سلێمانی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

سلێمانی (بە کوردیی باکووری: Silêmanî، بە عەرەبی: السلیمانیة‎) شارێکی باشووری کوردستانە کە ناوەندی پارێزگای سلێمانییە.

بەئینگلیزی بە ھەردوو شێوەی Sulaymaniyah و Slemani دەنووسرێت. ئیبراھیم پاشای بابان لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٧٨٤ سلێمانیی دامەزراند، کاتێک پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستووە بۆ سلێمانی.

شاری سلێمانی لەپاش ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ەوە فراوانبوون و پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئێستا وەک یەکێک لە شارە ھێمن و خاوێنەکان لە عێراق بەناوبانگە.

بەو ھۆیەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە خەڵکێکی زۆر ڕوویان تێکردووە و بووە بە پەناگەی ئەو ھاوڵاتییانەی کە لە خوارووی عێراق و ناوچەکانی ناوەڕاستەوە ڕوو دەکەنە ئەو شارە.

Slemani.jpg

سلێمانی زانکۆیەکی گەورەی ھەیە کە بە زانکۆی سلێمانی ناسراوە. بە دووریی ٦٠ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە، بەنداوی دووکان ھەیە کە یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی عێراق.

سلێمانی بە ھاوینەھەوارەکانی وەکوو ھاوینەھەواری ئەحمەدئاوا، سەرچنار، بەنداوی دووکان، سەرتەکی بەمۆ، کونەماسی، ئەزمڕ و قەرەداغ و چەندین ھاوینەھەواری دڵڕفێنی دیکەش بەناوبانگە.

ئەم شارە لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و پێداچەسپاندنی خۆیدا لە کۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتۆتەوە.

لەوانە (نالی، مەحوی، پیرەمێرد، گۆران، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، سالم، کوردی، ئەمین زەکی بەگ، فایەق بێکەس، زێوەر، تۆفیق وەھبی، وەلی دێوانە، کاک ئەحمەدی شێخ.. ھتد) و سەدان نووسەر و شاعیری تریش.

شاری سلێمانی لە ١٤ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان ەوە ئاوەدانکراوەتەوە. ئیبراھیم پاشا بابان شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە.

سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکە.

363626.jpg

شێوەزاری سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١ و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری عێراقی ئەمڕۆ.

لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە. شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا. بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی ١٩٥٥ پانی ڕووی شاری سلێمانی ٢٠ میلیۆن و ٢٥٠ ھەزار مەترە و ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە ٦٠ ھەزار کەس و نزیکەی ٧ ھەزار خانووی تیادایە. لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتووە ئەوانیش کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەکی جوولەکانی جارانیش کە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەکی سەرشەقام.

بابانییەکان و سلێمانی

بەر لەوەی بنەماڵەی بابانییەکان بیر لە دروستکردنی شاری سلێمانی بکەنەوە، میرنشینەکەیان لە ناوچەی قەڵاچوالان بوو، لەگەڵ بەرفراوان بوونی میرنشینەکە، جموجوڵی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شارستانی لە ناوچەکەدا دەستی پێکرد، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژیی لە نێوان فارسەکان و عوسمانییەکاندا ھەبوو، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیکی لە سنووری ئێرانەوە، شوێنێک بوو ببوە مەترسی شەڕ و پێکدادانی نێوان لەشکری فارس و عوسمانییەکان بۆیە ھەریەکە لە (نادر شا و سوڵتان مەحمودی یەکەم) لە ھەوڵی ئەوەدا بوون ئیمارەتی بابان بە لای خۆیاندا ڕابکێشن، کێشمەکێشی ناوخۆیش لە نێو بنەماڵەی بابانییەکان و ئیمارەتە کوردییەکاندا بۆ کورسی و دەسەڵات ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست کردبوو، ئەمەش وای کرد مەحمود پاشای بابان ساڵی (١٧٨١)ی زایینی بیری لەوە کردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بۆیە سەرای حکومەتی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروستکرد، دواتر ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی (١٧٨٣)دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەکەی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی (١٧٨٤)دا لە دروستکردنی شاری سلێمانی کۆتایی ھات، لە ھەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختی ئیمارەتەکەیان گواستەوە سلێمانی.

2211439492329650.jpg

لە ساڵنامەی (١٩٥٥)ی سلێمانیدا کە لە (ڕۆژنامەی ژین) دا بڵاوکراوەتەوە ھاتووە: ئیبراھیم پاشای بابان خۆی حوکمداری شاری قەڵاچوالان بووە، لەبەر ناخۆشی و تەنگیی شوێنەکە و لە ترسی ھێرشی دوژمن بەتایبەتی لە نادر شای حوکمداری ئێران کە گەلێ جار ویستویەتی ھەڵمەت بەرێتە سەری دەستبەسەری بکات، بە ناچاری شار و شوێنی ھەڵسوڕانی کاروباری وڵاتەکەی گواستەوە ئەم شوێنە کە ئێستا شاری سلێمانییە.

