كۆمه‌ڵه‌ی سێكولاریزم له‌ كوردستان و پلاتفۆرمی دابڕانه‌ درۆینه‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیار

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Basiraard02.jpg

نووسینی: سالار باسیره‌

به‌ر له‌ چه‌ند ساڵێك چه‌ند كه‌سێك بیرۆكه‌و بریاری دروستكردنی رێكخراوێكماندا سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی سێكولاریزم (عه‌لمانیه‌ت) له‌ كوردستانی عێراق وه‌ك به‌رهه‌مێكی ئه‌قڵی مرۆڤ و وه‌ك پێویستیه‌كی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی بۆ كوردستان.

ئه‌وانه‌ی له‌ یادمن كه‌ ئه‌ندامی بۆرد بوون (به‌نده‌، فوئادی مه‌جید میسری ، فاروق ره‌فیق ، شێرزاد حه‌سه‌ن ، گۆنا سه‌عید و ئاسۆ كه‌مال ، ئاراس گه‌لاویژ ، به‌هار مونزیرو فه‌تاح زاخۆیی...). بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامێكیشمان گه‌لاله‌ كرد.

دواتر له‌ هه‌ولێر مۆڵه‌تی فه‌رمیمان وه‌رگرت و بۆ ئه‌م ئامانجه‌ له‌ سلێمانی كۆنفره‌نسێكی سه‌ركه‌وتومان ئه‌نجامدا به‌ ئاماده‌ بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ میدیاكان و چه‌ندین دیدارمان له‌ به‌شه‌كانی میدیادا ئه‌نجامدا.

له‌ ئه‌وروپا سایتێكمان دروستكردو به‌ ده‌یان وتاری به‌ سوود تێیدا بلاو كرانه‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌نده‌نمان كرده‌ سه‌نته‌ری ده‌ره‌وه‌و له‌وێش مۆڵه‌تی فه‌رمیان وه‌رگرت.

جگه‌ له‌ ئه‌وروپا له‌ چه‌ندین شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان كۆڕو سمیناری زۆرمان ئه‌نجامداو له‌ چه‌ندین شوێن لقمان دروستكرد بۆنمونه‌ كه‌ركوك.

بیرۆكه‌ی زۆرمان هه‌بوو بۆ په‌ره‌پێدان به‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌لام ئه‌وه‌ی بووه‌ هۆی دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌ سێكولاره‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ به‌ پله‌ی سه‌ره‌كی باری دارایی هۆكار بوو.

بێ پاره‌ كارو چالاكی ڕێكخراوه‌یی ناكرێت ، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی ڕۆژگارێك بتوانین دوباره‌ خوێن بكه‌ینه‌وه‌ به‌ شاده‌ماره‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌ گرنگه‌.

دوای دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌كه‌مان مه‌لا به‌ختیار رێكخراوی پلاتفۆرمی دابڕانی دروستكردو خاوه‌ن داراییه‌كی زه‌به‌لاحه‌.

ئه‌بوو مه‌لا به‌ختیار هاوهه‌ڵوێست و هاوكارمان بوایه‌ به‌لام پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاست ده‌رچوو.

ته‌نانه‌ت لیژنه‌ی ئاماده‌كاری بۆ كۆنفره‌نسێكی رێكخراوه‌كه‌ی به‌ ناوی دابڕان له‌ سلێمانی ناوی منیان خستبوه‌ لیست بۆ پێشكه‌ش كردنی وتارێك كه‌چی مه‌لا به‌ختیار ڕه‌تی كردبۆوه‌ به‌لام لیژنه‌كه‌ پێداگری له‌سه‌ر كردبوو.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ مه‌لا به‌ختیار كه‌ وشه‌ی دیموكراسیه‌ت و كۆمه‌لگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌میشه‌ له‌سه‌ر زاریه‌تی، خوێندكاره‌كانی ئه‌و سالانه‌ی من مامۆستا بووم له‌ كۆلێژی زانسته‌ سیاسیه‌كانی زانكۆی سلێمانی هه‌ستان به‌ دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ زانسته‌ سیاسیه‌كان و من هاوكاریان بووم و له‌ ژوره‌كه‌ی مندا وه‌ك جێگری ڕاگر ئاماده‌كاریمان بۆ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامێك كرد بۆی.

دواتر مه‌لا به‌ختیار وه‌ك به‌رپرسی رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كانی یه‌كێتی به‌ میتۆده‌كانی خۆی ده‌ستی گرت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌داو كۆبونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ لای خۆی و په‌یمانی خه‌رج كردنی پاره‌ی پێدان و به‌ رێگای كه‌سانێكی به‌رژه‌وه‌ند خوازه‌وه‌ ده‌ستی گرت به‌سه‌ریداو دواتر له‌ كۆنفره‌نسه‌كه‌دا من لێی كشامه‌وه‌و له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ وتارێكم له‌سه‌ر نوسی كه‌ له‌و پارێزگایه‌ نابێت رێكخراوێكی مه‌ده‌نی سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت و بتوانێت به‌لای مه‌لادا تێپه‌ڕ بێت.

ئه‌وا ئێسته‌ بۆ جاری دوه‌مه‌ مه‌لا به‌ ئاشكرا تۆبه‌ ده‌كات و ده‌سته‌كه‌ی كه‌شف ده‌كات و په‌یمان به‌ ئیسلامیه‌كانیش ئه‌دات كه‌ خوداو پێغه‌مبه‌رو قورئان هێڵی سوورن.

كه‌واته‌ عه‌لمانیه‌ته‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیار فشه‌ ده‌رچو و به‌م قسه‌یه‌ی ده‌بێت ده‌ستوری هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌رعی ئیسلامی دابمه‌زرێت به‌واتا شتێك نامێنێت پێی بوترێت جیاكردنه‌وه‌ی دین و ده‌وڵه‌ت له‌ یه‌كتر كه‌ دیموكراسیه‌ت بێ عه‌لمانیه‌ت بێ واتایه‌.

دیاره‌ بۆ كۆنفره‌نسێكی دیكه‌ی دابڕانه‌كه‌ی مه‌لا ده‌بێت ژنان به‌ له‌چكه‌وه‌ به‌شدار بن.. مه‌لا له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سیه‌كانی خۆی كه‌ دیاره‌ لای پارتیشه‌وه‌ پاڵپشتی ئه‌كرێت بۆ پۆستێكی بالا ئه‌یه‌وێ ئیسلامیه‌كان له‌خۆی ئاشتبكاته‌وه‌و به‌م پێیه‌ رێكخراوه‌ به‌ناو عه‌لمانیه‌كه‌شی به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌شیه‌وه‌ ده‌فرۆشێت و خیانه‌تی لێكردن و زیانێكی گه‌وره‌ی له‌ فكری عه‌لمانیه‌تیش دا. ئه‌و مه‌لا حیكمه‌ته‌ی ده‌یووت گۆشتی به‌راز له‌ هی حوشتر خۆشتره‌.