داڕێژە:ههڵبژاردهی حەوتەم
کورد ، دۆڕاوی ناو گەمە گەورەکان: کۆماری مهاباد بەنمونە
نووسینی: هونەر تۆفیق
لەیادی ٧٦ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری مەهاباددا ، پێویستمان بە گێڕانەوەی دامەزراندن و لاواندنەوەی قازی محەمەد و ئەو پیرۆزیانە نی یە کە دەیان کتێب و باسی تایبەتی لێوە نووسراوە .
بەڵکە پێویستمان بە وروژاندنی ئەو پرسیارانەیە کە بەهۆی پیرۆزکردنەوە ناکرێن و خۆمانی لێ غافڵ دەکەین .
لەبچوکترین پرسیارەوە لەو مێژووە کەبۆچی قازی لەسێدارەدرا ؟ بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی وەزیرانی کۆمارەکە ( حاجی بابەشێخ )و کەسانی تر کە پلەی باڵایان هەبوو ، ئازادکران ؟ ئەو وەڵامە سادەیە بەس نیە کە دەگوترێت گوایە حاجی بابەشێخ پیاوێکی ئایینی ناوداربوو بۆیە محەمەد ڕەزاشا نەیتوانیووە عەزیەتی بدات !! چونکە ناوداریەکەی حاجی بابەشێخ زیاتر نەبوو لە ناوبانگی قازی محەمەد .
گەورەتریش بپرسین ،ئەوەیە بۆچی ئەوکۆمارە لەو کاتەدا دامەزرا ؟ زەمینەی پێشتر لەبارتربوو کەچی ڕانەگەیەندرا ؟ بۆچی وەک هەر ئەزموونێکی سیاسی تری کورد لەناو گەمەگەورەکاندا کورد بەدۆڕاوی دێتەدەرەوە ؟
هەر لەوکاتەوەی بەریتانیەکان (سەدەی هەژدەهەم) گەیشتن بە هیند و چین ، گەورەترین ترسیان لە ڕوسەکان بوو ، شوێنیان بگرنەوە .
ڕوسەکانیش بەدرێژایی سنووری باشووریان ، ترسیان لە هەڵکشانی بەریتانیەکان بووە بەرەو باکووری چین و هیندستان .
ئێران یەکێک بوو لەو جیوگرافیایانەی ڕوسەکان بەدوو هۆکار وەک مەڵبەندێکی ستراتیژی و بەشێک لە ئەمنی قەومی خۆیان زانیووە .