چیرۆکی مانگرتنی کوردانی فەرەنسا ساڵی 1988

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسین و ئامادەکردنی: کەمال حەمەڕەش

362686416 .jpg

لە کۆتایی مانگی مارتی 1988 دا، لە پاش بۆمبابارانی کیمیاوی هەڵەبجە، کوردانی پاریس خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست کە ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان و کەسانی تری فەرەنسی و ئێرانی و تورک و عەرەب بەشدارییان تێداکرد.

بڕیاربوو کە خۆپیشاندانەکە بڕوات هەتا بەردەمی سەفارەتی ئێراقی بۆ ڕسواکردنی ڕژێمی بەعس.

لە خۆپیشاندانەکەدا دروشمی جیاواز دەگوترا، بەڵام زۆرینەی دروشمەکان دژی ڕژێمی بەعس بوو.

361875130 .jpg

ئێمە کۆمەڵێک لە کوردی باکور و باشور و ڕۆژاوا بووین، هەموومان مارکسی بووین، بەڵام زۆرینەمان هیچ پەویوەندییەکمان بە ڕێکخراوەوە نەبوو، دروشمان دژی هەموو داگیرکەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان دەگوت، دژی خومەینی و ئێران و سەدام و ئێراق و ئەسەد و سوریا و تورگوت ئۆزال و ئێڤرین کەنعان و تورکیا.

ژمارەی کوردانی ڕۆژهەڵات کەمتر بوون، چونکە ئەوکاتە زۆرینەی پارتەکانی ڕۆژهەڵات لەلایەن بەعسەوە هاوکاری دەکران.

خۆپیشاندانەکە نزیکی باڵوێزخانەی ئێراقی بووبووەوە، کێشە دروست بوو لە نێوانی ئێمە و هەندێک لە کوردانی باشور و هەندێک لە بەرهەڵستکارانی ئێراقی. داوایان لە ئێمە دەکرد کە دروشم دژی خومەینی نەڵێین، ئەو داوایە بەتایبەتی لە لایەن ئەحمەد بامەڕنی، نوێنەری یەکێتی نیشتمانی و عادل عەبدول مەهدی، کە سەر بە یەکێک لە پارتە شێعە عێراقییەکان بوو بەناوی مەجلیسی ئەعلا.

ئێمە ڕازی نەدەبووین بە داواکانی ئەوان کە دروشم دژی خومەینی نەڵێین. ئەحمەد بامەڕنی دەیگوت کە ئەوان وەکو بەرەی کوردستانی پەیوەندی باشیان هەیە لەگەڵ ڕژێمی خومەینی و نابێت هێرش بکرێتە سەر ئێران، عادل عەبدول مەهدی-ش بە هەمان شێوە. ئێمە پێمان دەگوتن کە ئەوە پەیوەندی پارتەکانی ئێوەیە بەو ڕژێمەوە و ئێمە ئەندامی پارتەکانی ئێوەنین، مافتان نییە کە دروشمی خۆتانمان بەسەردا بسەپێنن. تەنانەت بووە شەڕی دەستەویەخە لە نێوان ئەحمەد بامەڕنی و عادل عەبدول مەهدی لە لایەک و جەمال حەمەڕەش و باسم کەمونە کە عەرەبێکی شیعەی عێراقی بوو، بەڵام لەگەڵ ئێمە بوو، لە لایەکی تر.

ئا لەو کاتەدا دارا ئەبو بەکر، کە ئێستا نوێنەری گۆڕانە لە فەرەنسا و ئەو کاتە لەگەڵ یەکێتیدا بوو، بەڵام خوێندکار بوو، وە هەتا ئەو کاتە ئامشۆی سەفارەتی ئێراقی دەکرد، ئاماژەی بەکەسێک کرد کە خەریکی ڤیدیۆ گرتنی خۆپیشاندانەکە بوو، گووتی ئەوە ئیستخباراتی سەفارەتە، ماڵمان وێران دەکات. بەپەلە هێرشمان کردە سەر کەسەکە و گرتمان و کامێراکەیمان لێ سەند، پۆلیسی فەرەنسی هاتن و کەوتنە ناوبژی، ئێمە دەمانوویست کە دەستبەسەر کاسێتەکەدا بگرین و خاوەن کامێراکەیش دەیوویست کاسێتەکەی بباتەوە. لە جێگاکەدا لەبەر ئەوەی کە ژمارەی خۆپیشەندەران زۆربووین و ژمارەی پۆلیس کەمتر بوو، پۆلیس دەیانویست سازش بکەن و کێشە دروست نەبێت.

گووتیان ئێمە ئەم کاسێتە لەگەڵ خۆمان دەبەین بۆ پارێزگار، با نوێنەرێکی ئێوە لەگەڵ خاوەن کاسێتەکەدا بێت بۆ ئەوێ، بزانین پارێزگار چ بڕیارێک دەدات. ئێمە بەوەش رازی نەبووین، داوامان دەکرد کە کاسێتەکە نە بۆ ئێمە بێت نە بۆ خاوانەکەی، بەڵکو هەر لەویادا بشکێنرێت و شریەکەی پەرچە پارچە بکرێت. نە خاوەن کاستەکە و نە پۆلیسەکان بەوە ڕازی دەبوون، ئیتر لە ئەنجامدا زۆرینە، لەوانە ئەحمەد بامەڕنی، گووتیان باشتر وایە کەسێک لەگەڵ پۆلیسەکان بچێت و لەوێ کاسێتەکە وەربگرێتەوە. کوردێکی باکور بەناوی موسا کەڤال لەگەڵ پۆلیسەکان ڕۆێشت، بەڵام هەر کە گەیشتبوونە پارێزگار، بە موسایان گووتبوو، تەواو بڕۆ، ئەوە کاسێتی ئەو پیاوەیە و ئەو خاوەنیەتی. وەکو ئەوەی لەیادم مابێت، ئیتر لەو کاتەوە دارا ئەبو بەکر نەیدەوێرا بچێتە سەفارەتی ئێراقی و کەسوکاری ژمارەیەک لەو کەسانەی کە ڤیدێۆیان گیرابوو، کێشەیان بۆ دروست بوو لە ئێراق.

لەپاش ئەو خۆپیشاندانە ئیتر چالاکی تری ئەوتۆ نەکرا دژی ئەو کارەساتە.

362696766 .jpg

ئێمە کۆمەڵێک هاوڕێ بووین لە کوردانی باکور و باشور و ڕۆژاوا، هەوڵمان دەدا کە چالاکی تر بکەین، بڵام ژمارەمان ئەوەندە زۆر نەبوو، خاوەنی ڕێکخراویش نەبووین تا بتوانین خۆپیشاندانی تر بکەین. لە مانگی سێبتەمبەری هەمان ساڵدا کیمابارنی بادینان کرا، کۆبوونەوەیەک کرا لە ئەنستیتوی کورد لە پاریس بە نیازی ڕێکخستنی چالاکی دژی ڕەشەکوژ کردنی کورد. لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد بامەڕنی هەڕەشەی لە ئێمە کرد و گوتی ئەگەر بێنە ناو خۆپیشاندانەکە و فروشم دژی خومەینی و ئێران بڵێن ئێمە ڕێگاتان نادەین، من لێم پرسی مەبەستت چییە کە ڕێگامان پێ نادەن، ئێمە ئەندامی هیچ پارتێک نین، ئێوە پەیوەندی خۆتان هەیە لەگەڵ ئەو ڕژێمە، ناتوانن شیعاری خۆتانمان بەسەردا بسەپێنن. ئەحمەد بامەڕنی لە وەڵامدا گوتی: کەمال ئێوە بێنە ناو ئەو خۆپیشاندانە و شیعار دژی خومەینی بڵێن، ئێمە دەتانکەینە دەروەی خۆپیشاندانەکە". لە کۆبوونەوەکەدا بووە شەڕەدەم لەگەڵ ئەحمەد بامەڕنی و من و چەند برادەرێک لە کۆبوونەوەکە چووینە دەرەوە. لە چوونەدەرەوەدا بووین، جەعفەر گولی کە ئەوکاتە نوێنەری پارتی دیموکرات بوو لە پاریس، هاتەدەروە و دەستی خستە سەر شانی من و گووتی، من خۆم وەکو نوێنەری پارتی ناڕازی نیم لە هاتنتان بەو جۆرەی کە خۆتان دەتانەوێت. منیش پێم گووت: کاک جەعفەر بۆچی ئەوەت لە ژوورەوە نەگووت؟" لە وەڵامدا گوتی: کاک کەمال نەمدەتوانی ئەوە بڵێم چونکە ئێمە لە بەرەی کوردوستانین و نامەوێت کێشە دروت ببێت".

سوپاسی جەعفەر گولیم کرد و پێم گووت: ئێمە نایەین با نەبینە سینەمای و جێگای پێکەنینی خەڵك ئا لەم کارەساتەدا.

ئیتر ئێمە نەچووین بۆ خۆپیشاندانەکە و بڕیارماندا کە کۆبوونەوەیەک بکەین و چالاکییەکی تر بکەین لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان. چەند ڕۆژێک پاش ئەوە ژمارەیەک لە کوردی باشور و ڕۆژاوا و باکور لە زانکۆی نانتێر لە ژووری کوڕێکی تورکمانی عێراقی بەناوی فەهد کۆبووینەوە. ئەوەی کە لە بیرم ماوە لە بەشدار بووان: عەقیل مانسۆ کوردی ڕۆژاوا، نوری کوردی ڕۆژاوا، بەرزان کوردی ڕۆژاوا، دەروێش کوردی باکور، حەسەن کوردی باکور، بەختیار ئەمین کوردی باشور، ئازاد هەورامی کوردی باشور و من بووین. من و عەقیل و ئازاد و دەروێش سوور بوین لەسەر مانگرتنێك هەتا مردن. لەپاش گفتوگۆیەکی زۆر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیارماندا کە مانگرتنێک سازبکەین لەبەردەمی دامەزراوەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکاندا. تەنها جێگایش کە پەیوەندی بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە هەبێت لە پاریس یۆنسکۆ بوو. داواکرا کە کێ ئامادەیە بۆ مانگرتنەکە. لە ئەنجامدا پێنج کەس خۆیان کاندید کرد بۆ مانگرتن، کە بریتیبوون لە : ئازاد هەورامی، دەروێش، عەقیل مانسۆ، بەرزان، من و کەسێکی تر کە لەیادم نەماوە کێ بوو.

نامەیەکمان نووسی و ناردمان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس و ئاگادارمان کردنەوە لەوەی کە سبەینی سەعات نۆی بەیانی لەبەردەمی یۆنسکۆدا ماندەگرین دژی ڕەشەکوژ کردنی گەلی کورد بە چەکی کیمیایی. بۆ سبەینێ کە گەیشتمە جێگاکە، تەنها ئازاد هەورامی لەوێ بوو. زۆری پێ نەچوو دەروێش و بەختیار ئەمین هاتن، ڕۆژنامەوانەکان هاتن، هێشتا عەقیل و بەرزان نەگەیشتبوون. بەختیار ئەمین گووتی مادەم ئەوان نەهاتوون، من دێم لەگەڵتان تا کارەکە شکست نەهێنێت. ئیتر ڕۆژنامە نیگارەکان هەندێک فۆتۆگرافییان گرتو هەندێک پرسیاریان کرد و ڕۆیشتن. زۆری پێ نەچوو عەقیل و بەرزانیش هاتن. بەڵام لەبەر ئەوەی کە فۆتۆگرافی گیرابوو، بەختیار گووتی تازە پێوە بووم و لەگەڵتان دەمێنمەوە.

361131765 .jpg

ئێمە هەرکەسەمان کیسەیەکی خەوتنمان پێ بوو، باران نەدەباری بەڵام سارد بوو. بەختیار هیچی پێ نەبوو. دنیا تاریکی کردبوو، لەناکاو ئۆتۆمبێلێک هات و چەند کەسێکی فەرەنسی دابەزین کە سەر بە دکتۆرانی بێ سنوور بوون. لێمانیان پرسی: لەکوێدا خێمەکەتان بۆ دابنێین؟ لە ڕاستیدا هەموومان لە خۆشیدا گەشکە بووین. فولکەیەکی گەورە لەبەردەمی یۆنسکۆدا هەیە، لە ناوەڕاستی ئەو فولکەیە دەوارێکی گەورەیان بۆمان دانا و ژمارەیەکی زۆر بەتانی و بەتانی ئەلەمنیۆم و بوتڵی ئاویان پێماندا و ڕۆیشتن.

خێمەکە زۆر گەورە بوو لۆگۆی پزیشکانی بێ سنووری لەسەر بوو. بۆ سبەینێ پۆلیس هاتن و داوای مۆڵەتی دانانی خێمەکەیان لێمان کرد، کەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ پۆلیس، ئەوان هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد کە دەبێت خێمەکە لابەرین یان مۆڵەت وەربگرین. ئێمەش پەیمانمان پێیان دا کە مۆڵەت وەردەگرین و هەڕەشەی ئەوەشمان دەکرد کە ئەگەر وازمان لێ نەهێنن، لەگەڵ کوردانی باکوردا هێرش دەکەینە سەر یۆنیسکۆ. پۆلیس ڕازی بوون کە دەبێت لە ماوەی دوو ڕۆژدا مۆڵەت بەدەستبهێنین. ئیتر کەوتینە تەلەفۆن کردن. بەختیار ئەمین پەیوەندی کرد بە ئەنستیتوی کورد-ەوە لە پاریس، خۆی لەگەڵیان کاری دەکرد. پەیمانیان دابوو کە کارێکمان بۆ بکەن. هەندێک دۆست و ناسراوی کورد و هەندێک لە کەسانی ئەنیستیتوی کورد لە باریس هاتن بۆلامان. دوو باندرۆڵی گەورەمان بە هەردوو دیوی خێمەکەدا هەڵواسی. ئەو کوردانەی کە سەردانیان دەکردین پیمانیان ڕاگەیان کە پارتە سیاسییەکانی کورد خەریکی پروپاگەندەی خراپن دژی ئێمە.

0245rd09.jpg

تەنانەت ئەحەمد بامەڕنی بە ڕۆژنامەوانیکی فەرەنسی بەناوی ژان فیلیپ فۆن گاسترۆ-ی Jean Philippe von Gastrow گوتبوو: ئەوانە تەنها چەند کەسێکی ڕەوتی تروتسکین، پەیوەندیان بە کوردەوە نییە" . هێچ ئەندامێکی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی باشور نەک هەر نەهاتن سەردان و پشتگیریمان بکەن، بەڵکو دژایەتییان دەکردین.

ڕۆژی پاشتر ئەفسەرێکی پۆلیسی هەواڵگری ناوخۆی فەرەنسا هات و پرسی : کێ نوێنەرتانە؟ هەتا ئەو کاتە کەسمان باسی نوێنەرایەتیمان لە نێوان خۆماندا نەکردبوو. بەختیار ئەمین، بە کوردی پێمی گوت: بڵێ من". منیش بە ئەفسەرەکەم گوت: من نوێنەرم". خۆی ناساند کە ناوی بەڕێز بارۆن-ە و ئەفسەری پۆلیسە. کارتێکی خۆی پێمدا و گوتی: نامەوەێت کێشە دروست بکەن، ئەگەر هەر تەنها ماندەگرن و کێشە دروست ناکەن، من دەتانپارێزم، بەڵام ئەگەر کێشە دروست بکەن، دەرتاندەکەین" هەروەها گووتی: هەر کاتێک کێشەیەک هەبوو، دەتاوانیت پەیوەندیم پێوە بکەیت". سوپاسیم کرد و ڕۆیشت.

دەوارەکە گەورەبوو. لەسەر فولکەیەکی گەورەدا، بەدەوری فولکەکەدا جگە لە یۆنێسکۆ، وەزارەتی تەندروستی و زانکۆی سان سیر هەبوون. ئەم دواییەیان زانکۆی ناسروی سەربازی فەرەنسییە و ئەفسەری سوپای فەرەنسا لەوێ دەخوێنن. واتا کەسانێکی زۆر بەوێدا تیدەپەڕین. خەڵکێکی زۆر دەهاتن بۆ پشتگیری و هاوکاری کردنمان. لەو ڕێکخراوە فەرەنسییانەی کە هاتن بۆ پشتگیری کردنمان ڕێکراوی مافی مرۆڤ LHD، کۆنفێدراڵی نیشتمانی کرێکاران C.N.T، کۆمەڵەی کۆمۆنیستانی شۆشگێڕان L.C.R و ئەنارکیسەکان. L.C.R جگەلەوەی کە هاوکاری زۆریان کردین سکرتێری گشتییانهەروەها خەڵکانی تری کە بەوێدا تێیدەپەڕین و لە هۆکاری مانگرتنەکەیان دەپرسی.

خەڵکانی تری بیانی هاتن بۆ پشتگیری کردنمان، بەداوخەوە بیرئ ناوی هەموویانم نەماوە، کەسانی بەریتانی، ئەڵمانی، هۆڵەندی ... تاد، لە ةیوانیاندا دووکچ کە هؤڵەندی بوون و دیاربوو کە هەندێک لە کێشەی کورد ئاگادار بوون، یەکێکیان ناوی مارگریت بوو، کۆمەڵێک فۆتۆگرافی گرتین. نامە کراوەکەی نەتەوەیەکگرتووەکانی لێمان وەرگرت و ئەدەرەسی منی وەرگرت و ڕۆیشتن. پاش ماوەیەک نامەیەکی بۆم نارد و گووتی کە خۆیشی نامەیەکی ناڕەزایی بە زمانی ئینگلیزی نووسیووە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داویەتی بە سەفارەتی عێراقی. ئەو فۆتۆگرافیانەشی لەگەڵ نامەکدا ناردبوو. ئەو کوردانەی کە هاوکارییان دەکردین زۆرینەی هەرە زۆری کوردی باکور و ڕۆژاوا بوون، ئەو کوردانەی باشور کە دەهاتن بۆ پشتگیریمان، هیچیان سەر بە پارتە سیاسییەکانی باشور نەبوون و کەسانی سەربەخۆ بوون، بەگشتی هەموو کوردەکان کەسانی سەربەخۆ بوون کە سەردان و پشتگیریان لێمان دەکرد، جگە لەوانەی کە سەر بە بزوتنەوەی کاوە بوون کە ڕەوتێک بوو کە لە دە دە کە دە جیابووبوونەوەD.D.KD . ئەمان زۆر بە چالاکی هاوکارییان دەکردین بەرپرسەکەیان بەناوی عەلی ڕەزا، لە کۆتایی هەفتەی یەکەمەوە، هەموو ڕۆژێک دەهات بۆلامان. ئەفیشێکمان دروست کرد کە بریتیبوو لە ڕواڵەتی منداڵێکی قوربانی کیمیابارانی هەڵەبجە و چەند شتێکی تریش کە دەنوسێنران بە ئۆتۆمبێل و دیوارەوە، هەموو ئەمانە لە لایەن کۆمەڵەی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕان-ەوە L.C.R بە خۆبەخش بۆمان چاپکرا. کچێکی فەرەنسی بەناوی ئیزابێل لو پرێتر Isabelle LEPRETRE ئەفیشەکانی بۆمان دروست کرد. بەباشی لە بیرم نەماوە کێ بوو کە پێشنیازی کرد کە ئاڵایەکی کوردستان لەسەر دەوارەکە هەڵبوواسین. بە خۆشێیەوە قبوڵکرا، کێشەکەمان ئەوەبوو کە کەسمان نەماندەزانی خۆرەکە چەند تیراژی هەیە، بەڵام ئەوە نەبووە ڕێگر، ئاڵاکەمان دروستکرد و لەسەر دەوارەکە هەڵمانکرد.

2548ard08.jpg

لەو ماوەیەدا وەفدێکی ئیراقی، کە لە نێوانیاندا کوردی تێدا بوو، هات بۆ فەرەنسا، لە هەمان کاتدا سەرۆکی ئیسرائیل هات بۆ فەرەنسا. بەیانییەک کۆمیسەرێکی پۆلیس هات و گوتی: دەمەوێت ئەو دروسمانەی کە بەدەوری دەوارەکەدا هەڵواسرون دابگیرێن" پرسیم : بۆچی؟ لەوەڵامدا گوتی: سەرۆکی ئیسرائیل ئەم پاشنیوەڕۆیە لەگەڵ فرانسوا میتێرانی سەرۆکی فەرەنسا بە هەلیکۆپتەر لە فڕۆکەخانەوە دێن لە سان سیر دادەبەزن و لێرەوە بە ئۆتۆمبێل دەچن بۆ کۆشکی ئەلیزێ، نامەویت ئەو شتانە ببینن" . منیش پێم گوت: ئێمە بێ لانە نین، مانمانگرتووە بۆ پیشاندانی ناڕەزایی دژی ڕەشەکوژ کردنی گەلی کورد بە کیمیایی، ئەوەمان دەوێت کە هەموو خەڵک ئەو کێشەیە بزانێت، شیعارەکان نەبێت کێ دەزانێت ئێمە بۆچی لێرە دانیشتووین". لە پاش گفتوگۆیەکی زۆر نەگەیشتینە ئەنجام. ئەو هەڕەشەی کرد بەوەی کە ئەگەر لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دروشمەکان دانەگرین، پۆلیسی دژە خۆپیشاندان دەهێنێت و دەوار ودروشمەکان و ئێمەش دەپێچێتەوە. منیش بە پەلە لەبەرچاوی ئەو ڕۆیشتم بەرەو کابینی تەلەفۆنێک کە لەسەر شۆستەکەی ئەوبەرمان بوو. چوومە ناو کابینەکە و دەفتەری تەلەفۆنەکەم دەرهێنا، کۆمیسەرەکە منی بینی.

بە پەلە بە ئۆتۆمبێلەکەی ڕۆیشت، ئەگەر باش بیرم مابێت دەقیقەیەکی زیاتر نە خایاند، ئۆتۆبێلێکی تری سڤیل کە گلۆپی پۆلیسی بەسەرەوە بوو، گەیشتە فولکەکە و ئەفسەرەکەی پۆلیسی هەوڵگری بەڕێز بارۆن دابەزی و بە پەلە بەرەو تەلەفۆنەکە هات، پرسی بۆکێ تەلەفۆن دەکەیت؟ گوتم: بۆ کوردانی تورکیا، گوتی: بۆچی؟ گوتم: چونکە پۆلیس دەیەوێت دەرمان بکات، داوا لە کوردانی تورکیا دەکەم کە بێن بمانپارێزن". دەبێ بگوترێت کە پۆلیس زۆر دەترسێت لە چالاکییەکانی کوردانی باکور.

خێرا بەڕێز بارۆن گووتی: پێیان بڵێ نەیەن، من چارەسەری دەکەم". بەڵام تەلەفۆنەکەم دانەخستەوە، هەتا بە ڕوونی گووتی کە من ڕێگاتان دەدەم کە خۆتان و دەوار و شیعار لە جیگای خۆتان بمێننەوە. ئەنجا لە کابینەی تەلەفۆنەکە هاتمە دەرەوە. پاشتر بەختیار ئەمین لێمی پرسی: بۆ کێ تەلەفۆنت کرد؟ گوتم بۆ کەس. گووتی ئەی چیت دەکرد لە ناو کابینەکەدا؟ گووتم نازانم تەلەفۆنەکەم گرتبوو بەدەستمەوە و بیرم دەکردەوە بۆ کێ تەلەفۆن بکەم، کە ئۆتۆبێلەکەی بارۆن-م بینی ئاوا خێرا و بە پەلە هات، لە فێڵەکە تێگەیشتم.

نامەیەکی کراوەمان نووسی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەککرتووەکان، کۆپییەکی نامەکەمان دا بە یۆنێسکۆ و داوای چاوپێکەوتنمان کرد. کە چوینە بەردەمی باڵەخانەکە ژمارەیەکی زۆر بووین، بەرپرسێک هاتە دەرەوە و کەوتە گفتوگۆ لەگەڵمان. لە ئەنجامدا گووتی باشە ڕازی دەبین بە پێشوازیکردنتان، بەڵام دەبێت تەنها چەند نوێنەرێکتان بێتە ژوورەوە. بڕوا دەکەم کە بەختیار ئەمین و عەقیل و من چووینە ژوورەوە. داوامان لێیان کرد کە نامەکەمان بگەیەنن بە سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و گوتمان ئێمە لێرە ناڕۆین هەتا نەتەوەیەکگرتووەکان بەفەرمی سەرکۆنەی عیراق نەکات لەو ڕەشەکوژکردنەی گەلی کورد. هەڵبەت نامەکە داوای دیکەی لەخۆدەگرت لەوانە داوامانکردبوو کە کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی دژی چەکی کیمیای بگیرێت و نوێنەری کورد بە فەرمی بەشداربێت. وەکو لە یادم مابێت پاش دوو ساڵ ئەو کۆنفرانسە لە پاریس گیرا، بەڵام نوێنەری کوردی تێدا نەبوو بە فەرمی، ئەگەرچئ کەنداڵ نەزان سەرۆکی ئەنستیتوی کورد هەوڵی زۆری دا.

