دژايه‌تيى نێوان مه‌ولانا خاليدى نه‌قشبه‌نديى و شێخ مارفى نۆدێيى

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Shex022.jpg

نووسینی: رێبوار حەمەتۆفیق محەمەد

نەقشبەندیی وەک ناوی تەریقەتێکی دیاری تەسەوف له‌ كوردستاندا مێژوويه‌كى زۆر دێرينى نییە، له‌چاو ئه‌و مێژووه‌ى كه‌ ته‌ريقه‌ته‌كه‌ى تێدا پەیدا بووه كه‌ بۆ سەردەمی خەلیفەی ڕاشیدین دەگەڕێتەوە، واتە: بۆ سەردەمی ئەبوبەکری سدیق و لە ئەو قۆناغەشەوە تا سەردەمی بایەزیدی بەستامی، بە تەریقەتی سەدیقی ناسراوە، لە سەردەمی بایەزیدی بەستامیشەوە تا سەردەمی عەبدولخالقی غەجدەوانی، بەتەریقەتی تەیفوری ناوبراوە، لە دوای ئەمیشەوە تا سەردەمی شێخ محەممەدی بوخاری، بەتەریقەتی خواجەگان ناوبراوە، وەک ئاشکرایە شێخ محەممەدی بوخاری، بەشاهی نەقشبەند بەناوبانگە، واتە: لە ئێرەوە ئیتر ناوی نەقشبەندیی بووەتە ناوی ئەم تەریقەتە.

(1) تەریقەتی نەقشبەندیی هەرچەندە لە زەمانی کۆندا بووە و لە کوردستانیشدا نیشانەی هەبووە، بەڵام لە ئەو سەردەمانەدا وەک تەریقەتێکی ناسراو نەبووە و لە ناو خەڵکیدا ناوبانگی نەبووە.

(2) تا سەردەمی دەرکەوتنی مەولانا خالیدی نەقشبەندیی و گەڕانەوەی پاش ساڵێک لە دیهلیی هیندستان و مانەوەی لەگەڵ شێخ عەبدوڵڵای دیهلەویدا و وەرگرتنی فەرمانی ئەم شێخە، کە دواتر بڕیار دەدات بگەڕێتەوە کوردستان و بەپێی ئەم فەرمانە، لە ناوچەکانی سەر بە دەسەڵاتی عوسمانیدا، بانگهێشتن بۆ ڕێبازی نەقشبەندیی بکات.

ساڵانی 1811-1820 بە پڕ بەرهەمترین ڕۆژانی ئەم ڕێبازە لە کوردستاندا دەژمێردرێت...، کاتێک ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە گەڕانەوەی مەولانا لە ساڵی 1811دا بۆ سلێمانی هاتنە سەر ڕێبازەکەی، بەتایبەتی ئەو توێژە بازاڕییانەی کە هەلومەرجی پڕ شەڕوشۆڕی میرنشین، زیانی لە بەرژەوەندییەکانیان دەدات.

(3) تەنانەت خەڵکانێکیش کە لە توێژی خوارەوە بوون و دژی ئەو دەرەبەگانە بوون، بەشێوەیەک لە شێوەکان و بەپێی بەرژەوەندییان، لەگەڵ هێزی سیاسیی و ئایینیی و کۆمەڵایەتی پایتەختدا بوون و نەیارێتییان دەکردن، ئەمەش وای کردبوو ڕێبازەکە لە دوولاوە خەڵکی لێ کۆببێتەوە.

ئەمانە و چەندین خاڵی تریش کە لە ئەم باسەدا جێگەیان نییە، وایان کرد زۆر بەخێرایی ڕێبازەکە پەرەبسێنێت و بە کوردستان و سەرجەم ناوچەکەدا بڵاوببێتەوە، هەروەک (ڕیچ) دەڵێت(4) لە سەرانسەری تورکیا و وڵاتە عەرەبەکاندا، 12000 دوازدە هەزار موریدی هەیە(5) مامۆستا (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس)یش، ژمارەی خەلیفە کوردەکانی مەولانا خالید بە 34 خەلیفە و خەلیفە بێگانەکانیشی بە 33 خەلیفە دادەنێت.

(6) هەروەها (عەباس عەزاوی)یش موریدانی تەریقەتی نەقشبەندیی لە هەموو وڵاتاندا، بە بیست هەزار کەس دادەنێت.(7)

مەولانا خالیدی نەقشبەندیی، ناوى (خالید کوڕى ئەحمەد کوڕى حسێن)ـە. لە تیرەى میکایەڵى جافە.

ساڵى 1190- 1193 ک، کە دەکاتە 1779 ز، لە ناوچەى (قەرەداغ) لە دایک بووە.

هەر لە سەرەتاى منداڵییەوە، چووەتە بەرخوێندن و لاى ژمارەیەک لە مەلا گەورە و زانا دیارەکانى ئەو سەردەمە، بۆ نموونە (سەید عەبدولکەریمى بەرزنجى) خوێندویەتی، پاشان لاى (شێخ قەسیمى مەردۆخى) ئیجازەى وەرگرتووە.

پاش کۆچى دوایى مامۆستاکەى (سەید عەبدولکەریمى بەرزنجى) بە فەرمانى (ئەوڕەحمان پاشاى بابان) مەولانا خالید لە جێگەى ئەو دانراوە... ئەم زاتە، زانایەکى گەورەى ئایینناسە و لە سەرانسەرى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، ڕێبەرى ڕێوڕەچەى نەقشبەندیى بووە.

هەزاران خەلیفە، مورید و مەنسووبى هەبووە. چەندین کتێب و پەراوێزى لە زانستەکانى دین و ڕێوڕەچەى نەقشبەندییدا نووسیوە، لە هەمان کاتدا شاعیرێکى پایە بەرز بووە و دەستێکى باڵاى لە هۆنیینەوەى شیعردا هەبووە، بە زمانەکانى فارسى، عەرەبى و کوردى -بە هەردوو شێوەزارى (گۆران، بابان)ـەوە- شیعرى هۆنیوەتەوە.

لە ناو میرانی باباندا، کە لە ئەو سەردەمەدا حوکمڕانی ناوچەی سلێمانی بوون، بە ڕێزەوە سەیری کراوە و نامەی زۆر لە نێوان ئەم و ئەو میرانەدا هەبووە.

لە ساڵى 1220ک-1805ز بەڕێگەى (موسڵ، دیاربەکر، حەڵەب، دیمەشق)دا سەفەرى حەجى کردووە، دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، بڕیاری سەفەرکردن بۆ هیندستان دەدات و ئەم بڕیارەشی جێبەجێ دەکات... بۆ گەڕانەوەشی، لە ساڵی 1226 ک لە سنەوە دەگاتەوە سلێمانی.

پاش ماوەیەک، بۆ ماوەی پێنج مانگ ڕوو دەکاتە بارەگای حەزرەتی غەوس لە بەغدا و لە ئەوێ، حەزرەتی شێخ عوسمان سیراجودینی هەورامیی تەوێڵەیی( تەمەسوکی پێوەکردووە.

ئەوانەی کە کەڵک و قازانجیان لەگەڵ بوونی مەولانادا لە سلێمانی یەک نەکەوتووە، دەبن بە ناحەزیی و لە دژی، دەس بە قسە بڵاوکردنەوە دەکەن و گەلێ شتی ناڕەوا و نادروست بەدەمیەوە هەڵدەبەستن و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم قسانە ڕوو لە زۆربوون دەکات...

لە ئەم کاتانەشدا بەهۆی هەرای نەبڕاوەی نێوان خالید پاشای کوڕی ئەحمەد پاشا و عەبدولڕەحمان پاشای کوڕی مەحموود پاشای گەورەوە، ناوچەی بابان پڕبووە لە پەشێویی، بۆیە مەولانا بڕیار دەدات لە سلێمانی نەمێنێتەوە و لە ساڵی 1228ک دا، دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و تا ساڵی 1231 یان 1232 ک، لە بەغدا دەمێنێتەوە و دواتر بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە... و مەحموود پاشا خانەقایەکی بۆ درووست دەکات و بۆ ماوەی شەش مانگ لە سلێمانی دەمێنێتەوە...

لە 25/10/1820دا بۆ یەکجارەکی سلێمانی بەجێ دەهێڵێت و بەرەو بەغدا و دواتریش بۆ هەورامان سەفەر دەکات... ساڵانی1236، 1237، 1238 ک لە هەورامان بەسەر دەبات و دواتریش بەرەو شام دەکەوێتە ڕێ و لە ساڵی 1241 ک دا دەچێتە مەدینە و لە ساڵی 1242 ک، پاش ساڵێک لە گەڕانەوەی حەج، لە شام و لە یازدەی مانگی زی العقدەی 1242ک-1827ز تووشی نەخۆشی تاعون دەبێت و پاش دوو ڕۆژ، کۆچی دوایی دەکات.(9)

کۆنترین تەریقەتی سۆفی لە ناو کورددا، تەریقەتی قادرییە کە بە ناوی دامەزرێنەرەکەیەوە عەبدولقادری گەیلانی گیلانی، کەیلانی، خەیلانی 1077-1116ک ناونراوە. ئێستا زۆر خانەدانی ئایینیی بە ناوبانگی کورد لە پەیڕەوانی ئەم تەریقەتەن، یان جاران لە پەیڕەوانی بوون.

تەریقەتی قادریی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە، لە ژێر تین و فشاری تەریقەتێکی تری سۆفییانەدا کە تەریقەتی نەقشبەندییە، بەردەوام لە پاشەکشەدایە... مەڵبەندی سەرکردایەتی تەریقەتەکە، شارۆچکە دێرینە پیرۆزەکەی بەرزنجەیە کە نزیکە لە شاری سلێمانییەوە... ئێستا خەڵکی کوردستانی باکوور و تاڕادەیەکیش خەڵکی کوردستانی خۆرئاوا، پەیڕەوی لە تەریقەتی نەقشبەندیی دەکەن.

ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی کوردستانیش قادریین... مەولانا ساڵی 1779ز، هەڵمەتێکی بۆ پەیداکردنی لایەنگر لە ڕێگەی دیاریکردنی ژمارەیەکی زۆری نوێنەران لە کوردستان و ئەودیوی کوردستاندا، دەست پێکرد. (10) کاتێک مەولانا خالید لە هیندستان دەگەڕێتەوە و بۆ ڕێبازی نەقشبەندیی دەست بە بانگهێشتن دەکات، ئیدی ناوبانگی بە هەموو لایەکدا بڵاودەبێتەوە.

لەبەر ئەوەشی کە لە ئەو کاتانەدا و لە سلێمانی تاکە ناودار و تاکە ڕێبازێک، (شێخ مارفی نۆدێيى 1752-1838)(11) و تەریقەتی قادریی دەبێت، شتێکی ئاساییە کە ململانێ لە نێوان مەولانا خالید و شێخ مارف، یان تەریقەتی نەقشیی و قادریی پەیداببێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتە (تەبەعە) بۆ مەولانا خالید و تەریقەتی نەقشبەندیی پەیدا دەبێت.

(ڕیچ) پلەی مەولانا خالیدمان بۆ دیاری دەکات و دەنووسێت: موسوڵمانێکی بەناوبانگی گەورە لە سلێمانی دەژی، ناوی خالیدە، بەڵام کوردەکان پێیان وایە کە لەنگییە بۆیان ئەگەر لە حەزرەتی مەولانا کەمتری پآ بوترێت. موسوڵمانەکان قسەکانی ئەو لە پلەی حەدیسی نەبەویدا دادەنێن.

