ئیستعمار
نووسینی: هونەر تۆفیق
ئیستعمار ( داگیرکار - کۆلۆنیالیزم) ئەو دەستەڵاتە ئینگلیزی و عەرەبیەبوو ، لەسلێمانیەوە وەک مەڵبەندی دژە داگیرکاری ( ئەوسا) ئەم دەستکەوتانەی بۆ خەڵک هەبوو :
- هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان
- کارگەکانی چیمەنتۆ ، شەکر ، توتن ، ڕستن و چنینیان دامەزراندبوو .
- لەناو شاردا باخچەکانی سەرچنار و باخی گشتیان دروستکردبوو .
- کتێبخانە و مەتحەف و دەزگای چاپ و گۆڤار و رۆژنامەیان بەکوردی بۆ فێربوونی کورد کردەوە ..
سەرمایەدارەکانی دەستوپێوەندی ئیستعماریش بەجیا لەدەوڵەت و دەستەڵات ، وەک کالۆست گولپنگیان خەستەخانەی مناڵانی چوارباخی بەدیاری بۆ سلێمانی دروستکرد .
ئیستعماری ئینگلیزی وڵاتی بەجێهێشت و ئیستعماری عەرەبی عێراقی شوێنی گرتەوە . جگەلەوەی دەستکەوتەکانی ئیستعماری ئینگلیزی پاراست ، ئەوانیش بەدەیان گەڕەک و خوێندنگە و مەعهەد و زانکۆیان لە سلێمانیدا کردەوە .
سی ساڵە ئیستعماری عەرەبیش لە تەواوی هەرێمدا نەماوە ، حیزبی کوردی بووە دەستەڵاتدار .
هەرچی دەستکەوت و پاشماوە ئیستعماری ئینگلیزی و عەرەبی بوو لە خەڵکیان سەندەوە . کارگە و گرد و دەشت و شاخیان برد و کردیانە بارەگا و مەقەڕ .
تەنیا شوێنێکی ئیستعمار ، حیزبی کوردی و کۆمپانیاکانی دەستی پێ نەگەیشتبێت باخی گشتی یە . بەنیازن ئەو پارچە سەوزاییەی یادوەری شار و ئیستعمار ببڕنەوە ..
بۆئەوەی ئێمەش بە یەکجاری تێبگەین کێ ئیستعماربوو ؟! ئێوە یان ئەوان ؟