لەو کەسانەی کە لە سەرەتا دا دەستیان بە مانگرتن کرد، بەرزان لەپاش دوو ڕۆژ پاشەکشەی کرد، چونکە ترساندیان بەوەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی قورحەی مەعیدە. عەقیل مانسۆ لەپاش هەشت ڕۆژ لە مانگرتن ڕاوەستا، چونکە ئیلتیهابێکی هەبوو، دکتۆر پێی گووت کە ئەگەر ئێستا جارەسەر نەکرێت، پاشتر توشی کێشەی قورس دەبێت. بەڵام بەڕۆیشتنی ئەوان کەسانی تری کوردی باکور بەتایبەتی هەوادارنی کاوە جێگایان گرتنەوە.

هەتا ڕۆژی هەشتەم هیچ مێدیایەکی فەرەنسی سەردانیان نەکردین، ڕۆژنامەی لیومانیتێ، زمانحاڵی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسی، لە لاپەرەکانی ناوەوە نوسینێکی زۆر کورت و پچکۆلانەی لەسەر نووسی. کەنار ئۆنشێنی، کە حەفتەنامەیەکی تەنز ئامێزە، شتێکی پچکۆلەی لەسەر نووسی. ئەنارکیستەکان چل دەقیقە لەسەر ڕادیۆکەیان منیان بانگهێشت کرد و باسی کێشەکەمان کرد. بەڵام لەدوای هەشتەمین ڕۆژ لەناکاو ڕادیۆی بی بی سی و چەندین میدیای دیکە سەردانیان کردین. ڕۆژبەڕۆژ زیاتر میدیا باسی دەکردین، بێرنارد کوشنەر، کە ئەوکاتە وەزیر بوو، هاتە سەردانمان لگەڵ کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئەنیستیتوی کورد، هەڵبەت ژمارەیەکی زۆر لە میدیای فەرەنسی و بیانی لەگەڵ بوو. ئیتر مانگرتنەکە هەندێک ناسرا و دەنگی دایەوە. لە هەمان کاتدا هەوادارەکانی پارتە سیاسییەکانی باشور بەناچاری هێرشیان ڕاگرت بۆسەرمان. نەک هەرئەوە بەڵکو جەلال تاڵەبانی کە لەو ڕۆژانەدا هاتبووە پاریس بەناچاری ئیوارەیەک لەگەڵ دکتۆر مەحمود عوسمان هات بۆلامان. هەمان ئەو ڕۆژە سەرلەبەیانییەکەی هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ هەڤاڵ خەجۆ هاتن بۆلامان، دیاربوو کە بی بی سی کاری خۆی کردبوو. دەفتەری پێشوازیمان دایە هێرۆی برایم ئەحمەد بۆ نوووسنی پەیامێک. ئێوارە لە نێوانی خۆماندا خۆێندمانەوە، زۆر بە پەیامەکەی پێکەنین.

ئێوارەی هەمان ئەو ڕۆژە جەلال تاڵەبانی و دکتۆر مەحمود عوسمان هاتنەلامان، ئەگەرچی بە ئاشکرا دیار بوو کە مام جەلال بەناچاری هاتبوو، بەڵام لەسەرەتادا چاوپێکەتنەکە باس دەڕۆیشت و دەفتەری پێشوازیەکەمان هێنا و ئەویش پەیامێکی نووسی، دکتۆر مەحمود تەنها ئیمزای کرد لەگەڵی. تاڵەبانی بە کوردای سۆرانی قسەی دەکرد، زۆرینەی ئەو کەسانەشی کە لەژێر دەوارەکەدا بوون کرمانج بوون.

بە تاڵەبانیم گووت: مام جەلال بۆ ئەوەی کە کوردانی باکوریش لە قسەکانت تێبگەن بۆچی بە کرمانجی قسە ناکەیت؟ لە وەڵامدا گوتی: وەڵاهی بەداخەوە کرمانجی نازانم". جێگای سەرسوڕمان بوو بۆ من کە کادیرێکی سیاسی کورد لەو پلەیەدا، نەزانێت بە دیالۆگی زۆرینەی میللەتەکەی قسە بکات. پاش ماوەیەک لە گفتوگۆ، کێشەیەک دروست بوو لەنێوانی ئازاد هەورامی و تاڵەبانیدا. ئازاد هەورامی پێشتر ئەندامی کۆمەڵە بوو، لەو کاتەدا مەلا بەختیار و خولە کەشکۆڵ بەندکرابوون لەلایەن یەکێتی نیشتمانییەوە و هیچ هەوڵیان نەبوو.

ئازاد ڕوی کردە جەلال تاڵەبانی و پێی گووت: مام جەلال، تێکۆشەران مەلا بەختیار و خولە کەشکۆڵ-تان بەند کردوە و ئەشکەنجەتان داون و ئێستا هیچ هەواڵێکیان نییە، دەمانەوێت بزانین لەبەردەمی دکتۆر مەحمود دا ئایا کوژراون یان نا؟ تاڵەبانی نەیهێشت کە ئازاد قسەکەی تەواو بکات توڕە بوو و گووتی: ئەوانە جاسوسن، ئێمە بەڵگەمان هەیە کە ئەوانە جاسوسی ئێراقن" ئازادیش هەڵچوو لە وەڵامدا گووتی: ئەونە تێکۆشەرن تۆ جاسوسیت" ئیتر بوو بە شەڕەدەم و تاڵەبانی بەدەم هەستانەوە گووتی: من نەدەهاتم و نەهاتووم بۆ لای ئێوە، من هاتووم بۆلای ئەو هەڤاڵانە" -لەو کاتەدا ئاماژەی بە کوردانی باکور کرد- ئەنجا گوتی: ئیوە چین ؟ ئێوە سوکن هیچ قیمەتێکتان نییە" -لەوکاتەدا بەری دەستی کردەوە و فویەکی لێکرد و گووتی: ئەوەند سوکن ئاوا بەفویەک با دەتانبات". تاڵەبانی پێڵاوکانی لەپێ کردبووەوە و دەڕۆیشت بەرەو دەرەوەی دەوارەکە، هێشتا شەڕە دەم لەنێوانی تاڵەبانی و ئازاد دا بەردەوام بوو.

من دەستم خستە سەر شانی مام جەلال و پێم گووت: بۆخاتری خوا [[مام جەلال]] تۆ سەرکردەیەکی چۆن دەبێت ئەو قسانە بکەیت؟" دەستمی لەسەر شانی داگرت و گووتی: بڕۆ سەگباب تۆیش کەمت نەکردوە بە یەکێتی نیشتمانی".

من گەڕامە دواوە و سەیری دکتۆر مەحمودم کرد و گوتم: چی پێ بڵێم؟ دکتۆر مەحمود هەردوو شانی هەڵتەکاند و دەستی کردەوە و هیچی نەگوت. من لە بیست و دوو هەمین ڕۆژدا بەتەواوی پەکم کەوت، کە دەستمان بە مانگرتنەکە کرد 69 کیلۆ بووم، لە خەستەخانە کە کێشامیان 58 کیلۆ بووم. دکتۆر ئامۆژگاری کردم کە بەلای کەمەوە حەفتەیەک نابیت جگە لە شتی شلە و بسکیت هیچ شتێکی ڕەق بخۆم، چونکە قەبارەی مەعیدەم وەکو ڕیخۆڵەکان پچوکبوو بووەوە. دەروێش ڕۆژێک پێش من کەوت، بەڵام نەیدەویست لە خەستەخانەش نان بخوات، بەزۆر ئێمە ڕازیمان کرد کە دەبێت ڕازی ببێت کە بە دڵۆپ خواردنی بدرێتێ. بەختیار ئەمین ڕۆژێک پاش من کەوت و ئازاد دوو ڕۆژ پاش من، بەڵام مانگرتنەکە بەردەوام بوو هەتا 29ی ئۆکتۆبەر.