ئەو رێژێمە بەرگە بگرێ و بمێنێتەوە. هیچ داهاتوویەکی نەبوو. سووریا هیچ داهاتوویەکی نەبوو لە ژێر سایەی ئەو رێژێمە دا. بەڵام لایەنی کاتی داڕووخانی و تەبیعەتی ئەو داڕمانەی قەوما، ئەمن دڵنیا نیم فەرقێکی زۆر گەورەی کردبایە کارێک لە ڕوانگەی سیاسەتەوە بکرێ و سەرنجێکی زیاتری بدرێتە سەری ئەمن پێم پرسیاری هەرە سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە ئێستا و هەنووکە چ دەبێ بقەومێ و بکرێ.
تۆرنبێری: ئەوە پرسیارێکی دیکەیە کە دەیکەین جان ئەتۆ پێت خۆشە لەوەوە درێژەی پێ بدەی. پرسیار ئەوەیە کە ئێستا چ دەبێ؟
سێر جان ویتینگدێل ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ) ئەمن بە تایبەتی دەمەویست سەبارەت بە مادەی هۆشبەر بپرسم.
تۆڕنبێری: بەڵام من پێم وایە پرسیارێک دێتە گۆڕێ سەبارەت بە سباتی ئەو حکوومەتەی ئێستا لەسەر کارە و دیارە مەسەلەی مادەی هۆشبەریش دێتە گۆرێ.
سێر جان ویتینگدێل: پرسیارێکی زۆر گشتی. ئیستا هەیئەتی تەحریری شام چەندە سووریا کۆنتڕۆڵ دەکا و پێوەندی وی لەگەڵ گرووپەکانی دیکە چۆنە و ئیمکانی ئەوەی کە لە داهاتوویەکی نزیک دا حکوومەتێکی بەسبات لەوێ هەبێ چەندەیە؟
سیمۆن کۆلیس: ئەوە پرسیارێکی کلیلییە. ئەمن پێم وایە سووریا ئێستا لە قۆناغێکی زۆر بە مەترسی دایە. قۆناغێکی لە شکانهاتوویە. چا ئەوە جێی سەرنجە کە میدیا ئەوەندەی پێویستە لای لێ کردووەتەوە. بۆیە ئەمن پێم وایە ئەوە هەنگاوێکی باشە کە کۆمیتەکەی ئێوە هەنووکە چاو لە سووریا دەکا بۆ ئەوەی بزانێ لە چ وەزعێک دایە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگان دا.
سەرۆکایەتی ئێچ تی ئێس (تەحریری شام) وا وێدەچێ کە ئاڵقەیەکی پچووک بێ لە شام. وەک ئەو گرووپانەی کە من ئاگام لە پێشینەیان هەیە. ئەگەر ئێوە ژمارەیەکی کەمی خەڵکتان هەبێ کە بە چری بەیەکەوە کار بکەن و باوەڕێکی زۆر سنووردار و بەرتەنگیان هەبێ بە دەرەوەی خۆیان بۆ ماوەیەکی درێژ، ئەو پاڵوێکدانە بەشێوەیەکە کە زەحمەتە تێک بشکێندرێ. و مرۆڤ دەتوانێ بڵێ ئەو سەرکەوتنەی کە جەماعەتی تەحریری شام لە ئیدلیب هەیانبوو واتە کۆنتڕۆڵ کردنی ئیدلیب کە ناوچەیەکی زۆر دژوارە لە ڕوانگەی جوغرافیاییەوە. جوغرافیای ئینسانی وێندەرێ زۆر ئاڵۆز و دژوار بوو، کە خەڵک لەهەموو بەشەکانی سووریاوە دەڕژانە ناوی، ئەو خەڵکەی کە لە بەر بارودۆخی خۆیان لە شوێن و زێدی خۆیان هەڵکەندرابوون و لە شوێنێکی ئاوا دا دامەزراندنی کۆنتڕۆڵ و بەو ڕێگایەوە هێندێک هەنگاوی ئەمنی و هەبوونی توانایی بۆ پێشکێش کردنی خزمەتی گشتی کە تا ئەو جێگەیەی من بزانم لە دەرەوە ڕا دەکرا بە ئامادەییەوە وەختێک ئەوان دەستیان کرد بە سەفەری سیاسی خۆیان، ئامادەیی ئەوەی کە بە گرووپە ڕقەبەرەکانیان بڵێن ئێوە یا لەگەڵمان بکەون یان ئەوەی ئێمە خەمێکتان لێ دەخۆین و بەو ڕێگایە دا ئەوان توانیان بەرەو پێش بچن.
