سمایل خان فەڕوخی

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٢١:٥٧، ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search
000014666.jpg

سمایل خان لە ساڵی 1278(1900) لە ساینقەڵا لە دایکبوه.

ناوی دایکی سەکینە خانم بوە کە دەبێتە خوشکی سەردار حەمە حسێن خان و‌ کچی سەردار عەزیز خان.

ناوی باوکی عز‌توڵڵا خان نازناو بە ‌ ئەمیر تومان میر پێنج لە خانەکانی ناوچەی سایەنقەڵایە.

عزتوڵڵا خان کوڕی فەڕوخ خانی مەنسوورالممالک بوە کە ‌دوای دامەزرانی خزمایەتی لەگەڵ بنەماڵەی سەردار لە ناوچەی بۆکان لە گوندی قەرەگوێز نیشتەجێ دەبێ و لە محالی گەورک ئاغایەتی دەکەن.

دوای ماوەیەکی دوور و درێژ بنەماڵەی عزتوڵڵا خان لەسەر رووداوێکی ناخۆش لە لایەن حاجی بابە شێخەوە لە قەرەگوێزهەڵدەقه ندرێن و بەرەو ساینقەڵا دەچنەوە.

لێکۆڵینەوە لەسەر ژیانی بنەماڵەی سمایل خان و ژیانی پێویستی بە هەول و تێکۆشانی پسپۆڕی مێژوویی هەیە و لە توانای من دا نییە.

بەڵام بە کورتی دەتوانم لەسەر ژیانی سیاسی و هونەری سمایل خان زانیارییەکی کورت بخەمە بەرچاوی خوێنەر.

هونەری وێنەگری لە ساڵه کانی زووەوە لە رۆژانی منداڵیی سمایل خان و کاتێ دێتە ناو بنەماڵەی باپیری واتە فەڕوخ خانی مەنسوورالممالیک، دەستپێدەکا.

فەڕوخ خانی مەنسوورالممالیک لە سەفەر‌ێکی دا بۆ رووسیە لەگەڵ کابرایەک بەناوی ئارتان ئاشنا دەبێ.

ئارتان هونەرمەندێکی بواری نەققاشی و وێنەگری بوە و هەر لەو بوارانەشدا ئیشی کردوە.

فەڕوخ خان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان ئارتان لەگەڵ خۆی دێنێ و هەر لە ئارتانەوە خۆی و عیزەت الە خان فێری هونەری وێنەگری دەبن.

وێنەگری لەناو بنەماڵەکەدا وەکوو هونەرێک درێژەی پێ دەدرێت و وردە وردە سمایل خانیش فێری ئەو هونەرە دەبێت و هەتا ئەو کاتەی یەکەم دووکانی خۆی لە شاری مەهاباد دەکاتەوه.‌

ئەو هونەرە هیچ چەشنە بەرهەمێکی ماڵی بۆ ئەو نەبووە.

127635.jpg

سمایل خان بە پێی زانیاری نووسین و خوێندنەوەیەکی کە دەیبێت لە ئیدارەی ماڵییەی مەهاباد دەست بەکار دەکات.

لە فەڕوخ خانەوە فێری زمانی رووسی دەبێت. بە هۆی خۆشەویستیەکی کە بە خوێندنەوە دەیبێ کتێبی "کلیلە و دەمەنه" ‌و "شاهنامە" دەخوێنێتەوە.

زانیاریەکی بەرچاوی لە بواری شیعر و ئەدەب دا بوە و خۆش نووسێکی زۆر ماهیر بوە. هەر ئەو زانیاریانە دەبنە هۆی ئەوە کە ئەرکی کڕینەوەی شاری بۆکان لە کابرایەکی تەورێزی لە لایەن ئاغاکانی بۆکانەوە بە ئەستۆ بگرێت و رۆڵێکی بەرچاوی لەو مامه لەیەدا هەبێت.

سمایل خان دوای هاتنە دەر لە ئیدارەی ماڵییەی مەهاباد یەکەم دووکانی خۆی هەر لەو شارە دەکاتەوە.

بەدوای دامەزراندنی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران دەچێتە ناو ئەو حیزبەوە و لە سەردەمی کۆماری مەهاباد دەبێتە فەرماندەری هێزی حیزب لە سایەنقەڵا.

پێش تێکچوونی کومار لە حیزب دێتە دەرێ و دەچێت بۆ تەورێز و لە سەردەمی کۆماری ئازەربایجاندا هەر لەوێ دووکانێکی وێنەگری دەکاتەوە.

دوای تێکچوونی کۆماری ئازەربایجان لە تەورێز دەگیرێت و دەخرێتە زیندان.

دوای ماوەیەک لە زیندانی تەورێزەوە دەگوێزرێتەوە بۆ زیندانی ورمێ.

دوای ئازاد بوونی لە زیندانی ورمێ هەر لەو شارە دووکان دادەنیت.

لەسەر داوای خزم و کەس سمایل خان لە ورمێوە دێتەوە بۆ کوردستان و لە شاری سەقز نیشتەجێ دەبێت و لەوێشەوە دەگەرێتەوە بۆ بۆکان و دوای ماوەیەک بۆ تاران کۆچ دەکا و هاوکات لە تاران دوو دووکانی وێنەگەری دەبێت.

دوای مانەوەی چەند ساڵێک لە تاران وردە وردە پیری روی تێ دەکا و دەگەڕێتەوە بۆ بۆکان.

دوای چەندجار دووکان دانان لە بۆکان بۆئاخرین جار لە ناو بۆتکە ی ئاسنی دا هەتا ئاخرین رۆژەکانی تەمەنی وێنەگری دەکات.

هەروەک پێشتریش باسم کرد، لێکۆڵینەوە لەسەر ژیانی سمایل خان کارێکی زۆر چەتوونە و رەنگە بە زانیاری وەرگرتن لەگەڵ ئەوکەسانەی لەنزیکەوە شارەزای ژیانی ئەو بوون بتوانرێ بەشێکی بچووک لە ژیانی هونەری – سیاسی ئەو خۆشەویستە روون بکرێتەوە.

ئەوە کورتەیەک بوو لە ژیانی پڕ لە هات و چۆی هونەرمەندێکی کورد کە لەسەر چەند رووداوەی گرینگ لە ژیانی دا پێویست بە پێداچوونەوەیەکی

ناوەڕۆکی هەیە وەک:

- دابڕانی بنەماڵەکەی لە قەرەگوێز

- چونیەتی کاری وێنەگەری لە ساڵەکانی گەنجی ئەو هونەرمەندە کە بۆ زاهیرکردنی وێنەکان لە تیشکی خۆر کەڵکیان وەردەگرت.

- مامەلەی شاری بۆکان له کابرای تەورێزی و ئاغاکانی بۆکان

- چۆنیەتی گیران و زیندانی کرانی لە زیندانەکانی تەورێز و ورمێ

- لەناو چوونی ئاڕشیڤەکەی لە تەورێز

- دووکانەکانی تاران وبۆتکە ئاسنەکەی بۆکان کە جار جار لەبیری دەچوو قفڵی بکا... و زۆر شتی کەش.


سمایل خان هەرچەند لە بنەماڵەیەکی گەورە و ناسراو هەڵکەوتبوو، بەڵام لە دوای هاتنەدەر لە زیندانی ورمێ، قەت نەیتوانی ژیانێکی خۆش و ئارام و سەربەست بە خۆیەوە ببینێت.

لە ساڵەکانی ئاخری تەمەنیدا دڵی تەنیا بەو بۆتکە ئاسنەی لە بۆکان وێنەی تێدا دەگرت خۆش بوو و لە پەنا ئەویشدا خۆی بە خوێندنەوەی کتێب سەرقاڵ کردبوو.

لە ساڵی 1353 (1975) لە تەمەنی 75 ساڵیدا ولە کرێ نشینی و لە ماڵی "سەیزاده" لە بۆکان کۆچی دوایی کرد.

ئەوەیکە سمایل خان وێنەگری سەرەکی سەردەمی کۆماری مەهاباد بوە هیچ شکی تێدا نییە.

هەرچەند ئەوکات راگرتن و ئاڕشیڤ کردنی رووداوەکان باو نەبوو، بەڵام سمایل خان ئاڕشیڤی خۆی هەبوو.

بەداخەوە کاتی گرتنی لە شاری تەورێز بە شێوەیەکی زۆر مەرموز و سەیر ئارشیوەکەی سەری تێدادەچێت.

ئەو فیلمانەی کە بەدوای ئەو کارەساتەدا کۆی کردبوونەوە، بە هۆی کیژێک بە ناوی خەجیج (رۆحی شاد بێ) کە کارداری ماڵی سمایل خان بوە، دەسووتێت.

ئێوارەیەک کە خەجیج خەریکی گەشاندنەوەی رەژی دەبێ، پڕیشکەیەکی ئاگری رەژیەکە دەپەڕێتە سەر سیپێکی چایی کە فیلمەکانی تێدابوە و هەموو فیلمەکان و ماڵەکەش لە گەلیدا دەسووتێت.

نووسینی م. فەڕوخی

سەرچاوە :ماڵپەری بۆکان