جەبار فەرمان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Jabarfarman.jpg

لە رۆژی 08-06-1947 لە گوندی بان میل-ی خانەقین کە ئێستا بەشێکە لەوشارە، لەدایکبووە.

رۆژی 18-09-1954 چۆتە قوتابخانەی کارێز لە گوندی کارێزی خانەقین و دەستیکردووە بە خوێندنو ساڵی 1960 خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە.

لە ساڵی 1967 خوێندنی ناوەندی لە شاری خانەقین تەواوکردووە،

دواتر لە پەیمانگەی مامۆستایان لە شاری باقوبە وەرگیراوەو پاشان بەسەرکەوتوویی تەواویکردووە.

لەماوەی بوونی لە پەیمانگە خوێندکارێکی زیرەک بووەو لە دەیان چالاکیی خوێندکاریدا بەشداریکردووە.

0010.jpg

دوای تەواوکردنی پەیمانگە، لەگوندی بوهرز-ی سەر بە پارێزگای دیالە بووەتە مامۆستاو دوای ساڵێک چووەتە بەغداو لە قوتابخانەی سەورە لە مەدینە سەورەی بەغدا بۆتە مامۆستا.

ساڵی 1971 لە زانکۆی موستەنسریە-ی بەغدا لە کۆلێژی فیزیا وەگیراوە،هەر لەو ماوەیەدا پەیوەندیکردووە بەکۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان کە دواتر بوو بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان.

دوای دووساڵ خوێندنو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان شۆڕشی کوردو حکومەتی بەعس لەساڵی 1974 بووە بەپێشمەرگە.

دوای نسکۆ لەساڵی 1975 گەڕاوەتەوە ناوشار درێژەی بەکاری حزبیو خەباتی نهێنی داوە.

هەمان ساڵ لەگەڵ یەکەم دەستەی تێکۆشەرانی کۆمەڵەدا دەکەوێتە دەستی دوژمنو زیندانی کراوە.

لەساڵی 1975 تا 1979 لە زیندانەکانی ئەمنی خاسەو فەزیلیەو ئەبوغرێب ماوەتەوەو چەندین جۆر ئەشکەنجە دراوە، لەو ماوەیەشدا نموونەی خۆڕاگریی بووە.

لە 17-04-1980 پەیوەندیکردووە بەهێزی پێشمەرگەی (ی.ن.ک)ەوە.

13872653 285127151845104 142074368035278850 n.jpg

سەرەتا بۆتە رابەر سیاسی لە هەرێمی دوو، پاشان کراوەتە لێپرسراوی کەرتی رێکخستنی چۆمان، دوای کۆنفرانسی دووی کۆمەڵە بۆتە لێپرسراوی رێکخراوی دووی کۆمەڵە، دواتریش مەڵبەندی یەک.

کاک جەبار لە ژیانی شاخو پێشمەرگایەتیدا وێڕای کاری رێکخراوەییو دەرکەوتنی وەک کادیرێکی لێهاتووی رێکخستن،کادیرێکی بەتوانای سەربازیی-یش بووە،بەشداری دەیانو سەدان داستانو نەبەردی هێزی پێشمەرگەی کردووە،هەروەها سەرپەرشتیو فەرماندەیی زۆر داستانو رووبەڕووبوونەوە بووە کە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ورەی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستانو لەبەرامبەردا دوژمن تووشی شکستی گەورە بووە.

ساڵی 1988 بۆتە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی تەنفیزی بەرەی کوردستانی،ساڵی 1990 لەولاتی سوریا بەهەمان ناونیشان خەباتی کردووە.

ساڵی 1991 لەگەڵ بەڕێز مام جەلال لە راپەڕیندا گەڕاوەتەوە کوردستان.

لە دووەم راپەڕینی خەڵکی سلێمانی رۆڵی بنچینەیی گێڕاوە.

لە ساڵی 1991 رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە دامەزراندنی کۆلێژی سەربازیو بنیاتنانەوەی نەخۆشخانەی شۆڕشو هەروەها کراوەتە سەرلەشکری یەک-ی (ی.ن.ک).

ساڵی 1992 کراوەتە لێپرسراوی مەکتەبی عەسکەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ساڵی 1992 ناوەندی رووناکبیریو کۆمەڵایەتی گەرمەسێری دامەزراندووە.

لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتە وەزیری پێشمەرگەو لە ساڵی 1995 کراوەتە وەزیری ناوخۆ، لە هەمانساڵدا ئەرکی وەزیری پەروەردەو پاشان وەزیری شارەوانی بەوەکالەت-ی پێسپێردراوە.

ساڵی 1999 کراوەتە جێگری فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەر لەو ساڵەدا یانەی وەرزشی پێشمەرگەی دامەزراندووەو بۆتە سەرۆکی یانەکە.

دوا پلەشی ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) بووە.

بەداخەوە، چەندساڵێک بەر لەکۆچی دواییکردنی،گرفتاری نەخۆشییەکی ترسناک بوو،بەوهۆیەشەوە لەئەرکو فەرمانو خزمەتە بەردەوامەکانی دابڕاو سەرەڕای هەوڵی جدیو بەردەوامی (ی.ن.ک) بۆ چارەسەرکردنیو گەیاندنی بەچەندین وڵات، بەلام دواجار چاوەکانی لێکناو لەڕۆژی 09-08-2007 لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوە: ماڵپەڕی بادینان