دەرسیم پێشەوا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
57284465 n.jpg

دەرسیم رەحمان فەرحان، ناسراو بە دەرسیم پێشەوا، یان مامۆستا دەرسیم.

لە ساڵی (1961) لە شارۆچکەی دیبەگەی (42) کیلۆمەتر باشووری هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان، چاوەکانی بە ژیان هەڵهێناوە.

خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە دیبەگە تەواوکردووە، بۆ خوێندنی ئامادەیی چۆتە شارەکانی بەغداو هەولێر. پۆلەکانی چوارو پێنجی ئامادەیی لە ساڵەکانی خوێندنی (1976-1977) و (1977-1978) لە بەغداو پۆلی شەشەمی لە ساڵی خوێندنی (1978-1979) لە هەولێر تەواکردووە.

لە ساڵی (1978)دا لە بەغدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) کردووە، بەڵام لە ڕێکەوتی (17.05.1985)دا وازی لە کۆمەڵە و سیاسەت هێناوە.

لە ڕۆژی (19.11.1980)دا بە کارمەند لە بنکەی لاوانی مەخمور دادەمەزرێ، بەڵام دوای لە سێدارەدانی جەمیل ئەحمەد مەحمودی ئامۆزازای لە ڕۆژی (21.05.1981) و تەحسینی برا گەورەی لە ڕۆژی (26.05.1981)دا، بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی خۆی لە ڕۆژی (1.8.1981)دا دەگوازرێتەوە بۆ ئۆرزدی باکی مەخمورو دواتریش ئورزدی هەولێر.

لە هەولێر دەچێتە پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان و خولی مامۆستایان، لە ئۆکتۆبەری ساڵی (1982)دا تەواوی دەکات و لە ڕۆژی (1.12.1982)دا وەکو مامۆستا لە خوێندنگەی سەرەتایی گوندی (خەتێ) لە دۆڵی بالیسان دادەمەزرێ.

ساڵی خوێندنی (1983-1984) گواستراوەتەوە بۆ گوندی (بالوکاوە/ بەلاروکاوە)، هەر له هەمان دۆڵ، کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی توتمە و بالیسان.

بۆ ساڵی خوێندنی (1985-1986) گواستراوەتەوە خوێندنگەی ئەرخەوانی کچان لە گەڕەکی برایەتی (بەستەپیازە) لە ناو شاری هەولێر.

لە ڕۆژی (2.3.1986)دا لەلایەن ڕێکخراوی هەواڵگری ناوچەی باکوور (منظومة إستخبارات المنطقة الشمالیة)دا دەستگیر دەکرێت. لە ڕێکەوتی (4.6.1987)دا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەردەچێت و دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی ئەبوغرێب.

دوای مانەوەی دوو ساڵ و شەش مانگ و دوانزە ڕۆژ، لە ڕێکەوتی (14.9.1988)دا بە لێبووردنی گشتیی لە زیندانی ئەبوغرێب ئازاد دەکرێت.

لەدوای ئازادبوونی ماوەیەک دەکرێ بە سەرباز و دواتر خەریکی کرێکاری دەبێت.

لەدوای ڕاپەڕینی زستانی ساڵی (1991)دا، دەگەڕێتەوە سەر پیشە کۆنەکەی کە مامۆستا بووە.

لە ساڵی (1992)دا هاوسەرگیری کردووەو بەرهەمی هاوسەرگیریەکەیان دوو منداڵە.

لە ڕۆژی (15.08.1992)دا لە ڕێگای ئێراقەوە باشووری کوردستان جێدەهێلێ و لە نیوەڕۆی (19.08.1992)دا دەگاتە عەمان-ی پایتەختی ئوردەن.


لە ئوردەن، بەهۆی (UN) مافی پەنابەرێتی وەردەگرێ و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ دانمارک.

لە دانمارک، کۆلیژی بازرگانی بەشی وەرگێڕانی زمانەکانی (دانمارکی - کوردی - عەرەبی)، لە ساڵانی (2002-2004)دا تەواوکردووه و دبلۆمی وەرگرتووە.

وەکو کەسێکی سەربەخۆ و بێلایەن، چەند ساڵێکە خەریکی نووسین و کاری ڕۆژنامەوانییە، بەتایبەت لە بوارەکانی مێژوو، شاڵاوەکانی ئەنفال، شەهیدانی کوردستان، زیندانی سیاسیی، سیاسەت و لێکۆڵینەوە لە بواری جینۆسایدکردنی کوردانی باشوور و بە سەدان وتاری بڵاوکردۆتەوە.

بەرهەمەکانی نووسەر:

1. مێژووی کوردستانێتیی شاری موسڵ، لە ساڵی (2008)دا لە دوو بەرگ لە باشووری کوردستان لەچاپ داوە.

2. ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی ئەنفال و کوردۆسایدکردنی گەلی باشووری کوردستان، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2011)دا لە باشووری کوردستان لە چاپ دراوە.

3. ئازارە شاردراوەکان یاداشتی زیندان، لە هاوینی ساڵی (2015)دا وەکو پەرتووکێکی ئەلکترۆنی.

4. پلانی شکاندنی بەشی سێدارەی زیندانی موسڵ، داستان و بابەتێکی مێژوویی بەڵگەدارە، وەکو پەرتووکێکی ئەلکترۆنی.

بابەتە پەیوەستکراوەکان