ئەیاز زاخۆیی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
هونەرمەند ئەیاز زاخۆیی

هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەیاز زاخۆیی ناوی تەواوی ئەیاز یووسف ئەحمەدە. گۆرانییەکانی بە شێوەزاری بادینی بوو، ناوبراو لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم دەرکەوت و ناوبانگی پەیدا کرد. ئەیاز لە بنەماڵەیەکی دەنگخۆش و کورد پەروەر لە دایک بووە، ئەوان کە (5) برا و (5) خوشک بوون، هەر هەموویان دەنگیان خۆش بووە، یووسفی باوکی و مەلا ئەحمەدی باپیری کە بە (مەلا ئەحمەدی ڕەزەڤان) لە زاخۆ ناسراو بوو دەنگی زۆر خۆش بووە و کە بەیانییەکان لە مزگەوت بانگی داوە، بە دەنگە خۆش و زولالییەکەی هەموو زاخۆی هەژاندووە.

هونەرمەند ئەیاز زاخۆیی
ئەیاز زاخۆیی

ئەیاز زاخۆیی لە 20-02-1961 لە گەڕەکی جوولەکەکانی شارۆچکەی زاخۆ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتاییی و ناوەندیی لە قوتابخانەی ئەحمەدی خانی خوێندووە. پاشان ئامادەییی کشتوکاڵی لە زاخۆ تەواو دەکات و دەچێتە کۆلێژی سەربازی لە بەغدا و پلەی ملازمی بەدەست هێنا و لە سوپای عێراق دەستبەکار بووە.


ئەیاز زاخۆیی هێشتا هەر منداڵ بووە لە قوتابخانەی ئەحمەدێ خانی گۆرانی و سروودی نیشتمان و نەتەوەیی گوتووە، لە ساڵی 1970، لە ئاهەنگی هاوڕێ و خزم و کەس و کاریشی بە دزی باوکی گۆرانی گوتووە، باوکی پێی ناخۆش بووە، لە ساڵی 1977، کە باوکی کۆچی دوایی دەکات، زیاتر بەشداری ئاهەنگەکانی کردووە، هەر هەمان ساڵ بەشداری لە فێستیڤاڵی (ڕەبیع) ی کردووە کە لەسەر ئاستی عێراق بووە لە مووسڵ سازکراوە بە گۆرانی (نەگری نەگری)ی هونەرمەند بەشار زاخۆیی بەشدار بووە و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، و دەنگ و سەدایەکی زۆریشی هەبووە.


لە ساڵی 1980 هونەرمەندی شاعیر و ئاوازدانەر عەبدولعەزیز سلێمان یەکەم گۆرانی داوەتێ بە ناوی (شەهید چاڤە ڤەکە...)، لە ساڵی 1982 بە هاوکاری هەر یەک شاعیر و میدیاکار ڕەوانشاد سەگڤان عەبدولحەکیم و هونەرمەند سەمیر زاخۆیی یەکەم بەرهەمی خۆی کە گۆرانی (من دیت جارا عەولی)، لە ڕادیۆی کوردی بەغدا تۆمار دەکات، لە ساڵی 1985 لە زاخۆ کاسێتێکی تۆمار کردووە کە چەند گۆرانییەک بوو، لەوانە: «ئەگەر دنیا هەمی گۆلبن، های بەردەبەردەک، چ تەڤنە، مەقامی مێرەمێ و بەستەی پازنیل». ئەیاز زاخۆیی بە نیاز بووە هەندێک گۆرانی بە زمانی عەرەبیش بڵێت و بڵاویش بکاتەوە، کە لە هۆنراوە و ئاوازی خاڵس زاخۆیی بووە بەڵام دواتر پاشگەز بووەتەوە.


ئەیاز لەگەڵ چەندین شاعیر کاری هاوبەشیان ئەنجام داوە بۆ سازکردنی گۆرانییەکان، لەوانە: (عەبدولعەزیز سلێمان، بەشار محەممەد، سەگڤان عەبدولحەکیم، بەدرخان سندی، عەبدوڵڵا حوسێن و. هتد) بوون. جگە لەو گۆرانییانەی لەگەڵ تیپی دهۆک تۆماری کردوون، سێ کاسێتی دیکەشی لە تۆمارگەی «تۆمار» تۆمار کردووە. هەروەها چەند گۆرانییەکی بە دوو قۆڵی لەگەڵ هونەرمەند ئەردەوان زاخۆیی گوتووە. ئەیاز زاخۆیی زیاتر لە (200) گۆرانی تۆمارکراوی هەیە کە نزیکەی (100) گۆرانی فۆلکلۆریی و لە دانانی خۆیەتی و مەوال و حەیرانیشی گوتووە. هەروەها گۆرانی هەندێک لە گۆرانیبێژەکانی کوردی گوتووە وەکوو: (بەشار زاخۆیی، تایەر تۆفیق، تەحسین تەها، حەسەن زیرەک، شەماڵ سائیب).

هونەرمەندان: فوئاد ئەحمەد و ئەیاز زاخۆیی و سەمیر زاخۆیی



ئەیاز زاخۆیی مرۆڤێکی خوێن شیرین و ڕووخۆش بووە، هەموو هاوڕێ و دراوسێکان و هونەرمەندانی خۆشویستووە، زۆریش خێرخواز بووە، ئەو کاتەی کە سەرباز بووە، ناوە بە ناوە بوتڵێک خوێنی خۆبەخشانە بەخشیوە بۆ ئەوەی هەفتەیەک مۆڵەت (ئیجازە) ی بدەنێ تا بتوانیت لە ئاهەنگی هاوڕێکانی یان خزم و کەسانی ئامادە ببێت چەندین جاریش ئەم کارەی دووبارە کردووەتەوە. لە دیارترین گۆرانییەکانی ئەیاز زاخۆیی: «من دیت جارا عەولی»، «لاندک»، «بەس خۆ گرانکە»، «ئەڤین دایێ»، «دێ بهەژینە»، «کەڤۆک»، «چوخک»، «سرودا نەڤرۆز»، «سرودا شەهید»، «چیبکەم ئەز»، «هیڤی» و «گۆڤەندە».



گۆرانییە نیشتمانپەروەریەکانی بریتین لە: (وەڵاتێ من، بسکێت تە زراڤن، شەهید چاڤا ڤەکە تو نامری، قەدە خێلی قەدە، سروودی نەورۆز)، کە ببوونە هاندان و بەرز کردنەوەی مەعنەوەییاتی پێشمەرگەی کوردستان.





کۆچی دوایی:

298423781 56201662.jpg
272368178 34.jpg
مستەفا جزيرى و ئەیاز زاخۆیی
هونەرمەند محەمەد عارف جەزراوى و ئەبو مەهڤان و ئەیاز زاخۆیی
Ayazzz.jpg


لەبارەی مردنی هونەرمەند ئەیاز زاخۆیی، گەلێک ڕای جیاواز هەن، بەڵام براکەی ئەیاز زاخۆیی لەو بارەییەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، «ڕژێمی بەعس ژەهری کردووەتە ناو خوێنی ئەیاز، هەر بەوەش کۆچی دوایی کرد». هونەرمەند ئەیاز زاخۆیی، کە گەلێک گۆرانی شۆڕشگێڕی بۆ وڵاتەکەی گوتووە، وەک گۆرانی «وەڵاتێ من، بسکێت تە زراڤن، شەهید چاڤا ڤەکە تونامری، ڤەدە خێلێ ڤەدەخەیری یووسف دەڵێت «جارێکیان سوپاسنامەیەکمان بۆ هات لەسەرکردایەتی کوردی، دەربارەی ڕۆڵی ئەیاز زاخۆیی لە هاندانی پێشمەرگە و بیری نەتەوەیی». ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد، ڕژێم داوای لە ئەیاز کرد، تاوەکوو لەگەڵ گۆرانیبێژ سەڵاح عەبدولغەفوور گۆرانییەک بەسەر سەرۆکی پێشووی عێراق سەددام حوسێن بڵێت، «بەڵام ئەیاز ڕەتی کردەوە گۆرانی بۆ سەددام بڵێت. هەر بۆیە وەک پیشەی هەمیشەیی ئەیاز خوێن دەبەخشییە نەخۆشخانەکان تاوەکوو مۆڵەتی پێ بدەن بگەڕێتەوە زاخۆ و دهۆک گۆرانی بڵێت». خەیری زاخۆیی لەسەر باسکردنی ڕووداوی کوشتنی براکەی بەردەوام بوو، گوتی «ڕۆژی 19-01-1986 ئەیازی برام هاتە نەخۆشخانەی سەربازی شاری مووسڵ تا خوێن ببەخشێت، بەڵام ڕژێم بە پیلانێک وەک تۆڵەکردنەوە، ژەهریان کردە ناو خوێنی ئەیاز، دوای 24 کاتژمێر لە لە 20-01-1986 هەر لەو نەخۆشخانەیە کۆچی دوایی کرد، بەڵام پێش گیان لەدەست بدات، وەسیەتی کرد لە کۆچە و کۆڵانەکانی زاخۆ تەرمەکەی بگێڕن و هەر لە زاخۆ بینێژن». ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هونەرمەند ئەردەوان زاخۆیی کاتێک ئامادەی تازیەکە بوو، بە ئێمەی گوت «چەندین جار بە ئەیازم گوت ڕاوەستە، دەتکوژن!» بەڵام ئێمە نازانین مەبەستی ئەردەوان لەو قسەیەدا چی بوو.



ئەیاز بە میوزیکی نوێ:


ئەیاز زاخۆیی ژمارەیەک گۆرانی بڵاونەکراوەی هەیە، بەڵام خانەوادەکەی ڕێگە نادەن گۆرانییە بڵاونەکراوەکانی بڵاو بکرێنەوە، مامۆستا عەبدولعەزیز سلێمان، هۆزانڤان و ئاوازدانەری ئەیاز زاخۆیی، گوتی، لەو کاتەی ماڵم دوور خرا یەوە بۆ شاری ڕومادی ئەیاز بەردەوام هاتووچۆی ماڵەکەی کردووە، زۆربەی بەرهەمەکانی ئەیاز لە شیعر و ئاوازی ئەوە، کە لە 1980 یەکەم گۆرانیم داوەتێ، بەناوی «شەهید چاڤا ڤەکە» لەبارەی ئەیاز زاخۆیی دەڵێت «یەکەم گۆرانی ئەیاز لە ئێزگەی بەغدا تۆمار کرد، نزیکەی 40 گۆرانیم بۆ ئەیاز ئامادە کرد، کە هەندێکیان بەبێ میوزیک تۆمار کران، هەندێکیان هێشتا تۆمار نەکراون و لای من پارێزراون، زۆر هونەرمەند داوایان کردووە، بەڵام نایدەم بە کەس». ئەو ئاوازدانەری هونەرمەندی کۆچکردوو ئاماژە بەوەش دەکات، لەو ماوەیەدا هەوڵی داوە لەڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیری گۆرانییەکان بە میوزیکێکی تازە بڵاو بکاتەوە، چونکە لەلایەن گەنجانەوە داوایەکی زۆری لەسەرە و بەردەوام گەنجان گوێی لە گۆرانییەکانی دەگرن، دەڵێت بۆیە ویستم ئەو گۆرانییانەش بڵاو بکەمەوە، کە لای من پارێزراون، «بەڵام خانەوادەکەی ڕێگەیان نەدا، بۆیە منیش بڵاوم نەکردنەوە». لەبارەی ئەو پرسیارەی بۆچی خانەوادەکەی ڕێگە نادەن، برای ئەیاز زاخۆیی دەڵێت «ڕاستە ژمارەیەک گۆرانی ئەیاز لای مامۆستا عەبدولعەزیز پارێزراون، کە بە نیاز بوو بە میوزیکێکی نوێ دووبارە تۆمار بکرێن و بڵاوی بکاتەوە، ئێمە داوامان لە سەندیکای هونەرمەندان کرد، لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێک بهێنن و ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن و ئەگەر ئەوان پێیان باش بێت ئەوا ئێمەش ڕازین، بەڵام لیژنەکە پێی باش نەبوو، ئێمەش لای خۆمانەوە ڕێگەمان نەدا بڵاو بکرێتەوە». بەڵام براکەی ئەیاز زاخۆیی ئەوەش ناشارێتەوە، ئێستاش ئەگەر موزیکڤانی پرۆفیشناڵ هەبێت و بە میوزیکێکی نوێ و لەئاستی بەرهەمەکانی ئەیازدا بێت، ڕازین بڵاو بکرێتەوە.



وەک ڕێزێک لەو هونەرمەندە لە شاری زاخۆ پەیکەرێکیان بۆ هونەرمەند ئەیاز زاخۆیی کرد.

ناشتنی تەرمی هونەرمەند ئەیاز زاخۆیی



ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق