شێخ مەحموودی حەفید

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
HAFID.jpg

دامەزرێنەری یەکەمین حکومەتی کوردستان و قارەمانی شەڕی دەربەندی بازیان.

شێخ مەحموود حەفید کوڕی شێخ سەعیدی کوڕی شێخ محەمەدە بچکۆلەی کوڕی حاجی کاک ئەحمەدی شێخە.

ساڵی 1881 لە سلێمانی لەو بنەماڵە ئایینییە بەناوبانگە لەدایکبووە، دوای هەرەسهێنانی میرنشینی بابان دەسەڵاتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستانی کەوتە دەست ئەو بنەماڵەیە.

شێخ مەحمود بەمنداڵی خراوەتە بەر خوێندنو مامۆستایانی وەک عەبدوڵڵا ئەفەندی و عەبدوڵڵا زێوەر دەرسیان پێوتوە.

280695129.jpg

هێشتا منداڵ بووە کە لەگەڵ باوکیدا سەردانی ئەستەمبوڵی کردووەو لەوێ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم پێشوازی لێکردوون.

ساڵی 1908 بەپیلانی تاقمی ئیتیحادو تەرەقی لەشاری موسڵ شێخ سەعیدی باوکی و شێخ ئەحمەدی برای شەهیدکرانو ئیتر ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری بنەماڵەکە ئەکەوێتە ئەستۆی شێخ مەحمود کە لەو کارەساتەدا زۆر بەزەحمەت رزگاری ببوو.

شێخ مەحمودی حەفید وەک شەخسیەتێکی موسڵمان، ساڵی 1915 بەشدارییەکی کاریگەری کرد لە شەڕەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا دژ بە ئینگلیز لە ناوچەکانی کوت و شوعەیبە، بەخۆی و چەند سەد سوارێکی کوردەوە بەرگرییەکی قارەمانانەیان نواند.

ساڵی 1918 کاروباری شاری سلێمانی گرتەدەست.

لە 18-06-1919 دا ئینگلیز بە تۆپو فڕۆکە و هێزێکی گەورەی بێ شومارەوە بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ فرایزەر لە دەربەندی بازیان پەلاماری هێزەکانی شێخ مەحمودی دا.

لەو شەڕەدا هێزەکانی شێخ مەحمود قارەمانێتییەکی زۆریان نواند و قوربانییەکی گەورەیان بەخشی، بەڵام ئاکامی شەڕەکە بە سەرکەوتنی هێزەکانی ئینگلیز کۆتاییهات.

شێخ مەحمود بەبرینداری لە پاڵ بەردەقارەماندا دەستگیرکرا و لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵدا بڕیاری لە سێدارەدانی درا، بەڵام لەژێر گوشاری رای گشتی داو لەترسی بەرپابوونی شۆڕشێکی گەورەی کورد، ئەو حوکمە گۆڕا بە حوکمی دە ساڵ زیندانی و شێخ مەحمودیان دوور خستەوە بۆ هیندستان.

دوورخستنەوەی شێخ مەحمود بۆ ماوەی سێ ساڵ بارودۆخی کوردستان و ناوچەکەی ئاڵۆزتر کرد، بۆیە ساڵی 1922 رێیپێدرا بگەڕێتەوە کوردستان و هەر هەمان ساڵ شێخی نەمر لە سلێمانی حکومەتی کوردستانی دامەزراندو هەموو تواناکانی خۆی تەرخانکرد بۆ پتەوکردنی ئەو حکومەتە، بەڵام سیاسەتی ئەو سەردەمەی گەورە هێزەکانی دنیا دژی ئامانجەکانی گەلی کورد بوون و ئینگلیز بەتەواوی پشتگیریی لە دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق دەکردو لەشکرکێشییان ئەکردە سەر کوردستان.

SHEXMAHMUD.jpg

شێخ مەحمودی حەفید ماوەی چەند ساڵێک شەڕی پارتیزانی درێژە پێداو دوا جار لە ئاکامی گەلە کۆمەکێی هێزە ناوچەییەکانو هێزە گەورەکانی جیهان، شێخ مەحمود ساڵی 1926 دەستی لە چالاکی سیاسی و عەسکەری هەڵگرت و لە گوندی پیران دانیشت.

بەڵام کە راپەرینەکەی خەڵکی شاری سلێمانی لەرۆژی شەشی ئەیلولی ساڵی 1930 خڵتانی خوێن کرا، شێخ مەحمود دەستیدایەوە چالاکی دژ بەهێزی ئینگلیزو هێزی حکومەتی ئەو سەردەمەی عێراقو چەند نەبەردێکی تۆمار کرد، لەوانە شەڕی ئاوباریکو شەڕی کەناروێو شەڕی سورداش.

0013014 (1).jpg

بەڵام پارسەنگی هێزە عەسکەریی و سیاسییەکانی ئەو سەردەمە لەبەرژەوەندی کورد دا نەبوون، بۆیە شێخ مەحمود لەساڵی 1931دا کەوتە دەست دوژمنانی کوردو بە دەستبەسەری لەبەغداو ناوچەکانی تری عێراقدا خرایە ژێر چاودێرییەوە.

بەڵام لەبەر ناهاوکوفی لەچەکو تەقەمەنی و هێزی شەڕکەر بۆیە شێخی نەمر ناچاربوو لە رۆژی 1931.05.13دا خۆی بەدەستەوەبدات، پاشان دورخرایەوە بۆ بەغداو سەماوەو لەدواییدا بۆ ناسریه، دواتر گەڕێنرایەوە بۆ بەغدا، تاکو لەساڵی 1941دا لەکاتی شەڕەکەی رەشید عالی گەیلانی لەدژی بریتانیا خۆی لەژیانی دەستبەسەری لە بەغدا رزگارکردو گەڕایەوە کوردستانو چوو لە گوندی داری کەلی دانیشت.

ئەم گەورە پیاوەی کورد جگە لەوەی کە جێپەنجەی بەسەر هەموو رووداوەکانی ئەو سەردەمەی کوردستانو عێراقەوە هەیە، شەخسیەتێکی کۆمەڵایەتی گەورەش بوو.

خوێندەوارێکی بەسەلیقە و شاعیرێکی بەهرەداریش بوو.

پێکهاتەو حکومەت و دەزگا ئیدارییەکانی تری شێخ مەحمود نیشانەی ئەوەن کە ئەم پیاوە هەڵکەوتووە بایەخیداوە بە خەڵکی رۆشنبیر و زۆربەی ئەفسەر و شاعیر و رۆشنبیرانی کورد پەیوەندییان بەشۆڕشو حکومەتەکەیەوە کردووە.

شێخی نەمر لە خەباتی پارتیزانیشدا رۆڵی خوێندەوارو رۆشنبیری بەرز نرخاندووە، بۆیە چاپخانەکەی رۆژنامەی (بانگی کوردستان)ی لە ئەشکەوتی جاسەنه-دا جێگیر کرد.

بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەو سەردەمەی کوردستانو ناوچەکە ئەو راستییە ئاشکرا دەبێت کە لەرووی ئیداریی و عەسکەریی و دیپلۆماسییەوە شێخ مەحمودی نەمر هیچی کەمتر نەبووە لەو پاشاو ئەمیرانەی کە لەدەورو پشتی کوردستاندا پشتگیرییان لێکراوە.

مەلیکی کوردستان شێخ مەحمود رۆژی 1956-10-09دا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدا کۆچیدوایی کرد و تەرمی پیرۆزی بەڕیزێکی زۆرەوە لەناو ئاپۆڕەی خەڵکانی دڵسوزی شێخی نەمر و کورد و کوردستان لە تەنیشت گۆڕی کاک ئەحمەدی شێخ لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی بەخاک سپێردرا.

رێو رەسمی پێشوازیکردن لەتەرمەکەی و بەخاک سپاردنی بوونە پریشکی هەڵگیرسانەوەی راپەرینو خۆپیشاندان لەکوردستاندا.

کۆچیدوایی شێخ مەحمودی حەفید زیانێکی گەورەی بە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی خەڵکی کوردستان گەیاند، بۆیە زوربەی شاعیرانو نووسەرانی کورد شیعر و بەرهەمیان بۆ نووسیوە.