جەلال میرزا کەریم

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٠:٣٢، ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «جەلال میرزا کەریم ساڵی ١٩٣٥ لە شاری سلێمانی و خێزانێکی دیاری ئەو شارە لەدایکبووە....»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

جەلال میرزا کەریم ساڵی ١٩٣٥ لە شاری سلێمانی و خێزانێکی دیاری ئەو شارە لەدایکبووە.

قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە شارەکەی خۆی خوێندووە. سەرەتای خەباتی ڕامیاریی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٥، کە بووەتە ئەندامی یەکێتی گشتیی قوتابیان و ھەر لەو قۆناغەدا دەستیداوەتە ھۆنراوە ھۆنینەوە.

لە سەرەتادا کەوتبووە ژێر کاریگەریی ھۆنراوەکانی مامۆستا گۆران، بەڵام دواتر کە ئەزموونی ھونەری دەوڵەمەند دەبێت، دەبێتە خاوەن دەنگ و ستایلی تایبەتی خۆی و لە کاروانی خەباتی ڕامیاریشدا پتر تێھەڵچووە.

لە ساڵی ١٩٥٦ دا لەسەر چالاکی ڕامیاریی گیراوە و دادگا فەرمانی سێ مانگ بەندکردن و ساڵێک دەستبەسەری بۆ دەرکرد، ئەم ماوەیەی لە شاری بەدرە بردەسەر.

لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ بوو بە ئەندامی لیژنەی ناوچەیی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە سلێمانی.

ساڵی ١٩٥٩ بوو بە کارگێڕی ڕۆژنامەی ھیوای کوردستان.

لە ساڵی ١٩٦٢ لە یادی ڕاپەڕینی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ سلێمانی جارێکی دیکە گیرایەوە، فەرمانی دوو ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو، ماوەی زیندانییەکەی لە بەندیخانەی شاری حیللە لە باشووری عێراق بردەسەر.

لە دوای ئازادبوون گەڕایەوە بەغدا و لە ساڵی ١٩٦٤ لە ئێستگەی ڕادیۆی کوردی وەک مووچەخۆرێک دامەزرا و چەند ساڵێک لەوێ مایەوە.

لە سەرەتای ١٩٦٦دا تا ساڵی ١٩٧٠ بێژەر و وەرگێڕ بووە لە ڕادیۆی کوردی بەغدا ئەوسا چونکە سەر بەباڵی نوسینگەی سیاسی بوو بەھۆی ئەوانەوە بوو بە رۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی"ھاوکاریی" کە حوکوومەتی عێراقی بەعس لە بەغدا دا دەریدەکرد.

ساڵی ١٩٧٠ بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی «بەیان» ھەڵبژێردرا.

لە کۆتایی مانگی نیسانی ١٩٧٠ دا یەکێک بووە لە ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ڕوانگە کە یەکەم بەیاننامەیان بە واژووی حسێن عارف، شێرکۆ بێکەس، کاکە مەم بۆتانی و جەمال شارباژێری بڵاوکردەوە و دواتریش ٣ ژمارەیان لە بڵاوکراوەی ڕوانگە لە شێوەی پەرتووکدا بڵاو کردەوە کە زۆرینەی پێنووسە نوێخوازەکانی ئەو سەردەمە بەرھەمیان تێدا بڵاو دەکردەوە و ئاسگی داھێنانی بەھۆنراوە و چیرۆکی کوردیان بەرە و ئاستێکی باڵاتر برد.

ساڵی ١٩٧٤ کە شەڕ دەستی پێکردەوە لە نێوان دەسەڵاتی بەغدا و بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوەیی کورد جەلال بەغدای جێھێشت و ڕووی کردەوە شاخ.

ساڵی ١٩٧٦ ژیانی ئاوارەیی ھەڵبژارد و ڕووی کردە ئەمەریکا.

لە دواییدا وتبووی باشتر ئەوە بوو نەچوومایە ئەمەریکا، چونکە پەنابەری سیاسی لەوێ نەبوو و نەدەدرا بەکەس.

ساڵی ١٩٨٢ لە ئەمەریکا ئۆتۆمۆبیل لێی دابوو و لەشی تێکشاند و تووشی لەرزۆکی کردبوو. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ی کوردستانی عێراق جەلال گەڕایەوە نیشتیمان.

لە ئەیلوولی ١٩٩٢ لە ئێستگەی ڕادیۆی کوردستانی عێراق لە ھەولێر دامەزرا.

رۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ١٩٩٣ بە نەخۆشی دڵ لە نەخۆشخانەی کۆماری ھەولێر کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی براوەتەوە سلێمانی، وە لە ڕێ و ڕەسمێکی تایبەتی لە گۆڕستانی گردی سەیوان بەخاک سپێردرا.