جەمال سورەیا
جەمال سورەیا لە ساڵی 1931 لەدایکبووە. لە ٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ کۆچی دوایی کردووە شاعیرێکی کوردی زازا بووە، شیعرەکانی بە زمانی تورکی دەنووسی.
ژیاننامە
لەکاتی ڕەشەکوژیی دەرسیم، لە ساڵی ١٩٣٨ خێزانەکەی جەمال ئاوارەی شاری بیلەجیک دەبن لە ناوچەی مەڕمەڕە.
جەمال لە ساڵی ١٩٥٤، بەشی دارایی و ئابووری لە فاکەڵتی زانستە سیاسییەکانی تەواوکرد لە زانکۆی ئەنقەرە.
دواتر وەک پشکنەر لە وەزارەتی دارایی دەستبەکاردەبێت، لە ساڵی ١٩٦٥ دەستلەکاردەکێشێتەوە.
لە ساڵی ١٩٦١، ڕۆژنامەی پاپیرۆس دادەمەزرێنێت کە ھەر خۆشی سەرنووسەری ڕۆژنامەکەبووە، کە ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی بوو.
جەمال بەکەسێکی گرنگ لە نەوەی دووەمی ئەدەبیاتی تورکی لە شیعر دادەنرێت.
ھاوکات بزاڤی پۆسمۆدێرن لەوکاتەدا دژایەتی توندی بزووتنەوەی غەریبی دەکرد.
خۆشەویستی، بەتایبەت لەناو کارەکتەری ئیرۆتیک، ئەوا ڕووکاری شیعرەکانی جەمال سورەیان.
شیعر و وتارەکانی جەمال سورەیا لە چەندین گۆڤاری تورکی بڵاودەکرایەوە لەوانە یەدیتپە، یازکۆ، پازار پۆستەسی، یەنی یولوس، پۆلیتیکا و چەندانی دیکە.
لە دوورەوە خۆشم دەوێی
جەمال سورەیا
لە تورکییەوە: باوەڕ مەعرووفی
لە دوورەوە خۆشم دەوێی
بێ ئەوەی بەرامەی خۆشت هەڵمژم
بێ ئەوەی باسکم لە گەردنت گرێ بدەم
بێ ئەوەی دەستم بخشێنم بە ڕوومەتتا
بەس خۆشم دەوێی
بەمجۆرە و لە دوورەوە
خۆشم دەوێی
بێ ئەوەی پەنجەم بخەمە ناو پەنجەت
بێ ئەوەی دڵت دابلەرزێنم
بێ ئەوەی نوقمی نیگات ببم
باوەڕم نییە به ئەوینی یەک دوو ڕۆژە
سەرسەریانه نا، وەک جوامێران خۆشم دەوێی
بەمجۆرە و لە دوورەوە
خۆشم دەوێی
بێ ئەوەی دوو تنۆکەی تکاوی سەر کوڵمەت بسڕمەوە
بێ ئەوەی قاقای پێکەوە پێکەنینمان بگاتە ئاسمان
بێ ئەوەی گۆرانییە دڵخوازەکەت وێکڕا بڵێینەوە
بەمجۆرە و لە دوورەوە
خۆشم دەوێی
بێ ئەوەی بتڕەنجێنم
بێ ئەوەی فرمێسکت پێ هەڵوەرێنم
بێ ئەوەی بتڕووخێنم
بێ ئەوەی بتتۆرێنم
بێ ئەوەی بتگریێنم
لە دوورەوە خۆشم دەوێی
بەمجۆرە و لە دوورەوە
خۆشم دەوێی
کاتێ هەرچی وشەی حەزم لێیە بە تۆی بڵێم لە زارمدا وردوخاش دەبێ، خۆشم دەوێی
وشەکانم تنۆک تنۆک کە دەتکێنە سەر لاپەڕەی سپی و ساکارم، ئەو دەمانە خۆشم دەوێی