سەلاح ماندوو
سەڵاح ڕەفیق بەکر ڕواندزییە، لە بنەماڵەی زێڕینگرەکانی ئەو شارەیە، لە ١٢/٩/١٩٤٢ لە ڕواندز لەدایکبووە.
تا پۆلی دووەمی سەرەتایی لە ڕواندز دەخوێنێت، دواتر ماڵیان دێتە ھەولێر. لە ھەولێر خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٦٣ لە پارێزگای ھەولێر (متێرفیە اربیل) دەبێتە فەرمانبەر.
لە ساڵی ١٩٧١ دەگوازرێتەوە قەزای چۆمان. لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران بووە و لە ساڵی ١٩٧٦ ناگەڕێتەوە ژێر دەستھەڵاتی ڕژێمی بەعس، ڕوو دەکاتە دەرەوەی وڵات و لە (کەنەدا) نیشتەجێ دەبێت، پەیمانگەی بزنسمانی لەو وڵاتە تەواو دەکات و زمانی ئینگلیزی باش دەزانێت(١). ئەو لە تەمەنی لاوی و ھێشتا تەمەنێکی بچووکی ھەبووە، دەتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت. ساڵی ١٩٦١_١٩٦٣ لە پەخشنامەی ھەولێر(*) لە لایەن شارەوانی ھەولێر بە زمانی کوردی و عەرەبی دەرچووە.
شیعری خۆی بڵاودەکاتەوە و لەگەڵ شاعیران و نووسەرانی ڕواندز (محەمەد مەنگوری و یوسف دەرگەڵەیی و سامی ڕواندزی)، وەکو شاعیر دەناسرێت بە قەڵەمەکانیان خزمەتی بواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری دەکەن.
بەڵام سەڵاحی ماندوو، ھەر زوو تێکەڵ بە کاری سیاسەت دەبێت و دەچێتە نێو شۆڕش و خۆی و خێزانەکەی ژیانی ئاوارەی و دەربەدەری ھەڵدەبژێرن و ئامادە نابن بگەرێنەوە.
بۆیە لەو کاروانە ئەدەبییە، دادەبڕێت تا ڕووخانی ڕژێمی سەدام، دەگەڕێتەوە ھەولێر و بە نیشتیمان شاد دەبێتەوە، جارێکی دیکە خۆی و شیعرەکانی دێتەوە نێو کۆڕی ئەدەب.
ئەگەرچی شیعری زۆرە، بەڵام تا ئێستاکەش، شیعرەکانی خۆی چاپ نەکردوون و لەم ماوەییە خەریکبوو، گوڵبژێرێک لە شیعرەکانی خۆی پێشکەش بە خوێنەرانی بکات. شیعرەکانی زیاتر لەسەر ئەشق و خۆشەویستی و نیشتمان و کورد و سروشتە.
لە ڕۆژی ١٦/٥/٢٠١٢ لە سەنتەری ڕۆشنبیری ڕواندز، ئێوارە کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەی بە ناوی (شیعرە ونبووەکانی ڕواندز) پێشکەش کرد. تێیدا باس لە ئەزموونی شیعری خۆی کرد. ئەو نزیکەی ٣٦ ساڵ زیاتر لە وڵاتی کەندا دەژێت.
بابی ئەو شەش ژنی ھێناوە و تەنھا ئەو کوڕەی ھەبووە، دوو کچی ھەبوو. خۆشی چوار کچی ھەیە.
خێزانەکەی یەکێک بوو لە بنەماڵە زێڕینگرەکانی ڕواندز بە ناوی (مامۆستا ساجیدە ڕواندزی (١٩٤٧_١٤/٣/٢٠٢٠) خزمەتێکی زۆری بواری پەروەردە کردووە، بەتایبەتی لە شاری ھەولێر، بەھۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایکردووە و ئەو کۆچەی شاعیری زیاتر ماندوو کردووە.
ئەگەر سەیری ئەو بڵاوکراوەیە بکەین، ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە و نزیکەی ١٤ ژمارەش تێدانییە، پێدەچێت لەو ژمارانەش شیعری تێدابێت، ئێمە دەستمان نەکەوتووە، ئەوە شاعیر خۆی دەیزانێت. لەو ٦٢ ژمارەیە، کە لەم دووایە دووبارە چاپکراونەتەوە(**).
حەوت شیعری شاعیر بەرچاو دەکەون بە ناوی ( نامەوێ بمرم، جەژنی بەھار، ئەی شەو، جوانی ژنێک، دایە گیان، نامە و سڵاو، یاری ژێرخاک). بەدەر لە شیعری دایە گیان ئەوانی دیکە، لەسەر ئەشق و دڵداری و حەزی ھەرزەکارانەی شاعیرە، واتە قۆناغی ھەرزەکاری شاعیر و دەسپێکی شیعری ئەوە، لەو تەمەنەش، مرۆڤ دەکەوێتە نێو داوی ئەشق و خۆشەویستی ڕەگەزی بەرانبەر.
ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لە نێو شیعرەکان. تەنانەت ناوی یاری (پەیمان) دوو جار و (یاسەمین) ناوێک، لەنێو دێڕی شیعرەکان دەبیندرێت. ئەمەش ئەوەمان بۆدەردەخات بۆ یاری خۆی نووسیوە.
لە یەکەم شیعری ( نامەوێ بمرم)، حەزدەکات بە دیداری بگات و ھێشتا خونچەیە و خەریکە بە ژیان پێدەکەنێت. خۆی دەڵێت: (نامەوێ بمرم تازە من لاووم)، ئەو خەون بە گەیشتن و ژوان یار دەبینێ، بەڵام دەبینێت ھەموو یاران دڵشادن و ئەویش لە نێو خەم و خەفەت و بێوەفایی یار دا دەژیت.
جارێکی تر لە شیعری (جەژنی بەھار) ھەمان ئەو ھیوایەی ھەیە، بەڵام ئیدی نە خۆشی بەھار و نەگەیشتنی یار، چ ھیوایێکی پێ نابەخشێت: (ئەی کوا گوڵی من بۆچی نایبینم؟/ منیش تا جارێک دڵی بستێنم !!!). لە شیعری (شەو) جوانیێکی تر لەم شیعرە دەبینی. پێنچ کۆپلەیە و لەسەر شێوەی پێنجخشتەکیی، تێدا ھەست و سۆزی خۆی دەردەبرێت:
- شەوگار کورت بەوە، ھێزم نەماوە
- ئاو لە گلێنەی چاووم بـــــــــــراوە
- وەک کەوان داری بەژنم چەماوە
- بارخانەی دلڕ ســــەرپاک ڕوخاوە
- بۆچی کورت نابێ، شەوی دڵداران ؟!
ئەوەھەندە ڕەشبین و بێھیوا، ھەست و سۆز و تەمەنی لاوی خۆی، سپاردووە، بە پیری و چەمانەوە و داڕووخانی دەڕوونی و نەمانی ئەشکی چاو و ھێز و شیان.
لە کۆپلەیەکی تر، تێیدا نزا لە خوای گەورە دەکات، خۆری ھیوای لێھەڵێت و نەمامێکی تازە بچێنێت و ژیانێکی نوێ دروستبکات.( ئەمەوێ خۆری جوانی ببینم ! / نەمامی ژینی تازە بچینم !)
ئەم شاعیرە، ئاشقە، ئاشقێکی ماندووە، ئازاردەکێشێت، خەم دەخوات، خەوی نییە، تەنیایە، ڕەشپۆش و داماوە، فەرھادانە تێدەکۆشێت، بە دوای شیرینە یار.
ئەو دەیەوێت پەیمان وەربگرێت، بە ئەشقی بگات، ماڵێک بۆ ئەم ئەڤیندارییە ساز بکات.
لە نێو دێڕەکان، پاڕانەوە و کڕووزانەوەی زۆری تێدایە، بەردەوام لە خەمی یاردایە و خەمی یاریش، ئازاری دەروونی پێدەبەخشێت و وەکوو گەنجێکی تازە پێگەیشتوو، تێنووە بە گەیشتنی کانیاوی ئەوین.
بۆیە شیعرەکانی، بارانی خۆشەویستی و سۆز و پاکی و وەفا، بە سەر ئەو کێڵگە ئەوینە دەبارێنێت. ئەو لەو ئەشقە، کۆل نادات و ماندوو نابێت، ڕەنگە ھەرئەمەش وایکردبێت ئەم نازناوەی کربێتە نازناوی ھەڵبەستەکانی و پێی بناسرێت.
ئەم شیعرانە، وشەی جوان و ناسکن، بە کوردییەکی پاک و ڕەوان پێشکێش کراون. بۆ تەمەنێکی ئەوکاتە کە شیعرەکەی تێدا بڵاوکراونەتەوە، کارێکی باش بووە، شاعیر توانیوویەتی بوونی خۆی بسەلمێنێ و پەرە بە توانا و بەھرەکانی خۆی بدات.
ھەست بە کەموکورتی دەکەین لە ڕووی بڕگە و کێش و سەروا و بوونی وشە و بەکارھێنانی ئاخاوتنی ڕۆژانە و وشەی دووبارە. ڕەنگە لە شیعری دایە گیان، لە ڕووی نووسینەوە لە ئەوانی دیکە کەمێک جیاوازتر بێت.
ئەم ھەوڵدانە و بەردەوامبوونە، ئەوە دەردەخات، شاعیر خۆی ماندوو کردووە و ویستوویەتی جیاوازتر دەربکەوێت، و خەیاڵی بەرفرەتر بکات و وێنەی شیعری دروست بکات:
- بە بەرگی رەشم زۆر بە داماوی
- وا لەسەر گوررت وەستاوم یارە
- بۆ لەژێر خاکا تۆ پەشێو ماوی
- کەچی ناحەزت لە من…دیارە !
- یان: سەیر کوی ی ئەکەی ئەلی ی ھەتاوە
- نەختێ بۆنی کەی سەرتاپ گوڵاوە
ئەگەر ئەو ماوە زۆرە شاعیر بەردەوام بوایە و ڕەنگە ئاسۆیەکی گەشی ھەبوایە, شاعیر تا نھۆش، شیعر دەھۆنێتەوە.
بەڵام لە ڕووی ڕووخسار و ناوەڕۆکەوە، ھەنگاوی باشی نەناوە. ئەگەر بەرواردی بکەین بەو زەمەنەی کە شاعیر، شیعر دەنووسێت. شیعرەکانی وەکوو جاران پڕن لە خۆشەویستی و پەیڤی ڕۆمانسی و ئەوینی یار و شەھوەت و جوانی و پاکی و خەمی نیشتیمان و شار.
ئەو تا لە نیشتمان دەبێت، خەمی یار و ئەوین دەخوات، کە وڵاتیش جێدێلێت و سەری ڕەشی لە تاراوگە سپی دەکات، ئەمجارە خەمی نیشتیمان، دەبێتە کیژوڵەیەکی ئاشق و دەێتەوە باوەشی شاعیر.
شاعیرێک ماندوو بە ئەشق و نیشتمان، شاعیرێک، ئاشق بە شیعر و ئەوینی یار.
نامەوێ بمرم (٢)
- کوانێ بەڵێنی بەرزی ژیانت
- بۆچی نابینم خەندەی جارانت؟
- گیانەکەم قژخاو، تۆ بۆ گۆراوی
- بۆ لەسەر بەڵێن توخوا نەماوی؟
- گەر یارم نەبی چیم لە ژیانە
- بۆچی بمکوژێ مەی و مەیخانە
- نامەوێ بمرم تازە من لاووم
- دووبارە گیانە دڵ پەشۆکاوم
- تۆ چرای شەوی تاریکی زەنگی
- تۆ بۆدڵەکەم ھەردەمێ دەنگی
- گوناھم نیە گەر لێم ئەپرسی
- تۆ لە دڵداری بۆچی ئەترسی؟
- یاران ببینە چەند بەختیارن
- وەکو گوڵ گەشن بەبێ ئازارن
- ئەتۆش لەگەڵ من ھەردەم زویری
- کەسەیرت ئەکەم بەخەم داگیری !
- وا بۆمن دەرکەوت کەیاری من نی
- گەر یارم نەبی توخوا ئەتو چی !!؟
جەژنی بەھار(٣)
- یاران مژدە بێ مژدەی بەرزی دلڕ
- ئەمرۆکە من دیم پێ ئەکەنی دلڕ !
- زانیم بەھارە دل دەنگی کەم بو !
- زەردی لێوەکەم بەخەندەی گوڵ چو
- زەوی وەکو بوک خۆی رازاندبووە
………………………………… ئەم دێرە لە ڕۆژنامەکە لە بیرکراوە و نەنوسراوە.
- شەبەقی ئەدا دورشمی بەھار
- سڵاووت لێ بێ ئەی بەھار سەدجار
- لێم گەررێ نەختێ بۆنی گوڵت کەم
- گیانە ئەمجارەش سەیری چڵت کەم
- بینم یاران دڵ خۆشو شادن
- بەموژدەی بەرزت گشتی ئازادن
- داخەکەی زستان نەما لە دڵیان
- گشت پێکەنین پەکەی گولیان
- ئەی کوا گوڵی من بۆچی نایبینم ؟
- منیش تا جارێک دڵی بستێنم !!!
ئەی شەو..! (٤)
شەوگار کورت بەوە، ھێزم نەماوە
ئاو لە گلێنەی چاووم براوە
وەک کەوان داری بەژنم چەماوە
بارخانەی دلڕ سەرپاک ڕوخاوە
بۆچی کورت نابێ، شەوی دڵداران ؟!
ئەزانی چەندە، داخت لە دڵم ،
گوێ بگرە ئاھو ناڵەم بۆ گوڵم ،
شەو پاسەوانی خنچەی سەر چڵم ،
رۆژ تا ئێوارە لە ژین لاملم ،
دەستم دامێنت لانەی بیماران !
کەوتومە دەرگات ئەزیەتم ئەدەی
خۆشی و گۆشادیم ناھێلی ئەی بەی
پایەی ژیانم تێک ئەدەی ئەی خەی
جاری لە پەنات ، من نەم گۆت ئۆخەی !
پەنام بۆ تۆیە ، کۆستی ھەژاران !
ئەی خوای گۆشادی ، داد بۆ تۆ دینم ،
پەردەی شەوگاری تاریک ئەدرینم ،
ئەمەوێ خۆری جوانی ببینم !
نەمامی ژینی تازە بچینم !
بەخوێنی چاوی لات و غەمباران !!
ئەگەرچی دوور بم لە خەندەی یارم ،
بێ چاو داھێنان ، ھەڵ دەگرم بارم ،
ئەژیم لە یاد و کردەوەی پارم
ئەمەیە رێگای دڵسۆز ، بیمارم
بەکوێری چاوی، ناحەز، بەدکاران !
جوانی ژنێک (٥)
بەراستی ھۆشم لە لا نەماوە
بۆ ئەم جوانەی باڵا لاولاوە
ناتوانێ پێ نووس بی نووسیتەوە
زوبان لال ئەبی بی گیریتەوە !
سەیر کوی ی ئەکەی ئەلی ی ھەتاوە
نەختێ بۆنی کەی سەرتاپ گوڵاوە
ووشەو ووتەکەی ئەلی ی شەکراوە
لیوو ئەبرۆکەی نەخش کراوە
چاوەکەی مانگە خەرمانەی داوە
برژانگی رەشی دەورەیان داوە
ھیچ کەش نەیبینی تیری ئەم چاوە
جاری بیبینی ھەردەم کوژراوە
ویستم پێ ی بلێم خودای دڵداران
بلیسەی ئیشی دڵەی بیماران
وێنە بەرزەکەی گشت کاتی ژیان
ئەی ئەم شەماڵەی لە بەری بەیان
فریشتەی جوانی تاریکە شەوان
جوانترین نیگار تۆی لە ئاوواتان
پەری بەھەشتی ئەفری لە ئاسمان
ئەبەی و ئەرۆی ئەدزی دڵمان
چۆن بێ دڵ بژیم گیانەکەم پەیمان
وازبینە لە دڵ دڵی بێ زوبان …
دایەگیان (٦)
چەند بەداخەوە سەیرم ئەکردی
کاتی ئەتوم دی بەم نەخۆشیە
بۆ یەزدان دایە نامەم ئەبردی
کەچی نامەکەم دوور لە خۆشیە !
ڕۆلەکەت ھەست و دڵی بەخوینە
دایە ، دایەگیان….
نامەکەت بەڕاست دایە زێرینە
مەلبەندی ژیان….
چی بە تۆ ئەکا چەن پزیشکو دەرمان
چەکاتی سودی بۆتۆیە دایە!
وا کۆبونەوە ھەر وەکو خەرمان
ژەھراوی گشتی لەبیرم مایە
رۆلەکەت ھەست وبیری بەتینە
دایە ، دایەگیان….
شەبەقی نامەت بەراست زێرینە
مەلبەندی ژیان…
ئێستاش ئەتبینم ھەناسە تەنگی
بێ ھێزو داماوو….؟
بۆخۆشی دایە لەبەرچی جەنگی ؟!!!
دایکی بەند کراو…
رۆلەکەت ھەست و یادی بەخوینە
دایە ، دایەگیان….
نامەکەت بەراست دایە زێرینە
بنچینەی ژیان…
لێم گەرێی نەختێ من بدووینم
تۆ دڵ بەدەردەوە دایە نەخۆشی
سرودێک لە سەر گیانت بخوینم
بۆ چاک بونەوە چەندی پەرۆشی
رۆلەکەت لەسەر بەمینی ژینە (رەنگە ئەو بەمینی، زەمینی بێت ، رەنگە ھەڵەی چاپ بێ!)
دایە ، دایەگیان….
شەبەقی نامەت بەراستی زێرینە
رون کەروەی ژیان….
نامە و سڵاو (٧)
سڵاو لە کانگای دەرونی بەکۆلڕ
سڵاو لە شاخا لە تەلان و چۆل
لە فرمێسکی چاو لە داخو نالین
لە ھەست و بیرم تاکو لە ئاین !
لە خۆروشەمالڕ گیانە لە نزار
لە گوری دڵم لە سەرپەلکی دار
لەدەنگی بلوێر لە ئاوازی کەمان
لەسەر خوناوا لە گوری خەمان
بەمانە ھەمووی بۆت دێ سلاوم
دەمێکە (پەیمان) بۆتۆ داماوم !
ھەردەم ئەنالم کەی من پێت ئەگەم ؟
یارە پێم بلێ پرسیارێ ئەکەم ؟!
توخوا وەک جاران لەسەر بەلێنی ؟
کاتێ بەتوم وت : بەلێن شکێنی !
ووتت : یارەکەم تاکو من ماووم
ئەبێ نیگاربی وێنەت لە چاووم
بەختیار ئەبین ئەی(ماندو) لە ژین
ئێمە نابینین لە ژیانا قین !!!!
کەچی ئێستاکەش دڵ پەست و مەلول
بۆ تۆ کەوتومە نێو زیندانی قولڕ
کزرریش ھات و رەنگ زەرد و خەمبار
ھەناسە سوار و مایەوە بیمار
ھەموو تاو جارێ خەندەت ببینم
بەلکو پێم نەکرێ دلت بسێنم
رزگاریم ئەبی لەم ژینە سەختە
سەیرە دڵەکەم گەلێ بێ بەختە
لە پۆلی کچان روی بۆ لای تۆ کرد
ئەتۆش بەجارێ ھێزی دڵمت برد
تاکو وەت لێ کرد بتەکینی خوین
خەمت بۆ ئەنارد شەوان چین بەچین
لات وابێ دڵی یارت ناسینە
وا ئازارت دام قژ زەرد لە ژینە
ئێستاش بەنامە کۆتایی دینم
بۆ تۆم نوسیوە گیانە بەخوینم
یاری ژێرخاک (٨)
فریشتەم شەووم ، ئەی خوای جوانیم !
ئاوێنەی ڕاستی، تاکە یارەکەم
پەردەی دڵ دروین ، ھەستی بەیانم
شاڵاوی خۆشی، گوڵی پارەکەم
ئەڵێن کۆچت کرد ، گیانە (یاسەمین)
چرای ھیواکەت زوو کوژایەوە
بەراست نەماوی ئەی ھێوینی خوین؟!!
