پەیامی سکرتێری گشتیی YNDK بۆ کۆچی دوایی بیرمەندی مەزنی نەتەوەیی مامۆستا جەمال نەبەز

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

جەماوەری وڵاتپارێزی کوردستان...

سکرتێری گشتیی YNDK.jpg

ڕێبوارانی ڕێی سەخۆبوون و ئازادی کوردستان...

بەخەم و پەژارەیەکی زۆرەوە بە هەموو لایەکی ڕادەگەیین کەوا ئەمڕۆ شەمە 8 ی کانوونی یەکەم، بیرمەندی مەزنی نەتەوەییمان نووسەرو زمانەوان و کەسایەتی ناسراوی کورد و کوردستان پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز لە تەمەنی 85 ساڵیدا ماڵئاوایی لێکردين.

ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و بنەماڵەی سەربەرزی کۆچکردوو و تەواوی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان دەکەین و هاوخەمیی و دڵتەنگی خۆمان ڕادەگەیەنین.

کۆچی دوایی مامۆستا جەمال نەبەز بیرمەندی مەزنی بیری نەتەوایەتی، زیانێکی مەزنە بۆ سەرجەم بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان و بواری ڕۆشنبیری و نووسین و ڕامان و شرۆڤەکردنی ڕەوشی سیاسی کوردستان، قەرەبووکردنەوەی ئەم زیانەش ئەستەمە، لەبەرئەوەی لە تەواوی دیرۆکی کوردستاندا مامۆستا جەمال نەبەز کەسایەتی و بیرمەندێکی بێوێنە بووە و دووبارەبوونەوەشی ئەستەمە.

ئەگەر چی مامۆستا جەمال نەبەز بە جەستە جێیهێشتین، وەک ناو بەردەوام وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی کوردەواری هەمیشە دەگەشێتەوەو و پڕشنگی هزرو ڕامان و نووسینەکانی لە بواری بیری نەتەوەیی و زمانەوانی و ڕۆشنبیریدا ڕێگا ڕۆشنکەرەوەی ئێستاو داهاتوومان دەبن و، خەباتی مامۆستا جەمال نەبەز بۆ لەپێناو ئازادی مرۆڤ و تەواوی مرۆڤایەتی بوو، دەتوانین بڵێین ئەوانەی بۆ مرۆڤایەتی و نەهێشتنی چەوسانەوه و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی تێکۆشاون هەمیشە بە نەمری و زیندوویی دەمێننەوە، ئه و کاتەی کە بەجەستە نامێنن ژیانی ڕاستەقینەی ئەوان دەستپێدەکات و کۆمەڵگاکەیان و مرۆڤایەتی زیاتر هەست بە بوونیان دەکەن، بۆیە دەتوانین بڵێین مامۆستا جەمال نەبەز بۆ هەتا هەتا دەمێنێ و نامرێ.

هەزاران سڵاو لە ڕەوانی پاکی مامۆستای کوردایەتی پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز.