هۆمەر نۆریاوی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
11060915 .jpg

بە ڕۆژێکی زستانی ساڵی 1346ی هەتاویی(1968)لە گوندی نۆریاوی سەر بە شاری پاوە (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)لە ‌دایک بوومە.

خوێندنی سەرەتاییم هەر لە گوندەکەم کۆتایی پێ هێناوە.

بۆ خوێندنی ناوەندیی و دواناوەندی ڕووم لە خوێندنگەکانی شاری پاوە کردووە.

ساڵی 1365ی هەتاویی (1986)بڕوانامەی دیپلۆمم وەرگرتووە و هەمان ساڵیش لە کۆلیژی زانستە کۆمەڵاتییەکانی زانستگەی تاران وەرگیراوم و ساڵی 1370ی هەتاوی(1991)لە لقی توێژینەوەی کۆمەڵاتیدا وەک توێژەری کۆمەڵایەتی بڕوانامەی بکالۆریۆسم وەرگرتووە.

هەر لێرەدا پێویستە ئیشارەتێکیش به و پرسە بدەم کە زۆر جار لای خەڵک ئەم پرسیارە دروست دەبێت کە باشە بۆچی هۆمەر نۆریاویی؟

من هەر لە سەرەتاکان و دەسپێکی کاری ڕاگەیاندنەوە، بۆ نووسین و پێشکەشکردنی بەرنامە،خۆم بەم ناوە بە جەماوەر و گوێگر ناساندووە و بە درێژایی ساڵانی کاری ڕاگەیاندنیش و تا ئێستایشی لەگەڵ

بێت،هەر به و ناوونیشانەوە خەباتم کردووە و نهاش بەردەوامم و وەبزانم ئەمە بچووکترین وەفا و ئەمەگە بەرانبەر گوندەکەم و خەڵکی وشیار و وریای نۆریاو کە دەیان ڕۆڵەی چاوکراوەی پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردستان کردووە.

لە هەفتاکانی هەتاویی بەملاوە(ناوەڕاستی نەودەکان)ڕێم کەوتە ڕادیۆ کوردیی تاران و لە ڕادیۆ، سەرەتا وەک وەرگێڕ و بێژەر و دواتریش نووسەر و هەڵەچن خەباتم کردووە.

لە تێ ڤێش،جگە له و هەرمان و ئیشانه،‌ چەندین ساڵیش پێشکەشکاری بەرنامەی زیندوو و ڕاستەوخۆ بوومە.بەرهەمەکانم لە گۆڤار و بڵاڤۆک و ماڵپەڕە کوردییەکانی ئەمدیو و ئەودیودا بڵاو بوونەتەوە.

بۆ نموونەش دەکرێت ئاماژە بدەمە : ئاوێنە، سیروان، کۆنە دیار(دیارێ کۆهەن)، جامیعەی کوردستان، کرمانج، لووتکه و هاواری کوردستان لەمدیو و، ئەندێشە، ئاوێنە، ئایندە و وشە لە باشوور.

ماوەیەک هاریکاری ڕۆژنامەوانی ناسراوی کورد هومایۆن کەمانگەر لە گۆڤاری ئاوێنەی چاپی تاران بووم؛ساڵێک سەرنووسەری بەشی کوردیی دوو حەوتەنامەی ئاوای ماد لە تاران بوومە و، چەندین ساڵیش سەرنووسەری بەشی کوردیی گۆڤاری ڕێزانبوومە.

پتر لە 15 ساڵ بۆ خانەکانی وەرگێڕان لە تاران کارم کردووە.

لە بواری ڕێکلامیشدا گەلێک ساڵان چالاک بوومە.

چەندین بەرهەمم لەسەر مژاری جۆربەجۆری وەک شێعر، وێژە و ئەدەب، ڕۆژنامەگەری، وەرگێڕان(چەند کتێبی جیاواز، کورتە چیرۆک، وتاری ڕەنگاڵەیی)ئامادە بۆ چاپە کە سەرجەم ڕەنگە داگری پتر لە 100 وتار بێت. هەنووکەش هەر بۆ ماڵپەڕ،گۆڤار و بڵاڤۆکە کوردییەکان دەنووسم؛ هەروەها بەردەوامیش مژولی وەرگێڕان و هەڵەچنیم و خەباتی ڕادیۆییشم لە ڕادیۆ کوردییەکانی تاران و سنە درێژەی هەیە.

تۆماری تایبەت: بۆ مانو بەرزنجی