مەلا فەرەج (شەکیب)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
289382864 550134983218673 1813585124118483848 n.jpg

حاجی مەلا فەرەج واژەیی ناسراو بە (شەکیب)، کوڕی ساڵحی کوڕی عەزیزی کوڕی حوسەینی کوڕی ڕەشیدی واژەییی. یەکێکە لە شاعیر و نووسەر و کەسایەتییە دیارەکانی ئەو ناوچەیە و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە وریا کردنەوەی خەڵکی لە هەستی نەتەوایەتی و خزمەتی وڵات و ئاشتەوایی کردن و برایەتی نێوان یەکتر و یەکێک بووە لە موریدەکانی شێخانی نەقشەبەندی . ساڵی 1911 لە گوندی (واژە)ی سەر بە شارباژێڕی شاری سلێمانی لەدایک بووە و پاشان دەگوێزنەوە گوندی کانی بەردینە و لەوێ زمانی پژاوە و دووبارە دەچنەوە گوندی واژە و لە لای شێخ شەمسەی واژە پێنج ساڵێک دەخوێنێـت و لەو ماوەیەدا (گوڵستان) و (بوستان) و چەند کتێبێکی عەرەبی و فارسی خوێندووە هەر لەو تەمەنە گەنجیتیەوە زیرەکی بەدەر ئەکەوێت و پاڵپشتی باوکی و مامۆستاکانی هانی ئەدەن تاوەکو بەردەوام بێت لەسەر خوێندن و دواتر وەک فەقێیەک گەڕاوە بە دوای زانست و زانای باش تاوەکو زانست و زانیاریی لێیەوە فێر بێت بۆیە دەچێتە سلێمانی و لە مزگەوتی موفتی لای مەلا عەزیزی موفتی گیرساوەتەوە و زانستی شەرع و نەحو و سەڕفی خوێندووە و دەرسی فارسیشی لاى عەزیز ئەفەندیی وەسمان ئاغا (خواجە ئەفەندی) خوێندووە.

شەکیب جگە لەم مەلایانەی سەرەوە دەرسی لاى ئەم مەلا و زانایانە خوێندووە: (حاجی مەلا عەبدوڵای چروستانی، مەلا مەحموودی بێخود، مەلا مستەفای سەفوەتی حاجی مەلا ڕەسوڵ، حاجی مەلا شێخ نوری بابە عەلی، مەلا حەمە سەعیدی دێلێژەیی، حاجی مەلا کەریمی بیارە (مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس). لە کۆتایدا ئیجازەى مەلایەتیی لەلای حاجی مەلا شێخ نوری بابە عەلی و ئەو مەلایانەی سەرەوە وەردەگرێت و لاى مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس تازەی کردوەتەوە. دوابەدوای ئیجازە وەرگرتنیشی لەسەر خوێندن بەردەوام بووە و لەسەر داوای موفتی بووە بە ئیمامی مزگەوتی موفتی. لەو تەمەنەدا هاوسەرگیری لەگەڵ فاتیمە خانی کچی شێخ عەبدوڵڵای واژە دەکات و کەوتووەتە ژیانی ماڵدارییەوە. دوای ماوەیەک بووەتە ئیمام و واعیزی گەڕۆک لە ناوچەی شارباژێڕدا و بەم حاڵەوە زۆر دەوامی نەکردووە و پاشان نیشتەجێ بووە لە گوندی سەراو.

شەکیب و تەریقەتی نەقشبەندی:

دەچێـتە لاى شێخ ئەمینی بێژوێی کە شێخێکی بەناوبانگ و دەورێشی تەریقەتی نەقشبەندی بووە. شێخ ئەمینیش ئیجازەی مەلایەتی و تەریقەت و شەریعەتی داوەتێ و ناردوویەتی بۆ لای شێخ عەلائەدینی بیارە و لای ئەویش ئیجازەی تەریقەتی نەقشبەندی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە گوندی سەراو دەست دەکات بە بڵاوکردنەوەی تەریقەتەکە.


ماوەی چەند ساڵێک لە گوندی سەراو ماوەتەوە و بەڵام لە ناکاو فاتیمە خانی هاوسەری کۆچی دوایی دەکات و بەدوای ئەم لێقەومانە کوڕانی بابە شێخی سیرێ (خونچە خان)ی خوشکیان دەدەنە شەکیب. دواتر لە ساڵی 1952 بە ماڵەوە دەچێـتە گوندی بارێی بچووک تا ساڵی 1955 و دواتر دەچێتەوە گوندی سیرێ لە ناوچەی سیوەیل و لەوێ دەمێنێتەوە تا ساڵی 1969 و دەچێتەوە گوندی خۆی (واژە) لە چوارتا بۆ ناو خزمەکانی.

مەلا فەرج پیاوچاکێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی ناوچەی شارباژێڕ بووە و جێگای دیار بووە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەک و هەر مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی و ناکۆکییەکی عەشایەری پیا گەیشتبێ، باڵی رێکەوتن و ئاسایشی بەسەردا کێشاوە. خەڵکی گوندەکانیش لە هەر قەوماوێکیدا کە ڕووی دابێت و بەرەو ناکۆکی و ناخۆشی چووبێت، چوون بەدوایدا و بردویانە بۆ ئاشتەوایی.

289697522 1100474164218774 6395989667511160126 n.jpg


کۆچی دوایی:


مەلا فەرەج خەڵکی گوندی گردە زبێری شارباژێڕ دەچن بە شوێنیدا بۆ ناو خۆیان بۆ چاراسەر کردنی هەندێ ناکۆکی و گیروگرفتی ناو خۆیان پاش ئەوەی ئەرکەکانی سەر شانی خۆی جێبەجێ دەکات لە ئاشتەوایی و ئەو شەوەش لە ماڵی خانەخوێیەکەی دەبێـت و لەوێش دەخەوێت و هەر ئەو شەوە کە ڕێکەوتی 10-11-1972 لەکاتی خەودا کۆچی دوایی دەکات و پاشان لە گوندی گردە زبێرەوە تەرمەکەی دەبەنەوە گوندی واژە و لە گۆڕستانی خدری زیندە دەنێژرێت.





















ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق