شەقڵاوە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
شەقڵاوە999.jpg

شەقڵاوە (بەکوردیی بەدرخانی Şeqlawe) ناوەندی قەزای شەقڵاوەیە و لە سەردەمی دەستەڵاتی عوسمانییەکان کراوە بە ناحیە و یەکەم بەڕێوەبەری ناحیەش «شەفیقە فەندی» بووە ، لە ساڵی ١٩٥٢ کراوە بە قەزا ، یەکەم قائیمقامیش «شاکر فەتاح» بووە. سەر بە پارێزگای هەولێرە و کەوتووەتە بەشی باکووری رۆژھەڵاتی ھەولێر و ٥٠ کم لێیەوە دوورە، زۆربەی دانیشتووانەکەی لە ھۆزی خۆشناون ، پێکھاتەی خەڵکی شەقڵاوه موسڵمان و مەسیحین، جاران جوولەکە‌شی لێ بووە ، دواتر بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کردووە.

ناو

سەرچاوەی ناوی شەقڵاوە تا ئێستا یەکلا نەبووەتەوە، کۆنترین سەرچاوەش کەوا ناوی شەقڵاوەی تێدا ھاتبێ (معجم البلدان)ی یاقووتی حەمەوییە.

لە ساڵی ١٢٢٨ز یان ٦٢٦ی کۆچی کە بە (شقلاباذ) ناوی ھێناوە و دەلێ :(بفتح شين وسکون القاف، قرية کبيرة مليحة في لحف الجبل المطل على اربل ذات کروم کثيرة، و بساتين وافرة، ينقل عنبها الی اربل العام بطولە فيکفيهم، بينها و بين اربل ثمانية فراسخ)، واتا : گوندێکی گەورە و دڵگرە لە بناری ئەو چیایەی بەسەر ھەولێر درێژ بووھتەوە، مێوی زۆرە، باخی بەرفراوانی ھەیە، ترێیەکەی بە درێژایی ساڵ بۆ ھەولێر دەگوێزرێتەوە کە بەشیان دەکات، مەودای ھەتا ھەولێر ٨ قۆناغە.

لە چەندین سەرچاوەی تریشدا ناوی شەقڵاوە ھاتووە و ئەوەی لەمەڕ چۆنیەتی ناولێنانی ھاتووە ھەمووی بە بۆچوونی نووسەرەکانیان بۆچوونی کەسانی ترن، ھەندێکیان پێیان وایە لە شەقبوونی ئەو دۆلە ھاتووە کە شەقڵاوەی تێدا دروست بووە، کە لە نێوان چیای سەفین و بەرزایی سۆرک دروست بووە ، ھەندێکی تر پێیان وایە کە ئەم ناوە لە شاقوڵی بەگ وەرگیرابێ کە لە سەردەمی سلێمانی قانوونی حوکمڕانیی ئەو ناوچەیەی کردووە؛ مەلا جەمیل ڕۆژبەیانیش پێیوایە لە یەکگرتنی ھەردوو وشەی (شەقڵ) و (ئاوا) ھاتووە ، بە مانای ئاوەدان بە دار، شاماشە میخایل دەڵێ ھەر شەقاوەک ئاوە، بە ھەر حاڵ ، بەڵام تا ئێستا بۆچوونەکەی مەلا جەمیل لە ھەموویان زیاتر لە ڕاستیەوە نزیکە، چونکە خەڵکی ناوچەکە بە داریان گوتووە (شەقرا) و (ئاوا)ش بۆ زۆر شوێنی تر بووەتە پاشگر کە مانای ئاوەدانی دەبەخشیت، ئێستاش خەڵکی ناوچەکە دەڵێن (شەقراوە) نەک (شەقڵاوە).

شەقڵاوە.jpg

مێژوو

شەقڵاوە مێژووی دروستبوونی دیار نییە ، بەڵام شوێن دەستی مرۆڤ و دۆزینەوەی شوێنەوار و کەلوپەلی کۆن بەڵگەی ئاوەدانییەکی کۆن و بەردەوامی ژیانی مرۆڤن لەم ناوچەیەدا ، ھەروەک لە گرد و دۆلەکانی چیای سەفین دەیان نموونەی دیار و زیندوو ھەن ، دێرترینیان ئەشکەوتی شێخ و سورەحمان (مار ڕەبەن بویا) و ئەشکەوتی کۆتران و کونە پیسک و بەردی کونتی و دەنگارە‌ن ، بەلام تا ئێستا لە ڕووی شوێنەوارناسییەوە بایەخیان پێنەدراوە.