ئاوڕدانەوەیەک بە سەر دۆخی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناویندا
نووسینی: شلێر باپیری
مافی ژنان لە سەرتاسەری جیهان پێشێل دەکرێ. ژنان جگە لە نەتەوە، کلتوور، مەزهەب و شوێنگەی کۆمەلایەتیان زیاتر رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە. توندوتیژی دژی ژنان یەکێک لە نیشانە هه‌ره دیارەکانی کۆمەڵگەیه‌کی پیاو سالاره.توندوتیژی دژی ژنان سنوور ناناسێ، بەلام هەر چەندە کۆمەڵگە دواکەتووتر و زۆرتر لە ژێر کاریگەری کو‌لتوور و ئایین دابێ، ئەو توندوتیژییانە زیاتر و بەرچاوتر ده‌بن. بێگومان ئاست و شێوه‌ی توندوتیژی و گوشارەکان و پابه‌ندی و رێزگرتن له مافەکانی مرۆڤ لە هەموو وڵاتان جیاوازی هەیە، بەلام هەندێک لە وڵاتان، هەموو بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ ژێر پی دەخرێن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک، بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕۆژانه، ئه‌م پێشلکارییه ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
بە ئاوڕ دانەوەیەک لە رۆژهەلاتی ناوه‌راست، کە هەر وڵاته‌و بە کولتوورێکی جیاوازەوە دەژین، لەگه‌ڵ ئەوەشدا لە کولتووری دواکەوتووی و زاڵبوونی ئایین بە سەر کۆمەڵگەدا هاوبەشن. ئه‌مه‌ش جارێکی دیکە ژنانی کردووەتەوە قوربانی ئەو شێوە بیرکردنەوانەو بە گوێرەی ئامارەکان ئەوەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێ کە هەر رۆژ و هەر ده‌ققه و هەر سانیەیەک ژنان لە ژێر گوشاردا دەبن و ئەو هەمووە نادادپەروەری و توندوتیژی و بێ رێزییانە رێگایەک جگە لە خۆکوشتن و خۆسوتاندن نابیننه‌وه. هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ی کاتیش، باشترین دۆخ، مان و نەمانەوهیه، بە کۆمه‌ڵێک نەخۆشی دەروونی و روحی.
ڕۆژهەڵاتی ناوین و دیموکراسی
دیموکراتیزسۆن یان تێپه‌ڕبوون به‌دیموکراسی، یه‌کێک لهگرینگرترینی ئه‌و باسانه‌یه که به‌رده‌وام جێگه‌ی سه‌رنجی لێکۆڵه‌ران و کۆمه‌ڵناسان و سیاسه‌تمه‌دارن بووه. ئه‌مڕۆ به‌چاو لێکردن به‌دیارده‌ی جیهانی بوون واژه‌ی “دیموکراسی” به‌راشکاوانه دژایه‌تی له‌گه‌ل ناکرێت و هه‌تا دیکتاتۆرترین ولاته‌کان بۆ پێش‌گرتن لهگوشارهناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان خۆیان له‌په‌نا دیموکرسی حه‌شار داوه و ولاته‌که‌یان به‌دیموکرات ناو ده‌به‌ن.
دیموکراسی شیکردنه‌وه‌ی زۆر و جیاوازی بۆ ده‌کرێ. بۆ قسه‌کردن له‌باره‌ی دیموکراسییه‌وه هه‌ر وا ئاسان نییه، به‌لام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانین ئاماژه به هه‌ندێ له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دیموکراسی له‌وانه”هه‌ڵبژاردن”[نوێنه‌ران، پارله‌مان وه‌ک نموونه، هتد] و ” به فه‌رمی ناسرانی مافه مه‌ده‌نی و سیاسه‌کان” بکه‌ین. شتێک که له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا، به‌دوور له‌چاوی لێکۆله‌ران و توێژه‌ره‌کان نه‌بووه. له‌گه‌ل ئه‌و گۆرانکارییانه‌ی ده‌یه‌ی 80 و 90 له‌رۆژهه‌لات ناوه‌راستدا ده‌توانین به قۆناخێک بۆ هه‌نگاونان بۆ دیموکراسی دابنێن، به‌لام به‌هۆی هه‌ندێ هۆکاره‌وه ناتوانین ئه‌م گۆرانکارییانه له‌ریزی تێپه‌ربوون به دیموکراسی له‌و ناوچه‌یه‌دا بە سه‌رکه‌ووتوو دابنێن.
جێنه‌که‌وتنی دیموکراسی له‌وڵاتانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا بۆ هۆکاری جیاواز ده‌گه‌رێته‌وه، به‌لام هه‌ر ئههۆکارانهش ده‌توانن خاڵی هاوبه‌ش بن له‌نێوان وڵاتانه‌ی ناوچه‌که که نه‌یاتوانیوه تا ئێستا دیموکراسی تێیاندا به‌رقه‌رار بێ، ئه‌م هۆکارانه‌ش چه‌ند لایه‌نێک ده‌گرنه‌وه، له‌وانه لایهنهفیکر و کردارییه‌کانی نه‌بوونی دیموکراسی. لایه‌نە فکرییه‌کانی نەچەسپانی دیموکراسی لەو ناوچەیه‌دا بۆ بۆ چه‌ند خاڵ دهگهرێتهوهوهک: “کلتووری باوکسالاریی و عه‌شیره‌تی، گرینگی نەدان به‌مافی تاک، گرینگی نه‌دان بهپهروهردن کردنی ئه‌م فکره”، به‌لام خالە کردارییه‌کان ده‌توانی ئاوا پۆلین بکه‌ین: “دۆخی کۆمه‌لایه‌تی ولاتانی ناوچه‌که، شێوه و پێکهاته‌ی حکوومەتەکانی ناوچه‌که، مانا نه‌دان به‌هاولاتی، هه‌ڵبژاردنی ته‌شریفاتی، دۆخی ژنان له‌و ناوچانه‌دا، نه‌بوونی فه‌زایه‌کی ئازادی بۆ راگه‌یاندنی گشتی، گه‌شه‌نه‌کردنی ریکخراوهمهدهنیهکان و تایبەتمەندی رێبەرانی وڵاتان و باوکسالاریی”.
بە ئاماژە کردن بەو هۆکارانە دەگەینە ئەو بەستێنەی کە ئەوان رێگرن لە پێشکەوتنەکان و مانابوونی چەمکی دیموکراسی لەو ناوچانەدا بۆ ئەوەی هەر تاکێک بە هەموو جیاوازییەکانەوە مافی خۆی هەبێ.
دۆزی ژنان لە هەرێمەکە ئازادی ژنان، یەکسانی و دیموکراسی لە پێوەندییەکی تەنگا تەنگدان، باسی ئازادی ژنان لەگەڵ باسی هاولاتیبوون و دیموکراسی پێوەستن بەیەکەوە و یەکەم هەنگاو لە بەرانبەر دیموکراسی ئاماژەیە بۆ یەکسانی ژن و پیاو و بەشداری ژنان لە هەموو ناوەندە جیاوازەکاندا. لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا پارادایمی رەگەزی سوننەتی_ واتە کۆنترۆڵکردنی ژن لەلایەن پیاوەوە بۆ بەشداریکردنی لە هەموو بوارەکاندا، بە هۆی بەرپرسیارکردنی پیاوەوە بەرانبەر بە هاوسەر و بنەماڵەکەی نەک تەنیا لە بوارە گرینگەکان بەڵکو لە هەموو چرکە ساتەکانی ژیانی ژنان لەو ناوچەیەدا هەست پێدەکرێ. هەر چەندە زۆربەی وڵاتان بە گوێرەی یاسا رەسمی وڵاته‌که‌یان ژنانیان لە دەستووری ولاتدا بۆ یەکسانی و بەشداری لە هەموو بوارەکاندا کردوەتەوە، بەلام ئەم کارە تەنیا لە حەدی دروشمێکدا ماوەتەوە و بەشداری ژنان لە سیاسەت و رێبەری کردنی وڵاتانی ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک گەشەتی نەکردووە و رێی پێ نەدراوە.
سەدەی بیستەم بە هۆی گۆرانکارییەکان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و رۆشنبیری بە سەدەی “ژنان”ناسرابوو، بەڵام لە سەرانسەری جیهاندا بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراستدا بە دەست توندوتیژییە جۆراوجۆرەکان “له‌بازاڕی کار، لە باسی کۆچکردن. لە بازرگانیکردنی مرۆڤەوە، لە کوشتنی ناموسی” دەناڵینن. ژنان له رۆژهەلاتی ناوین تا ئێستاش دەبنە قوربانی هەڵاواردنەکان و نایەکسانی و توندوتیژییەکانی بنەماڵە. هەر ئەو رەوا نەدتین بە ژنان و ماف پێنەدانی وەک هەر هاوڵاتییەکەی ئاسایی بووەتە هۆی رێگرییەک بۆ گەشەنەکردنی ولاتانی ناوچەکە و جێیگیر نەبوون لە پرۆسەی دیموکراسی جیهانیدا.
ئاستی بەشداری ژنانی رۆژهه‌لاتی ناوین لە سیاسەت دا
بەشداری عامیانەی خەڵک لە بواری ساسیدا کە زۆر جار بە ئوتوماتیک ئەو بەشداربوونە روودەدات، یەکێک لە ئەنجام و دەستکەوتەکانی قۆناغەکانی بەرەپێشچوونی دیموکراسییە، کەواتە بەشداری سیاسی بە یەکێک لە پێوەرەکانی سەرکەوتنی گەشەکردنی هەژمار دەکرێت. ژنانیش وەک بەشێک لە نیوەی هێزی مرۆیی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئەو پشێکەوتنەن. پیاوان تا ئێستا نەیانویستووە یان نەیانتوانیوە بە شێوەی پێویست پشتیوانی لە ژنان بکەن، لە ئەنجامدا بەشداری ژنان لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەت سیاسەت زەرورییە و بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین رۆڵی کەمی ژنان لە کاروباری ساسیدا دەبێتە دواکەوتووی دیموکراسی لە کۆمەڵگەدا.
لە هەمان راستادا بەدواداچوون بۆ دۆخی ژنان لە وڵاتانی ئیسلامی، بەتایبەت وڵاتانی رۆژهەلاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا نیشانی دەدات کە ژنان لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا لە بەشداربوونی بەرفرەوان لە بواری سیاسی‌دا رۆڵ نابینن، بەو پێیە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین کە لە رێگای یارمەتیدەری هێزی ژنانەوە دەیانتوانی زۆر بە ئاسانی هەنگاو بۆ پێشکەوتن هەڵبهێننەوە مەحروم بوون و ژنان لەو وڵاتانەدا وەک سەرچاوەیەکی دەست لێنەدارو ماونەتەەوە. بۆیە ئەو وڵاتانە لە رووی پێشکەوتنەوە پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بە خۆوە نەدیتوە.
نەخوێندەواری ژنان کە دەتوانێ هۆشیاری ژنان لەو بوارەدا لاوازتر بکات و ببێتە رێگرییەک بۆ هێزی بەرچاوتری ژنان لە بەشداری سیاسی‌دا. بە گوێرەی ئامارەکانیش، بەشداری ژنان لە رۆژهەلاتی ناڤین‌دا زۆر کەم دەبینرێ بە شێوەیەک کە کەمتر ژنێک دەبینرێ بووبێتە وەزیرێک یان لە ناوەندی بڕیارداندا بتوانی کاریگەر بێ، لە وڵاتێکی وەک سعودیەش ژن مافی دەنگدانشی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆرانکاری بەسەرداهاتووە و بە بەراورد لەگەڵ دەیەی ٨٠ و نەوەدەکان هەندێک لە ولاتان گرینگی زیاتریان بە بەشداری ژنان داوە لەوانە بەحرێن و کوێت.
ئەو وڵاتانەی کە ژنان بەشدارییان زۆر کەمڕەنگە و که‌متر ژنێک ده‌بینرێ که پۆستێکی بالای ههبێو له نیو وه‌زیره‌کانی هه‌ر یه‌ک له‌و وڵاتان ده‌رسه‌دێکی زۆر که‌م ژنان ئه‌و پۆسته وه‌رده‌گرن،، بۆ نموونە له پاکستان ته‌نیا ژنێک بووه به وه‌زیر، له کوێت ژنێک، عەمان ژنێک، عراق ژنێک… ئەمەش نیشانەی بەشداری کەمرەنگی ژنانە لە سیاسه‌ت و ناوه‌نده‌کانی بڕیارداندا.
