کەرکووک

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Kar01.jpg

کەرکووک (بە عەرەبی: کرکوك، بە ئاشووری: ܐܪܦܗܐ) شارێکە کە لە ڕووی دانیشتووان و مێژووەوە کوردستانییە و دەکەوێتە باشووری کوردستان کە پێکھاتووە لە نەتەوەکانی کورد کە زۆرینەن بە دوایدا عەرەب، تورکمانی عێراق(ئازەری) لە پاشان کلد و ئاشووری. کەرکووک لەلایەن مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانییەوە بە دڵی کوردستان یان قودسی کوردان ناو دەبرێت. کەرکووک وەک کوردستانێکی بچووک وایە کە ھەموو ئەو نەتەوانەی لێ دەژێن کە لە کوردستانیشدا ھەن، سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕووی سیاسییە عێراقێکانەوە وەک "عێراقێکی بچووک" ناو دەبرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو واتەوە بە دووبارە تەعریبکردنەوەی کەرکووک واتاکەی دێت لەبەر ئەوەی شاری مووسڵ، کە زۆربەی دانیشتووانی ناوشارەکە عەرەبە، دەبوایە وەک عێراقێکی بچووک ناو ببرێت، نەک کەرکووک، کە کەرکووک لە ڕووی دانیشتووان، سروشت، مێژوو.

ناوی کەرکووک لە سەرچاوەیەکی تری مێژووەوە لەمێژووی سۆمەرییەکانەوە ھاتووە دەڵێت: ناوی کەرکووک لە (کارکوک)ەوە ھاتووە بە واتای کاری تەواو یان ئیشی ڕێکوپێک کەواتە ئەمە جێی سەرنج و تێڕامانە بۆ ئەوانەی کە کەرکووک بە کوردستان نازانن و بە ماڵی تورک و عەرەبی دەزانن لەگەڵ ئەوەشدا کە ھەرسێ ناوی (باباگوڕگوڕ) و (کورکوا) و (کارکوک) ھەر کوردییە و بەڵگەی کوردستانی بوونی کەرکووکە لە چەند ھەزار ساڵ لەمەوبەرەوە. (دەبێت ناوی نەجەف و کەربەلا یان سەماوە کوردی بێت و بڵێین ئەو شارە عەرەبییە یان بەپێچەوانەوە..! یان کورد چی دەکات لە واسط و کووت ئەگەر ھێز و دەسەڵاتێک و بەرژەوەندیی یەک نەیبردبێت کەواتە لە ڕاستیدا عەرەب لە کەرکووک چی دەکات ئەگەر دەسەڵات و میریی عێراق خۆی نەیھێنابن بۆ کەرکووک؟). ھەروەھا بەو شێوەیەش تورکمان وەچەی وەچەکانی عوسمانییەکانن (١٥١٤). عەرەبەکانی کەرکووکیش کە ھەندێک پێیان دەڵێن عەرەبی ڕەسەن ئەوانیش خەڵکی باشووری عێراقن و بە ئاشکرا ھێنراون بۆ کەرکووک و جێگەی ئەو خێزانە کوردانەیان پێ پڕکردوونەتەوە کە نزیکەی سەدەیەکە دەریان کردوون و ئاوارەی شوێنەکانی تری کوردستان و وڵاتانی ترن. (بۆ ئاگاداری و سەرنجی کاربەدەستانی کوردستان: تورکمان و عەرەب لە پلان داناندان لە کەرکووکدا وەکو چۆن بەغدا و ئەنقەرە گفتوگۆیان لێکردووە بە ھەمان شێوە). ناو ناوبانگی بەرھەمی نەوتی ئەم شارە دەوڵەمەندە ئەوەیە کە دووھەم نەوتە لە جیھاندا بۆ پاکی و باشی و گرانی و ھەروەھا گەورەترین سامانی ئابووری نەتەوەییی (National Economics) گەلی کوردە. بەڵگەیەکی تری بە کوردستانی بوونی کەرکووک سەرژمێری دانیشتووانەکەیەتی لە ساڵی (١٩٥٧)دا بۆ نموونە: ژمارەی دانیشتووانی شاری کەرکووک بەکورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشوورەوە بۆ ساڵی (١٩٥٧) دەکاتە (٢٧٩٠٠٠) کەس کە (١٧٨٠٠٠)ی کورد بووە بەڵام سەرژمێری ساڵی (٢٠٠٣) دەکاتە (٧٥٦٠٠٠) کەس زیاتر لە (٤٠٠٠٠٠)ی کورد بووە ئەمە بێجگە لەو کوردە ئاوارانەی کە بێلانە و دەربەدەرن و ھەتا ئێستاش (٥٠٠) خێزان لەو ئاوارانە نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی باوباپیرانیان لەبەر بێدەرامەتی و باری ناھەمواری ماکی لاواز و پشتگوێخستنی دەسەڵاتی کوردی و جەنگی ساردی (cold war) نێوان یەکێتی و پارتیدا زیانمەندبوون.

Kerkuk.jpg

ژمارەی دانیشتووان

  • ژمارەی دانیشتوانی شاری کەرکووک لە ساڵی ١٩٤٧ (٦٩٥٢٦) کەس بووە:[٣]
  • موسڵمان (٥٨٦٥٤) بووە.
  • کرستیان (٦٧١٥) بووە.
  • جولەکە (٢٨٧٣) بووە.
  • (٦٠) کەسیش سەر بە ئاینەکانی دیکە بوونە.
  • ژمارەی دانیشتووانی خەڵکی شاری کەرکووک لە ساڵی (١٩٥٧) بەم جۆرە بووە:
  • کورد (١٧٨٠٠٠) بووە.
  • عەرەب (٤٨٠٠٠) بووە.
  • تورکمان (٤٣٠٠٠) بووە.
  • ئاشووری و کلدان (١٠٠٠٠) بووە.

لە ھەمان ساڵی (١٩٥٧)دا ژمارەی کرێکار و کاربەدەستانی کورد لە کۆمپانیای نەوتی کەرکووکدا لە سەدا ھەشتا (٨٠%) بووە بەڵام سەرژمێری کردنی کرێکاری کورد لە ساڵی (٢٠٠٣)دا لە سەدا بیست (٢٠%) بووە. ئەمە بەڵگەی ئەوپەڕی شۆڤێنیستی بەعس و دەوڵەتی عێراق دەر دەخات کە چۆن ساڵ لەدوای ساڵ کوردیان نان بڕاو و دەربەدەر کردووە. لە ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی دانیشتووانی شاری کەرکووک ١.٢٦ میلیۆن کەس بووە.

گەڕەکەکان

گەڕەکەکانی شاری کەرکووک:

Kae01.jpg
  • (گەڕەکە کوردنشینەکان) (ڕەحیم ئاوا، ئازادی، مامۆستایان، شۆرجە، ئیسکان، بلاخ، قۆرییەشکاو، حەسیرەکە، تەپەی مەلا عەبدوڵڵا، دەروازەی باکووری کەرکووک، ئیمام قاسم، شۆراو، ئەحمەد ئاغا، خەبات، شەھیدان، حیسابات).
  • (گەڕەکە تورکومان نشینەکان) (مصلی، معلمین، ڕێگەی بەغدا، قەسابخانە)
  • (گەڕەکە عارەب نشینەکان) (طریق بغداد، ١ی حزیران، وحدة، حریة، اشتراکیة، ممدودة، ٧نیسان، حی البعث، نصروالعروبة، قادسیة، غرناطة).
  • (گەڕەکە کلدوئاشوورییەکان) (شاطرلو، عرفە، الماس).

ھێنانی عەرەب بۆ خاکی کوردستان

چونکە لەپێش ئەو بەروارەدا (١٩٢١ پاشایەتی) و لەدوای ئەو بەروارە (١٩٥٧)ەوە دەسەڵاتی عێراق بە ھەموو جۆرەکانییەوە ھەر خەریکی ھێنانی عەرەب بوون لە باشوورەوە بۆ کەرکووک و ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی حەویجە کە ئێستا لە سەدا ھەشتا (٨٠%)ی عەرەبی سوننەیە و ھەندێک تورکمانی تێدایە بەڵام لە بنەڕەتدا قەزایەکی سەر بە شاری کەرکووکە و خاکی کوردستانە بەداخەوە ئێستا شوێنی بەعس و عەرەبستانێکی تەواوە. ئامار و سەرژمێری دانیشتووانی قەزای حەویجە نزیکەی چوار سەد و پەنجا ھەزار (٤٥٠٠٠٠) کەسە و دووری حەویجە لە شاری کەرکووکەوە ٣٠ کیلۆمەتر دەبێت لە باشووری کەرکووکەوە زۆربەی زۆری خەڵکەکەی لە عەرەبی ھاوردەی سوننین و لە عەشرەتی (جبور، شمر، عبید)ن.

شاری خانەقین (خانقین) عەرەبی ھاوردەی زۆر بوو بەڵام دوای ڕزگارکردنی لە دەسەڵاتی بەعسی بەغداد دوو جار (١٩٩١ / ٢٠٠٣) ڕێژەی زۆریی عەرەبەکان ڕۆیشتن و گەڕانەوە بۆ باشووری عیراق کە لێوەی ھاتبوون بەڵام کەرکووک و شەنگال و مەندەلی و ھەندێ ناوچەی تری بەعەرەب کراوی کوردستان عەرەبەکانی ھەرتێدا ماون و خۆیان و دەسەڵاتی ناوەند بەعێراقی دەزانن. خانەقینیش دووەم شاری نەوتیی کوردستانە و پاڵاوگەی ئەڵوەن (الوند) ڕۆڵێکی ئابووری گەورەی ناوچەکەیەو وزەی کارو بەرھەمی ڕۆژانەی ڕۆژی دوانزە ھەزار (١٢٠٠٠) بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت. ئاوی ئەڵوەن کە بە ناوەڕاستی خانەقیندا تێدەپەڕێت ئەو شارە دەکات بە دووبەشی زۆر جوان و ڕەنگین و چەندەھا گۆرانی و بۆنە ھەیە لەسەر ئاوی ئەڵوەن و بۆتە سومبوولی جوانی و ئاوەدانی شاری خانەقین. خانەقین شارێکی دەوڵەمەندو جوانە بێ لەبەرھەمی نەوتیی خاکێکی بەپیتی بەرفراوانی میوەجاتەو چواردەوری ئەم شارە بەباخ و بێستان ڕازاوەتەوەو بەناوبانگە بە (خورما، ھەنار، پرتەقاڵ، لالەنگی، قەیسی، ھەڵوژەو.. ھتد). خانەقی بەزمانی کوردی وشێوەزاری کەڵھوڕی و گۆران دەپەیڤن و زۆربەیشیان شێوەزاری سلێمانی دەزانن و خەڵکەکەی بەخەڵکێکی ڕۆشنبیر ناویان ھەیە. ھۆزو تیرە کوردییەکانی کە لەوێدا دەژین زۆرن و ئەمەش ناوی ھەندێکیانە: (شوانی،باجەڵان،ئەرکەوازی، دەلۆ، جاف، تاڵەبانی، کاکەیی، ھەمەوەند، سورەمێری) گەورەترینیان لە کەرکووک (شوان) یە.

باس لە مێژووی دوێنێ و ئەمڕۆی کەرکووک بکەین سەرتاپای ئەم شارە گۆڕاوەو بەعەرەب کراوەو ھەتا ئێستاش کەساڵی (٢٠٠٨) ەو (٥) پێنج ساڵیشە کەرکووک لەدەست زووڵمی بەعسی یەکان ڕزگاری بووە کەچی (٥٠٠) خێزانی کوردی ئاوارەی کەرکووک ھەتا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە بۆ کەرکووک کە ئەمەش گوێپێنەدان و بەتەنگەوە نەھاتنی دەسەڵاتی کوردی دەسەلمێنێ و بێجگە لە بەرژەوەندی تەسکی پارتایەتی و شەڕی ساردو کێبڕکێی خراپی پارتایەتی و کێشەی ناوخۆو.. ھتد کە بۆتە ھۆی لەبیرکردن و پشتگوێ خستنی ئەم شارە گرنگە کەبڕبڕەی پشتی ئابووری و ماکی وڵاتی کوردستانە بە ھەر چوار پارچەکەیەوە.

سەرچاوە: ویکیپیدیا