ئازادی بە بێ ڕزگاری وەدی نایەت

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسین: د. ئا‌وی‌ سا ڕەزایی

354268035 .jpg


ئازادی واتە ڕزگاربوون لە هەرجۆرە گرێدراوەییەکی دەروونی و سۆزداری، وەک دەمارگرژی نەتەوەیی، ئایینی، کولتووری باڵادەست لە ژینگەدا، جیاکردنەوەی جێندەری (زایەندی)، چینایەتی دارایی لە کۆمەڵگادا و ... هتد.

لەو نووسراوەیەدا باسی ڕۆلی ژنان لە دایکێتی بۆ کۆمەڵگا دەکەم.

ژنان زیاتر لە نیوەی کۆمەلگای جیهانی پێک دێنن و نیوەی دیکەش بەدونیا دێنن و پەروەردەی دەکەن.

ئەو دایکانەی کە بەسەدان ساڵە لە ماڵەکاندا بەرپرسایەتی گرینگی پەروەردە و بەخێوکردنی مناڵانیان بە ئەستۆ بووە، ئەمرۆ دەیانهەوێ لە مەیدانی سیاسەت و بەرێوەبەریشدا بەشداری بکرێن.

ژنان بەو ئاکامە گەیشتوون کە تا بۆخۆیان لە قووڵایی بڕیارە سیاسیەکان ئامادە نەبن، داواکانیان بە ئەنجام ناگات.

لە جیهانی ئەمڕۆدا لەباسی بوارەکانی پیوەندیدار بە ژنان و مافەکانی ئەوان و بنەماڵەدا لە هەر کون و کوژبنێک کۆبوونەوەیەک دەدۆزرێتەوە کەپیوەندی بە ژنان و بنەماڵەکان بێت و ئێمە دەبینین کە هەمووکەس بە شێوەیەک لە شێوەکان لە پێوەندی لە گەڵ ژنان بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن، بەڵام لە گەڵ ئەمەش مەودای نێوان قسە و کردەوە یەکجار زۆرە و ژنان دەبێ ساڵیان درێژ خەبات بکەن بۆ مسۆگەرکردنی یاسای یەکسانی نێوان ژن و پیاو.

بەشێکی زۆر لە چالاکییەکانی ڕۆژانەی حیزبەکان، کۆمەڵە و ئەنجوومەنە نادەوڵەتییەکان، رێکخراوەکان پێوەندیان بە کێشەی ژنانەوە هەیە.


بەشی ژنان لە بەشداری لە ئاستی بەرێوەبەری

بەگشتی بەشداری ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەکرێ لەسەر دووبەش پۆلێن بکرێت کە بریتییە لە بەشداری گشتی ژنان لە هەڵبژاردنەکان و ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداری لە ئاستی سەرەوە و بژاردەکان کە بریتی بێت لە بەدەست هێنانی پلە و پایەی بەرز و بەشداری لە ناوەندە بڕیاردەرەکانی کۆمەڵگادا. ئەمجۆرە بەشدارییانە ویست و خولییاییەکانی ژنان دەهێننە ناو سیستەمی بەرێوەبەری کۆمەڵگا و لە ئاستی گشتی کۆمەلگادا نیشان دەدەن. لەو ئاستەدا ژنان وەک نوێنەری پەرلەمان لە ناوەندی یاسادانانی وڵات بەشدار دەبن.

بازنەی نوقوستانی سیاسەتدانانی پێوەندیدار بە ژنان

لە بازنەی سیاسەت داناندا بە گشتی بە هۆی لاوازی پێوەندی لە نێوان خاوەن بیرەکانی زانستی و بەرێوەبەرانی زانیاری پێویست لە مەڕ دۆخی ژنان ناگاتە ئاستی داڕشتنی سیاسەتی پێوەندیدار و تەنانەت گەر بگەنە قۆناغی داڕشتنی سیاسیش جێبەجێ ناکرێن. گەر خودی ژنانیش بەرپرسی جێبەجێ کردن ئەو بڕیارانە بن، بەهۆی ئەوەی کە پێگەیان پێگەیەکی ڕواڵەتییە، بەگشتی کردەوەکانی ئەوان بەئاکام ناگات یا خود بە گۆڕانی دەوڵەتەکان هەموو کار و کردەوەکانی پێشوویان شوێندانەری خۆیان لە دەست دەدەن و سوڕی دڵەڕاوکێ و ترسەکانیان سەر لە نوێ دەست پێ دەکاتەوە.

ئەمڕۆ سوڕی سیاسەتدانانی پێوەندیدار بە ژنان بەو شێوازەیە کە لە قۆناغی یەکەمدا ئەوان داخوازی زۆریان هەیە و بۆ چارەسەرییان پلانێکی هاوگونج لە گەل ڕۆلی ژن لە بنەماڵەدا داناڕێژرێت و دوایەش لە قۆناغی جێبەجێ کردن لە گەڵ بەربەستەکانی وەک بوودجە، نەبوونی وەردەوبوون (عدم تمرکز) و یەکەمایەتی (اولویت بندی) لە نێوان کێشەکان و بیانوویەکانی دیکە "(لە گەڵ مافیای دژەژن لە هەموو ئاستەکاندا)" بەرەوڕوو دەبێ.

ئەزموونی ئەو ژنانەی کە یەکەم هەنگاویان لە پێناو خوڵقاندنی ڕۆل لە داڕشتنی سیاسیدا هەڵێناوە ئەوەمان پێ دەبێژێ کە گرینگترین بەربەستەکانی بەردەم ژنان بریتین لە هۆیەکانی وەک کلێشەکانی زایەندی (جێندەری)، لێگەڕو ئالینگارییەکان و بەربەستەکانی یاسایی.

کلیشەکانی زایەندی بەگشتی پێوەندیان بە کۆلتوور و بڕواکانی کۆمەلگاوە هەیە بەتایبەت لە ناو کۆمەڵگا خێلەکیی و نەریتییەکان بەدرێژایی مێژوو ڕۆلی ژنان تەنیا بوون لە چێشت لێنان و خزمەت لەناو ماڵدا شی کراوەتەوە و ڕۆلی ژنان لە لایەن پیاوانەوە پێناسە کراوەتەوە. ئێستا کە ژنان بۆخۆیان دەست بەکار بوون و تواناییەکانی خۆیانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشانداوە، کاتی ئەوەیە ببینە بینەری بەشداری شوێندانەریان لە کۆمەڵگادا. لە گەڵ ئەمەش ژنان بۆ بەشداری لە کۆمەڵگا ناچارن زیاتر چالاکی بنوێنن و هاوکات دەبێ لەپێناو بەدەستهێنانی پلەی کۆمەڵایەتیی خۆیان بە پێی پێناسەی ئەمڕۆیی خەباتێکی چڕتر بکەن. بنەماڵەش دەبێ یەکەمایەتی سەرەکی ژنان پێک بێنێت. کەوابوو دەرفەتە نایەکسانەکان دەبنە هۆی ئەوەی کە ژنان لە رەوتی سیاسەتدانان دا لە شێوەیەکی زۆر ئاسان بسڕێنەوە، هاوکات لە گەڵ ئەمانەش لە یاساکاندا بەشداری ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بڕیارداندا لەبەرچاو نەگیراوە. لەوەها کاتێکدا کاتێک ژنان لە ڕەوتی بڕیارداندا لەپەراوێز دەخرێن، نیگەرانی و ویستەکانی ئەوانیش بە شێوەی دادپەروەرانە لەبەرچاو نەگیرێن.

ژنانی کۆمەڵگای ئێمە ئەمرۆ لە بوارەکانی جۆراوجۆردا خاوەن خوێندەواری بەرز و خاوەنی ئەزموون و زانستی هاوگونجن و توانایی پێویستییان هەیە بۆ بەرێوەبردنی سەرکەوتوانەی کۆمەڵگا،ی خۆیان. هەرچۆنێک ئەوان لە بەرپرسایەتی پەروەردەکردنی مناڵاندا توانیویانە توانایی بەرێوەبردنی خۆیان بسەلمێنن، دەتوانن لە بوارەکانی پانوبەرینی کۆمەڵگاش ڕۆلی خۆیان بنوێنن. ئەمەش دەبێ بزانین کە ئەم شتە کاتێک جێبەجێ دەکرێت کە وێنەی گشتی ژن لە ناو ڕاگەیەنە گشتییەکان، لە کتێبی وانەکان بە شێوەی دروست و گونجاو بگۆڕدرێت و ئێمە بینەری بەفەرمی ناسینی مافی ژنان بین لە بڕیاردان و بەشداری لە بڕیاری سیاسی و چارەنووسی کۆمەڵگادا.

هەروەک ئاماژە پێکرا، بەڵێن گەلێک زۆر دەدرێن بۆ وەدیهێنانی مافی ژنان، بەڵام بۆ گۆڕینی بەڵێن بە کردەوە ئەمە خودی ژنان دەبێ بە ئیرادەی پۆلایینی خۆیان شیاوی بەشداری خۆیان لە پلە و بەرپرسایەتییەکانی سیاسی، بەرێوەبەری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بسەلمێنن.

ئێمە رێگەیەکی ئاستەم، تاقەتپڕووکێن و پڕ لە ئالینگاریمان لە پێشە، بەڵام یان دەبێ یان دەبێ ببێ. رێگەی سێهەمی نیە.[١]

  • نووسەر دۆکتۆرای هەیە لە زانستی دەروونناسی کلینیکی.
  1. سەرچاوە:https://jinamedia.net/