برینم دیسان بۆت برژایەوە
ئەی کوا چاوەکەی نەخشاویت بەتیر.
بۆچی نابینم لە لات … نەماوە؟
قژە خاوەکەی ، پێی ئەشێوا بیر
بۆ کەل کەل نیە وا تێ کەڵاوە ؟!!
کوا وەکو جاران ووشەی نیانت
تۆ لە یادت چو ھەلپەررکێ ی زێرین ؟!
بۆ زوو درراندت نامەی ژیانت ؟
یاری کۆچ کردوم ، ئەی دوژمنی ژین!
بەبەرگی رەشم زۆر بە داماوی
وا لەسەر گۆڕت وەستاوم یارە
بۆ لەژێر خاکا تۆ پەشێو ماوی
کەچی ناحەزت لە من…دیارە !
ھەلسەوە توخوا وا دەستم ھینا
ھەر وەکو جاران بە بەختیاری !
بەڵام دەستەکەم سەرتاب بە خوینا
خو نییە کە تۆ بۆچ لە کۆلم باری ؟
لێم گەری سەیری نەختێ گورری کەم
پرر دەم بۆی بلێم ئاوازی خەمگین !
سەیری بزەکەو رەنگی بۆری کەم !
جا لێم تاریک بێ نەبینم زەمین
بەڵکو لە ژێر خاک بەیەکتر ئەگەین
وەکو رابردو و بەبەزم و شادی
پێکران پەیامان بۆ یەزدان ئەبەین
خۆزیا وەھا با چەند خۆش بۆ یادی!
بەڵام بێ سودە گرین و شینم
تۆ لە تاریکی زیندانی یەزدان
منیش کەساس و داماو لە ژینم
بویمە خۆراکی دوررندەو دەردان
یادت لە خوێنم ئەجولێتەوە
بە ھەمو کاتا بەشەوی تاریم
ناوی ئازیزت ئەھونێتەوە
لە رۆژی رەشم ، لە رۆژی ناچاریم !!!(***)
سەرچاوە و پەڕاوێز:
١. ژیاننامەی شاعیر لە لایەن خودی شاعیر و بەختیار عیزەت سلێمان بەگ، زاوای شاعیر لە ڕێگەی فەیسبووک، ھاوینی ٢٠٢٠ وەرگیراوە.
- ھەولێر(١٩٦١-١٩٦٣) پەخشنامەییکی ھەفتەییە بەزمانی کوردی و عەرەبی شارەوانی ھەولێر دەری دەکا. ئامادەکار: تاریق جامباز، ٢٠١٩ ، ھەولێر.
- وەک لە کۆتایی کتێبەکە ھاتووە: ئەم پەخشنامەیە (٧٦) ژمارەی لێدەرچووە، بەڵام (٦٢) ژمارەی دۆزراوەتەوە(١٤) ژمارەی لەم کتێبەدا نییە. ئەمانیش ژمارە (٤٨، ٥١، ٥٢، ٥٤، ٥٦، ٥٩، ٦٠، ٦٢، ٦٥، ٦٩، ٧١، ٧٣، ٧٤، ٧٥).
٢. ژمارە (٢٩)، ساڵی یەکەم، سێشەممە ٢٠/٣/ ١٩٦٢، ل ٣. ٣. ژمارە (٣٠)، ساڵی یەکەم، شەممە ٣١/٣/١٩٦٢، ل ٣. ٤. ژمارە (٣٤)، چوارشەمە/ ٢ئایاری ١٩٦٢، ل ٢. ٥. ژمارە(٤١)، سێشەممە، ٣ی تەمووز ١٩٦٢، ل٢ . ٦. ژمارە(٤٣)، ٢١ ی تەمووز ١٩٦٢، ل٣. ٧. ژمارە (٤٧)، ٢٨ی ئابی ١٩٦٢، ل٣. ٨. ژمارە (٥٧)، چوارشەممە/ ٧ی تشرینی دووەمی ١٩٦٢، ل٣. (***) شیعرەکان بەڕێنووسی ئەوکات نووسراون و دەسکاری نەکراون.
سەرچاوە: چراتیڤی