ئەم شێخ خالیدە لە خێڵی جافە...، کوردەکان هەموو بە وەلی دادەنێن، زۆریشیان لە پلەی پێغەمبەری خۆیاندا ڕیزی دەکەن.

(عوسمان بەگ) پێی وتم: ئەو و پاشا و هەموو سەرکردە کوردەکانیش، موریدی ئەون.(12)

لە ناو خەڵکیدا ئەوە باوە کە (شێخ مەعرووفی نۆدێیی) بووە بە ناحەز و دژی مەولانا خالید، ئەمەش وایکردووە کە مەولانا لە سلێمانی دەرچێت و بەرەو بەغداد کۆچ بکات.

(13) تەنانەت ناکۆکییەکان دەگاتە ئاستێک کە شێخ مارف، کاک ئەحمەدی شێخی کوڕیی و عەبدولڕەحمان تاڵەبانی خەلیفەی بۆ کوشتنی دەنێرێت بەڵام هەردوکیان کاری کوشتنەکەیان بۆ جێبەجێ ناکرێت و دەگەڕێنەوە، ئەگەرچی شێخ مارف بۆ جاری دووەمیش دەیان نێرێتەوە، بەڵام بەختیان لە جاری یەکەم باشتر نابێت و دیسان دەگەڕێنەوە.

(14) بۆیە مەولانا خالید ناچار دەبێت هەڵبێت.

لە ئەم بارەیەوە ڕیچ دەنووسێت: ئەم بەیانییە شێخ خالیدی بەناوبانگ هەڵهات. لەگەڵ ئەوەشدا کە هەڵهاتنەکەی نهێنیی و بە پەلە بوو، بەڵام توانی هەر چوار ژنەکەی لەگەڵ خۆیدا بەرێت.

هێشتا نەزانراوە بەرەو کوێ ڕۆیشتووە؟ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کوردەکان لەپلەیەکی بەرزتر لە عەبدولقادر دایان دەنا.

پاشا عادەتی وابوو لەبەردەمیدا ڕادەوەستا و قلیانی بۆ تێدەکرد، کەچی ئەمڕۆ پێی دەڵێن: کافر و داستانی زۆر لەبارەی فیز و کافریی و زەندیقییەوە، دەگێڕنەوە.

لەبارەی هۆی هەڵهاتنیەوە، قسەی جۆراوجۆر دەکرێت. هەندێک دەڵێن: دەستی کردبوو بە ئاژاوە نانەوە لە نێوان پاشا و براکانیدا کە ویستبوویان لای پاشا لەگەڵیدا ڕووبەڕوو ببنەوە... هەندێکی تریش دەڵێن: دەستی کردبوو بە دانانی بناغەی مەزهەبێکی نوێ و دەیویست خۆی بکات بە گەورەی دنیایی وڵاتەکە.

گومانی تێدا نییە کە زۆر شتی لەبارەوە وتراوە و شتی زۆر لە ئەمانە زۆرترى دراوەتە پاڵ.

مەلا و سەیدەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە شێخ مارف، هەموو ڕقیان لە شێخ خالیدە و ئەویش کاتێک کە دەسەڵاتی هەبوو، هەموو ئەمانەی بەزاندبوو.

(15) بەڵام ئەمە هەموو لایەنەکانی ململانێ و ناکۆکییەکان نییە؟ چونکە لە ئەوکاتانەدا گەلێک لە مەلایانی ناوچەی سلێمانی کە لە خوێندندا هاوڕێی مەولانا بوون و خۆیان لە ئەو بە باشتر زانیوە، لە وەزعی مەولانا و لە پایەبەرزی لای میرانی بابان و خەڵکی شار و دەوروپشتی، ناڕەحەت بوون، بەڵام دەستیان نەڕۆیشتووە هیچ بکەن.

