میدیای پێشەنگ و میدیاکاری پیشەگەر!

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٤:٠٩، ١٥ی شوباتی ٢٠٢٥ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «میدیای پێشەنگ و میدیاکاری پیشەگەر! نووسینی: '''هۆمەر نۆریاوی''' یەکێک لە بابەتە هەرە گرینگەکان لە نێو دنیای میدیا و ڕاگەیاندندا ڕووی لە پرسی پێداچوونەوە یان بە واتایەکی دی، کۆنترۆڵ و چاودێرییە. بابەت و نووسینێک پێش ئەوەی بۆ بڵاوکردنەوە و چاپ بچێت...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

میدیای پێشەنگ و میدیاکاری پیشەگەر!

نووسینی: هۆمەر نۆریاوی

یەکێک لە بابەتە هەرە گرینگەکان لە نێو دنیای میدیا و ڕاگەیاندندا ڕووی لە پرسی پێداچوونەوە یان بە واتایەکی دی، کۆنترۆڵ و چاودێرییە. بابەت و نووسینێک پێش ئەوەی بۆ بڵاوکردنەوە و چاپ بچێت،پێویستە لە لایەن هەڵەگر و ئیدیتۆرەوە،پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت و هەڵە و پەڵەکان ڕاست بکرێنەوە و وشە و دەستەواژەی هەڵە دەرخواردی بینەر و بیسەر و خوێنەر نەدرێت. یەکێکی دی لە مەرجەکان بۆ دامەزران و وەرگیران لە نێو دنیای ڕاگەیاندندا ڕووی لە پرسی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیە. پێویستە ئەو کەسەی لە نێو دنیای میدیادا کار دەکات،یەکەم،بە باشی شارەزای زمانەکەی خۆی بێت، پاشان دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن بێت و دواتریش خاوەنی پێنووسێکی بەپێز بێت؛پڕ ڕوونە گەرەک هەڵگری دەیان تایبەتمەندی دیکەیش بێت کە ناکەونە نێو بازنەی ئەم دێڕانەوە و لێکۆڵینەوەی جوایەزتری گەرەکە.

بۆ گەلێک ساڵ دەچێت ئەم پەیامە بۆ میدیا و ڕاگەیاندنی(بیستراو،بینراو و نووسراو)ی باشوور دەگوێزمەوە و بەرانبەر هەڵەیەکی زەق وریایان دەکەمەوە کەچی هەر دوای هێڵە ناڕاست و چەوتەکە دەکەون و هاوارەکەی منیش چ دادێک نادات.

تازەتترین نموونەیش ڕووی لە هونەرمەندی ناسراوی کورد"عەزیز شارۆخ"(1938)ە کە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێک ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و لێرە و لەوێ هەڤپەیڤین و وتووێژی دەگەڵ دەکرێت و بە "عەزیز شارۆخی" ناودێر دەکرێت.

بە سەد داخ و کەسەرەوە،لەمێژە لە باشووری نیشتماندا هەرکە کەسەکە کوردی ڕۆژهەڵات بێت، بە ناوی سیانییەوە،"ی"یەک دەدرێتە پەنای. نزیکەی 20 ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕێی نامەیەکەوە بۆ ماڵپەڕێکی کوردی بابەتەکەم ڕوون کردەوە و داوام کرد تکایە بەرپرسیارانە بەرانبەر بەم پرسە هەستیارە بجووڵێنەوە و پێش بڵاوکردنەوە،تۆسقاڵە زەحمەتێک وەبەر خۆ بدەن و خۆڵ لە چاوی خەڵک مەکەن.

چونکە کاتێک بابەتێک لە ڕاگەیاندنی کوردییەوە بە هەڵە بڵاو ببێتەوە،ئیدی هەڵەکە هەر وا دەڕوات و دواتر ڕاستکردنەوەی ئەرک و بگرە ڕەنجێکی فرەوانی گەرەکە. ئەمە دەسەلمێنێت میدیا خاوەنی توانا و دەستەڵاتێکی بەرفرەوانە، هەر بۆیە بە دەستەڵاتی چوارەمیش ناودێر دەکرێت. لێرەوە گەر میدیا لە دەست شارەزا و ئەهلەکەی خۆیدا نەبێت،دەتوانێت کۆمەڵگەیەک وێران بکات.

نموونەکان لەم پەیوەندییەدا یەک و دووان نین و تەنیا دەتوانم ئاماژە بە وشەی"بەروار"بکەم کە ئەرچی هەنووکە هەمووان دەزانن "بەروار" ناوە بۆ ناوچەیەک لە ئامێدی(باشووری کوردستان)کەچی بە خودی گەلێک نووسەری پێشڕەویشەوە تا ئێستاکەیش بە هەڵە، هەر بۆ "ڕێکەوت" و "ڕۆژبەر" دەکاری دێنن. پاش ئەم هەموو ئاسمان و ڕێسمانە،ئێستا هەمان هەڵە لە ڕێی کەناڵێکی سەتەلایتییەوە کە خۆی بە پێشەنگی بواری ڕاگەیاندنی کوردی دادەنێت،پاتە دەکرێتەوە.

لەم ماوەیەدا بینەری هەڤپەیڤینی"شانۆ بەکرفەرەج"(1994)، پێشکەشکاری ناسراوی کەناڵی "ئاڤا میدیا"دەگەڵ هونەرمەند عەزیز شارۆخ بووم کە پرسیاری لەم هونەرمەندە دەکرد باشە ئەم نازناو یان ڕاستتر بڵێم،ناوی سیانییەت لە چییەوە هاتووە و واتای چییە؟

"عەزیز شارۆخ"ی هونەرمەندیش هۆکارەکەی بۆ پێشکەشکار باس کرد و بەجوانی ڕوونیشی کردەوە و چەند جاریش هەڵەی پێشکەشکارەکەی ڕاست کردەوە و پێی دەگوت،"شارۆخ"ە نەک "شارۆخی" و "شارۆخ"یش بە واتا و مانای ڕوخسار و سیمای جوان دێت کەچی پێشکەشکار هەر دەچووەوە سەر هێڵە خوارەکە و لەسەر هەڵەکەی مکوڕ دەبوو. ئەرچی گەرەک ئاماژە بەم خاڵە بدەم،ئەم هەڵەیە لە ژێرنووسی کەناڵەکەدا نەدەبینرا و هەڵەکە تەنیا ڕووی لە خودی پێشکەشکار بوو. کەچی دیسانەوە لەسەر ئەو تابلۆیەی وەک دیاریی و یادگاری بەم هونەرمەندە دەبەخشرێت،هەمدیس نووسراوە"عەزیز شارۆخی،دەنگێکی ڕەسەن"و هەڵەکە پاتە بووەتەوە کە ئەمەیان کوشندەترە چونکە بۆ مێژووە و دەمێنێتەوە.

دە ئاخر کەسێک پەیدا نابێت بڵێ،بەڕێزینە،تکایە و هەزار تکا،پێش دیمانە و هەڤپەیڤین یان نووسین،بڕێک زەحمەت وەبەر خۆ نێن و گەڕانێک بکەن و تۆسقاڵێک پەیجۆر بن! چونکە یەکەم تایبەتمەندی بۆ ڕۆژنامەوانێک ڕووی لە گەڕان و پەیجۆربوونە کە ئەم خاڵە جەوهەرییە کەمتر لە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردیدا بەردیدە دەکەوێت. میدیای کوردی لەمێژە ئەم جۆرە هەڵە و پەڵانە پاتە دەکاتەوە و هەرچەندەیش ڕۆشنگەری دەکرێت،مخابن بێکەڵکە.

ئەم پرسە بەداخەوە بەرانبەر بە هونەرمەند "ئیسماعیل سابوور"(2019-1957)یش لە میدیای بینراو و بیستراو و نووسراودا بەجاران پاتە دەبووەوە و هەرچی ئەم هونەرمەندە دەنگی هەڵدەبڕی،دەنگەکەی نووساو و کز بوو و میدیا و میدیاکاریش دیسان هەر لەسەر هەڵەکەی خۆ دەچوون.

یەکەم و دوا وانەم بۆ میدیاکاران،وەک کەسێک پتر لە 30 ساڵە مژول و خەریکی کاری میدیا و ڕاگەیاندنم ئەوەیە پێش دیمانە و هەڤپەیڤین،نووسین و بڵاوکردنەوە،پێویستە لەسەر تەوەری نووسین و گفتوگۆیەکە،گەڕانێکی ورد بکەن و لەسەر مژارەکە،زەحمەتی سووکە توێژینەوەیەک وەبەر خۆ بدەن و زانیارییە ڕاست و پێویستەکان لە سەرچاوەی باوەڕکراوەوە دەست بخەن و پاشان دەرخواردی خوێنەر و بەردەنگیان بدەن.

چونکە دەرەنجامی نووسین و گفتوگۆیەکەتان ئەرشیڤ دەکرێت و دەچیێتە نێو ڕووپەڕەکانی مێژووی ڕاگەیاندنەوە. لێرەدایە سەنگ و قورساییی ئەم ئەرکە سەد هێندە خۆ دەنوێنێت. بەرپرسیاری یەکەم و کۆتایی بەرانبەر بەهەڵەتۆمارکران،بڵاوبوونەوە و نووسینەوەی بابەت یان پرسێک،خودی میدیا و میدیاکارە. هەر بۆیە بەرپرسیارەتی لە نێو میدیادا ئەرکێکی پڕ چەتوون و گرانە. جێی ئیشارەتپێدانە "ئاڤا تێ ڤێ"،کەناڵێکی کوردیی سەر بە گرووپی ئاڤا میدیایە کە چەند هەیڤێک بەسەر وەرزی نوێی وەشان و پەخشیدا تێدەپەڕێت. بنکەی سەرەکیی کەناڵەکە لە "هەولێر"ی پێتەختی هەرێمی کوردستانە.

22ی ڕێبەندانی 2724