بەردەرکی سەرا

بەردەرکی سەرا

میرەکانی بابان لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی جێگەیەکیان تەرخان کردووە بۆ بارەگای بەڕێوەبردنی دەسەلاتەکەیان ناسراوە بە سەرا. پێدەچێت بیرکردنەوە لە دروستکردنی ئەم سەرایە لە ئەنجامی ئەوەوە ھاتبێت دوای دامەزراندنی حکومەتی دەوڵەتی مەلیکنشینی بۆ پێگەی ئیدارەی فەرمانگەکانی لیوای سلێمانی ئەو کاتە ئامادەکرابێت.

ئەم سەرایە لە ساڵی ١٩٢٦–١٩٢٨ لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستکراوە کە پێکھاتووە لە دوو نھۆم و ٤٣ ژوور، چەندین جار کاری چاکسازیی تیادا کراوە بۆ سوودوەرگرتن لە نیشتەجێبوون و بەڕێوبەرایەتیی فەرمانگەکانی شار.

پاشان تەرخان کراوە بۆ پێگەی ئیداریی پۆلیس و قایمقامیەت ئێستا لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی بۆ گەڕانەوەی شێوازە ڕەسەنەکەی نۆژەن کراوەتەوە بۆ مۆزەخانەیەکی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی شاری سلێمانی و شانازییەکانی ڕابردووی ئەم شارەی تێدا دەپارێزێت

ئاو و ھەوای ناوچەی سلێمانی بە زۆری لە ئاو و ھەوای ناوچەی دەریای ناوەڕاست ئەچێت تەنیا ناوچەکانی چەمچەماڵ و دەشتی کەلاریان لێدەرچێت. پلەی گەرمای ھاوین ئەگاتە (٣٩) پلەی سەدی و ئەگەر بەرەو خۆراوا ببیتەوە تا (٢٤)نزم ئەبێتەوە.

I47mages (9).jpg

ئەمە بە شێوەیەکی گشتییە بەڵام ھەندێک ساڵ بەرزترین پلەی گەرما لە ھاوین دا سنووری (٤٥) پلەی سەدیش ئەبەزێنێت.

بای لە ھەر چوارلاوە بۆ دێت. جاران لە دوانزە مانگی ساڵدا ھەشت مانگ بارانی تیا دەباری بەڵام ئێستا وەک بەشێک لە دیاردەی گەرم بوونی زەوی ماوە و ڕێژەی باران بارینی تیا کەم بۆتەوە. تێکڕای گشتی باران بارین لە ساڵێکدا لە نێوان (٤٠٠-ـ٦٠٠ملم). بێگومان لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانیدا ئەگاتە ١٠٠٠ ملم و ھەندێکجار زیاتریش.

شاری سلێمانی ٨٥٣م لە دەریاو بەرزە. ھەر لە ناو شاری سلێمانی دا بەرزی و نزمی و گردۆڵکەی زۆر ھەن (ھەوارە بەرزە، گردی عەلی ناجی گردی گەڕەکی ئەندازیاران، گردی سەرچنار و گردەکانی تر) ئەمانە بە شوێنی بەرز دائەنرێن بەڵام سلێمانی کۆن وەک دەگەرزێن و چوارباخ و کانێسکان و سەرچنار و سەرشەقام تا بەرەو خوارە بێتەوە ھەر دوو چەمی تانجەرۆ و قلیاسان نموونەی ناوچە نزمەکانی سلێمانین.

جیاوازی نێوان لوتکەی گۆیژە و دەوروبەری چەمی قلیاسان ٨٧٨م ئەبێت. واتە گۆیژە نزیکەی ١کم لە باشووری سلێمانییەوە بەرزترە کە ئەمە جیاوازییەکی زۆرە و گەلێک کار ئەکاتە سەر ئاو و ھەوا و پەیدابوونی ڕەشەبا.

ئاو و ھەوای شاری سلێمانی پلەی گەرما لە ھاوینی ١٨٢٠دا وەک گەشتیاری بەناوبانگ (میستەر ڕیچ) لە دوای نیوەڕۆدا گرتویەتی لە ڕۆژی ١٧ی تەموزدا (٣٥) پلەی سەدی بووە، بێگومان ئێستا ئاو و ھەواکەی گەرمترە و خۆی ئەدا لە ٤٥ پلەی سەدی. لە زستاندا لە بەکرەجۆی نزیک سلێمانی تێکڕا (٣، ٥) پلەی سەدییە. بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت دوای بەفربارین و لە چلەی زستان دا چەند پلەیەک دێتە ژێر سفرەوە.