یەکەم زانای عیلم و تەریقەتیش کە لە ئەو ڕۆژەدا و لە ناوچەکەدا بووە، شێخ مەعرووفی نۆدێ بووە، کە مەلایەکی گەورە و مورشیدێکی پایە بەرز بووە و بەهۆی عەشرەت و تایەفەوە زۆر خاوەن دەسەڵات بووە، چوونەتە لای و فیتنەییان کردووە، هەر شتێ کە بە عەیبەیان زانیوە، کردوویانە بە چەند قات و وایان نیشان داوە کە ئەم مەولانایە، هاتووە دین تێک بدات و ئاشووب بنێتەوە و شتی ناڕەوا دابمەزرێنێت، ئەویش لەبەر ئاموشۆنەکردنی مەولانا و دڵسافیی خۆی و سوێندخواردنی ئەو کەسە درۆزنانە، ئاڵۆزبووە و بە واجبی ئایینی خۆیی زانیوە... لە دژی مەولانا بجووڵێتەوە، بەڵام سەرەنجام کە ڕاستی بۆ دەرکەوتووە، پەشیمان بووەتەوە و شێخ حوسەینی قازیی و چەند سەیدێکی تری ناردووەتە لای مەولانا بۆ عوزرهێنانەوە.

(16) ئەم ململانێ و ناکۆکییە زۆر لە ململانێیەکی کەسیی و کاتیی گەورەتر بووە؟ چونکە کار گەیشتووە ئەوەی کە لە شێوەی ناکۆکی ڕۆژانەدا ببینرێتەوە و ڕووخسارێکی سیاسی بەخۆوە بگرێت، کاتێک کە چەوسانەوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن پاشاوە، مەولانای هەڵپێچا کە لە سلێمانی هەڵبێت و پەنا بۆ بەغداد بەرێت، شێخ مارف نامەیەکی بۆ والی بەغدا نارد و ناوی (تحرير الخطاب في الرد علي خالد الكذاب)ی لێناو تێیدا داوای ئەوەی دەکرد (خالیدی درۆزنی کافر ڕیسوا بکرێت و لە بەغدا وەدەر بنرێت) بێگومان ئەم داوایەی ڕەت کرایەوە.

پاشتر هەر خۆی نامەکەی فەوتاند و ئێستا تەنها چەند پارچەیەک لە ئەو نامەیە ماوەتەوە. ساڵی 1813 پاش کۆچی دوایی پاشا، کاتێک مەولانا بۆ سلێمانی گەڕایەوە، ململانێی نێوان هەردوو ڕێبازەکە، لە ناو شاردا ڕەنگی ناکۆکییەکی ڕۆژانەی وەرگرت.

تاکتیکی شێخ مارف ئەوەبوو کە هەموو لایەنگرانی لەگەلڕ خۆیدا ساز و تەیار بکات و هەوڵیش بدات ململانێکە بخاتە بەردەم دەوڵەتی عوسمانییەوە و لەناو کوردەواریدا نەیهێڵێتەوە، بۆیە شێخ مارف هانی (عوسمان جەلیل مەوسڵی)دا کە کتێبی (دين الله الغالب علي كل منكر مبتدع الكاذب) دابنێت، کە مەبەستی مەولانا خالید بوو.

محەممەد ئەمین سویدی موفتی ئێراقیش بەداواکاری والی بەغدا -نەک مەولانا خالید- بە کتێبێک بە ناوی(السهم الصائب في من سمي الصالح بالمتدع الكاذب) بەرپەرچی دایەوە. مەولانا بەهەمان شێوە بەرەنگاری ئەم تاکتیکە نەبوویەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، تێکۆشا کە ڕێ لە دڵگەرمیی هەندێک لە ئەو لایەنگرانەی بگرێت کە دەیانەویست بەهەمان شێوە بەرپەرچی زەبرلێدانەکە بدەنەوە.

(17) لە نامەیەکی شێخ مارفی نۆدێییدا کە بۆ (یەحیا مزووری) ناردووە هەموو ئەو ڕاستییانەی سەرەوە دەردەکەوێت، کە پەیوەندی نێوان مەولانا و شێخ مارف، چەند خراپ و ئاڵۆز بووە.

لە ئەم لایەنەوە، هەندێک لە نەیارانی تەریقەتی نەقشبەندیی و دۆستانی قادریی، بە بەرنامە بێت، یان لە ژێر کاریگەریی سۆزی دەروونیاندا بووبێت، بەرامبەر بە مەولانا وەستاونەتەوە و هەوڵی زیان پێگەیاندنیان داوە، یەکێک لە ئەم کەسانە بەناوی (شێخ ئەحمەدی سەردار)(18)ەوە بە ئەم نیازە، لە سەرگەڵووەوە بۆ سلێمانی دێت. مەولانایش لە ڕۆژی جومعەدا و لە پاش نوێژی جومعە کە لە مزگەوتی گەورە دێتە دەرەوە، تەوەججوهێکی لێ دەکات، ئەویش جەزبە دەیگرێت و لە لای دەست بە سولووککردن دەکات، تا بەپایەی خەلیفەیی دەگات و ئیجازەی ئیرشاد وەردەگرێت.(19)


سه‌رچاوه‌ و په‌راوێز:

1- سلێمانی زەمینەی پەرەسەندن و ململانێی تەسەوف، عەتا قەرەداغی، زنجیرەی بڵاوکراوەکانی هەفتەنامەی سلێمانی نوێ سلێمانی، 2003، ل12

2- یادی مەردان، بەرگی یەکەم، مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، 1979، ل44

3- ڕیشە و پێشینەی ڕێبازی نەقشبەندی لە کوردستاندا، د. هەڵکەوت مەلا حەکیم خانەقینی، گۆڤاری سەنتەری ستراتیجی (سیاسەتی دەولی) ژمارە 21، ساڵی شەشەم 1998، ل14

4- ڕیچ: لە ساڵی (1787ز) لە فەرەنسا لە دایکبووە و لە ساڵی 1821دا کۆچی دوایی کردووە.

5- رحلە ریچ فی العراق عام 1820، کلودیوس جیمس ریچ، ج1، نقلها الى العربیە بهاءالدین نوری، بغداد، 1951، ل98

6- یادی مەردان، سەرچاوەی پێشوو...، ل83- 86

7- مولانا خالد النقشبندی، عباس العزاوی، مجلە المجمع العلمی الکردی، العدد1، بغداد، 1973،ل 697

8- شێخ عوسمان (1195-1295ک)

9- یادی مەردان، سەرچاوەی پێشوو...، ل8- 54

10- ئاین و تایفە ئاینىیەکان لە کوردستان، میهرداد ئیزەدی، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کامەران فەهمی، بڵاوکراوەی: مەکتەبی بیرو هۆشیاری، سلێمانی، 2002، ل81

11- شێخ مارفی نۆدێيى (1752-1838 ز): کوڕی شێخ مستەفای سەید ئەحمەدی غەزالییە. بەچەند پشتێک دەچێتەوە سەر بابا ڕەسوڵی گەورە

12- رحلە ریچ فی العراق عام 1820، سەرچاوەی پێشوو...، ل98

13- یادی مەردان، سەرچاوەی پێشوو...، ل44

14-ڕیشەو پێشینەی ڕێبازی نەقشبەندی لە کوردستاندا، سەرچاوەی پێشوو...، ل21. کە ئەمیش لە (Rich، op. cit، p. p. 303- 21)ى وەرگرتووە .

15- رحلە ریچ فی العراق عام 1820، سەرچاوەی پێشوو...، ل227- 228

16- یادی مەردان، سەرچاوەی پێشوو...، ل46.

17- ڕیشە و پێشینەی ڕێبازی نەقشبەندی لە کوردستاندا، سەرچاوەی پێشوو...، ل19

18- شێخ ئەحمەدی سەردار: سەید ئەحمەدی سەرگەڵویی بەرزنجییە. بە (سەید ئەحمەدی سەردار) ناسراوە.

19- یادی مەردان، سەرچاوەی پێشوو...، ل88