هەر تەنێک ڕەشەبا بردی مەرج نیە باسی ڕەشەبامان بۆ بکات

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

پرۆژەی ڕەشەبا بۆشاخی گۆیژە. شۆڕش ئەمین
پرۆژەی ڕەشەبا بۆشاخی گۆیژە. شۆڕش ئەمین


دوای پەیکەری خۆشەویستی کە وتارێکی دورودرێژم لەسەر نوسی کەچۆن ئەم پەیکەرە فکری سەلەفی تێ نەپەڕاندوە، پاش پەیکەری خواوەندی نیکێ کە وەک خەنجەرێکی خیانەت دراوە لە پشتی کچە شەرەڤانانی رۆژاڤا.، لەبەر ئەوەی کە پێچەوانەی بیرو بۆچونی ئەوانە، پاش شێرە کچانی کۆبانی کە کچانی كۆبانی وەک بوکەڵەیەکی باربی لەسەر شێرێک دانراوە، ئینجا نۆرەی پرۆژەی ڕەشەبای سلێمانیە لەلایەن کاک شۆڕش ئەمینەوە بۆ شاخی گۆیژەی سلێمانی هەتاوەکو شاخی گۆیژەشمان لەبەرچاو بخەن.

885board10.jpg
  • پەیکەری خۆشەویستی
  • پەیکەری خواوەندی نیکی بۆ شەرەڤانان
  • پەیکەری شێرە کچانی کۆبانێ

لە وانەیە ئەم هونەرمەدانە خۆیان لە پشت ئەو قەلایەوە بشارنەوە کە گوایە لە رابوردوشدا کەسانێک هەبوون دژی پرۆژی هونەریی وەساتونەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا مێژو سەلماندی کە ئەوان راستیان کرد، بۆ نمونە کاتێک زۆر لە پیاوانی ئەنتەلەکتوێلی فەرەنسی دژی پرۆژەی بورجی ئیفل وەستانەوە، بەلام ئەمڕۆ بورجی ئیفڵ لە هەموو جیهانەوە خەڵکی دێن بۆ سەیرکردنی، زۆر نمونەی تریش. نەخێر جیهان گۆڕاوە و ئەو سەردەمە بەسەر چوو کە مرۆڤ نەتوانێت کارێکی هونەریی نوێ قبوڵ نەکات و نەش زانێت جیاوازی لەنێوان کارێکی هونەریی و کاڕێکی بازرگانیدا باکات یان کاری نەزانێک.

هەرچەندە لێرەدا باسی هونەرێکیش ناکەین لە ئاستێکی باڵادا چونکە ئەو کارە هونەریانەی لە جادە و کۆڵانانی شاردا دادەنرێن بەکاری هونەری سادە ناودەبرێن، لەبەر ئەوەی کە بۆ بینەرێکی هەمەجۆر و فراوان کراون، بەپێجەوانەی کاری هونەری مۆزەخانەکانەوە، بۆیە هەر لەو ڕووەشەوە شرۆڤەی بۆ دەکەین، بەڵام دەبێت هەرچۆنێک بێت بە زمانی هونەر و زمانی سەردەم کرابن، هەڵقوڵااوی هزرێکی پڕ لە ئەزمون بن. هەروەها کاتێک خەڵکی دژی پرۆژەی بورجی ئیفل وەستانەوە، گوستاف ئیڤڵ هەرخێرا بەرگری لەخۆی کردو ووتی کە کارەکەی ئەو پەیوەسەتە بە هونەری بیناسازییەوە، بۆ ئەو ەبەستەش لەبورجی ئیفلدا هەموو هونەری بیناسازی لە سەرەدەمی پێش زاینەوە هەتا ئەمڕۆێ تێدایە، منیش روی دەمم دەکەمە هونەرمەندانی کوردوستان و دەڵێم ئەی ئێوە وەڵامتان چیە کاتێک من دەتان دەمە بەر ڕەخنە ؟

