مەلا فەرەج (شەکیب)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
289382864 550134983218673 1813585124118483848 n.jpg

حاجی مەلا فەرەج واژەیی ناسراو بە (شەکیب)، کوڕی ساڵحی کوڕی عەزیزی کوڕی حوسێنی کوڕی ڕەشیدی واژەییی. یەکێکە لە شاعیر و نووسەر و کەسایەتییە دیارەکانی ئەو ناوچەیە و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە وریا کردنەوەی خەڵکی لە هەستی نەتەوایەتی و خزمەتی وڵات و ئاشتەوایی کردن و برایەتی نێوان یەکتر و یەکێک بووە لە موریدەکانی شێخانی نەقشبەندی. ساڵی 1911 لە گوندی (واژە)ی سەر بە شارباژێری شاری سلێمانی لەدایکبووە و پاشان دەگوازنەوە گوندی کانی بەردینە و لەوێ زمانی پژاوە و دووبارە دەچنەوە گوندی واژە و لە لای شێخ شەمسەی واژە پێنج ساڵێک دەخوێنێت و لەو ماوەیەدا (گوڵستان) و (بوستان) و چەند کتێبێکی عەرەبی و فارسی خوێندووە هەر لەو تەمەنە گەنجییەوە زیرەکی بەدەر دەکەوێت و پاڵپشتی باوکی و مامۆستاکانی هانی دەدەن تاوەکوو بەردەوام بێت لەسەر خوێندن و دواتر وەک فەقێیەک گەڕاوە بە دوای زانست و زانای باش تاوەکوو زانست و زانیاریی لێیەوە فێر بێت بۆیە دەچێتە سلێمانی و لە مزگەوتی موفتی لای مەلا عەزیزی موفتی گیرساوەتەوە و زانستی شەرع و نەحو و سەڕفی خوێندووە و دەرسی فارسیشی لای عەزیز ئەفەندیی وەسمان ئاغا (خواجە ئەفەندی) خوێندووە.

شەکیب جگە لەم مەلایانەی سەرەوە دەرسی لای ئەم مەلا و زانایانە خوێندووە: (حاجی مەلا عەبدوڵڵای چروستانی، مەلا مەحموودی بێخود، مەلا مستەفای سەفوەتی حاجی مەلا ڕەسووڵ، حاجی مەلا شێخ نووری بابە عەلی، مەلا حەمە سەعیدی دێلێژەیی، حاجی مەلا کەریمی بیارە (مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس). لە کۆتایدا ئیجازەی مەلایەتی لەلای حاجی مەلا شێخ نووری بابە عەلی و ئەو مەلایانەی سەرەوە وەردەگرێت و لای مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس تازەی کردووەتەوە. دوابەدوای ئیجازە وەرگرتنیشی لەسەر خوێندن بەردەوام بووە و لەسەر داوای موفتی بووە بە ئیمامی مزگەوتی موفتی. لەو تەمەنەدا هاوسەرگیری لەگەڵ فاتمە خانی کچی شێخ عەبدوڵڵای واژە دەکات و کەوتووەتە ژیانی ماڵدارییەوە. دوای ماوەیەک بووەتە ئیمام و واعیزی گەڕۆک لە ناوچەی شارباژێردا و بەم حاڵەوە زۆر دەوامی نەکردووە و پاشان نیشتەجێ بووە لە گوندی سەراو.

شەکیب و تەریقەتی نەقشبەندی:

دەچێتە لای شێخ ئەمینی بێژوێی کە شێخێکی بەناوبانگ و دەروێشی تەریقەتی نەقشبەندی بووە. شێخ ئەمینیش ئیجازەی مەلایەتی و تەریقەت و شەریعەتی داوەتێ و ناردوویەتی بۆ لای شێخ عەلائەدینی بیارە و لای ئەویش ئیجازەی تەریقەتی نەقشبەندی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە گوندی سەراو دەست دەکات بە بڵاوکردنەوەی تەریقەتەکە.


ماوەی چەند ساڵێک لە گوندی سەراو ماوەتەوە و بەڵام لە ناکاو فاتمە خانی هاوسەری کۆچی دوایی دەکات و بەدوای ئەم لێقەومانە کوڕانی بابە شێخی سیرێ (خونچە خان)ی خوشکیان دەدەنە شەکیب. دواتر لە ساڵی 1952 بە ماڵەوە دەچێتە گوندی بارێی بچووک تا ساڵی 1955 و دواتر دەچێتەوە گوندی سیرێ لە ناوچەی سیوەیل و لەوێ دەمێنێتەوە تا ساڵی 1969 و دەچێتەوە گوندی خۆی (واژە) لە چوارتا بۆ ناو خزمەکانی.

مەلا فەرەج پیاوچاکێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی ناوچەی شارباژێر بووە و جێگای دیار بووە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەک و هەر مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی و ناکۆکییەکی عەشایەری پێدا گەیشتبێت، باڵی ڕێکەوتن و ئاسایشی بەسەردا کێشاوە. خەڵکی گوندەکانیش لە هەر قەوماوێکیدا کە ڕووی دابێت و بەرەو ناکۆکی و ناخۆشی چووبێت، چوون بەدوایدا و بردوویانە بۆ ئاشتەوایی.


289697522 1100474164218774 6395989667511160126 n.jpg


کۆچی دوایی:


مەلا فەرەج خەڵکی گوندی گردە زبێری شارباژێر دەچن بە شوێنیدا بۆ ناو خۆیان بۆ چارەسەر کردنی هەندێک ناکۆکی و گیروگرفتی ناو خۆیان پاش ئەوەی ئەرکەکانی سەر شانی خۆی جێبەجێ دەکات لە ئاشتەوایی و ئەو شەوەش لە ماڵی خانەخوێیەکەی دەبێت و لەوێش دەخەوێت و هەر ئەو شەوە کە ڕێکەوتی 10-11-1972 لە کاتی خەودا کۆچی دوایی دەکات و پاشان لە گوندی گردە زبێرەوە تەرمەکەی دەبەنەوە گوندی واژە و لە گۆڕستانی خدری زیندە دەنێژرێت.

بەرهەمەکانی شەکیبی شاعیر کۆ کراوەتەوە و بنەماڵەکەیان لە دووتوێی دیوانێک بە چاپیان گەیاندووە.


ئەمەش نموونەیەکە لە شیعرەکانی لە وەسفی شێخانی بیارەیە: -


فیدای تۆم ئەی شاهی عوسمان گەداتم جانی جـــــانانە

کە گۆشەی کەوشەکەت دەگرم هەتائەمرم بەمــــــەردانە

لەدامێنت ئەگەر لادەم دەسم وەك سەگ ســیاڕووبم

دەتۆش لوتفێکم لەگەڵ کە لەبەر ئەو دەستە دامــانە




ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق