فریاد فازیل

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Feryad fazil.jpg

ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نیشتمان

ئەوەی مناڵی خۆی، گەڕەکی خۆی و شاری خۆی خۆش نەوێ، لە توانایدا نابێ، وڵاتە گەورەکەی خۆشی خۆش بوێ.

دکتۆر فریاد فازیل کوڕی عومەر ئاغا کوڕی سەلیم ئاغا کوڕی فەتاح ئاغا کوری میران ئاغا زەنگەنە لە ساڵی 1950/09/11 لەگەڕەكی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایكبووە‌.

دکتۆر فریاد كەسایەتییەكی تێکۆشەری مەزن و نیشتمان پەروەرو ونوسەر و زانا و ڕۆشنبیرو روناکبیری كوردستانە‌ ، جگە لە زمانی دایک زمانەکانی ئێرانیە کۆنەکان و ئێرانی ناوڕاست و ئاڤێستا و عوسمانی و ئەرمەنی و ئارامی تازە و (کلدانی) ئینگلیزی و ئەڵمانی و عەرەبی دەزانێت. ئەم زانایە خزمەتێکی زۆری بە زمان و ئەدەب و کولتور و مێژووی کورد کردووە ، بایەخی زۆری بە زمان و ئەدەبی کوردی داوە و جێ دەستی دیارو پرشنکدارەو بەردەوام لە درەوشانەوەدایە۰

قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی ‌و ناوەندی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە.

لە تەمەنی 16 سڵیدا و لە ساڵی 1966دا لەلایەن ڕژێمی عەرەبە نەتەوە پەرستەکانەوە خۆی وباوکی و دوو مامی بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بەڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستانەوە لە زیندانەکانی ئاسایش لە کەرکووک دەسگیرکراوە . سەش مانگ لە زینداندا دەمێنێێتەوە و ئەشگەنجە یەکی زۆر دەدرێ و چاوی راستی لە دەست دەدات.

ئەم زیندانیە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و گرنگ لە ژیان و هزری ئەودا. هەروەک خۆی دەفەرموێت، " نابیغەی عەقڵی مرۆڤی عیراقی لە زینداندا بوو"

دوای ئازادکردنی لە زیندان ، خوێندنی ئامادەیی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانە ئێرانیەکان لە حەفتاکانی سەدەی پێشوو لە زانکۆی بغداد بەدەستھێناوە. خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زمانی کوردی و تا ساڵی 1978 لە زانکۆی سلێمانی وانەی کوردی وتۆتەوە.

لە مانگی پێنجی ساڵی 1971 دا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب و نووسەر و ڕۆشنبیری لاوی ئەو سەردەمەی کورد لە شاری بەغدا کۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی کوردی لقی بەغداد دادەمه‌زێنن‌.

پەروانەی بێ پەروا شەیدای عیرفانە

دکتۆر فریاد لە کۆتایی ساڵی 1978 دەچێتە بەرلین و دەست بە خوێندنی زمانە ئێرانیەکان دەکاتەوە و لە ساڵی 1982 ەوە لە زانکۆی ئازاد لە بەرلین وانە بە خوێندکارانی زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی ئەڵێتەوە، لە هەمان کاتدا لە لێتوێژینەوەی زانستیدا زانا یە و زیاتر لە 20 ساڵ لە تەمە ن و ژیانی بۆ دانانی دوو فەرهەنگی گەورە ( لە زمانی کوردیەوە بۆ زمانی ئەڵمانی هەروەها لە زمانی ئەڵمانیەوە بۆ زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی) تەرخان کردووە کە نزیکەی 200000 وشە لە خۆئەگرێت و بەشێوازێکی زانستی نوێ داڕێژراون، ئەم کارە مەزنە بوە هۆی ئاسان کاری بۆ ئەو نوسەرانەی ئەدەبی ئەڵمانی بۆ کوردی یان کوردی بۆ ئەڵمانی وەردەگێڕن.

هەندێک لە بەرهەمی ئەم زانا پایەدارە، داستانی (مەم وزين) ی ئەحمەدی خانی یە کە چیرۆکێکی مێژوویی ئەڤیندارییە ، بە هەر دوو زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی وەریگێڕاوە. پێش ئەوەش دیوانی شاعیری مەزن (عەبدوڵڵا گۆران)ی وەرگێڕڕاوەتە، سەر زمانی ئەڵمانی. تازەترین بەرهەمی ئەم توێژەرە مەزنە کە لە ئێستادا ئامادەی چاپن بریتین لە : ڕێزمانی کوردی بۆ ئەڵمانی، ڕێزمانی ئەڵمانی بۆ کوردی، ڕۆمانی منداڵانەی پينۆكيۆ.

ئەم زانا ماندوونەناسە جگە لە ماوەی 38 ساڵی وانەبێژی لە زانکۆی ئازدی لە بەرلین ، لە ساڵی 1988ەوە خاوەنی ئینستیتووتی خوێندنی کوردیە کە زیاتر لە 20 هەزار کتێب لە خۆدەگرێت و کە پێک هاتوو لە کتێبخانەیەکی ئەدەبی و مێژوویی و زانستی زۆر ناوازە و بەنرخ ، هەرواها خاوەنی زیاتر لە 32 کتێب و شەش دیوانی شیعرە و ئێستاش بەردەوامە لەخزمەتی‌ زمان وکولتور و مێژووی کوردی و دەستکەوتە زانستییەکانیشی هەر بۆ کورد نا بەڵکو بۆ ئەڵمان و ئەوانەی بە زمانی ئەڵمانیش دەپەیڤن بۆ شارەزابوونیان لە کولتورو مێژووی کوردی زۆر گرنگە.

هەروەک خۆی دەفەرموێت " ئینستیتووتی خوێندنی کوردی لە بەرلین لەماوەی 38 ساڵی ڕابردووی کاری زانستی و ئەدەبی و لێتۆژینەوەیدا بنچینەیەکی داکوتاوە ئەم بنچینەیە بریتیە لە بەرهەمی عەقلی کورد و گەیاندنی بە ئەوروپا. "

دکتۆر فریاد بەم کارە مەزنەی توانیوێتی ئیمپریالیزمی زمانی عەرەبی و تورکی و فارسی چیترتواناو دەسەڵاتیان بەسەر زمانی کوردیدا نەمێنێت و زمانی کوردیش هاوشانی ئەوان بێت.


هیوای هەمیشە لەش ساغ و تەندرەستی باش و تەمەن درێژی‌ وبەرهەمی زیاتر‌ بۆ دکتۆر فەریاد دەخوازم.


2020/06/10

سەرچاوە

هه‌ڤاڵ ره‌وف یه‌حیا