چی دەبینین لەم پەیکەرە زەبەلاحەدا ؟

کابرایەکە بە پشتا کەوتووە، وادەردەکەوێت کە بەرامبەر بە هێزێک بەرگری بکات، سەرچەفێکی گەورە بەشی سەرەوەی لەشی پیاوەکەی داپۆشیوە، سەرچەفەکە لە جوڵەدایەو سەتەها چرچی تێکەوتووە کە ئاراستەی ڕەشەبا و بەهێزی ڕەشەباکەمان بۆ دیاری دەکات. بەهۆی ئەم سەرچەفەوە هەر خێرا دەزانین کە هۆکاری ڕەشەبایە کە ئەو کابرایە بە پشتا کەوتووە. ران و قاچی کاباراکە بە ماسولکەی ئێجگار بەهێزەوە دەبینرێن، بەڵام بۆ ئەوەی هیزێکی زیاتر بدات بەو مرۆڤە، قاچ و رانی مرۆڤەکە لە شکڵی ڕیالیستی چونەتە دەرەوە و شیوەیەکی کاریکاتۆریان وەرگرتوە ، سەروچاوی ئەم کابرایەی بە چەرچەفەکە داپۆشراوە نازانین کێیە، سەرچەفەکە یارمەتی داپۆشینی سێکسی مرۆڤەکەشی داوە کە هونەرمەندی ڕزگار کردوە لەو بەڵایە، بەلام دەزانین کە مرۆڤێکی نێرینەیە، زیاتر شکڵی خێوێکی کەمێک ترسناکی پێ بەخشیوە.

ئەم پەیکەرە هیچ باسێکی تر ناهروژێنێت لە هزری بینەردا جگە لەوەی کە مرۆڤێک دەبینێت بە هێزی ماسولکەی نێرینەی خۆیەوە بەرامبەر بە ڕەشابەیەکی بەهێز وەستاوە . باسەکە ڕشەبایە، باسێکی گرنگەو جێگای دەستخۆشیە کە هونەرمەند ئەو بیرۆکەیەی کردوە بە هەوێنی کارێکی هونەری، کە شاری سلێمانی بەو ڕەشەبایە بەناوبانگە. لە پرۆگرامی زمانی کوردیدشدا لە ئاستی ناوەندیدا، یەکێک لەو ڕستانەی وەک نمونە دانرابوون، برتیتی بوو لە، (ڕەشەبای سلێمانی بەهێزە). هەندێ بابەەت لە هونەردا بونەتە باسی ئونیڤێرسێل و هەر هونەرمەندە و بە هزری خۆی دەری دەبڕێت، بۆ نمونە چەمکی ؛ مرۆڤێک لەبەردەم پەنجەرەیەکدا یان پیاوێک لەژێر باراندا یان پیاوێک بە ڕێگادا....تاد، زۆر لە هونەرمەندان بە پێی دیدی خۆیان ئەو چەمکە دەکەن بە کاری هونەری .

مرۆڤ لە جوڵانەوەدا، ئومبێرتی بۆجیۆنی 1913
مرۆڤ لە جوڵانەوەدا، ئومبێرتی بۆجیۆنی 1913
کەمانچە ژەنێک لەبەر پەنجەرەدا، هێنری ماتیس 1917
کەمانچە ژەنێک لەبەر پەنجەرەدا، هێنری ماتیس 1917
پەیەکەری سەگێک و پیاوێک لە ڕۆشتندا،. هونەرمەند ؛ ژیاکۆمێتی. 1961
پەیەکەری سەگێک و پیاوێک لە ڕۆشتندا،. هونەرمەند ؛ ژیاکۆمێتی. 1961



کاتێک مرۆڤێک پیشان دەدەین بەڕێگادا دەڕوات باسی چەمکی مرۆڤ دەکەین لە ڕەوتی ژیان و مێژوودا؛ بەو پێیەی هونەرمەند لە دەرئەنجامی ئۆقیانوسێک لە پرسیارو وەلام و لە لێکۆڵینەوە پێی گەیشتوە، ئەزمون و بۆچوونی خۆیمان پیشان دەدات لەو ململانێیەدا، ئەوسا پرسیار لەخۆی دەکات کە چ شکڵێک دەدات بەو مرۆڤە ! ئەم مرۆڤە چۆن هەنگاو دەنێت ؟ جۆری شکڵ و تێڕوانینی خۆیمان بۆ نمایش دەکات کە چۆن چەمکی مرۆڤ دەبینێت لە ڕيوتی ژیاندا.

کاتێک مرۆڤ دەگاتە، نەک راستیەک بەڵکو جۆرێک لە ئاوات یان هەر بێ ئومێدیەک یان هاوارێک بەرامبەر بە بێ مانایی ژیان، یان هەر نیمچە بیرۆکەیەک بۆ ژیان، ئەوسا هەموو شکڵەکان دەهێنێتەوە بەرەو ئەو هزرەی کە دایتاشیوە لەدەرئەنجانی ئەزمونیدا، هەموو شکڵیک دەگەڕینێتەوە بەرەو ئەو سەرچاوەیە. بۆنمونە کاتێک ژیاکۆمێتی مرۆڤێکمان بۆدەکات کە دەڕوات بەڕێگادا پاشان هەر هەمان ژیاکۆمێتی پەیکەری سەگێکمان بۆدەکات، دەبینین هەر هەمان هزرە، هەر هەمان تێروانینە، هەردووکیان لە یەک جیهانن، یەک باسمان بۆ شیکار دەکەنەوە.

کاتێکیش مرۆڤێک لەبەردەم پەنجەرەیەکدا دەوەستێنم، پەنجەرەیەک وەک دەروازەیەک کە روناکی دەخاتە ناو ژورێکی تاریکەوە، یان پەنجەرەیەک کە خەو و نیگای مرۆڤێکی لێوە دەرباز دەبێت وەک هیوایەک، چی لەو دیو پەنجەرەکەوەیە، چی لە ژورەکەدایە، هەموو شکڵەکان لەلایەن هونەرمەندەوە بەو مەبەستە بڕیاردراون، ئەگەریش هەندێک جار هەندێک شکڵ لەلایەن هونەرمەندەوە ڕاستەو خۆ بڕیاری نەدرابن ئەوا هەر دەچنەوە سەر هەمان گەنجینەی هونەرمەند، لەبەر ئەوەی کە ئەو هونەرمەندە جیهانێکی بڕیاردراوە و هۆشمەنەدە، نەک دارتاشیک کاتێک میزراحێکمان بۆ دروست دەکات یان پەنجەرەیەک. بۆیە هەر خێرا، ڕەشەباو مرۆڤ دەبنە چەمکی ململانێی نێوان دو هێز؛ سروشتو مرۆڤ، کە ئەمەش باسێکی ئونیڤێرسێلە و هەموو هەڵسوکەوتی ئەو مرۆڤە دەبێت ببێتە تەرجومەی بیرو هۆشی سەردەمەکەمان بۆ ئەو چەمکە، دەبێت ببێتە تەرجومەی فکری هونەرمەندیش کە پێمان بڵێت ئەو چۆن ئەو ململانێیە دەبینێت، ئەوسا کاتێک نەوەی داهاتوو سەیری ئەم پەیکەرە دەکەن وەک چۆن پەڕەی میژوی باو و باپیرانیان دەخوێننەوە هەر ئاواش تێروانینی کەسێک یان سەردەمێک دەخوێننەوە کە چۆن بیریان کردۆتەوە. ئەمەیە دەوری هونەر، ئەگەر نا دەچنە تەنەکەی خۆڵی مێژووەوە.

کاتێک ئەم پەیکەرە دەبینین، هەر خێرا هێزێکی نێرینە دەبینین بە ماسولکەیەکی بەهێزەوە بەرامبەر بەڕەشەبا، ماسولکەکانی هی خۆشی نین، ماسولکەکانی کۆپیەکی ناشرینی سەردەمێکی رابوردوی شارستانیەتێکی ترە، کۆپیەکی ناشرینی ماسولکەی سەردەمی رۆمانەکانە ئەو سەردەمەی کە قەڵغان وەک بەرگری بەکار دەهێنرا و ماسولکە وەک هیزێکی باڵا. ئەو چەرچەفەش هەر هی رۆمانەکانە، چی دەکات لەسەر شاخی گۆیژە ؟ بۆچی هونەرمەند ‌لەم چەمکەدا هەر هێزی ماسولکەمان بۆ دەستنیشان دەکات بەرامبەر بە ڕەشەبا ؟ لەبەر ئەوەی ئەو هەتاوەکو ئێستاکە وەک زۆرێک لەکەسانی ڕۆژهەلاتی هێشتا هێزی ماسولکە وەک چەکێکی کاریگەر دەبینێت، خۆ هونەرمەند باش ئاشنایە کە ستیڤ هۆکین؛ گەورەترین بیرمەندی زانستی، ماسولکە لەگیانیدا لەکار کەوتبوو لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جیهان گوێ رایەڵی بوون، بێ شک ستیڤ هۆکین لە گۆڕەپانی زۆرانبازی لەگەڵ ئاژەلاندا هیچ شانسێکی نەدەبوو کە خۆی دەرباز بکات وەک زۆران بازەکانی ڕۆم. خۆ ئەگەر هونەرمەند خۆی خاوەنی ماسولکەکانیشی بوایە ئەوا دەمان وت پێ دەچێت شتێکی نوێمان بۆ باس بکات، بەلام نەخێر ماسولکەی سواو و کۆپی کراو .

جگە لەوەی کە لەم سەردەمەدا لەکاتێکدا کەدەبینین کچە شەرەڤانەکانی ڕۆژاڤا دەوری مێینەیان خستۆتە بەردەم شانۆی جیهانیەوە، دەبوایە ئەو وەک هونەرمەندێک ئەو هێزەی بە تەنها نەدایەتە دەست مرۆڤێکی نێرینە بەرامبەر بە ڕەشەبا، چونکا ئەگەر کاتێک کچوڵەیەک لەگەڵ براکەیدا بە تەنیشت ئەم پەیکەرەوە بڕوات، نابێت لۆمەی بەکەین ئەگەر شەپازلەیەک بدات لە خوشکەکەی، هەتاوەکو ئەویش ئەزمونی هێزی ماسولکەی خۆی تاقی بکاتەوە وەک هونەرمەندی ناهۆشمەند.

خۆ ئەگەر هونەرمەند لەتوانایدا نەبێت چەمکی ململانێی سروشت و مرۆڤمان پیشان بدات لە بابەتی ڕەشەبادا ئەوا دەیتوانی بە کارێکی ساکار وەک زۆر لە کارە هونەریەکانی هونەری سەرجادە و باخچە، چەمکی ڕەشەبامان بەجۆرێکی تر بۆ باس بکات، کە بتوانێت زۆرترین جەماوەر لەخۆ بگرێت. دەیتوانی چەند فڕفڕۆکەیەکی ڕەنگاو ڕەنگی ئێجگار گەورە دابنێت، بەڕەنگی ئالای کوردستان یان بەڕەنگی پەلکە زێڕینە، یان ئەو پەروانانەی کە کارەبا بەرهەم دەهێنن بە ڕەشەبا، نەک بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا بەڵکو وەک کارێکی هونەری کە هونەرمەند خۆی پێوانەیەکی دابنایە بۆ هێزی ڕەشەبا، زۆر باشتر دەبوو، سوودی زیاتر دەبوو لە وەی مرۆڤێک ببینین بە ماسولکەوە بەرامبەر بە ڕەشەبا، بە ماسولکەوە کە هیچ سودێکی نیەو هیچ پەیامێکی گرنگمان پێ نادات جگە لە فکرێکی دواکەوتووی سواوی سەردەمێکی رابردوو نەبێت. کاری ئێمە لەسەر ئەم زەویە ئەوەیە بە هەموو زمانێک باسی باری ژیانی مرۆڤ بکەین، بەڵکو بەم هۆیەوە بتوانین ئەشکەنجەی کەمێک سوک بکەین، ئاسودەی بکەین، بە پێکەنین بێت یان بەگریان یان بە بیرکردنەوە و قوڵبونەوە، یان هەر بەکارێکی بۆش و بێ ماناش، دەبێت باسی ئەو بکەین لە دیدی خۆمانەوە، ئەو دیدەی کە وەک هونەرمەند کارێک و تێکۆشانێکی زۆرم بۆکردووە هەتا بیگەمێ، بە ئاگرو بە دۆزەخدا تێ پەڕیوم ، سەفەرێکی دورودرێژم کردوە بۆ ئێوە وەک گلگامێش و دەمەوێت باسی سەفەرەکەتان لۆ بکەم، هەتاوەکو پەیامێکی نویێ بدەم بە دەروبەرەکەم، دەوروبەرەکەم؛ ئەوانەی نەیان توانیوە یان نەیان وسیتووە یان بەهەر هۆکارێکی ترەوە بێت ئەو ڕیگایەی من بگرنە بەر، لەبەر ئەوەی هەر مرۆڤێک بۆخۆی کەسێکی تایبەتە و تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە بۆیە دەیەوێت پەیوەندیمان پێوە بکات ، گۆرانیمان بۆ بڵێت، فیلممان بۆ ساز بکات یان تابلۆیەک بنەخشینێت، پەیکەرێک، شمشاڵمان بۆ بژەنێت.

بەڵی وتم شمشاڵمان بۆ بژەنێت، شمشاڵەکەی قالە مەڕە بە نمونە، کاتێک دەمبۆلەی بوک و خەسوی دەکرد بە ئاواز. خۆ ئەگەر قالە مەڕە گوێی لە سەمفۆنیایەکی مۆزارتیش بگرتایە ئەوا هەر خێرا دەیتوانی لە ڕۆحی ئەو تێبگات و بشتوانێت لەسەر ئاوازێکی ئەو بە شمشاڵەکەی ئاوازێکی نوێمان بۆ بژەنێت، پێوستی بەوەش نەدەبو وەک بەختیار عەلی لە ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپیەکاندا، بچێت بەدوای فلوتێکدا بگەریت هەتاوەکو هەستی پێشمەرگەیەکمان بۆ بورووژێنێت، نەخێر هەر بە شمشالەکەی خۆی و بەس، لەبەر ئەوەی کە قالە مەڕە هونەرمەند بوو، هەموو چەمکێکی دەهێنایە ناو جیهانی خۆیەوە و بەزمانی خۆی بۆی باس دەکردین، قالە مەڕە ئاشق بوو، زمانی ئەشق فێرببوو، ئاشقی قژی زەرد و چاوی شین و خاڵی سەر گۆنا و سمتی خڕ نا، چونکە لە ڕۆژهەلات خەڵکی کاتێک باسی ئەشق دەکەن، ئەم ئەشقە هەر لە جوانی کچێکدا دەبیننەوە لەبەر ئەوەی کە لێیان زەوتکراوە، نەخێر ئێمە باسی ئەشقی مرۆڤ دەکەین بە دوای وەڵامی پرسیارەکاندا، بۆگەیشتن بە هەقیقەتێک، نەک لێدانەوەی ئاوازی سواو، پەیکەری دوبارەکراوی سەردەمانێکی بەسەرچوو.

  • هەرکەسێ هاتو ووتی من ئاشقم باوەر مەکەن
  • تا لەسەر گۆنای، زەخمی ماران دی نەکەی

ئەگەر لە ڕابوردودا ماوسولکە و حیلەی ئەسپ و قەڵغان دەبوونە هیمای هێزو بەرگری ئەوا ئەمڕۆ هێماکان لەگەڵ ژیانی مۆدێرندا گۆراون ؛ گەڕەکی بازرگانی لەپاریس کە بۆتە جێگای شەریکە بەناوبانگەکانی فەرەنسا و فەرەنسا شانازای پێوە دەکات ناوی گەڕەکی بەرگرییە، لەبەر ئەوەی کە ئەمڕۆ ئەو شەریکانە بەرگری لە بەرژەوەندی فەرەنسا دەکەن نەک شازادەکان کە دەبوونە سەرلەشکر لە شەڕی خاچەکاندا، ئەو ئابوریە بۆتە هێزی شوناسی فەرەنسا، بۆیە هونەریش بەهەمان شیوە؛ ناتوانین بە ماسولکەو بە بۆکس و بە خۆ ڕاوەشاندن و خۆ نمایشکردن باسی هزری خۆمان بکەین، ئەوانە زمانی سەردەمێکی دێرینن، بەسەرچوون و تاقی کراونەتەوە.

بەهەرمەندی بەس نیە بۆ ئەوەی ببیتە هونەرمەند وەک کاک شۆڕش دەڵیت ؛ ( تاراوگە هونەر دروست ناکات هونەر شتێکی ڕۆحیەو لەگەڵتا لە دایک دەبێت). بەلام لەبەر ئەوە نیە کە دەنگمان خۆشە کەواتە ئێمە گۆرانی بێژین، دەبێت کاری بۆ بکەین، ئەم دەنگە بکەین بە زمانی مۆسیقا، هەروەها لەبەر ئەوە نیە کە تۆ دەست ڕەنگینیت کەواتە دەتوانیت ببیتە هونەرمەندێکی پەیکەر ساز، دەبێت نەک کاری تەکنیکی بۆ بکەیت بەڵکو دەبێت بە جەهەنما تێپەڕیت. ئەوەی لەگەل مرۆڤدا دێتە دنیاوە بەهرە و دەستڕەنگینە، ئیتر ئەوی دی دەکەویت سەر هەوڵ و کۆششی هونەرمەند هەتا چەند دەتوانێت لەم ریگایەدا خۆی بکاتە قوربانی. وەک پیکاسۆ دەڵیت: (هونەر وەک زمانی چینی وایە دەبىێت فێری بیت).

کاتێکیش لە میدیاکانەوە بەرنامە لەسەر کارەکانی کاک شۆڕش دەکەن، باسی قورسایی پەیکەرەکە دەکەن ؛ چەند تەنە، درێژی بەرزی و پانی، کە چۆن بەرگەی سەرمای زستان و گەرمای هاوین دەگرێت، وەک ئەوەی باسی بارە تەماتە و شوتی بکەن، هیج پرسیارێک لە هونەرمەند ناکەن کە ئەم کارەی بۆچی کردووە و بە چ مانایەک .

4478ard12.jpg
  • پەیکەری مامۆستا گۆران (شۆڕش ئەمین)
  • پەیکەری فوارە بۆ شاری هەولێر(شۆڕش ئەمین)

کاتێک کاک شۆڕش پەیکەری مامۆستا گۆرانمان بۆدەکات، دەلیم دەست خۆش، نەک لەبەر ئەوەی کە سەروچاوی لە مامۆستا گۆران دەچیت، یان بەدڵی منە، نەخێر، لەبەر ئەوەی کە هەرچەندە کە پەیکەرێکی کلاسیکیە بەلام پەیوەندیەکی راستەخۆ دەبینین لە نێوان هۆنراوەکانی مامۆستا گۆران و ئەو پەیکەرەدا، لەگەڵ هەندێک کەموکوڕیدا بەلام لێرەدا باسی ناکەین. پرسیار ئەوەیە کە چۆن هونەرمەندیك دوای ئەم کارە هونەریە کلاسیکیانە کتوپڕ بازی داوە بۆ کارێکی هونەری لە ستایلی هونەری مینیمالیستی سالانی شەست، وەک لە پرۆژەی فوارەدا دەبینرێت بۆ شاری هەولێر ؟ چۆن ڕیی تێ دەچێت ؟ بۆئەوەی کە خوێندەر تێ بگات، نمونەیەک دەهێنمەوە ؛ ئەگەر شێرکۆ بێکەس هۆنراوەیەکی بنوسیایە وەک ئەمەی خوارەوە؛

  • ماڵی مام حاجی پەنجەرە پەڕۆ
  • کچەکەتمان بەنێ هەتا نیوەڕۆ

هەر خێرا خەڵکی دەیان کرد بەهەراو دەیان وت؛ پێ دەچێت کە شێرکۆ بێکەس تێک چوبێت، یان توشی نەخۆشی ئەلزایمەر بوبێت، نەک لەبەر ئەوەی کە ئەم دێرە فۆلکلۆریانە گرنگی خۆیان نەبێت، نەخێر، لەبەر ئەوەیە کە بەو جۆرەی شێرکۆ بێکەس هەست و سۆزی خۆی دەردەبڕێت لە هۆنراوەکانیدا جیاوازە لە ستایلی هۆنراوەیەکی فۆلکلۆری، دوو جیهانی جیاوازن ناتوانین ڕۆژێک وەک شێرکۆ بێکەس بدوێین و ڕۆژێک وەک سۆزی کابرایەکی کوێرە دێهاتێکی کوردوستان، دوو چەمکی تەواو جیاوازن ناتوانن لە هونەرمەندێکا جێیان ببێتەوە، دوو ستایلیو دوو سەردەمی جیاوازن، بۆیە ئەم دو جۆرە ستایلە نابنە کاری هونەرمەندێک ئەگەر کۆپیەکەی ناشرینی ئەو کارانە نەبن کە لەم لاو لەو لای مۆزەخانەکانی ئەوروپادا دەبینرێن. بۆ سەلماندنی ئەمەش ئەگەر سەیری پەیکەری خۆشەویستی بکەین کە بۆ ڤیلاکانی پیاوانی عەرەبی سعودی کردویەتی، گوایە پەیکەری خۆشەویستییە، بەلام زیاتر لە پرۆژەی بازرگانێک دەچیت بۆ کچی شازادەیەکی عەرەبی سعودی هەتاوەکو پەیکەرێک کەباسی خۆشەویستیمان بۆ بکات، بێگومان من دژی کاری بازرگانی نیم و هونەرمەند ئازادە ئەگەر بیەوێت کاری بازرگانی بکات بۆ بژێوی ژیانی، بەڵام با بە هونەر بە ئێمەی نەفرۆشێتەوە تکایە.

پەیکەری خۆشەویستی (شۆڕش ئەەمین)
پەیکەری خۆشەویستی (شۆڕش ئەەمین)

کاتێکیش کاک شوان پەیکەری ئەسپێکمان بۆ دەکات، هەرخێرا دەبینین کە ئەسپێکی مردووە، ئەسپێکی بەسەر چووە، لەو ئەسپانە دەچێت کە لە ساڵانی هەفتادای قەرەجەکان لە ئێرانەوە بۆیان دەهێناین بۆ رازاندنەوەی مالەکانمان، بەمەبستی دیکۆرو بازرگانی کرابوون. پێویستی بەوە نەدەکرد کە کاک شوان بچێت خۆی هیلاک بکات، دەبوایە تەنها ئەو پەیکەرە کۆنانەی بکردایە بە برۆنز و هیچی تر، خۆ من دژی دیکۆریش نیم، بەلام لێرەدا تەنانەت وەک دیکۆریش دیکۆرێکی بەسەر چووە. ئەگەر سەیری ئەو ئەسپە بکەین کە مرۆڤی سەردەمی ڕاوچی میوەچن کردویەتی 35 هەزار ساڵ لەمەوبەر، ئەوا تێڕوانینی مرڤی ئەو سەردەمەمان بۆ دەردەخات بۆ ئەسپ، بێ شک تێرروانینیان زۆر چیازابووە لە ئیمە، ئێمەی سەردەمی مۆدێرن هەمان تێرونینمان نیە بۆ ئەو ئاژەڵە، لەبەر ئەوەی لە ژیانێکی تردا دەژین، جگە لەوەی کە لە ژیانی رۆژانەماندا بۆ هەمان مەبەست ئەسپ بەکار ناهێنین، پیویستیەکی ترمان بەو ئەسپە هەیە، بۆیە بێ شک تێروانینمان دەبێت لەسەردەمی مۆدێرندا چیاواز بێت، هەر بەو پێیەش ئەم جیاوازیە دەبێت لەو شکڵەدا بەدی بکرێت.

نەخشی ئەسپێک 35 هەزار سال لەمەوبەر لە ئەشکەوت لاسکۆ لەفەرەنسا
نەخشی ئەسپێک 35 هەزار سال لەمەوبەر لە ئەشکەوت لاسکۆ لەفەرەنسا


کارەکانی کاک شۆڕش وەک زۆر لە هونەرمەندانی کوردستان، پەرژو بڵاون، گوزارشت لە کاری هونەرمەندێک ناکەن، بەڵکو وەک کرێکارێکی دەست ڕەنگین کۆپیەکی ناشرینی شکلەکانی رابردو دەکەن. سەرنجیشم داوە کە زۆر لەو کارە هونەریانەی دەیان بینم لە کوردستان، هونەرمەندانی کوردوستان هیچیان لەهەگبەدا نیە، هونەرەکەیان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، کارەکانیان گوزارشت لە هونەری سەردەم ناکەن، جگە لە کۆپیەکی ناشرینی شکڵە رابوردووەکان، یان هەر هێزی ماسولکەو خۆنمایش کردن دەبینرێت لە شکڵە هونەریەکانیاندا. بەو مەبەستەش ئەم وتارەش دەنوسم هەتاوەکو ڕێگری لەم پرۆژەیە بکرێت کە هونەرمەند وای نیازە لەسەر شاخی گۆیژە دایبنێت. نەمان توانی ڕێگری لە پرۆژەی خواوەندی نیکێ بکەین، بۆیە دەمەوێت هەر لەئێستاوە دژی ئەم پرۆژەیە بووەستینەوە نەوەکا بە پرۆژەیەکی ئاوا بێ مانا دیمەنی ئەو شارە ناشرین بکەین . کۆتایی

پەیکەری ئەسپەکەی کاک شۆڕش ئەمین
پەیکەری ئەسپەکەی کاک شۆڕش ئەمین