تەوژمی پاڵەپەستۆی ھەوا و پلەی گەرما پێچەوانەی یەکترن. واتە ھەتا پلەی گەرمی بەرزتر بێتەوە (با) یاخود (ھەوا) ئەکشێ و بۆشایی تیا پەیدا ئەبێت و قورسای کەم ئەبێتەوە، بەوە تەوژمەکە کەم ئەبێتەوە بۆیە گەرما کاریگەرترین شتە لەسەر پاڵە پەستۆی ھەوا ھەر ئەمەشە وای کردوە سلێمانی بە شاری ڕەشەبا بناسرێت. ھەوای سلێمانی (شێدار) نییە چونکە دوورە لەدەریاوە.

جوگرافیا

شاری سلێمانی دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی (٣٤ – ٣٦) پلە لەسەر ھێڵی کەمەر و ھێڵی درێژی (٤٥ – ٤٦) پلە لە ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە، واتە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی باشوورەوە.

سلێمانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە بە زنجیرە شاخی ئەزمڕ (١٧٠٠م)، گۆیژە (١٥٢٥م) و قەیوان دەورە دراوە، لە باشووریشەوە بە چیای بەرانان (١٣٧٣م) و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەکات کە درێژییەکەی ٤٥کم و پانییەکەی ١٥کم.

130506.jpg

لە ڕۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە گەمارۆی داوە. شاری سلێمانی ٨٥٣م لە ئاستی ڕووی دەریاو بەرزە و ئاوو ھەواکەی بە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە و ھاوینیشی وشک و گەرم و بێبارانە، جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان پلەکانی گەرمای شەو ڕۆژ و وەرزەکانی ساڵیدا بەدی دەکرێت.

شاری ڕۆشنبیری

شاری سلێمانی بە ڕای زورێک لە خەڵکی کوردستان بە شاری ڕۆشنبیریی کوردستان دەناسرێت.

ئەوان وا دەزانن کە ئەو بەرفراوانییەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، کە ھەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون و ڕۆڵی مزگەوت و حوجرەش کەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ کوچکەی بابان، نالی و سالم و کوردی قوتابحانەی شیعری بابان درووستدەکەن و ئەگەر ئەو قوتابخانەیە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گەلێک دیمەنی لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی کوردیدا نەمابێت، ئەوا فۆرمی ئەدەبیاتی کوردی ئەمڕۆ ئەوا ھەر بەرپێشچوونی فۆرمی ئەو ئەدەبەیە، ئەو زارەی پێی دەنووسرێت ھەر ئەو زارەیە، زۆربەی گەورەنووسەرانی ئەو سەردەمە وەک: نالی، سالم، کوردی، مەولانا خالید، مەلا عەبدوڵلای بێتوشی، شێخ مارفی نۆدێی، سەید ئەحمەدی نەقیب، شێخ حسێنی قازی، حاجی مەلا ئەحمەدی دێلێژە، محەممەد فەیزی زەھاوی، جەمیل سدقی زەھاوی، مەلا ساڵحی حەریق، ساڵح ئەفەندی ئاھی، تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، عەلی بەردەشانی، زێوەر مەلا عەبدوڵلا، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و چەندین نووسەر و شاعیری دوای ساڵی پەنجاکان بوون بە بەشێکی گرینگ لە ئەدەبی کوردی ھاوچەرخ لە کوردستاندا.

ھەرچەند ھەندێک لەمانە لە نێویەکدا بەھۆی تەسەوفەوە ناکۆکیان لە نێواندا ھەبووە کە دیارترینیان شێخ مارفی نۆدێ کە بووە دوژمنی سەرسەختی مەولانا خالید.

لەدوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ چەند ھونەرمەندی بەناوبانگی تر لە سلێمانی ھەڵکەوتن کە ڕۆڵیان بوە لە شەپۆلی نوێی ئەدەبی کوردیدا، لەوانە: مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، بەرزان ھەستیار، گۆران بابە عەلی، زمناکۆ بورھان قانع، محەممەد موکری، قوبادی جەلی زادە و چەند ناوێکی تر.

ئەم بوارە بەرفراوانە ئێستاشی لەگەڵدا بێت سلێمانی تێیدا پێشەنگە و ھەمیشە ئەو نووسەر و شاعیرانە ڕۆڵی بەرچاویان لە بزوتنەوەی کوردایەتیشدا ھەبووە و بوونەتە داینەمۆی شۆڕشەکان، یەکێکی تر لە ئەو شتانەی کە سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری ناساندوە ئەوەیە کە یەکەم چاپخانە کە لە کوردستان کەوتبێتەکار لە سلێمانی بوە، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستان دەرچووبێت ھەر لەسلێمانی بووە.

ڤیدیۆ: