وێنەیەکی دکتۆر ساماڵ مانیی لە نێوان ساڵی 1995 و 1996دا
دکتۆر ساماڵ سەبارەت بە وێنەکە دەڵیت:
لە ١٩٩٥/١٩٩٦ دا (٢٦ ساڵ لەمەوبەر)، سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندە کۆمەڵەی فەیلەسوفەکانی زانکۆی لەندەن و فەیلەسوفەکانی کۆمەڵەی ئەرستۆتاڵ- کە من ئەندامی هەردوو کۆمەڵەکە بووم- بانگهیشت کردبوو بۆ دەبلن-ی پایتەختی ئێرلەندا بۆ ئەوەی کۆنفرانسی فەلسەفی لەوێ ( لە زانکۆ یەکەم و بەناوبانگەکەی ترینتی کۆلیج) بکرێت.
هەموو مەسروفی سەفەری ئێمەو مانەوە و خواردن و گەڕانی شوێنەوارەکانی ئیرلەندا لەسەر حسابی سەرۆک وەزیران و حکومەتی ئیرلەندا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا کۆنفرانسێکی یەکجار زۆر قەرەباڵغ بوو لەبەر ئەوە بابەتەکانیان جیا کردبوونەوە وەکو سیمپۆزیەم بەڕێوە دەبرا.
زانکۆی لەندەنیش دەستەیەکی ١٠ کەسی لە خوێندکارە ئەکتیڤ و دیبەیتکارەکانی بواری فەلسەفەیان هەڵبژارد بیانبەن بۆ ئەو کۆنفرانسە لەگەڵ خۆیاندا ؛ خوێندکارێکیان من بووم و ئەوکات لە دوا ساڵی خوێندنی یەکەم بڕوانامەی زانکۆیی بەکالۆریۆس دا بووم لە بواری فەلسەفەدا. دوای ئەوە ماستەر ودوای ئەویش دوکتۆراکەمم کرد.
لەو کۆنفرانسەی دەبلن دا، زۆر لە فەیلەسوفم ناسی و نانی نیوەڕوان و ئێوارەمان پێکەوە دەخوارد ، یان ئێواران پاش دیبەیتەکان لەسەر مێزێک دادەنیشتین و قسەمان دەکرد. هەندێکیانم پێشتر نەدیبوو، تەنها خوێندبوومنەوە و ئیمتیحانم لە تێز و تیۆریەکەیاندا دابوو، ئەوانەیان هیچیان لە بەریتانیا نەبوون.
یەکێک لەو مامۆستایانەی فەلسەفە کە لە زانکۆکانیتری بەریتانیاوە هاتبوون بۆ کۆنفرانسەکە، لە یەکەم ڕۆژدا و لە یەکێک لە سیمینارەکاندا وتاری (پەیپەر) ی فەلسەفی پێشکەشکرد و ناوی تێۆریەکی جۆن سیرەڵی دەهێنا و زۆر پشتی پێ بەستبوو لە وتارەکەیدا.
کە لێبۆوە ، پاش پرسیار کردنێکی زۆر لە لایەن بەشداربوانەوە و دیبەیتکردنێکی گەرم. پیاوە بەتەمەنەکەی کە لە تەنیشت منەوە لە ڕیزی دواوە بە بێدەنگی دانیشتبوو پانتۆڵێکی قەیفەی سادەی ئوتونەکراوی ڕۆژانەی بازاڕکردن و چاکەتێکی چەرمی کۆن و کاسکێتێکی ئینگلیزیی لەسەردا بوو، دەستی بەرز کردەوە و وتی: خراپ ئەو تێزەت بەکارهێناوە، تیۆریەکە نە بەو مەبەستە نوسراوە و نە ئەو سەرەنجامەی هەیە، ئەوەی تۆ بەکارت هێنا شتێکیترە و کەمێک پەڕگیرە.
مامۆستایەکی گەنجی فەلسەفە کە قسەکەرەکانی پێشکەش دەکرد لەو سیمینارەدا، بە کەمێک دەنگی بەرز و ئیزعاج بوونەوە بە پیاوە بەتەمەنەکەی تەنیشت منی وت: تۆش لەسەرەتادا دەبوایە ناوی خۆت و زانکۆکەت بڵێی وەکو هەموو کەسێکیتر کە دەیەوێت قسە بکات لەم دیبەیتەدا. پیاوە کەمێک بەتەمەنەکەی تەنیشت من کە هێشتا بە پێوە بوو بۆ قسەکردن، وتی: بمبورە، من ناوم جۆن سیرەڵ-ە و ئەو تێزەم نوسیوە. .......... هەتا ئەو ڕۆژەی ئەو کۆنفرانسە، دەنگ/هەناسەی حەپەسانم نەبیستبوو لە هۆڵێکی گەورەدا.
د. ساماڵ مانیی ٢٠-٩-٢٠٢١ لەندەن
- نامەکەی لەگەڵ ئەم وێنەیەدا دۆزیمەوە، نامەی سوپاسکردنی سەرۆک وەزیرانی ئیرلەندا بوو بۆ من؛ بۆ هاتنم بۆ ئیرلەندە و بەشداریم لەو کۆنفرانسە فەلسەفیەدا لە وڵاتەکەیدا.
ئەمانە بەشێکن لە بیرەوەریەکانم.
- بمبوورن کە نەتوانم وەکو جاران وەڵامی کۆمینتەکانتان بدەمەوە ئەم یەک دوو مانگە، سوپاسی میهرەبانیتان دەکەم