دیارە بۆ ئەوە پێویست نەبوو زەبروزەنگ لەخۆیانەوە نیشان بدەن. لە قۆناغی هەنووکە دا حەولیان ئەوەیە خۆ لە ئانارشی و ئاڵۆزی بپارێزن . بەڵام گرووپە جۆر بەجۆرەکان هێشتا چالاکن و جۆراوجۆری دێمۆگڕافی سووریا و جوغرافیای سووریاش. بەڵام لە ئاستی سەراسەری دا ئەوەی لە ئیدلیب بۆیان هەڵدەسووڕا عەمەلێ ناکا ئێمە ئەوە دەبینین کە بانگەوازی گرووپە جیاوازەکان، دەستە جیاوازەکان دەکەن کە چەکەکانیان دانێن و لە بەردەست وەزاڕەتی نیشتمانی بەرگرییان بنێن، داوا لە شەڕکەران دەکەن کە بێنە ژێر چەتری وەزاڕەتخانەیەکی نەتەوەیی ( سەرتاسەری ) دیفاع ، بەڵام نەک بە کۆمەڵ وگرووپ، گرووپەکان دەبێ هەڵوەشێن و بتوێنەوە، ئەوانە کوردەکانیان بانگهێشتن کردووە، درووزەکان و ئەوانیدی و داوایان لێکردوون ئەوانە بکەن و هێشتا لە نەبوونی بەرچاوڕوونی تەواو دا لە مەڕ ئەوەی کە قۆناغی گواستنەوە چۆن دەبێ و تەوافوقی گشتی چۆن دەکرێ ئەمن پێم وایە کە مۆدلێکی ئیدلیب بۆ داسەپاندنی هێمنایەتی و ئەمنییەت و بە دوای ئەوە دا چوون بەرەو حوکمڕانی. لەوانەیە ئەوە لە ئیدلیب، ئەو دەمی هەڵسووڕابێ بەڵام ئەگەر ئەوە بکرێ بە مۆدێلێکی نەتەوەیی ( سەرتاسەری )، حەول بدرێ بۆ ئەوەی بکرێ بە مۆدێلێکی سەرتاسەری ئەوە زۆر زەحمەتتر دەبێ. جا بۆیە ئەمن پێم وایە ئەوە گرینگە کە ئەو کەسانەی کە دەتوانن کارتێکەریان لەسەر ئەو شتانە هەبێ لە دەرەوە ڕا، بێنە پێشەوە و سەرۆکایەتی هەیئەتی تەحریری شام تەشویق بکەن و غیرەتیان وەبەر بنێن کە ئەو پێواژۆیە ڕێبەری بکەن چونکە ئەگەر ئەوە نەکەن، تێکەولێکەیی و ئانارشی دێتە گۆڕێ. ئەوان دەبێ جڵەوی ڕێبەری کاروبار بەدەستەوە بگرن بە شێوەیەکی تایبەتی و هەموو لایەنە.
سێر جان ویتینگدێل: بە لەبەرچاوگرتنی تەجروبە و ئەزموونی خۆت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوەی کە شاهیدی ڕووخانی زۆر ڕێژیمی بەهێز و سەرەڕۆ بووی، کە بە توانایەکی ئاڵۆزی و تێکەوڵێکەییان بە دوو دا هاتووە. ئەتۆ چەند خۆشبینی سەبارەت بە [ داهاتووی سووریا]؟
سیمۆن کۆلیس: ئەمن پێم وایە خۆشبینی لە ڕاستیدا بریتی یە لە وڵامی پڕاگماتیک. ئاشکرایە ریسک و مەترسی هەیە بەڵام بریتانیا یان وڵاتەکانی دیکە هیچ شتێکیان دەست ناکەوێ بە بێ هیچ شوێنتێکەرییەک.
پاڵ دانەوە و دەست لە سەر دەست دانان بۆ ئەوەی بزانین چ دەبێ و دڵخۆش کردن بەوەی دوای ئەوەی کە شتێک قەوما بڵێین ئەها قسەکەمان ڕاست بوو بۆ ئەوەی بەدبینی تووڕ هەڵدەین. دەزانی خۆشبینی مەسەلەیەکی ڕاستەقینەیە نەک ئاواتخوازی و بریا و بریا. بریتییە لە تێگەیشتی ئەوەی کە هەنووکە کاتی ئەوەیە
بچینە ناو بابەتەکەوە.
تۆرنبێری: مەبەست لە چوونە ناو بابەتەکەوە ئەوەیە کە لەگەڵ سەرۆکایەتی ئێستای سووریا وێنە هەڵگیرێ؟ مەبەستت ئەوەیە ڕێبەرایەتی ئێستا بە ڕەسمی بناسرێ؟ مەبەستت چییە؟
سیمۆن کۆلیس: مەبەست پێوەچاران و خۆ پێوە خەریک کردنە. بە پێویستی بە مانای ئەوە نیە کە ئەو سزایانەی کە لە سەر هەیئەتی تەحریری شام داندراون هەڵگیرێن یان ئەو سزایانەی کە لە سەر کەسایەتییەکانی ڕێبەرایەتییە کە دا هەڵگیرێن. بوونی ئەو لەمپەرانە نابێ پێشی ئەوە بگرن ئێمە پێیانەوە نەچارێین و لایان لێ نەکەینەوە. ئەوان ڕابردوویەکیان هەیە، مێژوویەکیان هەیە. ئەوان دەستیان بە سەفەرێکی سیاسی کردووە با بزانین لە داهاتوو دا چۆن دەبێ و ئەو هەنگاوانە دەتوانن بگەنە ئەوەی ئامرازێک بۆ بەرەوپێشچوون بێ. ئەمن نامەوێ بڵێم ئەوان بە تەواوی گۆڕاون بەڵام ئەو سزایانەی کە وەک وڵات لە سەر سووریا داندراون ئەمن چ هۆیەک و بنیچەیەک بۆ ئەوە نابینم کە ئەوانە درێژەیان پێ بدرێ. ئەو سزایانە لە بەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ڕابردوو داندران واتە رێژیمی ئەسەد. ئەو ڕێژیم نەماوە و ڕەوایەتی سزاکان لە گۆڕێ دا نەماوە و ئەو فکرەی کە دوێنێ لە بروکسێلەوە گوێمان لێ بوو کە بۆچوونێکی زیدەخوازییەوە لەو وەزعە نزیک بینەوە وەک ئەوەی بتەوێ دەست لە سەر دوگمەیەک دابگری بۆ زیاد کردن و کەمکردنەوەی دەنگێک ئەمن پێم وایە ئەوە هەڵەیە، بە شێوەیەکی بە مەترسییانە هەڵەنە.
تۆرنبێەری: ئامۆژگاریت ئەوەیە کە بریتانیا ئەو سزایانەی لە سەر سووریا داندراون پووچەڵ کاتەوە و لایان ببا و هەر وەها ئوڕووپاییەکانی دیکەش؟
سیمۆن کۆلیس: بەڵێ، کاری بازرگانی دەست پێ بکاتەوە. هۆی ئینسانیی بۆ ئەوە هەیە، هۆکاری قانوونی بۆ ئەوە هەیە، هەر وەها ئەوە سیاسەتێکی پڕاگماتیستی یە. ئەگەر هەموو شتانەکان بە بارێکی لار دا بڕۆن دیسان دەکرێ سزاکان دابندرێنەوە. هیچ ناتوانێ پێشی دانانەوەی سزاکان بگرێ. بەڵام ئێسا سەردەمێکە کە دەرفەتی هەر باش بدرێ بە خەڵکی سووریا کە بەرەو پێش بچن و ئیزن بدرێن کە بە لایەنی ئینسانی دژوارییەکانی بارو دۆخەکەوە بچارێن کە هەتا بڵێی پێداویستییەکی دەستبەجێ و فەورییە. بۆ وێنە بوونی ئەلێکتریستی لە شام و شارەکانی دیکە هەتا بڵیی لانی کەمە. بۆ ئەوەی پێشوەچوونی سیاسی بکرێ، بۆ ئەوەی دەرفەتێکی ئاوا هەبێ خەڵک دەبێ شانسی ئەوەیان هەبێ کە بتوانن جگە لە پێداویستییە ڕۆژانەکانیشیان دەرببەن ، بۆ ئەوەی بکرێ لەو بوارەوە هێندێک بەرەوپێشچوون هەبێ دەبێ ئەوان بە شێوەی سیاسی و مەنتقی بیر بکەنەوە. کە وابوو سزاکان لا بەرن.
سێر جان ویتنگدێڵ: دوکتور خەتیب ڕەنگە ئەتۆ بتەوێ لە قسەکانی بەڕێز کۆلیس زیاد بکەی.
لینا خەتیب: بەڵێ،بەر لە هەموو شت دەمەوێ بڵێم ئەمن لەگەڵ گشت قسەکانی بەڕێز کۆلیس هەم.
تۆرنبێری: ئەتۆ ئەوان دووبارە ناکەیەوە؟
خەتیب: نا. ئەمن هیچ دووپاتە ناکەمەوە (پێدەکەنێ)
تۆرنبێری : ئەمن دەزانم ئەتۆ قسەت پێیە لێێ زیاد کەی.
خەتیب : ئەمن هەر دەمەویست دای بگرمەوە کە لەگەڵ قسەکانی بەڕێز کۆلیس هاودەنگم بۆ نموونە سەبارەت بە لابردنی سزاکان لە سەر سووریا.
تۆرنبێری: وا دیارە پێت خراپ نییە ئەمن جۆرەیەک کۆنتڕۆڵم هەبێ بەسەر ئەم گفتوگۆیانە دا
دوکتورخەتیب: (پێدەکەنێ) دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێ کە ئەم ئیدارەیەی تازەی سووریا زۆری پێخۆشە کە ببێتە خاوەن مەشڕووعییەتێکی ناونەتەوەیی. دەیەوێ بە مەشڕووع دابندرێ تەنانەت ئەگەر کاتیش بێ، ئێستا دەیەوێ بە مەشڕووع سەیر بکرێ بۆیە ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێمە درەفەتی ئەوەمان هەیە کە لەو بارودۆخە دا قسەمان بڕوا و نفووزمان هەبێ بە شێوەیەکی پۆزیتیڤ. یەک لەو شتانەی کە ئێمە دەتوانین نفووزمان تێیدا هەبێ و قسەمان بە سەری دا بڕوا مانای چەمک و کۆنسێپێتی هەموو وەبەرگرتنە، ئینکلووژنە و ئەوە بۆ ئەو ئیدارەیە مانای چییە سەبارەت بە حوکمڕانی لە سووریا دا.
حاڵی حازر بارودۆخەکە، هەلومەرجەکە کاتی یە. وا داندراوە لە مانگی مارس دا حکوومەتێکی تێپەڕ بێتە سەرکار. ئەوە دەبێ بە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستە قینە لە مەڕ ئەوەی کە مەبەست هەموو وەبەرگرتن و ئینکلووژن چییە؟ ئایا ئەوە مانای ئەوەیە ئەو ئیدارەیەی کە ئێستا هەیئەتی تەحریری شام بەسەری دا زاڵە بەردەوام دەبێ و هێندێک خاوە و ئیمتیاز دەدا بە گرووپەکانی دیکە لە سووریا دا یان ئەوە بە مانای ئەوە بە مانای شەراکەتە لە دەسەڵات دا و مۆدێلی کارەساتاوی لوبنان و عێڕاق بەکار ناهێندرێ واتە دانی کورسی لە سەر بنەمای تائیفی و ئێتنیکی؟
ئەوەی کە ئێمە دەبێ حەول بدەین وەدی بێ و بکرێ لەجێدا نرخەکانی دێمۆکڕاسی لیبێراڵە، کاتێک کار دەگاتە شەریکاتی لە دەسەڵات و هەموو وەبەرگرتن و ئینکلووژن. و پۆتانسییەلی ئەوە بۆ ئێمە (بریتانیا) و هاوپەیمانەکانمان هەیە کە سووریا بەرەو ڕێبازێکی ئاوا بەرین. جا بۆیە ئەوە شتێکە کە ئێمە دەتوانین بیکەین.
تۆرنبێری: تێناگەم مەبەستت ئەوەیە کە ئێمە دەکرێ سزاکان لابەرین بەڵام هیچ ئیعتیباری دیکەیان نەدەینێ تا دوای مانگی مارس؟
خەتیب: نا ئێمە پێویستە هەموو هەنگاوە پۆزتیڤەکان تەشویق بکەین. ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێمە حوکمڕانی لە سووریا لەو ڕوانگەیە نەبینین کە کێ لە پلە و هەڵکەوتی ڕەسمی دایە وەکوو پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی هەموو گرەوە لە نێوان ئەو خەڵکانەی کە دەسەڵاتیان بەدەستە و کۆمەڵگە و ئەوە مانای لا کردنەوەیە لەو دەنگانەی کە هاوار دەکەن بۆ ئەوەی هەموو لایەنێک وەخۆ بکرێن و جێیان هەبێ. ژنان دەورێکی پڕ مانا بگێڕن، خەڵکی سیکولار و نا مەزەهەبی نوێنەرایەتیان هەبێ. لە سووریا کۆمەڵگەی مەدەنی بە ساڵانی خایاند کە ببێ بە کۆمەڵگەی مەدەنی چونکە لە ژێر سوڵتەی ئەسەد دا چ کۆمەڵگەیەکی مەدەنی لە گۆڕێ دا نەبوو. جا بۆیە ئەو جۆرە ئاکتەرانە دەبێ ڕێگەیان بۆ بکرێتەوە و تێوە بگلێن لە گەنگەشەی سەبارەت بە سیاسەت دا. لەوە دا کە بتوانن لە داڕشتنی سیاسەتی ولات دا بەشدار بن.
ئەوە شتێکە کە ئێمە (بریتانیا) دەتوانین کاری لە سەر بکەین. سزاکان لابەرن بەڵام لە هەمان حاڵ دا چاومان بەسەر ئەوەوە بێ کە گەنگەشە و قسەکردن سەبارەت بە هەموو وەبەرگرتن و ئینکلووژن ئەنجام بدرێ چونکە ئێمە لەو بارەیەوە زۆر شت دەتوانین بکەین و ئەوان (ئیدارەی تازە) حەوجێیان بە یارمەتی ئێمە هەیە. جا ئەوە لێرەدا شتێکە کە ئێمە دەتوانین بە شێوەیەکی کۆنکرێت بیکەین. ئەگەر ئێوە دەتانەوێ ئەمن باسی ئیدەی زۆرتر بکەم لەمەڕ ئەوەی کە ئێمە چ دەتوانین بکەین ئەمن بە خۆشحاڵییەوە دەتوانم بیانهێنمە گۆڕێ.
تۆرنبێری: ئەتۆ دەتەویست سەبارەت بە مادەی هۆشبەر بپرسی جان.