کەمتەرخەميی مێژوو لە ئاست قوربانیيەکانيدا ... "فاتەڕەش" بە نموونە
نووسین و ئامادەکردنی: مانو بەرزنجی و جوان عومەر ئەحمەد
پێداچوونەوەی: رێبوار حەمەتۆفیق محەمەد
بە درێژایی مێژوو لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا هەزاران جار گوێبیستی ناو و پێداهەڵدانی جۆراوجۆری ژنانی بوێر و سەرکردەی ئازا بوین.
ژنی داهێنەر، جەنگاوەری وەها کە لە هەموو نەهامەتيیەکانی میلەتەکەيدا شان بە شان و (هەندێ جاریش زیاتر لە پیاوان) بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیانيان لە شان ناوە و لە پاڵ دایکایەتی و بەڕێوەبردنی خێزاندا، ئەرکی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان و سەرکردایەتی گەورەیان لە ئەستۆ گرتووە.
هەر لە نووسین و ئەدەب و چالاکی ڕۆشنبيرييەوە تا دەگاتە جەنگ و... جێدەستيان ديار بووە، بەڵام مەخابن زۆریان بە ونی ماونەتەوە، یاخود بە جۆرێک لە جۆرەکان کار لەسەر سڕینەوە و ونکردنیان کراوە!؟
چەندین ناوی دیاری ژنانی کورد هەن کە نەوەیەک بە شانازيیەوە بۆ نەوەی دوای خۆی دەيگێڕیتەوە.
کێ لە ئێمە چیرۆکی خانزادی میری سۆران، عادیلە خانم، حەپسەخانی نەقیب و چەندین ژنی پێشەنگی تری نەبیستووە؟ گەر بە وردی چاوێک بە هەموو ئەو سەرچاوانەی گەڕیدە بێگانانەندا بگێرین کە لەسەر بارودۆخی ڕامیاری، دۆز و مێژووی کورديان نووسيوە و سەردانی کوردستانیان کردووە، بە ڕوونی ئەوە دەبینین کە چۆن ژنی کورد بووەتە جێگای سەرەنجيان و سەدان سەرچاوەی گرنگ و دیار هەن کە ئاماژە بە ئازایی و بوێری و سەرکردەيی ژنی کورد دەکەن کە سەرباری بوونی ئەو هەموو ململانێ و بەربەستە ڕامیاری و کەلتوری و ئاینیيانەی کە لە بەردەم ژناندا هەبووە، بەڵام هيچ يەک لەمانە ڕێگر نەبوون لەوەی کە ناوی ئەم ژنانە بۆ هەتاهەتايە لە مێژوودا بە نەمری بمێننەوە.
لێرەدا چەند نموونەيەک له و ژنانە وەک نموونەی خەروارێک دەهێنينەوە:
1- دەوڵەت خانمی لوڕ وێنەیەکی فاتەڕەش لە ڕۆژنامە بیانييەکاندا ستانی:
دەوڵەت خانم هاوسەری عیزەدین محەمەدی لوڕستانی بووە. پاش کۆچیدوايی هاوسەرەکەی لە ساڵی 716 کۆچی دەسەڵاتی ناوچەکەی گرتووەتە دەست و بۆ ماوەیەک سەرکردایەتی وڵاتی کردووە و دواتر بە هۆی دژایەتیکردنیيەوە لە لایەن چەن هۆز و تیرەیەکی ناوچەکەوە، ناچار کراوە بەرپرسیاریەتیيەکەی ڕادەستی براکەی بکات بە ناوی عیزەدین حسێنەوە.(1)
2- حەیران خانم: حەیران کچی کەریم خانی دەبنلیيە. لە شاری نەخجوانی وڵاتی قەوقازی ئێستا چاوی بە ژيان هەڵێناوە، یەکێک بووە لە خانمە ڕۆشنبیر و هۆزانەوانانەی کورد کە هۆنراوەکانی بە زمای فارسی نوسیوە، نمونەیەک لە هۆنراوەی حەیران خانم: میان جملە مهرویان ئوی سردفتر خوبان رخت جون کوی خورباسد، بودزلف کجت جوکان جمال تو بود کلشن، کلشن خوبی خوبی، خوبی یوسف جە یوسف یوسف کەنعان دوچشم مست توضالم، جە ضالم، ضالم کافر چە کافر، کافر ڕهزن، جە ڕهزن، ڕهزن ایمان(2)
3- سری خانم: ساڵی (1814زاينی بەرانبەر بە 1230 کۆچی) لە دیار بەکر چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. یەکێک بووە لەو ژنە شاعیرە بە ناوبانگ و بە سەلیقانەی کورد کە هۆنراوەکانی بە هەردوو زمانی فارسی و تورکی بوون.(3)
4- شا خاتون: ژنێکی بوێر و سەرکردەی بەتوانا بووە لە بەدلیس کە پاش کۆچی هاوسەرەکەی (شەمسەدین حاکمی بەدلیس) حوکمی ناوچەکەی گرتووەتە دەست. وەک لە (شەرەفنامە)دا ئاماژەی بۆ کراوە، شاخاتون ڕۆلێکی ئێجگار گرنگی لە بەڕێوەبردنی کارەکانی دەوڵەتدا بینیوە هەتا ئەوکاتەی کوڕەکەی (ئەمیر ئیبراهیم) گەورە دەبێت و دەسەڵاتەکانی خۆی ڕادەستی ئەو دەکات.
