بەکر عەلی بۆچی تیرۆرکرا و کێ تیرۆری کرد؟ وردەکاریی تیرۆرکردنی شاعیری بێنەوایان بەکر عەلی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ئامادەکردنی: ستیڤان شەمزینی

بەکر عەلی2.jpg

سالار عەزیز بە بەرچاوی خەڵکییەوە فەرمانی دا بە کوشتنی بەکر عەلی لەناو جەرگەی شاردا بە رۆژی رووناک پاسەوانەکانی سالار عەزیز لەناو جەرگەی شاردا بەکر عەلییان خەڵتانی خوێن کرد بەکر عەلی نوێنەر و رابەری ناڕەزایەتی ئەو ئینسانە مەحرومانە بوو ژیانیان لەژێر چینکۆ و لەوح و تەنەکەدا پێ رەوا نەدەبینین بەرزبوونەوەی راددەی خۆشەویستی و کاریگەریی زیاتری بەکر عەلی زیاتر دەسەڵاتدارانی شاری نیگەران کرد و کەوتنە بۆسەوە بۆی شانزە ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی یەکی ئەیلوولی 1994، شاعیر و هەڵسوڕاوی جەماوەریی شاری سلێمانی، بەکر عەلی لە کاتی خۆپیشاندانی ئاوارەکانی گەڕەکی حامیە و لەبارودۆخێکی تەمومژاویی و لێڵدا تیرۆر کرا. رووداوی تیرۆرکردنی ئەو هەڵسوڕاوە جەماوەرییە، لەکاتی خۆی و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانیی دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، بەتایبەت بەهۆی بارودۆخی ئەوسای کوردستانەوە، کە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە شەڕێکی سەختی خوێناوییدا بوون، هەڵایەکی گەورەی نایەوە، لەم نێوەندەدا زۆر شت هێنرانە پێشەوە و پەنجە تاوان بۆ سەر زۆر کەس راکێشرا، بەڵام ئێستاشی لەسەر بێت، هێشتا بەفەرمی بکوژانی بەکر عەلی نەناسێنراون، هیچ دادگایەکی ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی کوردستان، تاوانەکەی بەسەر هیچ یەکێک لە تۆمەتبارەکاندا کە پارێزگاری ئەوکاتەی سلێمانی سالار عەزیز یەکێکیانە، نەسەپاندووە، بۆیە ئەوەی لە تابلۆ و دیمەنەکەدا دەردەکەوێت، دوای شانزە ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی ئەو کارەساتەدا، نەک هیچ کەسێک بەرەوڕووی یاسا نەبۆتەوە، بەڵکوو تەنانەت رووداوەکە لەبیر چۆتەوە و تاوانبارانی سەرەکیی ئەم تاوانەش هێشتا ئازاد و سەربەخۆ و بێ هیچ ترس و دوودڵییەک دەسوڕێنەوە، تەنانەت لەناو لێشاوی ئەو هەموو کەناڵ و رۆژنامە و گۆڤارە زۆر و زەبەندانەی کە هەیە و گرنگیی بەزۆر شتی لاوەکیی دەدەن، ئەم کارەساتە بەهەند وەرنەگیراوە، لەکاتێکدا رووداوێکی کارەساتباری لەم چەشنە، پێویستی بە بەدواداچوونی ورد و هەڵدانەوە هەیە تا ئەوەی یاسا مەجرای خۆی وەربگرێت و لەدادگایەکی شەفاف و ئازاددا کۆتایی بەم کەیسە بهێنرێت.

  • پێگەی بەکر عەلی لە بزووتنەوەی جەماوەریی کوردستاندا

بەکر عەلی، ئەگەرچی زیاتر وەک نووسەر و شاعیر، لەنێوەندی رۆشنبیریی شاری سلێمانی و کوردستاندا دەرکەوتبوو، ناوبانگیی ئەدەبیی ئەو لە دەیەی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا بەرەو درەوشانەوە رۆیشت، بەڵام لەهەمان کاتدا لەواقیعی نوێی دوای راپەڕینی ساڵی 1991دا وەک یەکێک لە رابەر و هەڵسوڕاوە چالاک و ناسراوەکانی بزووتنەوەی جەماوەریی و ناڕەزاییخوازیی کوردستان دەرکەوت، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی کێشەی نێوان پارێزگای سلێمانی و ئاوارەکانی حامیە، کە ئەو بارەگا سەربازییەی سوپای پێشووی عێراقیان وەک یەکەی نیشتەجێبوون بەکارهێنابوو. بەکر عەلی وەک رابەری خواستی خەڵک و ئاوارەکانی حامیە، سەرپەرشتی زنجیرەیەک خۆپیشاندان و فشاری جەماوەریی کرد، تەنانەت لە مەراسیمی یەکی ئایاری ساڵی 1994دا، کە یەکێک بوو لە بەهێزترین مەراسیمە کرێکارییەکانی مێژووی کوردستان، بەکر عەلی لەرێی خوێندنەوەی وتارێکی کاریگەر و ئاوێزان بەزمانی شیعریی سەرنجی هەموو لایەکی بەلای خۆیدا راکێشا، تەنانەت لێرە بەدواوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ و کاریگەرتر لەجاران ئەرکی نوێنەرایەتیکردنی ئەو ئاوارانەی بەئەستۆوە گرت.

