ئەسکەندەر عوسمان جامباز

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ئەسکەندەر عوسمان جامباز: هونەرمەندی شێوەکاری بەناوبانگ ، لەگەرەکی سەعدوناوە لە ساڵی1938 لە شاری هەولێر لەدایکبووە ، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە هەولێر تەواو کردووە .

ئەسکەندەر عوسمان..jpg

لەقوتابخانەی سەرەتاییدا قوتابی مامۆستا مونیر قەساب و دانیال قەساب و جابیر پیرداود و عزەیدین فەیزی و محەمەد عارف بووە و کە کاریگەرییان لەسەر مامۆستا ئەسکەندەر داناوە .

مامۆستا ئەسکەندەر دواتر خانەی مامۆستایی بەسەرکەوتووی تەواو کردووە .

لە ساڵی 1961-1962 بۆتە مامۆستای هونەری وێنەکێشان لە قوتابخانەی هەولێر .

مامۆستا ئەسکەندەر جگە لە وێنەکێشان ، خولیای مۆسیقا بووە و کەمانجەژەنێکی بەتوانا بوو.

یەکەم پێشانگای بریتییە لە پێشانگای قوتابخانەییەکان.

ئەسکەندەر عوسمان.1.jpg

لەساڵی 1961-1970 گەلێک پێشانگای دیکەی لە هەولێر و بەغدا کردۆتەوە .

چەندین پەیکەر بچکۆڵەو هەڵکۆڵینی لەسەر دار ئەنجام داوە و کە ئێستا لە ماڵی خۆی پارێزاوە .

لەتابلۆ هەرە بەناوبانگەکانی : تەشی فرۆش ، بووک گواستنەوە ، مەڕدۆشین ، دەستار و ڕەوەندێکی منداڵ و چەندین تابلۆی دیکە کە یەکێکیان لە مۆزەخانەی لۆڤەر نمایش کراوە .

جێی داخە کە مامۆستا ئەسکەندەر لەساڵی1994 بەنەخۆشی شێرپەنجە لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردو دوو ڕۆڵەی هونەرمەندو نیگارکش بەنێوی ( جوان و هونەر ) لەدوای خۆی بەجێهێشتووە .[١] .......

ئەسکەندەر عوسمان.2.jpg

ئەسکەندەر عوسمان جامباز

وێنەکێشی هونەرمەندی بە توانای شاری هەولێری دێرین مامۆستا ئەسکەندەر عوسمان جامباز، لە ساڵی 1938دا لە شاری هەولێر، چاوی ژیانی هەڵێناوە و لە بنەماڵەیەکی کاسبکاری جامباز پەروەردە بوو. خوێندنی قۆناغی سەرەتایی لەساڵی 1945دا لە قوتابخانەی "ئیبن خەلەکان"ی سەرەتایی دەست پێکردووەو ئەو قۆناغەی بەزیرەکی بڕیوە بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی چووەتە قوتابخانەی "ناوەندیی هەولێر"، کە لە دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958دا ناونرا "ناوەندیی کۆماری" و هەر لەو ساڵەشدا خوێندنی ناوەندیشی تەواوکردووەو لە پایزی 1958دا لە خانەی مامۆستایانی سەرەتایی لە هەولێر وەرگیراوە و لەسەر دەستی هونەرمەندی ناوداری شێوەکاریی مامۆستا جەواد ڕەسووڵ ناجی بە تەواوی دەست و بازووی هونەری شێوەکاریی بە هێزبووە گوندی "سیساوه"ی سەر بە ناوچەی هەریر کراوە بە مامۆستا و دوای ساڵێک سەبارەت بە لێهاتوویی لە هونەری شێوەکاریی، گوێزراوەتەوە بۆ ناوشاری هەولێر و لە قوتابخانەی "هەولێری نموونەیی" کراوە بە مامۆستای وانەکانی هونەری شێوەکاری لە هەموو پۆلەکانی ئەو قوتابخانەی نموونەییەی، کە کرا بووە مەڵبەندی ڕاهێنانی قوتابیانی خانەی مامۆستایانی سەرەتایی لە هەولێر.

مامۆستا ئەسکەندەر جامباز کوڕێکی کەڵەگەتی خوان و ڕێکوپێک بوو، تاکو سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هەستی بەهیچ نەخۆشیەک نەدەکرد. بەڵام دوای ئەو مێژووە هەستی بە نەخۆشییەکی خراپ کرد و ڕۆژ بە ڕۆژ تەندروستی بەڕەو خراپی دەچوو، هیچ چارەسەرییەک دادی نەدا تاکو ئەو هونەرمەندە بەهرەدارە لە ڕۆژی 1994.08.18دا هەر لەشارە شیرنەکەی خۆی کۆچی دوایی کرد و هەموو هونەرمەندانی قەڵا و منارە و مامۆستا و ڕۆشنبیرەکان شارەکە لە ڕێ و ناشتنی تەرمەکەی بەشداریان کرد. هەر چەندە مامۆستا ئەسکەندەر بەڕواڵەت لەبەر چاومان ونبوو، بەڵام تابلۆ و کەڤاڵەکانی لە بەرچاومان ون نابن و کەسایەتیەکەیشی لە دڵ وێژدانی دۆست و یارانی ناسڕێتەوە و سوپاس بۆ یەزادن شوێن و پایەی هونەریی لەناو ڕۆڵەکانی بنەماڵەکەیدا بەچۆڵی نەماوەتەوه، چونکە کچێک و کوڕێکی وەکو باوکیان بەهرەی هونەری وێنەکێشانی و شێوەکارییان هەیە و نەیانهێشتووە کاروانی هونەری شێوەکاری لە بنەماڵەکەیاندا بپسێتەوە و بوەستێ.

ئەسکەندەر عوسمان.3.jpg

ئەسکەندەر عوسمان و ژیانی هونەریی:

مامۆستا ئەسکەندەر ئوسمان لەسەردەمی خوێندنی سەرەتاییەوە بەهرەی هونەری وێنەکێشانی لێ بەدی کراوە و لەسەرەتادا لاسایی وێنەکێشە هونەرمەندەکانی هەولێری وەک مامۆستایان "دانیال قەساب" و "جەواد ڕەسوول ناجی" کردۆتەوه.

بەڵام کە گەیشتووەتە قۆناغی خوێندنی خانەی مامۆستایان سوودێکی ڕاستەوخۆی لە ئامۆژگاری و ڕێنماییەکانی مامۆستای بەهرەداری شێوەکاریی جەواد ڕەسوول بگرێ و ڕووبکاتە دیمە ڕەسەنەکانی ژیانی کوردەواری دەشتەکی بە تایبەتی ژیانی کۆچەریی و لادێ نشینی و ئاژەڵداریی، چونکە بنەماڵەکەی جامباز بووە و تێکەڵاویی و پەیوەندیی بە خەڵکی لادێ و کۆچەرییەوە هەبووە و هەر خەریکی کڕین و فرۆشتنی وڵاغ بووه. بۆیە ئەو لایەنەی لە تابلۆکانی دا زاڵە و، لە هونەری وێنەکێشانی پورتریتیش گەلێک دەست ڕۆیشتوو بووه.

یەکەمین تابلۆی مامۆستا ئەسکەندەر بە ناوی "ژنە بۆڵی" بووه، ئینجا تابلۆ نایابەکانی "مانگادۆشین" و "ژنە دۆم" و، ئەگەر بمانەوێت هەندێک لە تابلۆ هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندە بەهرەدارە بدوێین، ئەوا دەبێ ئەم ڕاستیانە بڵێین کە لە ماوەی ژیانی 56 ساڵیدا 300 تابلۆی نایابی کێشاوە و جگە لەمانەش مەرگی ناوەختی ماوەی نەداوە 16 تابلۆی بەر دەستی تەواو بکات و، ئەو هونەرمەندە بەهرەدارە لەساڵی 1962دا لەیەکەم پێشانگای هونەریی بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی هەولێر بە چەند تابلۆیەک بەشداریی کردووە و لە ناو هەموواندا تابلۆی "ژنە بۆڵی" سەرەنجی تەماشاکارانی پێشانگاکەی ڕاکێشاوە و هونەر ناسان و ڕەخنەگران بە تابلۆیەکی نایاب و سەرکەوتوویان داناوە و پێشانگاکانی پەروەردەی هەولێر لەساڵانی 1965، 1966، 1967، 1968دا بە تابلۆی نوێ و سەرنج ڕاکێش بەشداریی کردووە و لەساڵی 1982، 1983شدا بەشداری لە فیستیڤاڵی ڕۆشنبیریی کوردی لە هۆڵی میدیا لەشاری هەولێردا کردووەو هونەر پەروەران بە وێنەکێشکی ڕیالیستی مەزنیان داناوه. لەو پێشانگایانەدا گەلێک تابلۆی مامۆستا ئەسکەندەر پەسنکراون و وەک نمووەی تابلۆی هونەری کوردی بردراون بۆ دەرەوەی کوردستان و ئێراق، لەوانە ئێستا کە 3 تابلۆی لە ئیتاڵیا و 2 تابلۆشی لە وڵاتی سوێدن و چەند تابلۆیەکێشی لە شالیارێتی ڕۆشنبیریی ئێراقە لە شاری بەغدا و چەندانی دیکەشی بوونەتە خاوەنی هونەر دۆستان لە هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و شارەکانی دیکەی کوردستان.[٢]

  1. سەرچاوە: شەماڵ عادل سەلیم
  2. سەرچاوە: ماڵپەری خۆزگە