لەو جێگەیەوە کە نایەکسانی نێوان ژنان و پیاوان بۆ بەشداری لە سیاسەت بەرهەمێکی مێژوویە و بە دروشم و وا بە ئاسانی چارەسەر نابێ، بۆیە گرتنە بەری رێگای کرداری و پلان دانان بۆ زیاتر بەشداربوونی ژنان پێویستە و دەبێ لایەنه سیاسەکان هەر چی زووتر هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر بە بەشداری سیاسی ژنان نیشان بدەن و ئەوەش بەدەست نایەت تا ئەو کاتەی کە رێبەرانی سیاسی و لایەنەکان بگەنە ئەو باوەڕەی کە کۆمەلگەیەک کە نیوەی ئەندامانی خۆی بە نمرە دوو دابنێ و لە بنەرەتدا بەشدارییەکی کەمتر لە پیاوانی دابنێ، هەرگیز ناتوانن بنەماکانی دیموکراسی جێ بکاتەوە و ناتوانن بە دەستکەوتە خوازراوەکانیان بگەن.
دۆخی کۆمەڵایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین
نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان لە رۆژهەلاتی ناویندا بە جۆرێکە رێگە بە ژنان نادات وەک ئەندامێکی بنەماڵە چێژ لە مافەکانی خۆی لە کۆمەلگەدا وەربگرێ، بە واتایەکی تر، ژنان وەک ئەندامێکی تەواو لە کۆمەلگەدا قبوڵ ناکەن. ناتوانین خۆمان لەو راستییە بێبەری بکەین کە ئەو بێبەشکردنانەی ژنان ریشەی لە باوەڕە کلتووری و مەزهەبیەکانی کۆمەلگەدایە. لە بارودۆخیدا وەهادا ژنان لە لایەن بنەمالەی خۆیانەوە دەکەونە ژێر گوشار و بەدەست هەلاواردنە یاسایی و مافەکانەوە دەنالێنن.
ژنانی وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست مافێکی زۆر کەمیان بۆ رۆل گێران وەک تاکێکی کۆمەڵگە پی دەدرێ و ئێستاش لە نێوان مافی ژن و پیاودا جیاوازییەکی زۆر دەبنیرێ. لە راستیدا ئەوە پیاوی بنەمالەیە کە بڕیاڕ بۆ ژن دەدات. کلتوور و هزری سوننەتی لە رۆژهەڵاتی ناویندا بە جۆرێکە کە بنەماڵەکان لە دابینکردنی پێداویستی و پشتوانیەکان لە نێوان منداڵەکانی خۆیان ئەولەویەت بە کوڕەکان دەدەن و ئەوەش خۆی بەشێکی زۆری کچان لە پەروەردەو فیربوون بێبەش دەکات. لە زۆربەی بوارەکاندا ژنان رۆڵی خۆیان وەک ئەندامێکی کاریگەر لە کۆمەلگەدا لە دەست دەدەن، چونکە لە تەمەنێکی زۆر کەمدا ناچار دەکرێن ژیان هاوسەرگیری پێک بێنن و لە دوماهیشدا بە بوونی چەند منداڵ لە ماڵەوە خانەنشین دەکرێن و لە بازنەی کۆمەڵگەیدا پاک دەبنەوە و کاریگەریان نامێنێ.
کەسانی چالاک و ئازادیخواز هەم دەتوانن و هەم ئەو بەرپرسایەتیان لەسەر شانە کە بۆ باشتر بوونی مافی ژنان دەستپێشخەری بکەن بە پشتیوانی لە یاساکان و زەمینەنسازی بۆ گۆڕانی ئەو کلتووری بینیبە بەرانبەر بە ژنان و بەرگری لە مافی ژنان لە کۆمەلگەدا بکەن.
دۆخی ئابووری ژنانی رۆژهەڵاتی ناوین
رۆژهه‌ڵاتی ناوین به به‌روارد له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی دیکه‌ی جیهان له نزمترین ئاستی به‌شداری ئابووری ژناندایه. گۆرانکارییه‌کانی ده‌یه‌ی 90 گوفتمانی جنسیه‌تی له‌و ناوچه‌یه کاڵتر کرده‌وه، به‌لام له‌ناونه‌چووه و له زۆربه‌ی ناوچه دووره ده‌سته‌کان هه‌ر کۆت و به‌ندن بۆ ژنان، بۆیه له‌کاته‌وه تا ئیستا ناتوانین بلێن ته‌نیا پیاو نانهێنه‌ری بنه‌ماله‌یه بگره ژنیش به‌شداره، به‌لام به شێوه‌یه‌کی که‌متر که هۆکاری خۆی هه‌یه و له چه‌ند خالێکدا ئاماژه‌ی پێ ده‌که‌م.
له ده‌یه‌ی 1980دا ده‌رسه‌دی کارکردنی ژنان زۆر که‌م بوو، به شێوه‌یه‌ک ته‌نیا 15% بوو. له کاتێکدا له وڵاتانی رۆژهه‌لاتی ئاسیا 60% بووه. به‌لام دواتر له ده‌یه‌ی نه‌وه‌دا به‌شی ژنان له هێزی کار گه‌یشته 28% به‌ڵام ئه‌وه‌ش له وڵاتێکه‌وه بۆ ولاتێكی دیکه جیاوازی هه‌بوو بۆ نموونه له سعوودیه ته‌نیا 5% بووه و که‌مترین ده‌رسه‌دی به‌شداری ژنانه له بواری ئابووری. له کاتێکدا که ژنان نیوه‌ی کۆمه‌ڵگه پێک ده‌هێنن. له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، ژنان زۆرتر پییان خۆشه له به‌شی حکوومه‌تی کار بکه‌ن. هه‌روه‌ها له به‌شداری ئابووری ژنان له رۆژهه‌لاتی ناویندا ناتوانین ئاماژه به پێوه‌ندی نه‌وت نه‌ده‌ین. ئاستی به‌شداری ژنان له هێزی کاری ولاتانی وه‌ک ئێران، عێراق و سووریا که سه‌رچاوه‌ی نه‌وتیان زۆره، که‌متره. هۆکاریکی دیکه له له رێگرییه‌کانی به‌شداری ژنان وه‌ک هێزی کار زۆربوونی ئاستی بێکارییه. له کاتێکدا که فورسه‌تی کاری که‌م ده‌بێ ئیدی بۆ کارکردن ئه‌وله‌ویه‌ت به پیاوان ده‌درێ.
به‌شداری که‌می ژنان له هێزی کاری رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا به یاسای بنهمالهشهوه کاریگه‌ره. پرنسیپی بنه‌ماڵه‌یی زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین محافزه‌کارانه، بۆ نمونه له ولاتێکی وه‌ک ئوردن باب ده‌توانی دوای هاوسه‌رگیریش کچه‌که‌ی کۆنترۆل بکات و ئیجازه‌ی کاری پێ نه‌دات، له ئاستی جیهانیشدا که‌می به‌شداری ژنانه وای کردووه که له گۆڤاری ئه‌مریکایی وه‌ک فۆریس که هه‌موو ساڵێک لیستی سه‌د که‌سی به‌هێزترین ژنانی دنیا بلاو ده‌کاته‌وه که‌متر ده‌بینرێ ژنێی رۆژهه‌لاتی ناوین جێی خۆ بکاته‌وه و ئه‌مه‌ش بۆ که‌می به‌شداری ژنان له بواری ئابووری ده‌گه‌رێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی رۆژێک ژنێکی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست له‌و لیسته‌دا ببینرێ، پێوسته گۆرانکاری له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا “کلتوور، مه‌زهه‌ب، هتد…” بکرێ.
گرنگترین هۆکار که ده‌توانی یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ هاتنه ده‌ره‌وه له‌م دۆخه، گۆرانکاری له یاسای جنسیه‌تی له‌و ناچهیهدایه، هه‌روه‌ها هۆشیاری زیاتر و گرنگی دان به سیستمی په‌روه‌رده بۆ پر زانیاری کردنی ژنان و گۆرانکاری له یاسای کاردا و هه‌وڵی ئه‌و ده‌وله‌تانه بۆ نزیکبونه‌وه له ئابووری جیهانی.
به بوونی ئه‌و که‌موکورییانه‌ی که ئاماژه‌م پێکردن، به‌لام ئاینده‌یه‌کی باشتر بۆ ژنان له ولاتانی رۆژهه‌لاتی ناوین و به‌شی میدیته‌رانه دبینرێ، به جۆرێک که هه‌موو ئه‌و ولاتانه به هۆی گوشاره ده‌ره‌کی و ناوه‌خۆییه‌کان له گۆرانکاریدان و ده‌یانه‌وێ فه‌رهه‌نگه سوننه‌تییه‌که که هه‌موو شتێک له چاوی پیاوانه‌وه ده‌بینێ کالتر بکه‌نه‌وه. هه‌وه‌رها ژنایی رۆژهه‌لاتی ناوین له جاران زیاتر به یاسا مه‌ده‌نییه‌کانی خۆیان ئاشنان و خواستی خۆیان هه‌یه و پێداگیر له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان ده‌که‌ن.
رۆڵی ژنان له یاساکاندا
یه‌ک سه‌ده پێش ئیستا، بزووتنه‌وه‌کانی ژنان له رۆژهه‌ڵاتی ناویندا به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌رکه‌وتن و یه‌کێک له ئامانجه‌کانیشیان هه‌نگاونان بوو بۆ گۆرینی زۆرێک له‌و یاسانه‌ی که پیاوانه دانراون و دژ به ژنان و به‌مه‌ش بتوانن زیاتر له یه‌کسانی ژن و پیاو نزیک ببنه‌وه.
یاساکانی شه‌ریعه‌ت، جێگای مێژوویی ژنانی له نه‌هاده دینی و چاکسازییه‌کاندا که له لایه‌ن حکومه‌ته‌کانه‌وه ئه‌نجام ده‌درا هه‌مووی کاریگه‌ری له‌سه‌ر لاوازی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌و ناوچانه‌دا هه‌بووه.. ته‌نیا له‌و وڵاتانه‌ی که قانونی شه‌ریعه‌ت به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو که‌م بووه‌ته‌وه وه‌ک تورکیه دۆخی ژنان به‌ره‌و باشتر چووه، به‌ڵام ئێستاش ژنان به هۆی کلتووری زاڵی پیاو سالارییه‌وه ده‌ناڵێنن.
له کۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا ، هێنانه ژێر پرسیاری شیکردنه‌وه‌کانی ئارتۆدۆکس له شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا،”چ سوننه یان شیعه” که زۆرێک له یاساکانی پێوه‌ندیدار به ته‌لاق، فره ژنی، خاوهدندارێتی منداڵ، ئیرث، حیجاب که له‌وانه‌وه هه‌لده‌قوڵێ، به مانای کفر کردن و راوه‌ستان له به‌رانبه‌ر پیرۆزییه‌کانی ئایین داده‌نرێ. ژنانی چالاک له درێژه‌ی هه‌وله‌کانیان بۆ گۆرانکاری له یاساکانی پێوه‌ندیدار به ژنان که مێژووی زۆربه‌ی ئه‌و یاسانه بۆ بنه‌ما دینییه‌کان ده‌گه‌رێته‌وه له‌لایه‌ن ناوه‌نده روحانیهکانهوه و زۆربه‌ی جاریش حکومه‌ته‌کانه‌وه رووبه روو ده‌بن.
به‌داخه‌وه له مێژووی ولاتانی رۆژهه‌لاتی ناویندا که مێژوییه‌کی ئیسلامی به‌سه‌ریدا زاڵه و هیچ کات ژنانی جێگه‌یه‌کیان نه‌بووه و هه‌مو وشیکردنهوهکانیش پیاوانه بوون، بۆیه له ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوودا له‌و به‌شه‌ی که پێوه‌ندی به مافی ژنان، سنووردارکردنی ژنان، فره ژنی و ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیرییه‌وه هه‌یه. چاکسازی زۆر که‌م کراوه و هه‌میشه گفتوگۆیه‌کی ئالۆزانه له نێوان حکومه‌ت و که‌سانی داخوازی ئه‌م گۆرانکارییانه دروست بووه، به‌لام هه‌ندێ گۆرانکاری له یاساکاندا کراوه که له خواره‌وه ئاماژه پی ده‌که‌م له‌وانه‌ه.
تورکیه له پێشه‌وه‌ی ئه‌و ولاتانه له چاکسازی یاساییدا که توانی گۆرانکارییه‌کی به‌رچاو بکات بو یاسای شه‌ریعه‌تییه‌کان به یاسا مه‌ده‌نیه‌کان بگۆرێته‌وه هه‌ر چه‌ند ژنان تووشی هه‌ڵاواردن ده‌بنه‌وه، به‌لام له چوارچێوه‌ی یاساییه‌کی سوننه‌تی دا نه‌ما. هه‌روه‌ها به هه‌وڵدانی رێکخراوه جیهانیه‌کانی مافی مرۆڤ له ولاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رستدا گۆرانکاری زۆر له یاساکاندا رووی داوه و ده‌توانین ئاماژه به چه‌ند ولاتێک بکه‌ین له‌وانه ئوردن که له مادده‌ی “340” له یاسای ئه‌و ولاته بوو که به پیی ئه‌و مادده یه هه‌ر ژنێک که فه‌سادی ئه‌خلاقی کردبا جا کچ یان خوشک یان دایک، پیاوی بنه‌ماڵه ده‌یتوانی ئه‌و بکوژێت و هیچ سزایه‌کی یاسایی نه‌درێ و به‌م شیوه‌یه گۆرینی یاساکان له ئوردن له ساڵی دا2001 ده‌ست پێ‌کرد و گۆرانکاری کراوه. هه‌روه‌ها جێکردنه‌وه‌ی یاسای ده‌نگدانی ژنان له‌وانه کوه‌یت و عێراق له ساڵی 1958، میسر 1956، تورکیا 1934 زۆربه‌ی ولاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ش مافی ده‌نگدانی ژنیان دا.
له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی زۆر له‌و گۆرانکارییانه ده‌بینرێ، به‌لام له وڵاتیکی وه‌ک ئێران یان ئه‌فغانستان ده‌توانی بڵێن که سنوره‌کان بۆ گۆرانکاری ته‌واو به‌ستراوه و ژنان زیاتر له پێشوو تووشی توندوتیژی و کۆت و به‌ندی یاسایی ده‌بنه‌وه.
چالاکانی ژن ئه‌وه‌یان بۆ سه‌لمێنراوه که ده‌بێ به یه‌کده‌نگی له‌گه‌ل ژنانی دیکه بتوانن چاکسازییه‌کان بکه‌ن به ئه‌نجامه گه‌یشتوون که ده‌بێ زوومی خۆیان زیاتر له بواری یاسایی بکه‌ن، چونکه ئه‌گه‌ر له بواری یاسایی مافی ژنان و پیاوان به‌رابه‌ر نه‌کرێت، ناتوانن له مافی هاولاتیبوون به‌هره‌مه‌ند بن. به‌لام ئه‌وه‌ش ئه‌و پرسیاره دروست ده‌کات که ئایا ئه‌و داواکارییانه و گۆرانکارییه یاساییانه له چواچێوه‌ی شه‌ریعه‌تی ئه‌و وڵاتانه به ده‌ست دێن یان ته‌نیا له چوارچێوه‌یه‌کی یاسای وڵاتێکی سێکۆلاری یاسایی به‌ده‌ست دێن که ئه‌وه باسێکی دیکه‌و ده‌توانرێ باسی له‌سه‌ر بکرێت و گرنگی پی بدرێ. به شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانین دۆخی ژنان له رۆژهه‌لاتی ناویندا به‌و شێوه‌یه کورت بکه‌ینه‌وه:
1.به‌شداری سیاسی ژنان له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا له خواره‌وه‌یه به‌رانبه‌ر به‌وه‌ی که نیوه‌ی کۆمه‌ڵگه پێک ده‌هێنن. 2.ژنان له بازاری کاردا به به‌روارد له‌گه‌ڵ پیاوان له جێگه‌یه‌کی خوارتره‌وه‌ن. 3.دۆخ و پێگه‌ی ژنان له هه‌موو وڵاتانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا له خوار پیاوانه‌وه‌یه. 4.ژماره‌ی ژنانی نه‌خوێنده‌وار له پیاوان زیاتره. 5.له‌و کۆمهلگهیهنهدا ژنان به ئاراسته‌ی کاری تایبه‌ت وه‌ک مامۆستایی و کار له نه‌خۆسخانه‌کان زیاتر ئاراسته ده‌کرێن. 6.ژنان به‌رانبه‌ر کاری یه‌کسان موچه‌ی که‌متر له پیاوان وه‌رده‌گرن. 7.هێندێ له باورهکان و عاده‌ته مێژژوی و کلتوورییه‌کان له سه‌رانسه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌دا زۆرتر له به‌رژه‌وه‌دنی پیاواندایه. 8.له سه‌رانسه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا په‌روه‌رده و خوێندنی ئاینی و غه‌یره ئاینی زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ده‌سته‌لاتی زیاتری پیاوان ده‌کاته‌وه. 9.چاکسازی یاسایی له وڵاتانی ناوچه‌که له‌باره‌ی ئیرث، ته‌ڵاق، هاوسه‌رگیر، سه‌رپه‌رشتی مندالان و هێندێک له یاساکانی تر پێویسته.
له کۆتاییدا:
به شێوه‌یه‌کی گشتی ئاماره‌کان و راستییه‌کان ئه‌وه ده‌ڵێن که بوونی ژنان له بواره‌کانی، سیاسی، ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا که پێشتر ته‌نیا پیاوانه داده‌نران به‌ره‌و گه‌شه‌کردن و گۆرانکاری ده‌چن، هه‌ر چه‌ند ناتوانین ئه‌وه به سه‌دا سه‌د بڵین، که کێشه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه چاره‌سه‌ر بووه، به‌لام ناشتوانین ئینکاری”که‌تمان” ئه‌وه بکه‌ین که به‌شداری زۆری ژنان له بواره گرینگه‌کان به بوونی هه‌موو هه‌ڵاواردنه‌کانیشه‌وه به تواناتر بووه و وا ده‌کات ژنان باوه‌ڕبه‌خۆبوونێکی زۆریان هه‌بێ بۆ به‌ده‌ستهینانی شوناسێکی سه‌ربه‌خۆ و باشتربوونی دۆخه‌که، که هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
سه‌رچاوه‌کان:
- محمدحسین حافظیان/ “زنان خاورمیانه در حوزه عمومی”، کتاب ماه علوم اجتماعی
- بی‌بی‌سی فارسی/ جنبشهای زنان در خاورمیانه
- تغییر برای برابری/ زنان در خاورمیانه
- سهیلا وحدتی/ دموکراسی خواهی ما و جنبش زنان
- شرابی، هشام/ پدرسالاری جدید، ترجمه احمد موثقی
- مهدی ذاکریان، حقوق بشر و خاورمیانه
- مسائل زنان در خاورمیانه/ مرکز مطالعات زنان در خاورمیانه، امیر جعفری
- همشهری/ نقش زنان در اقتصاد خاورمیانه
- خشونت زنان در خاورمیانه/، ناهیده جعفرپور
- پایگاە تحلیلی علمی/ نقش زنان در مشارکت ساسیی
- مؤسسة فريدوم هاوس/ حقوق المرأة في الشرق الأوسط وشمال أفريقيا
- د. نورة خالد السعد / العرب نیوز/ تقییم حریه المرآه فی الشرق الآوسط
- ﺛﻤﻴﻨﺔ ﻧﺬﻳﺮ ﻭﻟﻲ ﺗﻮﻣﺒﻴﺮﺕ/ حقوق ﺍﳌﺮﺃﺓ ﻓﻲﺍﻟﺸﺮﻕ ﺍﻷﻭﺳﻂ/ المواطنه و اڵعداله