بڕگه‌یه‌ک له ڕۆمانی نیشتمانی سارا، ئاماژەیەک بۆ جەمالی عەلی باپیر
نووسینی: میران ئه‌براهام
یه‌که‌م ڕۆژی هه‌ینیی مانگی چوار، جاده و کۆڵانه‌کانی شار چۆڵ بوون، له گه‌ڕه‌کی چوارباخ بێده‌نگییه‌کی ترسناک کۆڵان و سه‌کۆ و دیواره‌کانی داگرتبوو، ڕۆژانی ئاسایی منداڵانی گه‌ڕه‌ک له به‌یانیی زووه‌وه تاوه‌کو ئێواره و بگره شه‌و دره‌نگانێک له کۆڵان ده‌بوون، زۆربه‌ی کات به تۆپێکی چه‌رمی بۆر یاریی تۆپتۆپێنیان ده‌کرد، سه‌رلەبه‌یانیی ئه‌و ڕۆژه منداڵه‌کان زوو زوو له ده‌رگاکانه‌وه سه‌ره‌تاتکێیان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیس ده‌کرد، که به‌رده‌وام به کۆڵانه‌کاندا ده‌گه‌ڕان، جێبێکی سه‌وزیش به درێژاییی ئه‌و ڕۆژه له به‌رده‌رگای یه‌که‌می مزگه‌وتی عه‌بدولڵا لوتفیدا وه‌ستابوو، چوار که‌سی مه‌ده‌نیی عهینهکلەچاوی تێدا بوو، شه‌وی پێش ئه‌و ڕۆژه هێزێکی تایبه‌تیی سه‌ر به ئاسایش چه‌ند ماڵێکیان له گه‌ڕه‌ک پشکنیبوو، سامی فه‌ره‌ج دوو ڕۆژ پێش ئه‌و ڕۆژه سالار و سارای ئاگادار کردبۆوه و له گه‌ڕه‌کی عه‌قاری بردبوونیه ماڵی خۆیان، ئه‌و لاوانه‌ی له به‌ره‌ی به‌رگریی له نیشتماندا بوون، که سالار لێپرسراویان بوو، له شار ده‌ر چوون یان له گه‌ڕه‌که‌کانی تری شاردا خۆیان حه‌شار دا.
ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه له گه‌ڕه‌کی عه‌قاری، جه‌مال عه‌لی باپیر به زه‌رفێکی بۆره‌وه خۆی کرد به ماڵی سامی فه‌ره‌جدا، سالار له ڕێوه له جه‌مال عه‌لیی پرسیی، ده‌مانچه‌که‌ت بۆ هێناوم؟
که‌باب، به ترش و پیازه‌وه.
ئه‌م ئێواره‌یه یاریمان هه‌بوو؟
شانستان هه‌بوو ئه‌گینا ده‌مانکردن به په‌نگ.
ساله گیان، به چی ده‌تان کردین به په‌نگ، به تۆپێن یان به غه‌ش و فاوڵکردن.
جه‌مال خوات بێت، تیپی که‌مال سه‌لیم فاوڵکهرن یان تیپی ئاری.
ئاریی چی، هاوڕێم وا بزانم تیپی ئاری خۆمان خۆش!
سالار و جه‌مال عه‌لی باپری ده‌مێ بوو له باسوخواستی وه‌رزشدا بوون و هێشتا لەناو داڵانه‌که‌دا به‌رانبه‌ر یه‌کتری وه‌ستابوون، سامی فه‌ره‌ج بانگی کردن، ‘ده‌ی وه‌رن ماڵتان به قوڕ نه‌گیرێت، تیپی ئاری چی و ته‌ڕه‌ماشی چی، با که‌بابه‌که سارد نه‌بێته‌وه.’
کاتێک هاتنه ژووره‌وه، سالار پاڵێکی نا به شانی سامی فه‌ره‌جه‌وه و پێکه‌نی، ‘ئه‌رێ هه‌تیو بۆ ناڵێیت، که‌مال سه‌لیمی چی و ته‌ڕه‌ماشی چی، بۆ ئاری، هه‌ی به‌قه‌د گه‌ڕه‌کی چوارباخ و تیپی ئاری له بهربینت خڕ بێت.’
له کاتی نانخواردندا جه‌مال عه‌لی ده‌ستێکی خسته سه‌ر شانی سالار و پێی وت، ‘ئه‌مڕۆ هه‌واڵم پێ گه‌یشت که شه‌ش له براده‌ران له‌و حه‌مله‌ی گرتنه ده‌رباز بوون، بێجگه له حه‌مه قه‌موور و ئاراس و سه‌لاح، ئه‌و سێ براده‌ره‌ش له‌وه ناچێت ده‌ستگیر کرابن، ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی من زانیاریم هه‌بێت.’
ده‌ی هێمن؟
هێمن، کام هێمن؟
هێمنی عه‌زه شه‌ل
ئه‌وه به هێمنه‌وه بوون به چوار مهفقود!
سارا و سازگاری خێزانی سامی فه‌ره‌ج پێکه‌وه چووبوونه قاتی سه‌ره‌وه، سامی فه‌ره‌ج بۆ کڕینی شووشه‌یه‌ک عاره‌ق و کیلۆیه‌ک لیمۆ له ماڵ ده‌ر چوو، سالار و جه‌مال به خه‌یاڵی خۆیان سه‌رقاڵی سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی تیپی ئاری بوون، جه‌مال عه‌لی باپیر زوو باسه‌که‌ی ده‌گۆڕی و له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌یوت، ‘پێویستمان به شۆڕشی چه‌کدارییه!
سالار له وه‌ڵامدا ئاوای به جه‌مال عه‌لی وتبوو، که هێشتا سێ به‌شی میلله‌تی کورد له‌ژێر میحنه‌ت و ئازاری نسکۆی شۆڕشێکی گه‌وره‌دا ده‌ناڵێنن و له په‌یڕه‌و و ڕێبازی پارته‌که‌ی ئه‌وان بێ‌ئاگان، بگره هه‌ر تێناگه‌ن، جه‌مال عه‌لی له وه‌ڵامدا وتبووی، ‘سالار، هه‌ر له دوو جێگا، ئیتر له گه‌رمیان بێت یان له کوێستان، دوو زه‌بری کاریگه‌ر له دوژمن بوه‌شێنین، شۆڕشه‌که خۆی بۆ خۆی کڵپه ده‌ستێنێ.
ئه‌رێ ئه‌و یارییه‌ی به‌ینی ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا که‌ی ده‌کرێت، وتم به‌ڵکو له ئێزگه‌ی ده‌نگی کوه‌یت گوێمان لێ بگرتایه.
سبه‌ی ئێواره، وا بزانم سه‌عات شه‌ش ده‌ست پێ ده‌کات.
له‌م قسانه‌دا بوون، سامی فه‌ره‌ج خۆی کرد به ژووردا، شووشه‌یه‌ک عاره‌قی به ده‌سته‌وه و به ده‌سته‌که‌ی تریشی زه‌رفێکی کاغه‌زی بۆری گرتبوو، هێشتا له‌ناو داڵانه‌که‌دا بوو، به ده‌نگێکی به‌رز و گڕ:
به‌و مانگه‌ی وا به حه‌واوه
سه‌د ئه‌ستێره ده‌وریان داوه
یاری خۆمه و لێم تۆریاوه
له‌و کاته‌دا سامی فه‌ره‌ج گه‌یشته ناو ده‌رگای هۆڵی دانیشتنه‌که، هه‌ردوو ده‌ستی له حه‌وادا و له‌سه‌ر نووکی پێکانی به‌ده‌وری خۆیدا ده‌خولایه‌وه و سه‌مای ده‌کرد، ئینجا سالار و جه‌مال له‌به‌ری هه‌ستان و پێکه‌وه به‌کۆرس:
هه‌ی ئاغا و ئاغا و ئاغا
بۆم تێکه له‌و قۆنیاغه.
جه‌مال عه‌لی، گۆرانییه‌که‌ی پێ بڕین و سه‌یری سامی فه‌ره‌جی کرد و به‌ده‌نگی به‌رز، ‘هه‌تیو مردوو مرێت، ده‌زانیت تۆ به ناخێری گیانت له که‌یه‌وه ڕۆشتوویت، بۆ قومێک عاره‌ق و دوو لیمۆ، ئا... ئه‌وه‌تا دوو هه‌نگاوه، یان چوویت له ئهبونهواز عارهقهکهت کڕی!
سامی فه‌ره‌ج پێکه‌نی و زه‌رف و شووشه‌ی عاره‌قه‌که‌ی له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی به‌رده‌می جه‌مال و سالار دانا، ‘هه‌تیو خۆ من ئێوه نیم، عه‌یامێکه به‌دوای تۆپا ڕاده‌که‌ن و بوون به تانجی.
کاتێک سامی فه‌ره‌ج به‌ده‌م گۆرانیوتنه‌وه خه‌ریکی پهرداخهێنان و ڕازاندنه‌وه‌ی مێزه‌که‌ی بەردهمی سالار و جه‌مال بوو، له ده‌رگا درا، جه‌مال و سالار ڕاپه‌ڕین و به پهشۆکاوییهکهوه هه‌ڵسان و خۆیان خسته به‌ر پایه‌ی ئه‌ملاولای په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که، که به‌سه‌ر ده‌رگای حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌دا ده‌یڕوانی، جه‌مال له‌به‌ر پشتێنه‌که‌یدا ده‌مانچه‌یه‌کی ده‌ر هێنا و له‌ناو ده‌ستی ڕاستی گرتی، سالار بەسهرسامییهکهوه له جه‌مالی ڕوانی، سامی فه‌ره‌ج خێرا گه‌یشته ناو ده‌رگای داڵانه‌که، کاتێک کردیه‌وه، له ناو حەوشهکهوه و به ده‌نگی به‌رز بانگی له سالار و جه‌مال کرد، ‘دوکتۆر به‌ختیار و حسێن مهولوودن.
دوکتۆر به‌ختیار خالید و حسێن مه‌ولوود گه‌یشتنه ناو ده‌رگای هۆڵه‌که، به‌جووت ده‌ستیان کرد به چهقهنەلێدان و گۆرانیوتن، جه‌مال له جێگای خۆی دانیشتبۆوه و ده‌مانچه‌که‌ی نابوویه‌وه ژێر پشتوێنه‌که‌ی، له جێگای خۆیه‌وه، ‘سه‌یری ئه‌م دوو داڵه کهرخۆرهیه ناکه‌یت، به‌س سه‌یری بنباڵیان که‌ن ده‌زانن له‌کوێ که‌لاک که‌وتووه.
به‌خێر نه‌یه‌ن، ئه‌رێ ئێوه له‌کوێوه په‌یدا بوون؟
سالار ئه‌مه‌ی وت، به‌ختیار خالید هاتبووه ژووره‌وه و له جه‌مال و سالاری ڕوانی و وتی، ‘ئه‌رێ بۆچی تۆ و جه‌مال له خۆتان ناپرسن چی ده‌که‌ن له گه‌ڕه‌کی عه‌قاری، کوڕه خوات بێت سالار، له‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه باخ و ده‌رگای حه‌وشه‌که‌مان دیاره.
ماڵتان به قوڕ نه‌گیرێت، تا زووه با دوو پێک بخۆینه‌وه، تا ئه‌و عاره‌قه حه‌یاته سارد نه‌بۆته‌وه.
جا حسێن گیان، سێ چاره‌ک عاره‌ق کێ بیخوات و کێ به‌مه‌ستی گۆرانییه‌کمان بۆ بڵێت، یان شیعرێکمان بۆ بخوێنێته‌وه؟
من کاکه سالار، باوه‌ڕ ناکه‌ی چه‌ند به کڵپه‌ی ئه‌م شۆڕشه نوێیه سه‌رمه‌ستم، بێ عاره‌ق بەیانی تا ئێواره له خۆشیاندا له‌سه‌ر نووکی پێکانم سه‌ما ده‌که‌م.
دوختۆره فه‌نی، به ناخێری گیانت مه‌یکه به باسی سیاسه‌ت و دانیشتنه‌که‌مان لێ تێک مه‌یه.
سالار سه‌یرێکی جه‌مالی کرد و ده‌ستێکی لێ با دا، حه‌ی حه‌ی، دڵمان خۆشه کوڕمان بۆ گه‌وره بووه و شان ده‌ده‌نه به‌ر قورساییی مه‌ینه‌تییه‌کانی ئه‌م میلله‌ته قوڕبه‌سه‌ره!
جه‌مال به لاچاوێک سه‌یرێکی سالاری کرد، ‘جا، هه‌ر شان ساله گیان؟
سەرچاوە: تۆماری تایبەت بۆ مانومیدیا