لە یادەوەرییەکانی ڕادیۆوە (نەرمەدەنگێک و شارایەک یادەوەری)

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٩:٣٢، ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «لە یادەوەرییەکانی ڕادیۆوە (نەرمەدەنگێک و شارایەک یادەوەری) نووسینی: '''هۆمەر نۆریاوی''' لە سەردەمێکدا لە لایەکەوە لەبەر سیاسەتە چەوت و داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا کە هەرگیز دەرفەتی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەت...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

لە یادەوەرییەکانی ڕادیۆوە (نەرمەدەنگێک و شارایەک یادەوەری) نووسینی: هۆمەر نۆریاوی

لە سەردەمێکدا لە لایەکەوە لەبەر سیاسەتە چەوت و داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا کە هەرگیز دەرفەتی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییان بە کۆمەڵگەی کوردی نەداوە و لەو لایشەوە لەبەر باڵادەستبوونی ئەقڵییەتی پیاوسالارانە و کۆمەڵە دابونەریتێکی دواکەوتووانە لە هەمبەر ڕەگەزی مێینەدا،ژن زۆر کەم ئەو دەرفەتەی لەبەردەمدا بووە وەک ڕەگەزی بەرانبەر،هەزار یەکی تواناکانی خۆی دەربخات،لە گوندێکی دوورەدەستی نیشتمانەکەی کوردانەوە،گوندی"دشە"ی ناوچەی هەورامان،لەبن سێبەری بنەماڵەیەکی چاوکراوەدا خانمێک،ئەوین و خۆشەویستی میدیا دەکەوێتە دڵی و سەرەتا لە ڕادیۆ کوردیی کرماشانەوە دەست بە خەباتی میدیایی دەکات و بۆ دەستپێکیش لە گۆشە و بەشی ئەرشیڤ و پاشان چیرۆکی ڕادیۆوە دەردەکەوێت.میدیاکاری ناسراوی کورد "هومایۆن کەمانگەر"دەڵێ،ناهید(نەهیە) ڕاهدار سەرەتا لە ڕادیۆ کرماشان و لە بەشی ئەرشیڤ دا وەرگیراوە. دەنگە نەرمونیانەکەی ئەم خانمە هەورامانییە زۆر زوو سەرنجی بەڕێوەبەرانی ڕادیۆ بەرەو لای خۆ ڕادەکێشێت و وەک بێژەر مژولی کاری میدیایی دەبێت.

لە نێوان ساڵانی 1359-1350ی هەتاوی(1980-1971)لە ڕێی ڕادیۆ کرماشانەوە دەنگی بۆ بەردەنگ و بیسەری کورد دەگوێزرێتەوە و بۆ نزیکەی 9 ساڵ لەو سەنگەرەوە خزمەتی بواری چاند و ئەدەبی کوردی دەکات. دواتر بارگەی بۆ گەورەشاری تاران دەپێچێتەوە و ئەمجارە لە ڕادیۆ کوردیی تارانەوە درێژە بە خەباتە میدیاییەکەی دەدات. لێرەوە خەباتی میدیایی ئەم خانمە میدیاکارە گوڕ و تینێکی تایبەت بەخۆوە دەبینێت و زێتر بەهرە و توانا هونەرییەکانی دەردەکەون.

یەکێکی دی لە لایەن و ڕەهەندە هونەرییەکانی ژیانی ناهید ڕاهدار،ڕووی لە کاری دۆبلاژە کە لە دەیان فیلم و درامادا گۆشەیەک لە بەهرە و توانای خۆ دەنوێنێت. ئەمە قسەی من نییە و میدیاکاری کورد،ناسر سینا باسی لێوە دەکات و بە کوردیزان و دەنگێکی هەرە لەبەردڵانی نێو بواری دۆبلاژی کوردی دادەنێت کە دەگەڵ دەیان سیمای ناودیاری بەستێنی دۆبلاژی کوردیدا هەر وەک مریەم زاهیریانی(1945)،عەزیز عەبباسی(1956)،محەممەد فەرەیدوونی(1949)،پەروێز حەبیبی(1946)،میدیا زەندی،شاناز کەریمخانی،شایستە ئیبراهیمی،وەهاب بەقاڵ،حەسەن مەسعوودیان(1960)،عەلائەدین بابەشەهابی(2014-1939) و ...،خزمەتێکی شیاویان بەم بەستێنە میدیاییە کردووە.

ناهید ڕاهدار،بە یەک لە دەنگە نازەنینەکانی نێو ڕادیۆ کوردیی تاران دادەنرێت کە بە هاوچاخی"میدیا زەندی"هاوژینی مامۆستا "حەسەن زیرەک"(1972-1921)دێتە ئەژمار و ساڵانێکی زۆر پێکەوە هاوکار بوونە. ئەرچی پێوەندییان بەردەوام هەوراز و نشێوی بەخۆوە بینیوە بەڵام سەدان بیرەوەریی خۆشیشیان پێکەوە هەبووە.

ناهید ڕاهدار لە سەردەمێکدا ڕێی دەکەوێتە ڕادیۆ و خەباتی میدیایی دەست پێ دەکات کە ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا ئەوەندە دەرفەتی خۆدەرخستنی پێ نەدەدرا. بۆیە ئەمیش وەک میدیا زەندی بە ڕچکەشکێن دادەنرێت و ڕێگەکە بۆ نەوەی پاش خۆی هەموار دەکات. گەر خوێندنەوەیەکی دروست بۆ ئەم پرسە بکەین و لە ورەبەرزیی ئەم خانمە بوێرە تێبگەین،پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە. هەر لێرەوە لە لایەکەوە،ڕۆڵ و دەوری بنەماڵە زەق دەبێتەوە کە چەندە بە دیدێکی ڕوون و پێشڕەوانەوە سەیری توانای ئافرەتی کردووە و لە ئالییەکی دیکەیشەوە،خودی خواست و ویستی بڵندی ئەم خانمە خەباتکارە تێیدا بەرجەستە دەبێتەوە کە سڵ لە مەترسیی و کەند و لەندەکانی بەردەم ناکاتەوە و بۆ نەخشاندنی داهاتوویەکی ڕەنگاڵەیی بۆ خۆ تێدەکۆشێت.

بۆ خۆم وەک نووسەری ئەم دێڕانە کە لە هەفتاکانی هەتاوی(نەوەدەکانی زایینی)بەملاوە خەباتی میدیاییم لە ڕادیۆ کوردیی تاران دەست پێ کرد،ئەو دەرفەتەم کەوتە بەردەست ببمە ئەندامێکی گچکەی ڕادیۆ و دەگەڵ دەیان سیما و ڕوخساری ناوئاشنای بواری ڕاگەیاندنی کوردی هاریکار و هاوخەبات بم و چەند ڕووپەڕێک بۆ مێژووی ڕاگەیاندنی کوردی بنووسمەوە. هومایۆن کەمانگەر1942)،میدیا زەندی(2008-1940)،فاتیح محەممەدی(1947)،حەسەن سەلاح سۆران(2009-1941)،سدیق بۆرەکەیی(2023-1943)،سەیید محەممەدساڵح ئیبراهیمی(شەپۆل)(2018-1933)،سەیید جەلال نیزامی(1951)،مستەفا شەرەفکەندی(1955)،عەلائەدین بابەشەهابی(2014-1939)،برایم بەریاجی و ئەییووب گازرانی تەنێ چەند هاوکار و ناوێکی دیاری ئەم مەیدانە دێنە ئەژمار کە جێپەنجەی خزمەتیان دیارە و بۆ هەمیشە دەچنە نێو ڕووپەڕەکانی مێژووی کاری ڕاگەیاندنی کوردییەوە.

یەک لەو سیما نازەنینانەی هەر بەو ساڵانە و پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران(1979)هێشتا هەر لەسەر کار و خەباتی میدیایی بەردەوام بوو،"ناهید ڕاهدار" بوو کە وەک بێژەر لە ڕادیۆدا دەوری دەبینی. کە زێتر ئاشنایەتیم دەگەڵ پەیدا کرد،جگە لەوەی خەڵکی ناوچەیەک بووین،جۆرە پێوەندییەکی خزمایەتیش لە نێوانماندا هەبوو.

بۆ چەندان ساڵ بەرنامەی "هەوارگەی زەنوێر"سەرەتا لە تەک جەعفەر شێخولئیسلامی و پاشانیش دەگەڵ میدیاکاری ناسراوی کورد "ناسر سینا" کە دواتر ڕوو لە هەندەران دەکات و ڕادیۆ زایەڵە لە وڵاتی سوێد و شاری ستۆکهۆڵم دادەمەزرێنێت،پێشکەش دەکات. خودی ناسر سینا،ناهید ڕاهدار بە دەنگبێژ و بێژەرێکی لێهاتوو دادەنێت کە دەنگێکی بلاوێنی هەبووە و لە سەدان چیرۆک و بەرنامەی ڕادیۆییدا دەوری بینیوە. دێتەوە یادم،یادگەش دایکم،بۆ کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی ڕووی لە گوندی دشە نابوو کە لەوێ بەم خانمە نازەنینە ئاشنا بووبوو. دایکم کە گەڕایەوە،وتی، ڕۆڵە ئیمڕۆ لە پرسەکەدا ئاشنا بە خانمێک بووم کە وتیان لە ڕادیۆ کوردیی تاران کار دەکات. کە باسی تۆم کرد،زۆر بە جوانیی وەسفی کردیت.

ژیانی ئاڵۆزی ئەم سەردەمە مخابن مرۆی بە دەردێک بردووە کە وەک پێویست ئینسانەکان سۆراخی یەکدی ناپرسن و هەر یەکە و لە نێو جەنجاڵستانەکەی ئەم ڕۆژگارەدا نغرۆ بووە. هەر پار و پێرار بوو چەند جارێک تەلەفۆنم بۆ کرد و پێکەوە هەندێک لەسەر بیرەوەرییەکانی دوێنێی ڕادیۆ و سەرقاڵییەکانی ژیانی مرۆی ئەم سەردەمە کەوتینە قسە و باس. ئەرچی گەڕابووەوە دەڤەرەکەی خۆ و لە شاری "پاوە"دا گیرسابووەوە بەڵام بەردەوام بەدەست بێتاقەتییەوە دەیناڵاند و دەیگوت،لێرە کەس ناناسم بەڵام شوکر ڕوو لە هەر کوێ دەنێم،خەڵکە بەئەمەکەکە دەمناسن و ڕێزم لێ دەنێن. هەر پار بوو داوای کتێبێکی کرد و منیش پاش سووکە گەڕانێک، کتێبەکەم دەست خست و وەک دیاری ناردمە خزمەتی. بە سەد داخەوە دواتر بیستم تووشی نەخۆشییەکی سەخت هاتووە بۆیە هەمدیس تەلەفۆنم بۆ کرد و سۆراخێکم گرت و بەوپەڕی دڵتەنگییەوە دەیگوت،کاکە هۆمەر،بمبینیت،نامناسیتەوە. منیش بەردەوام یادەوەریی جوانی ڕادیۆم بۆ دەگێڕایەوە و بۆ چەند ساتێک وەبزە و پێکەنینم دەخست و تۆسقاڵێک لەو بارگرانییەم لە لا سووک دەکرد.

ئەمە سەربردەی بەشێکی زۆری ئەو جۆرە سیما و کەسایەتییانەی کوردە کە لە پێناو چاند و زمانەکەیاندا لە شار و دەڤەرەکەی خۆ ئاوارە و تەرە دەبن و کە دەگەڕێنەوە، لە غوربەتێکی سەیری ناخدا ژیان وەپشت سەر دەنێن. لێرەوە لەسەر کۆمەڵگەی کوردییە قەدرزانی خەبات و خزمەتی ئەم چەشنە کەسایەتییانە بێت و تا ماون،ئاوڕێکی بەخێریان لێ بداتەوە.

هەر چلۆنێک بێت ناهید ڕاهدار،یەک لە دەنگە نەرمونیانەکانی نێو ڕادیۆ کوردییەکانی کرماشان و تاران دێتە ئەژمار کە تەمەنێک لەو مەتەرێزەوە سەرچاوەی خەمخۆریی و دڵسۆزیی بەرانبەر فەرهەنگ و زمانی کوردی دەبێت و بەشێکی فرەی ژیان لەو پێناوەدا تێدەپەڕێنێت. ناهید ڕاهدار،دەگەڵ دەیان کەسایەتی گەورەی وەک سەیید تایەر هاشمی(1991-1915)،مەلا محەممەد ڕەبیعی(1996-1932)،هومایۆن کەمانگەر،دوکتۆر عابید سیراجەدینی(1995-1923)،میدیا زەندی(2008-1940)، عوسمان ئەحمەدی(1937)،پەروین موشیروەزیری(2010-1941)،ناسر سینا(1962) و... لە ڕادیۆ کوردییەکانی کرماشان و تاران کاری کردووە و لە نزیکەوە ئاشنا بە گەلێک نووسەر و هونەرمەندی کورد بووە و بۆ درێژەپێدان بە خەباتی میدیایی خۆ، پشتی بە وانە و ئەزموونەکانیان بەستووە.

جێی ئاماژەپێدانە،"ناهید ڕاهدار" ڕۆژی 1ی پووشپەڕی 1328ی هەتاوی(1949)لە گوندی"دشە"ی سەر بە شاری پاوە(ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لەدایک بووە و درەنگانی شەوی 2ی ڕەشەممەی 2724(20ی فێبریوەریی 2025)و لە تەمەنی 75 ساڵیدا هەر لە شاری پاوە کۆچی دواییی کرد و ڕۆژی هەینی،3ی ڕەشەممەیش تەرمەکەی بۆ هەمیشە لە گۆڕستانی شارەدێی "دشە"دا ئارامی گرت و بە خاکی نیشتمان سپێردرا. سەرنجێک: شارەدێی دشە دەکەوێتە نزیک 7 کیلۆمەتریی شاری پاوە. ئەم شارەدێیە خاوەن مێژوویەکی کۆنە و جگە لەوەی سرووشتێکی گەلێک دڵبزوێنی هەیە،زۆر شوێنەواری دیرۆکیشی لێیە. ئەم گوندە هەر لە کۆنەوە بە دەیان مرۆی وریا و ڕووناکبیری تێدا هەڵکەوتووە کە دواتر هەر لە هەموو کوردستاندا ناوبانگیان دەرکردووە.

بنەماڵەی موفتیزادەکان، نموونەیەکی هەرە دیار دێتە ئەژمار کە باب و باپیر لەوێوە سەر هەڵدەدەن و دواتر مناڵانیان لەسەر ڕێچکەکەی ئەوان دەڕۆن و ناویان لە گشت کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە. وێنەکان لە ئەرشیڤی میدیاکاری ناسراوی کورد،ناسر سینا وەرگیران،لەڕاستیدا بۆ خۆی کەرەم و لوتفی نواند و تا پرسەکەم بەلاوە باس کرد،بەوپەڕی میهرەبانییەوە کۆمەڵە وێنەیەکی بۆ ناردم،هەر لێرەوە دەستخۆشیی فرەوانی لێ دەکەم.