گرفتار کاکەیی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
1557309grftar.jpg

گرفتار کاکەیی هونەرمەندی شێوەکار و کاریکاتێریست و میوزیکژەن و نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە 01-07-1967 لە گوندی دەیمەکانی سەر بە قەزای داقووق لە شاری کەرکووک لە دایک بووە، لە میانەی تەعریب کردنی خاکی کوردستان ڕژێمی بەعس دێ و زەوییەکانیان دەدات بە عەرەبی هاوردە و بە ناچاری لە گوندی عەلی سەرای سەر بە قەزای داقووق نیشتەجێ دەبن و تا سێی سەرەتایی هەر لەو گوندە دەخوێنێت. ساڵی 1975 دەچنە کەرکووک قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بازرگانی هەر لە کەرکووک تەواو دەکات. گرفتار خولیای هونەر و وێنەکێشان دەبێت و دەیەوێت بچێتە هونەرە جوانەکان بەڵام لەبەر ئەوەی نەبووە بە بەعسی بۆیە وەرنەگیراوە و بەو هۆیەوە بایەخی بە خوێندن نەدا و دوور کەوتەوە لە خوێندن. ساڵی 1991 کەرکووک بەجێ دەهێڵێت دەچێتە هەولێر و لەوێ نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە کارمەندی وەزارەتی ڕۆشنبیریی. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 دەگەڕێتەوە کەرکووک. ساڵی 2015 کوردستان جێ دەهێڵێت و ڕوو دەکاتە هەندەران و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت.

2022-05-23 030515.jpg

پیشە و شێوازی هونەریی

سەبارەت بەکارە هونەرییەکانی هونەرمەند گرفتار کاکەیی و هەنگاوەکانی لە نێو کاری شێوەکاریدا، لە سەرەتاوە هەوڵی ئەکادیمیەتی ڕیالیستی و ڕیالیزمی داوە بۆ دانانی بناغەیەکی بەهێز و پتەو لە مۆدێل و پۆرترێت و لەش و لاری مرۆڤ و ستیلایف و هەنگاو بەرەو تێکەڵ کردنی ڕەنگەکان و مامەڵە لەگەڵ ئەو قوتابخانە هونەرییەی کە دواتر مرۆڤ خۆی لە ترۆپکی ئەودا دەدۆزێتەوە، تاقی کردنەوەیەکی قووڵ و درێژ هەناسەی هەیە بۆ دروست کردنی تابلۆکانی بەو شێوە هونەرییەی کە ئەزموونێکی دوور و درێژی بڕیوە تاوەکوو گەیشتووەتە ئەوەی پێشانگاکان و چالاکی یە هونەرییەکانی شایەتی ئەو کار و بەرهەمانە بن. لە ساڵانی 1982 و 1983 و لە قۆناغی ئامادەییەوە بەشداری تێکڕای بزاڤە هونەرییەکانی چالاکی قوتابخانەکانی کردووە، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئامادەیییەکەیانەوە هەموو ساڵێک خەڵات کراوە. لە قۆناغی ئامادەییش لە ئامادەیی بازرگانی کەرکووک بەشداری پێشانگایەکی شێوەکاری ئامادەییەکەیان دەبێت و لەلایەن بەڕێوەبەری ئامادەیییەکەیانەوە خەڵات دەکرێت. ئەگەرچی گرفتار کاکەیی وەکوو کەسێکی فرە بەهرە ناسراوە بەڵام لە ئێستادا لە بواری هونەری کاریکاتێردا توانیویەتی لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتیدا پێگەیەکی باش بۆ خۆی دابین بکات چ وەکوو کردنەوەی پێشانگای تایبەت و چ وەکوو دادوەر لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان. کاریکاتێرەکانی لە دەیان ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتە جیهانییەکان بڵاو بووەتەوە.

لە ساڵی 1986 بۆ ماوەی سێ مانگ لە کەناڵی کەرکووک وەک وێنەکێشێک بەرنامەی جیهانی منداڵان لەگەڵ مامۆستا ڕەزا شوان کاری کردووە. بەڵام بەهۆی نەبوونی بە بەعسی بێزار کراوە و ناچار بووە واز بهێنێت.

هونەرمەند لە ساڵی 1992 یەکەمین کاریکاتێری لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان بڵاو کردەوە. پاشان لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە و وەک وێنەکێش لە دەیان گۆڤاری منداڵان کاری کردووە و بەرهەمەکانی بڵاوکراوەتەوە وەک گۆڤاری باوە گوڕ گوڕ و هەنگ و جگەرگۆشەکان و پەپولە و پەڕەسێلکە و هێلانەی منداڵان و مشکە.



پێشانگاکانی:

  • ساڵی 1994 یەکەمین پێشانگای کاریکاتێری لە هۆڵی میدیای هەولێر پایتەختی هەرێم کردووەتەوە.
  • ساڵی 1995 پێشانگایەکی هاوبەش لەگەڵ هونەرمەند بڕوا ئازا حەسیب قەرداغی هۆڵی میدیا/ هەولێری.
  • ساڵی 1996 دووەمین پێشانگای تایبەت. هۆڵی میدیا/ هەولێر.
  • ساڵی 1998 سێیەمین پێشانگای تایبەت. هۆڵی میدیا/ هەولێر.
  • ساڵی 1998 چوارەمین پێشانگای کاریکاتێری (پۆرترێتی کاریکاتێری)، هۆڵی میدیا/ هەولێر.
  • ساڵی 1998 پێنجەمین پێشانگای تایبەت. هۆڵی میدیا/ هەولێر.
  • ساڵی 1998 شەشەمین پێشانگای تایبەت. هۆڵی میدیا/ هەولێر.
  • ساڵی 1999حەوتەمین پێشانگای تایبەت. هۆڵی مۆزەخانە/ سلێمانی.
  • ساڵی 2001 هەشتەمین پێشانگای تایبەت. هۆڵی مۆزەخانە/ سلێمانی.
  • ساڵی 2002 نۆیەمین پێشانگای تایبەت. هۆڵی خانەی کاریکاتێر/ تاران - ئێران.
  • ساڵی 2004 دەیەمین پێشانگای تایبەت. لە شاری کەرکووک.
  • ساڵی 2004 یازدەمین پێشەنگەی کاریکاتێری. هۆڵی کتێبخانە/ خانەقین.
  • ساڵی 2005 دوازدەیەمین پێشەنگەی تایبەتی. هۆڵی هونەرمەندانی کوردستان/ کەرکووک.
  • ساڵی 2006 سێزدەمین پێشانگای تایبەت. هۆڵی سەندیکای هونەرمەندانی کەرکووک.
  • ساڵی 2007 چواردەمین پێشانگای تایبەت. هۆڵی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان/ کەرکووک.
  • ساڵی 2008 پازدەمین پێشانگای تایبەتی. هۆڵی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان/ کەرکووک.
  • ساڵی 2008 شازدەمین پێشانگای تایبەتی. هۆڵی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان/ کەرکووک.
  • ساڵی 2008 حەڤدەمین پێشانگای تایبەت وێنە بۆ منداڵان. هۆڵی هیجری دەدەی کاکەیی/ کەرکووک.
  • ساڵی 2010 نمایشی کارەکانم لە واشنتن و نیویۆرک/ ئەمریکا.
  • ساڵی 2011 هەژدەمین پێشانگای تایبەتی. هۆڵی میدیا/ هەولێر.
  • ساڵی 2013 نۆزدەمین پێشانگای تایبەتی. هۆڵی مۆزەخانە/ سلێمانی.
  • ساڵی2014 پێشانگایەکی هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەندان نامۆ ڕۆستەمی و کیڤان. هۆڵی میدیا/ هەولێر.
  • ساڵی 2014 بیستەمین پێشانگای تایبەت. هۆڵی کتێبخانە گشتی/ کەرکووک.
  • ساڵی2017 بەشداری پێشانگایەکی کاریکاتێری تایبەت بە کاریکاتێر. هۆڵی ئەمنە سوورەکە/ سلێمانی.
  • ساڵی 2002 تا ئێستا بەشداری سەدان پێشبڕکێ و پێشانگای کاریکاتێری جیهانی کردووە.
  • لە ساڵی 2019 بەشداری کردووە لە پێشانگایەکی شێوەکاری تایبەت بە یادی جینۆساید کردنی ئێزیدییەکان. هانۆڤەر/ ئەڵمانیا.
  • لە ساڵی 2020 بیست و یەکەمین پێشانگای تایبەتی شێوەکاری و کاریکاتێری لە دوو هۆڵی جیاجیا. شاری لۆبیک/ ئەڵمانیا.


لە چاپکراوەکانی: چەندین چاپکراوی هەیە لە نامیلکە و کتێب و کاتەلۆک. لە بواری شێوەکاری و کاریکاتێر و چیرۆک بۆ منداڵ و وەرگێڕان.

  • کتێبی Die Reinkarnation لە ساڵی 2020 بە زمانی ئەڵمانی.
  • ساروخان. کاریکاتێر بە لایەن بوون. نووسینی مەروان ئەلخەتیب وەرگێڕان لە عەرەبییەوە. 2011/ کەرکووک.
  • گورگ و مرۆڤ. کۆمەڵە چیرۆکێکی وەرگێڕاوە لە عەرەبی و فارسییەوە. 2012/ کەرکووک.
  • کەروێشک و ڕێوی. کۆمکس. 2009/ هەولێر.
  • گورگێکی دڵسۆز. چیرۆکی وەرگێڕاو بۆ منداڵان. 2009/ کەرکووک.
  • دۆشاو. چیرۆک بۆ منداڵان. 2001/ سلێمانی.
  • سکاڵا. کۆمەڵە شیعر بۆ منداڵان. 1999/ هەولێر.
  • کاریکاتێر. کۆمەڵە بەرهەمێکی کاریکاتێرییە. 1998/ هەولێر.
  • مۆدلیانی. وەرگێڕان لە عەرەبییەوە. کەرکووک.
  • کاریکاتێر. بەشی دووەم لە کۆمەڵە بەرهەمێکی کاریکاتێر. چاپی کەرکووک.
  • نزهة صامتة، کۆمەڵە بەرهەمێکی کاریکاتێرییە. 2021/ بەغدا.
2022-05-23 030843.jpg

شارەزایی لە میوزیکدا هەیە و ژەنیاری ئامێری بزق و عوود و تا ئێستا ئاوازی بۆ چوار گۆرانی داناوە. سێیان بۆ منداڵانە. دوو گۆرانی بۆ کەناڵە ئاسمانییەکان تۆمار کردووە. سێ زمان دەزانێت، کوردی عەرەبی و فارسی لەگەڵ هەندێک ئەڵمانی و تورکی و ئینگلیزی. سەدان بابەتی فارسی و عەرەبی وەرگێڕاوی بڵاوکراوەی لە فارسی و عەرەبییەوە هەیە. تابلۆکانی گرفتار کاکەیی هەندێک جار بوون بە ئایکۆنی ڕوخسارە کەسایەیەتییەکان، وەک پۆرترێتی عەلی مەردان و قانعی شاعیر و پیرەمێردی شاعیر و هتد...


ئامادە کردنی: دلێر ڕەفیق


[[پۆل: کەسایەتی]]