5- شەهدە دینەوەری: بە شانازی ژنان(فخر النساء) ناو براوە. لە شاری بەغداد لە دایک بووە و یەکێک لووە له و ژنە ڕۆشنبیر و خاوەن هەڵوێست و پێنوس دیارانەی سەردەمەکەی. نووسەرانی دیاری وەک: ئەبی خەتاب ناسر، نەعابی و تەڵحە بن محەمەد گەواهی لەسەر زیرەکی تواناکانی ئەم خانمە دەدەن. شەهدە خانم لە 574 کۆچيدا کۆچی دوایی کردووە.
6- مەستورە خانمی ئەردەڵانی: مە ستورە ی ئە ر دە ڵان، کە ناوی تەواوی (ماه شە رە ف خانم حەسەن محەمەد) شاعیر و مێژونوسی کورد، لە ساڵی 1803 لە شاری سنە لە بنەماڵەی قادرییەکان لە دایکبووە، باوکی مەستورە لە پیاوە رە سە نە کانی شاری سنە بووە و هەوڵیداوە کچەکەی بخوێنێت هەر بە هاوکاری باوکیەوە شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی کوردی و فارسیدا پەیدا کردووە.
7- مەیان خاتوون: مەیان خاتوون لە ساڵی 1874 لە شنگال لەدایک بووە. کچی عەبدی بەگی ئیزدیيە کە ماوەیەک میری ئێزدیان بووە. دایکی کچی میر جاسم بەگی خانەدانی ئێزديیانە.
مەیا خاتون لەناو خێزانێکی خانەدانی ئێزدی لەدایک بووە. لە هەژدە ساڵیدا لەگەڵ عەلی بەگ کە دواتر بوو بە میری ئیزدیيەکان، هاوسەرگیری کردووە. لە ساڵی 1892 بۆ 1893 مەیان خاتوون و عەلی بەگ ڕووبەڕووی هێرشی عوسمانيیەکان بوونەوە و لایەن عومەر وەهبی پاشای عوسمانیيەکان دەستگیرکراون و داوایان لێ کراوە کە ئایینەکەیان بۆ ئیسلام بگۆڕن.
جۆن گوست(نووسەری کتێبی کوردانی ئێزدی) لە کتێبەکەیدا باس لە کاراکتەری مەیان خاتوون و عەلی بەگ و ڕووداوەکانی ئەو کاتە دەکات و دەڵێت: لەگەڵ هەموو زۆرداری و چەوساندن و ئەشکەنجەیەکدا عەلی بەگ و مەیان خاتوون ڕازی نەبوون ئایینەکەیان بگۆڕن و بەو هۆیەوە بۆ باکوور ئەنادۆڵ دوورخراونەتەوە.
پاش مەرگی هاوسەرەکەی دەسەڵاتی گرتە دەست بووە بە یەکەم میر ژنی کاریگەر و دیاری ئێزیدیيەکان، هەروەک مێژوونووس (سەدیق دەملوجی) دەنووسێت: ژنێکی بەهێز، کاریگەر، خاوەن پەیڤ و پەیامی کاریگەر لە ناو ئێزیديیەکاندا، دەسەڵاتێکی هێندە دیاری هەبووه، وەک ئەوەی بڵێيت هیچ هیزێک نیيە بەرەنگاری بێتەوە.(4)
ئەمانە و سەدان ژنی تر نموونەی دياری کاریگەری ژنی کوردن کە نەک تەنها لە نووسین و هۆنراوە و سەرکردایەتی و جەنگاوەریدا بەناوبانگ بوون، بەڵکو لە بڵاوبونەوەی ئاینەکانيشدا پێشەوابوون و بە هەمان شێوە خاوەنی کەسایەتييەکی دیار بوون و لە هەریەک لە ئاینەکانی ئیسلام، کریستیان، یارسانی، ئێزیدی و جولەکەدا، نموونەی دیاريان (ئەسینات بارزانی)يە کە لە سەدەی 17 زاینیدا ژیاوە(1590-1670) یەکەم بانگخوازی ژن بووە لە مێژووی جولەکەدا و کاریگەری دیاری لەسەر ئاینی جولەکە و ژنانی کورديش هەبووە.(5)
ژنە ئازاد و بەجەرگ، سەرکردە و چاونەترس (فاتەڕەش) یەکێکی ترە لە ژنە ئازا و ناوازانە لە مێژووی کورددا، ئەوەی لێرە مەبەستمانە هەڵدانەوەی مێژووی (فاتەڕەش)ە.
ژنێک پڕ لە وزە چاونەترس سەرکردە و سەرکەش، ژنێک کە بە داخەوە ئێمەی کورد کەمترین زانیاریمان لەسەری هەیە، بگرە زۆرینەمان ڕەنگە هەر نەیناسین یاخود ناوێکی ئاوامان بەرگوێ نەکەوتبێت، ئەوەش لەبەر نەبوونی سەرچاوە و کەمی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم خاتوونەيە کە هاوشێوەی چەندين ناوی تر بە هۆکاری جیاجیا و لە ژێر بیانوی پارچەپارچە بوونمان پاراوێز خراون.
فاتەڕەش یان فاتەنێر و گارە فاتم خاتوون (قەرەفاتم) کێیە؟ فاتەڕەش لە ئەستەنبوڵ
ئەوەی جێی پرسیارە و تا ئێستا وەڵامەکەی بە لێڵی ماوەتەوە ئەو پرسيارەکەيە کە ئايا قەرەفاتم کێ بووە؟ ناوی دروستی ئەم کەڵە ژنە چی بووە؟ و کچی کێ بووە؟ لەڕیگەی گەڕان و سیرجە دیجیتاڵييەکانەوە ئەوەی بەردەست دەکەوێت تەواو مێژوویەکی جیاواز و خواستخوازی ئارتیکڵەکانە، کە هەرکەسە و بە خواستی خۆی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی بابەتێک یان دوانی شێواندووە، لێ ئەوەی گرنگ بووە بۆ ئێمە شتێک بدۆزینەوە سەبارەت بە (فاتەڕەشی) کوردان نەک (قەرەفاتمی) تورکانە، بەڵام کاتێک بەدووی وشەی (قەرەفاتم، Kara Fatma) دەگەرێيت بەدڵنیایەوە وێنە و مێژوو کەسێکت پێشان دەدەن کە تەواو جیاوازە و دوور و نزیک نە پەیوەندی بە فاتەڕەشی کوردانەوە هەیە نە بە مێژووی قارەمانێتی فاتەڕەشەوە، تەنیا هەوڵێکی فاشیستانەی تورکەکانە بۆ بزرکردنی ناوی (فاتەڕەش)ی کوردان و شێواندنی بە ژنێکی تورک.
ئەرکی ئێمە لێرەدا ئەوەیە ئەوەی دەستمان کەوتووە بە زمانە جیاوازەکان لەگەڵ تەواوی ئەو نووسینانەی لەسەر فاتە ڕەشی کوردان تۆمارکراون، لە دەمارگیری بخەینەڕوو.
هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی دروستمان دەستکەوێت سەبارەت بە فاتەڕەش، بەداخەوە هەموو هەوەڵەکانمان بێئاکام مايەوه و چەند جارێک زیاتر پەیوەندیمان کرد بە ئینستۆتی شاری (ماراش)(8)ەوە، ئەويش هیچی لێ کەسک نەبوو. دوای ماوەیەک، وەڵامیان داینەوە و وتیان تەنها ئەوەندە زانیاریمان لەسەر فاتەڕەش هەیە کە لە ماڵپەری ماراشدا نووسیومانە.(9)
لە ڕاستیدا زانیاريیەکانی ئەوانیش نەک جێگەی دڵخۆشی نەبوو، بەڵکو جێگەی دەستخۆشیش نەبوو، ئەوەی کەمێک دڵی خۆش کردین ماڵپەڕە مێژووييەکانی بولگاریا بوو، بەتایبەت ماڵپەڕی گۆڤاری (liternet) کە لەوێدا بەم شێوەیە فاتەڕەشی کوردان دەناسێنیت و دەڵیت: قەرەفاتیمە کێیە؟ فاتەڕەش بە زمانی کوردی (Fata Reş) بە ئنگلیزی پێی دەڵێن (Black Fatima) ئەوەی گرنگ بوو بۆ ئێمە ئەوە بوو کە بە کوردی ئاماژە بۆ ناوەکەی دەکات و بە تیپی لاتینی دەنووسێت: فاتەڕەش، کچی حاجی عوسمان بێ (بەگ)ە و ناوی دروستی فاتەڕەش (Asiye)يە. هەرچەندە فاتەڕەش لە فاتیمەوە هاتووە کورتکراوەتەوە بۆ فاتە، خۆ ئەگەر وەک ئەوان ئاماژە بەناوی ڕاستەقینەی دەکەن دوور نیيە (عایشە) نەبێت و کرابێت بە ئایشێ، چونکە لە نێو کورداندا عایشە هەر بە ئایشێ بانگ کراوە، جگەلەوە لە شوینی لەدایکبوونی لە گوندی تۆکمەکلی هەر بە (گارا فاتم خاتوون) ناویان هێناوە نەک قەرە فاتم، هەروەها بۆ ڕۆژی لە دایکبوونیشی هەمان کێشەمان بۆ دروست دەبێت لە تەواوی سەرچاوەکاندا کەس گرنگی بە ساڵ و ڕۆژی لەدایکبوون و ناوی ڕاستینەی فاتەڕەش ناکەن و ئەوەی بەردەست دەکەوێت کە فاتەڕەش لە ساڵی 1820 لە چیاکانی کوردستان لە شاری ماراش لە دایک بووە. زۆربەی ئەو تۆمارەنەی لەسەر فاتەڕەش نووسراوە نەیانتوانیوە بە دروستی تەمەنی دیاری بکەن و هەندێک بە 40 ساڵ و هەندێک نزیک بە 50 ساڵ تەمەنی فاتەڕەشیان خەمڵاندووە. بۆیە دەکرێت ساڵی 1820 بە نزیکترین ساڵی لەدایکبوونی دەستنیشان بکەین.
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا ناو و ساڵی لەدایکبوونی فاتەڕەش لە هیچ شوێنکدا نەبینراوە و نەزانراوە ڕەنگە لە بەڵگەنامەکانی ئیمپراتۆری عوسمانلیدا شتێکمان دەستمان کەوێت، ئەوەش کارێکی گران و قورسە. هەرچەندە چەند بەڵگەنامەیەکمان دەستکەوت کە ئاماژە بە فاتەڕەش دەکەن و بە ئەلفابێی ئارامی نووسراون و لەیەک دوو لەو کوردە تورکناسانەمان پرسیار کرد تا بۆمان بکەن بە کوردی، بە بیانووی جۆراوجۆرا کۆمەکیان نەکردين، بەڵام دەتوانین بە مەزندە و بە پێوەری ئەو ڕۆژنامە ئەوروپیانەی لەسەر فاتەڕەش نووسیویانە لەگەڵ هەندێک لە گرافیک فۆتۆکانیدا بگەینە ئەو بڕوایەی کە فاتەڕەش لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدا لە نێوان 1800 بۆ 1820 لە چیاکانی کوردستان لە شاری ماراشی باکووری کوردستان لە دایک بووە.
ئەوەندەی ئێستا لەبەر دەستە دەیخەینە بەر دیدی خوێنەر، ئەو ئەرکەی تر کە ماوە بە هیواین خوێندکارەکانی زانکۆ و کەسانی شارەزا شان بدەنە بەر ساغکردنەوەی ئەم مێژووە دابڕاوەی کورد و بیگەڕێنەوە بۆ نەتەوەکەیان.
لە سەنتەری ئەدەبی (bernamegeh) دەڵێت: فاتەڕەش لە کوردانی باشوورە و لە شاری (ڕواندز) لە دایک بووە. پاشان هاتوونەتە چیاکانی ماراش. ڕەنگە ئەم بۆچوونەش دروست بێت. ئەگەر لە کاتی میر محەمەدی سۆرانەوە بە یاوەری ئەوان هاتبێتنە ماراش و لە کاتی سەردانی میر محەمەد (پاشا کۆرە) بۆ ئەستەنبوڵ لە ساڵی 1837دا ئەوا فاتەڕەش تەمەنی تەنها حەڤده ساڵان بووە، بەو پێەش بێت لە تەمەنی 33 ساڵیدا و لە ساڵی 1853دا بەشداری جەنگی کرایمی کردووە.
فاتەڕەش لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەوروپی و ئەمەریکیيەکاندا ناوی هاتووە و ئاماژی بۆ کراوه، بەڵام لەلایەن کورد خۆيەوە بۆ یەکەمجار کامەران بەدرخان لە پەرتووکی (Der Adler von Kurdistan) کە لەگەڵ نووسەری ئەڵمانی Herbert Ortel نووسیویانە(8) ئاماژەيان بە ناوی فاتەڕەش کردووە.
لە دوای ئەویش محەمەد ئەمین زەکی بەگ لە پەرتووکی (مشاهیر الکراد و کوردستان) لە بەرگی دوویدا (شهیرات النساء) لەلاپەرە 471 بە دنیایەک هەڵەوە ئاماژەی بۆ کردووە.
ئەوەش بە ڕاستی لە پەرتووکێکی مێژووی وەها بەپێزدا کارەساتە، جگە لەوانە هەندێک لە نووسەرە کوردەکان هەروا بە سەرپێی ناویان هێناوە، بەڵام بەبێ هیچ بنەمایەک و سەرچاوەیەکی دروست.
167 ساڵ بەر لە ئێستا ژنێکی کورد بەشداری جەنگێکی خوێناوی کردووە جێگەی داخە لەنێو کورداندا نووسینەوە و تۆمارکردنی ڕووداوەکان بوونی نەبووە و نەنووسراوەتەوە، هەربۆیە ساغکردنەوە و گەیشتن بە زانیاری دروست کارەکەمان زۆر قورستر دەکات. ئێمە خۆمان مێژووی خۆمان تۆمارە نەکەین و نەتەوەیکی تر بۆمان بهۆنێتەوە! کورد وتەنی (دۆم بێت و کڵاش بۆ خۆی بچنێت) دەبێت چۆن بیهۆنێتەوە! بەتایبەت لەلایەن تورکەکانەوە ئەگەر ئەو ڕۆژنامە فەرەنسی و ئینگلزيیانە نەبوونایە ئەوەی ئێستا تۆ دەیخوێنیتەوە ئەوەشمان نەدەبوو، چونکە هەر لەو سەردەمەشدا ڕق و کینەی تورکەکان بەرانبەر بەو ژنە کوردە دەردەکەوێت و دەیان درۆ و پڕوپاگەندەیان بەناوی فاتەڕەشەوە هۆنیوەتەوە و هەوڵێکی زۆریان داوە لە بەها و ئازایەتی ئەو ژنە کەم بکەنەوە.
لە شوێنێکدا لە ئاینی ئیسلام دەریان کردووە و بە ئێزدی ناویان هێناوە! لە جێگەیەکی تر دەڵین: بەشداری جەنگەکەی نەکردووە لەکاتێکدا یەک لە براکانی فاتەڕەش لەو جەنگەدا کوژراوه! ئەگەر تەنها ناوێک بووبێت و بەشداری ئەو جەنگەی نەکردبێت ئەی بۆ براکەی دەکوژرێت! يان بۆچی ئەو قوربانیيانە دراوە! ئەگەر ئەم ژنە هەر بەڕاستی ئەوەندە قارەمان نەبووە، ئەی بۆچی ئەو هەموو ڕۆژنامە بیانی و ئەوروپييانە گرنگیيان پێ داوە!؟
کاپتن (Somerset Calthorpe) دەڵێت: ئەم ژنە جادووگەرە ئەستەمە بتوانیت لە چاوەکانی بڕوانیت بەڕاستی سەرکردەیە، کەس لە فەرمانی دەرناچێت و کەسیش ناتوانێت فەرمانی پێ بکات، زۆر سەرکەش و زۆر جادوگەرە. دەیان گرافیک فۆتۆی فاتەڕەش هەیە کە مەیدانی لە ناو جەنگەکەدا کێشراوە نەک خەیاڵ بێت. هەوڵ دەدەین زۆرینەی ئەو وێنانەی بەردەستمان کەوتووە لێرەوە نیشانی خوێنەری بدەین.
زێدی لەدايکبوونی فاتەڕەش:
ماراش (Maraş) یان گورگوم، یەکێکە لە پارێزگاکانی باکوری کوردستان. لە 10 شارۆچکە و 64 شارەدێ و 476 گوند پێک هاتووە. لە ئێستادا یەک ملیۆن و نزیکەی 37 هەزار کەسی لێ دەژی، ڕووبەرەکەی نزیکەی 14 هەزار 400 کیلۆمەتر دووجایە، مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1200 بۆ 1400 سەردەمی هیتيیەکان ئەم شارە بە مارکاش(Marqas) ناسراوە دواتر لەسەردەمی ئاشوريیەکاندا بە گورگوم لە 612 هەتا 660 دواتر مادەکان لە 550 بۆ 612 هەتا سەردەمی ڕۆمانیيەکان دەکرێت بە گیمەنیک (Kahramanmaraş) لە سەردەمی هاتنی ئیسلام و دەسەڵاتی عەسمانیيەکان ناوەکەی گۆڕرا بە ماراش (marash) دواجار تورکەکان گۆڕيیان بە کاهرەمانماراش. ماراش تاکە هەرێم بوو کە لە ژێر دەسەڵاتی زولقادریيەکاندا مابووەوە و ئیمپراتۆری عوسمانی نەیتوانی بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە (Dulkadirids) زولقادریيەکان یەکێک بوون لە میرنشینە دیارەکانی ناوچەکە و خاوەنی هێز و دەسەڵات بوون.
میرنشینەکەیان لە (1522-1864) بەردەوام بوو، عەبدولقادری باوک ئەمیر بووە و پاشان کوڕاوکوڕ حوکمی میرنشینیان بەدەست بووە، ئەمیر عەلی بەگ دوا ئەمیری میرنشینی زولقادریان بووە.
ساڵی 1821 عوسمانیيەکان هەوڵی داگیرکردنی شاری ماراشیان دا، لە دوای دوو ساڵ ململانێ بە دیاریکراوی لە ساڵی 1822 کۆتایی بە دەسەلاتی عەلی بەگ هێنرا.
ساڵی 1830 عوسمانيیەکان هەوڵی لکاندنی شاری ماراشیان دا بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە تا ساڵی 1864ململانێ و شەڕ و پێکدادان لە نێوان زولقادریيەکان و عوسمانیيەکان بەردەوام بوو لە دوای ئەو ڕۆژەوە ماراش بە دیاربەکر و حەلەبەوە لێکدران و بوونە یەک هەرێمی یەکگرتوو.(9)
لە 22/2/1919 بۆ 30/10/1919 ماراش لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانيیەکاندا بووە، پاش ئەوانیش فەرەنسيیەکان داگیریان کردووە، ئەویش پاش جینۆسایدی ئەرمەنیيەکان لە ساڵی 1918.(10)
لەماڵپەری تایبەتی (cezmyurtsever) دەڵیت لە مانگی 9ی نۆڤەمبەری ساڵی 2007 ڕێم کەوتە گوندی تۆکمەکڵی (Tokmaklı) بۆ زەماوەندی ژنخوازی بەڕێکەوت چاوم بەکەسێک کەوت ناوی حمزە بوو باسی گۆری فاتەرەشی کرد کە ئیستا بۆتە گەرەکێک ناوی (Beylik) بووە ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی سبەی زەە بمباتە سەر گۆری فاتەڕەش هەرچەندە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەیانوت (گارا فاتم خاتوون) بۆ ڕۆژی دوایی چوومە خزمەت حمزە، بە پرسیار ماڵەکەیانم دۆزیەوە لەو کاتەشدا چەند کەسێک لەو ناوە بوون، یەک لەوانە ئامینە بارین (Emine Barın) ژنێکی بەتەمەنی گوندەکە بوو.
ئەو وتی: گۆرەکەی فاتەڕەش لەوبەر چەمەکەوەیە لەلای دارسنەوبەرەکان لە بایلیک وەختی خۆی گۆرەکەیمان هەڵداوەتەوە ئەم خەنجەرەمان دۆزیوەتەوە ئێستا لە ماڵەکەی مندایە. هەندێک سەرچاوەی تر باس لەوە دەکەن کە کەسێکی رووسی بەدوای زێر و خشڵدا گەڕاوە و گۆڕەکەی فاتەڕەشی هەڵداوەتەوە و تەنها کڵاوێکی ئاسانینی جەنگی دۆزیوەتەوە.
دڵخوازەکەی فاتەڕەش و زیندانی قاندیا (Kandiye Zindanlarında) و بەشداریکردنی لە جەنگی کرایمدا: وێنەی یەکێک لە پیاوەکانی فاتەڕەش هەندێک لە خەڵکی ناوچەکە هۆکاری چوونی فاتەڕەش بۆ جەنگی کرایم دەگەڕێننەوە بۆ زیندانيکردنی دڵخوازەکەی، ئەو هەموێنەی یەکێک لە پیاوەکانی فاتەڕەشوو جەفایەش بۆ ئەوی کێشاوە هەر هۆکاری وەفا و خۆشەویستی بووە کە ئەو بڕیارە سەخت و ترسناکەی پێ داوە و بەشداری لە خوێناویترین جەنگی سەدەی نۆزدەدا کردووە.
فاتەڕەش کاتێک دڵخوازەکەی (هاوژین)کەی کە خۆی باشبوزاق(11) (Başıbozuk) بووە لەبەر سەرکێشی و جێبەجێنەکردنی فەرمانەکانی سوڵتان لەلایەن سوڵتانەوە لە زیندانی (Kandiye) زیندانی دەکرێت.
کاتێک فاتەڕەش لە ماراشەوە بەڕێ دەکەوێت بۆ (Üsküdar) هەواڵ دەگات بە سوڵتان. باش ئەوەی سوڵتان لە کۆشکەکەی خۆیدا دەیبینێت، مەرجی سوڵتان بۆ ئازدکردنی هاوژینەکەی فاتەڕەش بەژداريکردنە لە جەنگی کرایم و گرتنی ناوچەیەک کە بۆ ئەوان بووە بە مەتەڵ و بە هیچ کلیلێک بۆیان نەکراوەتەوە.
فاتەڕەش بەمەرجەکەی سوڵتان ڕازی دەبێت و سوڵتان ڕەوانەی شاری ئەدرنە (Edirne)ی دەکات، لەویش دەبوو چاوەڕوان بێت تا بێنێرن بۆ کەنارەکانی ڕووباری (Donau) کە لەو کاتەدا عوسمانييەکان سەرقاڵی ئەو جەنگە بوون.
فاتەڕەش و ئەسپسوارەکانی بەهەر شارێکدا تێپەڕ دەبوون، دەیانبینی ژنێک ڕابەرایەتی ئەو هێزە دەکات سەرسام دەبوون! هەر بۆ نموونە لە یەکێک لە تۆمارەکاندا بەم شێوەیە باس لە دیمەنی فاتەڕەش دەکرێت کاتێک دەگاتە شاری (Üsküdar) دەستێک جلی کوردی لەبەردابووە، فاقیانەدار لەگەڵ شەرواڵێکی سپی و جوتێک قەڵتاغی زەرد لە پێکانيدا بووە، دوو دەمانجەی لەناوەڕاستی پشتێنەکەیدا و ڕمێکی بەدەستەوە بووە. دامێنی ڕمەکەی بە دەستمالێک پێچرابوو، سەرپۆش سپی بەنێوچەوانیەوە بەستووە نە لە تەربوش دەچوو نە لە عەمامەی عەرەبەکان، تایبەت بە کورد خۆی بووە. هیچ جۆرە خشڵێک بە دەست و گەردنیەوە نەدەبینرا. لەتەنیشتیەوە و شانبەشانی فاتەڕەش، براکەی و دوو ئەسپسواری تریش لە پشتی فاتەڕەشەوە دەڕۆشتن.
لێرەدا دەبێت ئاماژە بە شتێکی تر بکەين ئەویش (بیلالەڕەش)ی برای فاتەڕەشە هەرچەندە لە زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بە دڵخوازەکەی دەکەن لەلایەن سوڵتانەوە دەستبەسەر کرابێت، هاوکات ئاماژەش بە بیلالی برای دەکەن و گوایە دڵخوازی نەبووە، بەڵکو بیلالی برای بووە. لە پێناو ئازادکردنی براکەیدا بەشداری شەڕی کرایمی کردووە. ئەم بۆچوونە زۆر دوورە لە ڕاستیيەوە، چونکە بیلالەڕەش لە ساڵی 1840 کۆچی دوایی کردووە، لەدوای خۆی باکۆئاغا سەرۆکایەتی هۆزەکەی کردووە.
لەبەرئەوەی باکۆئاغا شارەزایی تەواوی لە بەڕێوەبردندا نەبووە، دەریان کردووە و عەلی ئاغای کوڕی بیلالەڕەشیان کردووتە سەرۆک هۆز. عەلی ئاغاش دوای 5 ساڵ لە حوکمڕانی، کۆچی دوایی دەکات.
لەدوای ئەویش فاتەڕەش جێگەی دەگرێتەوە و سەرۆکایەتی هۆزکەی دەکات. زیاتر لە 4000 هەزار چەکدار لە ژێر فەرمانی فاتەڕەشدا بووە. لەبەر ئازایەتی و ژێهاتی فاتەڕەش و بەشداريکردنی لەو جەنگە خوێناوییەدا سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم خەڵاتی ئازایەتی بەخشيوەتە فاتەڕەش و هەروەها لە ڕێکەوتی 18/9/1863 بڕیاری بەرزکردنەوە موچەی خانەنشینی فاتەڕەشی لە سوپای عوسمانی بۆ سەد قروش داوە.
هەڵگیرسانی جەنگی کرایم:
لەدوای شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی 19 لە ئەوروپا، بەتایبەت فەرەنسا و بریتانیادا چەند سپیچیکی توندیان دژی عوسمانييەکان دا و لەهەمانکاتیشدا مەترسی بەهێز بون و پەلکێشانی هەر دوو دەسەڵاتی عوسمانی ڕوسیيەکانیان لەسەر بوو کە ئەویش دژی بەرژەوەندیيەکانی ئەوروپا بوو.
پاش ئەوەی سوپای عوسمانی لە شاری مۆڵدیڤیا لە لایەن ڕوسەکانەوە تێک دەشکێنرێت، بە ناچاری سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم هاوپەیمانی لەگەڵ فەرەنسا و بریتانیادا دەبەستێت. کاتێک ڕوسیاش بەو هاوپەیمانیەی زانی، زۆر بەڕاشکاوی بە وڵاتە ئەورپيیەکانی ڕاگەیاند کە ئەوە خاکی پیرۆزە و کەس بۆی نيیە بێتە ناوی و داگیری بکات، هەرچەندە هەوڵی دا لە ڕێگەی دانوساندنی دیبلۆماسیيەوە کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
هەر بۆیە لە 21/7/1853 سوپای ڕوسی دەستی گرت بەسەر هەر دوو شاری (Walachije و Moldavië)دا دژی تورکەکان، ئەوەش لەلایەن عوسمانيیەکانەوە جێگەی قبوڵ نەبوو کاتێکیش سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم ئاگاداری ئەو هەواڵە کرایەوە، لە 16/10/1853 بڕیاری جەنگی بە فەرمی دژی ڕوسەکان دەرکرد، هەر لەو سەروبەندەدا ڕوسەکانیش لە 1/11/1853 بڕیاری جەنگیان دا، ئەوەش بووە سەرەتای جەنگی کرایم (Crimean War) کە بە خوێناویترین جەنگی سەدەی 19 هەژمار دەکرێت.
سەرەتا سوپاکەی عەبدولمەجیدی یەکەم بەسەرکردایەتی (عومەر لوتفی پاشا) سەرکەوتنی باشی لە هەر دوو هەرێمی (Oltenitsa en Chetate) بەدەست هێنا، ئەم سەرکەوتنەش وای لە سوڵتان کرد کەمێک لە خۆی بایی بێت و ئەو جەنگە بە (جەنگی پیرۆز) ناو بەرێت و بانگەوازی (جیهاد)دا و داوای کۆمەکی سەربازی و دارایی کرد لەم جەنگەدا سووری و میسری و عەرەب و تونسی و مەراکشی و کورد بەشداریيان تێدا کرد کە دزی و تاڵانی سەرچاوەی بژێوييان بوو. لەکاتی جەنگەکەدا، شاری (Varna) ی بولگاریا بۆ کۆکردنەوەی هێزە تورک و هاوپەیمانەکانی هەڵبژێررا، بەدیاریکراوی فەرەنسا و بریتانیا و خۆئامادەکردنی بۆ جەنگی کرایم کۆتایی مانگی 5ی ساڵی 1854 کەشتیيە جەنگييەکان گەیشتنە کەنارەکانی شاری ڤارنا و یەکەم کەشتی 30 هەزار سەربازی فەرەنسی و 25 هەزار سەربازی بریتانی و 10 هەزار سەربازی عوسمانی. هێزەکەی فەرەنسا لەلایەن (Saint-Arno) سەرۆکایەتی دەکرا و هێزەکەی بریتانیا لەلایەن (Lord Raglan) عومەر پاشاش سەرۆکایەتی هێزە تورکەکانی دەکرد.
یەک لە باڵەخانە گەورەکانی شاری ڤارنا کرایە سەرکردایەتی سوپا هاوبەشەکە و لەوێوە بڕیار دەدرا.
لەو کاتەی هێزی هاوپەیمانی و تورکەکان لە شاری ڤارنا بوون، ڤارنا بەدەستی نەخۆشی کۆلێراوە دەیناڵاند. هەرچەندە لە باشووری فەرنساوە ڤاکسینیان وەرگرتبوو، بەڵام گەرمای مانگی حەوت ئەوەندەی تر کارەساتی خوڵقاند، ڕۆژانە سەدان کەس نەخۆش دەکەوتن، بەشێوەیەک جێگە نەمابوو بۆ نەخۆش، بۆيە بڕیاریان دا لەناو سەربازگەکان نەخۆشخانەی تایبەت بکەنەوە و لە تەنیشت هەر نەخۆشخانەیەکیشەوە گۆڕستانێک دروست بکەن، چونکە ڕێژەی مردن زۆر زیادی کردبوو.
لەساتەوەختی کۆلێرا و نەخۆشیدا، ئاگرێکی گەورە لە یەکێک لە چێشتخانەکانی کەنارەکانی شاری ڤارنا بەناوی (Atanas Papazoogl) کەوتەوە و بەهۆی ئەو ئاگرەوە کۆگای هێزەکانی فەرەنسا کە ڕێژەیەکی زۆر واین (شەراب) و جگەرەی تێدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کۆگایەکی تر کە سیخناخ کرابوو بە کەتان و کحول سووتان و ئەوەندەی تر ئاگرەکە تەشەنەی سەند و تەواوی کۆگای خۆراک و چێشتخانەکان سووتان.
ڕوسە ئۆرتەدۆکسەکانیان بەو ئاگرکەوتنەوەیە تاوانبار کرد، بەڵام یەک لە فەرنسیيە شایەتحاڵەکان پیاوێکی یۆنانی سەرخۆشی بینيبوو کە مۆمەکەی دەستی نزیکی کحولەکە کردووەتەوە و بەو هۆیەوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە. سەرەڕای نەخۆشی کۆلێرا و ئاگرکەوتەنەوە دووبارە خۆیان ئامادەکردەوە بۆ جەنگ لە 8ی مانگی سێپتەمبەری ساڵی 1854 زیاتر لە 34 کەشتی جەنگی و 55 کەشتی مامناوەند و 300 کەشتی بارهەڵگری جەنگی ڕەوانەی کرایم کرا و لە 15/3/1856 کۆتایی بەو جەنگە خوێناویە هات.
ئەدمیراڵ ئەدۆلف ساڵدا (Adolf Slade)، (Mushaver Pasha) لە پەرتووکی (تورکیا و جەنگی قروم یان کرایم) (A Tale of Historical Events) ساڵی 1867 دەڵێت: جیهادیستەکان تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 60 ساڵان بگرە گەورەتریش بوون، زۆر بە گڕوتینی جیهادانەوە بەشداریان لەو جەنگەدا دەکرد و زیدی خۆیان جێهشتبوو بوو بۆ ئەو جەنگەی سولتان عەبدولمەجید ناوی نابوو (جەنگی پیرۆز) ئەمانە جیاواز بوون بە جلوبەرگی خۆماڵييانەوە بەشداری جەنگەکەیان دەکرد و زۆر سەرنجراکیش و تایبەت بوون دەمانچە و خەنجەر و شمشێریان پێ بوو، هەندێکیان ئاڵایەکی ڕەنگاوڕەنگی تایبەتیان کردبوو بە نێزەی ڕمەکانیانەوە کە بەهیچ شێوەیەک لەو سوپایە نەدەچوون کە بەجلوبەرگی فەرميی سەربازيیەوە بەشداریان لە جەنگی ڤینا (Vienna) دەکرد.