هیدایەت مەلا عەلی، یەکێک لەهەڵسوڕاوانی چەپ و بزووتنەوە جەماوەرییەکانی ئەوسای کوردستان، پێیوایە بەکر عەلی نوێنەری راستەقینەی ئاوارەکانی حامیە و سیمبۆڵێکی گەورەی بزووتنەوەی ناڕەزایخوازیی کوردستان بووە. بۆیە دەڵێت: هەر کەس بیەوێت بەکر عەلی بناسێت دەبێت لەو دۆزەخەوە‌ دەستپێبکات کە ناونرابوو جێگای ژیان واتە حامیەی سلێمانی، بەکر عەلی نوێنەر و رابەری ناڕەزایەتی ئەو ئینسانە مەحرومانە بوو کە ژیانیان لەژێر چینکۆ و لەوح و تەنەکەدا پێ رەوا نەدەبینین، بەکر عەلی وەک هەڵسوڕاوێک، وەک رابەرێکی توێژێک لە ئینسانە زەحمەتکێش و دەستەنگەکانی کۆمەڵگا توانیبووی نموونەیەکی زیندوو لەکاری کۆمەڵایەتی و رابەرایەتییەکی جەسوورانە پیشانی کۆمەڵگا بدات. بەکر عەلی بەکردەوە توانیبووی لەناو هەناوی ئەو ناڕەزایەتییەدا بێت کە نوێنەرایەتی و رابەرایەتی دەکرد، بەکر عەلی زۆر حەکیمانە توانیبووی ئەو رایەڵە بدۆزێتەوە کە رابەر و خەڵک لەیەکتر نزیک دەکاتەوە، بەکر عەلی زۆر بە وریاییەوە ئەو میکانیزمەی دەناسی کە ئاسانکاریی بۆ ئەوە دەکرد هێزی پرش و بڵاوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش رێکخراو بکات و ئاڕاستەیان بکات. بەکر عەلی سەرەڕای ئەوەی ئەندامی هیچ حزبێک نەبوو، بەڵام ئەو لەکارەکانیدا بەجۆرێک ورد و بەدیقەت بوو هەستت دەکرد کادرێکی زۆر باڵای حزبێکی چینایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و بەئەزموونە، بەکر عەلی ئەو نموونە زیندووەی لە رابەریی ناڕەزایەتی پیشاندا کە هیچ ناڕەزایەتییەک نییە لەژێر دەستی رابەراکانی دەربهێنرێت ئەگەر بەڕاستی رابەری بزووتنەوەکە و ناڕەزایەتییەکانی بن، بەکر عەلی رابەرێک بوو زۆر متمانە بەخۆ بوو لەکارەکانیدا.

هیوا ئەحمەد، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی چەپ، پێیوایە: بەکر عەلی یەکێک لە رابەر و مرۆڤە خۆشەویستەکانی ناو خەڵکی حامیە و خانووە بێتاپۆکانی حەسیب ساڵح بوو، ئەو هەمیشە لە خەم و هەوڵ و تێکۆشاندا بوو بۆ بەدەستهێنانی سەرپەنایەک بۆ ئاوارەکان و خەڵکی بێخانە و لانەی ناو خانوە بەبەرد و تەنەکە دروستکراوەکانی حامیە. ئەو خۆشەویستی خەڵک و بێ سەرپەناکان بوو، بەڵام هەر بەهۆی ئەو بەرگریکردنە سەرسەختەی لە مافی ئاوارە و بێ سەرپەناکانی حامیەکە لەهەمان کاتدا ببووە چقڵی چاوی دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی شاری سلێمانی و بەتایبەتیش پارێزگارەکەی سالار عزیز. لەگەڵ پەرەگرتنی ناڕەزایەتی خەڵکی ئاوارەی ناو حامیەکە و دەور و نەخشی بەکر عەلی وەک رابەر و رێکخەری ئەو ناڕەزاییانە و بەرزبوونەوەی راددەی خۆشەویستی و کاریگەریی زیاتری لە ناو جەماوەری هەژار و بێ خانەولانەی حامیە، ئەمە زیاتر دەسەڵاتدارانی شاری نیگەران کرد و ئیتر کەوتنە بۆسەوە بۆی. دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی زۆر شێوازیان بەکارهێنا بۆ دەمکوتکردن و بێدەنگکردنی هەر لە هەڕەشە و ترساندن و گرتن، بەڵام باوەڕی قوڵی بەکر عەلی بۆ بەرگریکردن لە مافی ئینسانی ئاوارەکان و بێخانە و لانەکان، هەوڵە سەرکوتگەرییەکانی دەسەڵاتدارانی ناکام دەکردەوە. سەرەنجام بەڕێوەبەرانی شاری سلێمانی لەتاریکی شەودا کەوتنە داڕشتنی نەخشەیەکی رەش، نەخشەی تیرۆرکردنی رابەر و خۆشەویستی ئاوارەکانی حامییە، بەکر عەلی. خودی بەکر عەلی خۆشی هەستی بەم نەخشە رەشەی دەسەڵاتدارانی شار کرد بوو کە خەریکبوون بۆیان دەچنی، بەڵام ئەم رابەرەی ئاوارەکان ئامادە نەبوو مەیدان چۆڵ بکات و ئاوارە و بێخانە و لانەکان بە تەنیا لە مەیدانی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بەجێبهێڵێت. دیسان هیدایەت مەلا عەلی، پێیوایە : بەکر عەلی نەک هەر رابەر و ئینسانێکی جێگا ئومێدی خەڵک و دەوروبەری بوو، بەڵکو ئەو وتاربێژێکی زۆر سەرکەوتوبوو، رەوانبێژیی و تەعبیرکردن لە ژیانی خەڵکی زەحمەتکێش و قسەکردن بە فاکت و نموونەی زیندوەوە، ئەو هۆکارانەبوون توانیبوویان بەکر عەلی بکەنە قسەکەری مەراسیمە کرێکارییەکان، کاتێک بەکر عەلی قسەی دەکرد خەڵک بەتەواوی بێدەنگ دەبوون و سەرنجی هەموو بیسەر و بینەرێکی بۆ لای خۆی رادەکێشا، شاعیربوون و نووسەربوون لەناو هەموو چرکەیەکی بەکر عەلیدا دیار و ئامادەبوو. دەسەڵاتداران دەیانزانی رابەرێکی وەک بەکر عەلی ئەگەر فرسەتی زیاتری هەبێت و بمێنێتەوە ئەوا دەتوانێت کاریگەریی زیاتری لەسەر کۆمەڵگا هەبێت، دەتوانێت کارە شەرمهێنەر و دژە ئینسانییەکانی میلیشیا چەکدارەکان زیاتر رسوابکات و پەردەیان لەسەر هەڵبداتەوە، هەربۆیە تەنیا وەڵامی ئەوان تیرۆر بوو. بەبڕوای من جێگای بەکر عەلی لەناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەریدا پێویستی بەخوێندنەوە هەیە، پێویستی بەوە هەیە ئەزموون و کارەکانی هەرچەندە کورت و سنووردایش بووبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و شێوازی کاری ئەو دووبارە بکرێتەوە، جارێکیتر دەیان هەڵسوڕاوی ناو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و خەباتی جەماوەریی ئیلهام لە شێوازی رابەریی و ئاوێزانبوون لەگەڵ خەڵکی، لە بەکر عەلی وەربگرن.

  • بۆچی بەکر عەلی بووە ئامانجی تیرۆرکردن؟

یەکێک لە پرسیارە هەرە گرنگەکان ئەوەیە، بۆچی بەکر عەلی وەک رابەرێکی جەماوەریی و شاعیرێکی لاو بووە ئامانجی دەسەڵاتدارانی ئەوسای شاری سلێمانی؟. ئایا بۆچی یەکێتی و خودی پارێزگاری ئەوسای سلێمانی لە شێوە و ئامڕازەکانی خەباتی جەماوەریی بەکر عەلی دەترسان؟. هاوڕێکانی بەکر عەلی پێیانوایە کە ئەو فۆرمە لە رابەریی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ناڕەزایخوازیی لە کوردستاندا نەک شتێکی تازەبوو، بەڵکو لە بنەمادا بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتداری دەخستە مەترسییەوە، بۆیەکا دەسەڵاتی سیاسیی بێ هیچ دوو دڵییەک بیری لەتیرۆری ئەو رابەرە لاوە کردەوە. ئەمەش لە بەرەبەیانی رۆژی یەکی ئەیلوولی ساڵی 1994 روویدا.

حەمە غەفور، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی چەپ و کرێکاریی پێیوایە هۆکارەکانی تیرۆرکردنی بەکر عەلی بۆ ترسی دەسەڵات لەو رابەرە دەگەڕێتەوە و دەڵێت: هۆکاری تیرۆرکردنی بەکر عەلی دیار و ئاشکرایە. دەسەڵاتی کوردیی و نوێنەرانی تازە پێگەیشتوی بۆرژوازی کوردیی، چاویان بە باڵای بەرجەستەی بەکر عەلیدا هەڵنەدەهات‌ و نەیاندەتوانی بیبینن چۆن ریزی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان سازمان دەدا و دلێرانە بەرەوڕووی دەسەڵاتیان دەکاتەوە!. سەری بەرزی بەکر عەلی لەریزی هەرە پێشەوەی جۆش‌ و خرۆشی بێکارانی شاری سلێمانیدا بۆ کار یان بیمەی بێکاریی، راوەستاویی بەکر لەنێو ئاوارە کەرکووکییەکانی دانیشتووی سلێمانی بۆ بەرگریی لە سەرپەناکانیان، بۆ مافەکانیان، چاونەترسی ئەو لە ریزی پێشەوەی خەڵکی کرێکار و بێبەشی کوردستاندا وەک چرا و ئومێدی چین‌ و توێژە بندەستەکانی کوردستان دەدرەوشایەوە و نوێنەرانی چینە داراکان و لێپرسراوانی دەسەڵاتی کوردیی تووشی هیستریا بووبوون لەبەرامبەریدا‌!. بەکر عەلی لەم پێناوە و لەم رێگایەدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردییەوە بە بەرچاوی خەڵکەوە لە شاری سلێمانی دوای تەقەکردن لەو خۆپیشاندانەی بەکر عەلی رێکیخستبوو بۆ بەردەم پارێزگاری سلێمانی، بە برینداریی تیرۆرکرا.

هیوا ئەحمەد، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی چەپ و کرێکاریی لە کوردستان، پێیوایە فاکتەرەکانی تیرۆری بەکر عەلی بۆ ترسی دەسەڵات دەگەڕێتەوە لەشێوەی خەبات و هەڵسوڕانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی ئەو. بۆیە ئاماژە بەوە دەدات تیرۆرکردنی بەکر عەلی یەکێک بووە لە ئامانجەکانی دەسەڵاتدارانی ئەوسای سلێمانی و دەڵێت: رۆژی 1 ئەیلولی 1994 سەر لەبەیانی، سەرجەم خەڵکی ئاوارەی حامیە بۆ بەرگریکردن و پاراستنی ئەو سەرپەنایانەی لە ناو حامیەکەدا بە تەنەکە و بەرد و قوڕ بەدەستی خۆیان دروستیان کردبوون، دەستیان دایە خۆپیشاندان و رێپێوانێکی هێمنانە لە حامیەوە بۆ بەردەم بارەگای پارێزگاری سلێمانی سالار عزیز، لە بەرامبەر باخی گشتی، کە بەکر عەلی نەخشی سەرەکی هەبوو لە رێکخستن و رابەریکردنیدا. ئیتر ئەمە ئەو کات و سات و شوێنە بوو، دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی ئیداریی شاری سلێمانی نەخشە رەشەکەیان تێدا جێبەجێ دەکرد. کاتێک ئاوارەکان لەبەردەم بارەگای پارێزگاردا بەهێمنی خواستەکانی خۆیان بەرزکردبۆوە، بە فەرمانی پارێزگار لە لایەن پاسەوانەکانی پارێزگار و بارەگای پارێزگاوە دەستدەکرێت بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و بەمەش دەبێتە پشێوی و پەرتوبڵاوبوونی خۆپیشاندەران، لەم کاتەدا ئینسانکوژەکانی پارێزگار زەفەر دەهێنن و لەدواوە تەقە لە بەکر عەلی دەکەن و برینداری دەکەن پاشان دەگەنەسەری و گوللەیەک بەدەمییەوە دەنێن تا بەتەواوی گیانی لێببڕن. رەوتی چونەپێشەوەی رووداوەکە و شێوەی ئەنجامدانی تاوانەکە بۆ هەر مرۆڤێکی سادە و هەر لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی، گومان لەوەدا ناهێڵێتەوە ئەنجامدانی ئەم تاوان و تیرۆرە نەخشەیەکی لە پێشدا بۆداڕێژراو بووە و خودی پارێزگار بڕیاردەری بووە و ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی نەخشەی ئەنجامدانی ئەم تاوانە بووە.

یەکێک لەهاوڕێ نزیکەکانی بەکر عەلی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەکر عەلی توانی لە ماوەیەکی کەمدا و لەناو بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەوسای کوردستاندا، وەک رابەرێکی گەورە و جێگا بڕوای چینەکانی خوارەوە سەر دەربهێنێت، بەو هۆیەی بەکر هەم شاعیر بوو، توانایەکی گەورەی دەربڕین و رەوانبێژیی هەبوو کە قسەکانی قورسایی لەسەر ئەندێشەی گوێگر دادەنا و هەم رابەرێکی ورد و بەسەلیقە و راستگۆ بوو، بۆیە هەر زۆر زوو خەڵکی حامیە وەک رابەرێکی گەورە قبوڵیان کرد، کە ئەگەر ئەو پلانە نەبووایە، ئەوە زۆرینەی چینەکانی خواری کۆمەڵ ئەو کەسایەتییەیان وەک رابەرێکی جۆریی و کارامەی خۆیان دەدۆزییەوە، ئەمەش بۆ دەسەڵاتدارانی ئەوسای شاری سلێمانی و خودی پارێزگاری سلێمانی مایەی هەرسکردن نەبوو، بۆیە تاکە رێگە بەردەمیان بریتبوو لە بیرکردنەوە بۆ لەناوبردن و تیرۆرکردنی ئەم رابەرە، کە بێگوومان لەناوبردنی ئەو سەرئەنجام بووە لەناوبردنی کەلەپورێکی دەوڵەمەندی خەباتی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا.

  • کێ تاوانبارە لە تیرۆرکردنی بەکر عەلی دا؟

هەموو ئاماژەکان و شایەتحاڵەکانی ئەو رووداوە، سەرباری ئەوەی باس لەوە دەکەن کە رووداوی تیرۆری بەکر عەلی بەپێی پلان و بەرنامەیەکی پێشوەخت بووە، لەهەمان کاتدا پەنجە بۆ سالار عەزیزی پارێزگاری ئەوکاتی سلێمانی و هەڵسوڕاوی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان رادەکێشن وەک پلاندانەر و خاوەن بیرۆکەی یەکەمی تیرۆری بەکر عەلی. تەنانەت هەندێک لە هاوڕێ نزیکەکانی بەکر عەلی هێما بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوە یەکەم جار نەبووە، کە پارێزگاری ئەوسای سلێمانی بیر لە کوشتنی ئەو شاعیر و رابەرە جەماوەرییە بکاتەوە، بەڵکو بیرۆکەکە هاوکاتە لەگەڵ دەرکەوتنی بەکر عەلی وەک رابەرێکی گەورەی چینایەتی و سیاسیی و بزووتنەوەی ناڕەزایخوازیی، تەنانەت پێیانوایە یەکەم بیرۆکەی تیرۆری بەکر عەلی هاوکاتە لەگەڵ پێشکەشکردنی ئەو وتارەدا کە بەکر عەلی بەناوی ئاوارەکانی حامیەوە لە مەراسیمی یەکی ئایاری ساڵی 1994 لە یاریگای شاری سلێمانی بەئامادەبوونی هەزاران کەس پێشکەشی کرد.

حەمە غەفور پێیوایە: بەکر عەلی بە هەڵسووڕانی خۆی لەپاڵ هاوڕێبازەکانی وەک (فەرهاد فەرەج، ئەکرەم چاوشین و دەیانی تردا) سەنگەرێکی بەهێزیان لێدابوو لە بەرامبەر بە دەسەڵاتی حزبە کوردییەکان، بۆ دیفاع و پارێزگاریکردن لەمافەکانی خەڵکی بێکار و ئاوارە و دەستەنگ لەخواستەکانیان، لە ئێستا و لە ئایندەیان. ئەم جێگا و رێگا خەباتکارانەیەی بەکر عەلی بووە قەستی سەری و بە رۆژی رووناک پاسەوانانی سالار عەزیز لە ناو جەرگەی شاردا بەفەرمانی ئەو خەڵتانی خوێنیان کرد. ئاخر سالار عەزیز و هەڤاڵەکانی لە بەکر عەلی تۆقیبوون. خۆ ئەوان لێهاتوویی ئەوەیان نەبووە و نییە وەڵامی بەکر و هاوڕێکانی بە شێوەی سیاسیی و دیالۆگ بدەنەوە. ئەوان تەنیا شتێک لە خەباتی شاخیانەوە لە رژێمی بەعس‌ و سەددام فێربووبوون تەنیا زمانی تفەنگ و سەرکوت و سڕینەوە و تیرۆری موخالیفانی خۆیان بوو!. ئەوان قارەمانی زەفەربردنن لەپشتەوە. نوێنەرانی چینە چاو چنۆکەکان لەکوێ مەردایەتی رووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا و راست و رەوانیان تێدایە لەگەڵ پێشڕەوانی جەماوەریدا‌. ئەوانەی ئەم پەروەندە چارە رەشەیان دوێنێ بۆ خۆیان تۆمار کردووە، ئەمڕۆ چۆن دەکرێ لە بەرەی خەڵکی کوردستاندا جێگایان هەبێت؟ ئەوان دوژمنی چینایەتی جەماوەری کرێکار و بێکار و ئاوارە و بێبەشن.

هیوا ئەحمەد پێیوایە: ئەگەر بە فەرمان و بە ئاگاداریی خودی پارێزگار و کاربەدەستانی ئیداریی شار نەبێت چۆن پاسەوانەکانی تەقە لە خەڵک و خۆپیشاندەران دەکەن؟!. بۆچی بەدیاریکراویی تەقە لە بەکر عەلی رابەر دەکرێت و لەدواوە بریندار دەکرێت؟!. بۆچی دوای بریندارکردنی گوللە بەناودەمییەوە دەنێن و دەیکوژن؟!. پاسەوانەکان چۆن هەموو ئەم نەخشەیە هەروا خود بەخود ئەنجامدەدەن بەبێ ئەوەی مۆڵەت و چرای سەوزیان لەسەرو خۆیانەوە بۆ هەڵنەکرابێت؟!. ئەوە ئاشکرایە کە پارێزگار خودی خۆی و بەدەسی خۆی تەقەکانی نەکردووە، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە جێبەجێکردنی ئەو نەخشە و تاوانە بەبێ ئاگاداریی و فەرمانی ئەو هەرگیز جێبەجێنەکراوە. ئەو بەرپرسی ئیداریی و سیاسیی شاری سلێمانی بووە و هەروەها بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆشی بووە، ئەو‌ بەرپرس و تاوانباری یەکەمە لەم تاوانەدا. هەروەها‌ ئەوەش ئاشکرایە کە جێبەجێکەرانی عەمەلی ئەم تاوانەش بەهەمان شێوە بەرپرس و تاوانبارن.

بەکر ئەحمەد، نووسەر و شاعیر، کە لە کاتی تیرۆرکردنی بەکر عەلی لە وڵاتی سوێد بووە، دەربارەی پەیوەندیی پارێزگاری ئەوسای شاری سلێمانی بەو رووداوەوە دەڵێت: لەپەیوەند بەوەی رۆڵی سالار عەزیز و عومەر سەید عەلی لە کوشتنی شاعیر بەکر عەلیدا چییە؟. من زانیارییەکی زۆر وردترم لەبەردەستدا نییە جگە لەوەی کە رووداوەکە لە زمانی بەشێک لە شایەتحاڵەکانی رووداوەکەوە دەگێڕدرێتەوە. ئەو رۆژگارە من لە دەرەوەی وڵات بووم کارێکی ئێجگار گەورە کرا کە سالار عەزیز وەک تاوانبارێکی بکوژی بەکر عەلی بکێشرێتە بەردەم دادگای سوێد و تەنانەت مافی هاووڵاتیبوونیشی لێبسەندرێتەوە. ئەو کۆششانە بە کوێ گەی و دەرئەنجامەکانی چی بوون، جێگای هەڵدانەوەی کۆمەڵێک یادەوەریی سیاسیی ترە، ئێستا لێرەدا ناکرێ جێی بێتەوە. کێ بەرپرسی دەسەڵاتی پارێزگای سلێمانییە لەو رۆژگارەدا، سەر بە چ حزبێکی سیاسییە، بەرپرسیار و تاوانباری ئەم تیرۆرە رەشەی شاعیری خۆشەویست بەکر عەلییە؟. ئەوەی چەند لەم دەموچاوە ئینسانکوژانەی کۆمەڵگای ئێمە دەکرێ ببنە رابەری گۆڕانکاریی ریشەیی لە کوردستاندا، باسێکی تایبەتیترە و رەنگە لێرەدا نەکرێ وەڵامی زۆر لایەنی بدرێتەوە.

حەمە غەفور، زۆر بەپێداگرییەوە تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی پارێزگاری ئەوسای شاری سلێمانی و پێیوایە: سالار عەزیز فەرمانی دا بە کوشتنی بەکر عەلی لەناو جەرگەی شاردا و بەبەرچاوی خەڵکییەوە، هەتا مەیل و ئارەزووی هەڵپێچانی جیهانی بۆرژوایی و کاروانی خەبات لە پێناو دامەزراندنی جیهانێکی سەد جار باشتر و شایستەتر لەوەی ئێستا سەرکوت‌ و کڵۆم بکات. بەڵام کەم نەبوون ئەو نوێنەرە دەبەنگ و نەزانانەی لەسەر ئەو بڕوا و تێگەیشتنە بوون، دەکرێ و دەتوانن بەزەبروزەنگ‌ و تیرۆر و سڕینەوەی فیزیکی رابەرانی بەرهەڵستکاری رێگای سۆشیالیزم و دادپەروەریی، بەسەر کۆمۆنیزم و رەوت‌ و جووڵانەوەی کرێکارییدا سەربکەون! ئەی نابینن دوای شازدە ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ئەم مرۆڤەی لە جەرگەی خەباتێکی بەرهەقانەی جەماوەری خەڵکی سلێمانیدا ترسنۆکانە خەڵتانی خوێنیان کرد، هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە و رێباز و بەرنامەکەی وەک هێمای درێژەی رێباز و خەباتەکەی وەک تاجی گوڵگوڵین، ئازادیخوازان و کرێکاران و کۆمۆنیستەکان دەیخەنە سەر سەریان؟.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی، کەسانێکی وەکوو سالار عەزیز کە دەستیان بەخوێنی رابەرێکی وەکوو بەکر عەلی سوورە، ئایا دەتوانن ببنە هەڵسووڕاوی بزووتنەوەیەک کە ئاڵای گۆڕانی لە کوردستان بەرزکردۆتەوە؟. شاعیر و نووسەر بەکر ئەحمەد دەڵێت: بە بڕوای من بەشێکی ئیجگار گەورەی رابەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، شەریکی ئەو مێژووە خوێناوییەی کۆمەڵگای ئێمەن و تا ئێستاش کەسییان پەرچەکردارێکی رەخنەگرانەیان لە بەرانبەر مێژووی تا دوێنێیاندا نیشاننەداوە. ئەمە گەورەترین زەبری کوشندەی لە سەرمایەی رەمزیی ئەم سەرکردانەی ئەمڕۆکەی گۆڕان داوە. ئەوەی روویداوە، باڵێکی ناڕازی ناو هێزێکی ناسیۆنالیزمی کورد، بەو گلەیی و گازندانەی هەیەتی، دەکەوێتە سەنگەری براکانی دوێنێیانەوە و درێژە بەهەمان سیاسەتی ناسیۆنالیستی موتوربەکراو بەچەمکی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەدات کە کەس نازانێ لە کوێی بەرە ئایدیۆلۆژییەکانی سیاسەتدا جێیدەبێتەوە. گۆڕان خۆی هیچ کاتێک پەرچەمی ئاڵوگۆڕی ریشەیی هەڵنەکردووە و هەموو کۆششی ئەم بزووتنەوەیە بۆ بەدوورخستنەوەی هاتنەکایەوەی هەر بزووتنەوەیەکی دیکەی سیاسییە کە بە شوێن پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێکی ریشەییەوەیە.

پاشان درێژە بەقسەکانی دەدات و دەڵێت: بە کورتییەکەی گۆڕان لێرەیە‌ نەک بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی ریشەیی بسازێنێت، بەلکَو بۆ ئەوەی هەر هێز و لایەنێک بە شوێن ئاڵوگۆڕی ریشەییەوەیە، لەباربەرێت. ئەگەر خواستێکی ئاواهیش بەفەرمی رانەگەێندراوە، ئەوا دەرئەنجامە پراکتیکییەکانی ئەم سیاسەتە، بەم ئاڕاستەیەدا دەڕوات. ئیشتا زۆر کەس بەئاشکرا درکی بەوە کردووە ئەگەر گۆڕان نەبوایە، شەقامی سیاسیی کوردیی، لە ئاستی شەق وەشاندنێکی دیکەی سیاسییدا بوو لەجەستەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد. زۆرجار دەڵێن ئەوە سۆشیال دیموکراتییە کە سەرمایەداریی رزگارکردووە، یان سەرمایەدارییە سۆشیال دیموکراتی رزگار دەکات. پەیوەندیی گۆڕان و رزگارکردنی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد ئاسانتر دەبینرێت وەک لە پەیوەندیی نێوان گۆڕان و ئاڵوگۆڕی ریشەیی. بە بڕوای من، دادگاییکردنی بەشێکی زۆر لە جەنەڕاڵەکانی شەڕی ناوخۆ لەناو گۆڕاندا، سەرمایەیەکی دیکەی کولتووریی و سیاسیی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان پێکدەهێنا و ئینسان هەستی دەکرد، بەڵێ گۆڕانێک بەڕێوەیە، بەڵام جێی داخە، ئەو شەرەفەیان بەخۆیان رەوا نەبینی.

  • کەیسی بەکر عەلی کۆتایی نەهاتووە؟

هاوڕێیانی نزیکی بەکر عەلی باس لەوە دەکەن کەیسی بەکر عەلی کەیسێکی داخراو نییە، بەڵکو هەتا ئێستا هەر بەکراوەیی ماوەتەوە، بۆیە ئەوان دەخوازن لەهەر دەرفەتێکدا کە بۆیان بڕەخسێت تاوانباران و تۆمەتبارانی سەرەکیی ئەم تاوانە رابکێشرێنە بەردەم دادگا، هەروەک بەشێک لە هەڵسوڕاوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان دەیڵێن، بەکر عەلی جگە لەوەی بۆ خۆی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لەرووی شێوەی رەسەنی کاری جەماوەرییەوە، لەهەمان کاتدا بۆ دەستگرتن بەو کولتوورەوە وازنەهێنان لەکەیسی تیرۆرکردنەکەی بەهەنگاو و رێگایەکی خەباتی جەماوەریی و سیاسیی خۆیان دەزانن، تا ئەو کاتەی لەدادگا یەکلا دەبێتەوە، کێ تاوانبارە و کێ تاوانبار نییە؟. تا لە دادگا یەکلا بێتەوە تاوانباران بۆ بەردەم سزا و لێپێچینەوە و بێتاوانیش بۆ ماڵی خۆی.

هیوا ئەحمەد هەڵسوڕاوی چەپ و کرێکاریی دەڵێت: ئەمڕۆ هەر بەهەمان یاسا و سیستمی دادوەریی ئەمڕۆی عێراق کە خۆیان بەڕێوەبەری بوون، زۆرێک لە تاوانباران و سەرانی رژێمی بەعسی دیکتاتۆریی سزا دراون و لەکاتێکیشدا خۆیان راستەوخۆ یان بەدەستی خۆیان کەسێکی ئەنفالکراو یان زیندانییەکیان نەکوشتووە یان بەدەستی خۆیان کیمیاییان نەکردووە بەسەر خەڵکی هەڵەبجەدا، بەڵام ئەوان بڕیاردەر و نەخشەداڕێژەری بوون، فەرمانی سیاسیی و سەربازییان داوە بەخوار خۆیان بۆ جێبەجێکردنی نەخشە و تاوانەکە،‌ بەم پێیە تاوانبارن و سزا دراون. هەموو ئەوانەی لە ئەنجامدانی تاوانێکدا بەشدارن جا چ بە تەحریککردن و رێگەخۆشکردن بێت یان نەخشەداڕێژەر و بڕیاردەر و فەرمان دەربکات بۆ کەسانی تر تا دەگات بەو کەسەی فەرمانەکە جێبەجێدەکات و تاوانەکە بەدەست ئەنجامدەدات، هەموویان بەپلەی جیاواز تاوانبارن و دەبێ سزای خۆیان وەربگرن. هەربۆیە تاوانی تیرۆرکردنی بەکر عەلی دەچێتە هەمان شێواز و چوارچێوەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم راستیانەشدا دەبێ ئەم دۆسییە لە دادگایەکی مەدەنی و سەربەخۆدا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و بەدوا ئاکامی خۆی بگات و بەپێی بەڵگەکان تاوانباران دەستنیشان بکرێن و بەسزای خۆیان بگەن.

ئەم راپۆرتە بۆ شانزەهەمین ساڵیادی بەکر عەلی ئامادە کراوە و پێش هەشت ساڵ لە ژمارە 78ی گۆڤاری نێوەند لە مانگی ئابی 2010 بڵاوکراوەتەوە.[١]

  1. سەرچاوە: ژمارە 78ی گۆڤاری نێوەند، مانگی ئابی 2010