ئاوازی گۆرانی کە دەڵێن؛ لە نێوان کوردو عەرەب و تورک و گریکدا.
نووسینی: خالید مەجید فەرەج
کورد دەڵێن؛ ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە. عەرەب دەڵێن قدک المیاس یاعمری، یاغصین البان کالیسر. تورک دەڵێن -Ada Sahillerinde Bekliyorum (من لە کەنارەکە چاوەڕوانتم) واتا کەناری دەریا. یۆنانیەکان بە دوو جۆر شیعر، یان ناو گوتوویانە،- βάσανά μου χαίρομαι-(من دڵخۆشم بە ئازارەکەم).. هەروەها Σαν πας στα ξένα، واتا هەروەکوو بچیت بۆ وڵاتی غەریبی.
لەلای عەرەبەکان ئەم گۆرانییە کە بە قدک المیاس بەناوبانگە و گۆرانیبێژی عەرەبی سوری صباح الفخری گوتوویەتی، هەندێک دەڵێن؛ ئاوازی گۆرانیبیژ و ئاوازدانەری موجەدید(تازەگەر) لە بواری گۆرانی مۆسیقای عەرەبیدا (سید درویش)ی میسرییە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم و نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا ژیاوە (1892- 1923).
زۆر کەم لە مێژوونووسانی گۆرانی و مۆسیقا دەزانن مەلا عوسمانی موسڵی (ملا عثمان الموصلی)ـە کە لە شاری موسڵ ساڵی 1854کاتێک کە عێراق لەژێر حوکمی عوسمانلیدا بووە لە دایک بووە و ساڵی 1923 لەبەغدا وەفاتی کردووە. ئەو بووە کە ئەم ئاوازەی لە ئەستەمبوڵەوە لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ سوریا.
ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە مەلا عوسمان کوردی خەڵکی دێی ئامێدی سەر بە دهۆک بووە. دیارە ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت؛ خەڵکی موسڵ بووە و ئاماژە بە کورد بوونی؛ یان بە وردی شوێنی لەدایک بوونی نادات. هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو دەمە دهۆک سەر بە موسڵ بووە، بەڵام هەرچۆنێک بێت مەلا عوسمان خوێدەواری و ڕۆشنبیرییەکەی عەرەبی و تورکی بووە و ئەو کارانەشی کە وەک ئاواز و گۆرانی و سروود، یان تەواشیحی ئایینی کردوونی تەنها خزمەتی بە مۆسیقا و گۆرانی عەرەبی کردووە. لە حەوت ساڵیدا باوکی دەمرێت و خێزانێکی عەرەب دەیگرنە خۆ و هەر بە گەنجی ڕوو لە قوستەنتینە پایتەختی مێژوویی ڕۆم دەکات، واتا ئەستەنبوول کە لەژێر حوکمی عوسمانلیدا واتا تورکدا دەبێت و تاوەکوو ئەمڕۆش، لەم شارەدا کە ڕۆم هەموو قورسایییە کولتووری و مۆسیقا و شارستانییەکەیانیان لێ بەجێهێشتووە نیشتەجێ دەبێت، بۆیە دەکەوێتە ژێر کاریگەری مۆسیقا و گۆرانییە فۆلکلۆرییە ڕۆمییەکانەوە و لە ئاواز دانانی بۆ گۆرانی و سروودە ئایینییە ئیسلامییە سۆفییەکانەوە، سوڵتان عبدالحمید بانگی دەکات بۆ کۆشکەکەی تاوەکوو گوێ لە هەندێک لە گۆرانییەکانی بگرێت، لەوێ دەبێت بە باشترین قورئان خوێن و تەجوید کەر و ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە گۆرانی (قدک المیاس)ـە کە ئاوازەکەی لە گۆرانییەکی ڕۆمی کۆنەوە وەرگیراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم و ناوی Σαν πας στα ξένα -هەر وەکوو بچیت بۆ غەریبی- و رۆمە یۆنانییەکان زۆر باش دەیزانن و دەیڵێنەوە.
کاتێک کە سید درویش چاوی بە عوسمان موسڵی دەکەوێت سێ ساڵ لەسەر دەستی عوسماندا دەخوێنێت و زۆر لەو سروود و ئاوازانە کە لە قوستەنتینەوە لەگەڵ خۆی هێناونی لێوە فێر دەبێت و یەکێکیش لە وانە ئاوازی ئەو گۆرانییەیە کە لەلای عەرەب بە (قدک المیاس) بەناو بانگە و صباح الفخری گۆرانیبێژی سووری پێ بەناوبانگ بوو لێ وەردەگرێت و شیعری قدک المیاس یاعمری دەکات بەبەردا.
ڕاستییەکە ئەوەیە ئەم ئاوازە نە تورکییە ونە عەرەبییە هەر وەکوو هەندێک بەهەڵە بۆی چوون، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ مۆسیقا و ئاوازی ڕۆمی (یۆنانی)، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر قووڵی کاریگەری شوێنەواری شارستانی ڕۆمانی لەسەر لەسەر تورک و عەرەب.
شایەنی باسە زۆر لە گۆرانیبێژە عەرەبەکان ئەم ئاوازەیان بە شیعر، یان دەقی جیاوازەوە گوتووەتەوە، بۆ نموونە فەیروز دەڵێت ((یالیل الصب متی غدە.. اقیام الساعة موعدە)). هەروەها عبد الحلیم حافظ لە گۆرانی مداح القمر و زۆری دیکەش گوتوویانەتەوە.
هەر وەکوو پێشتر ئاماژەمان پێدا ئەم گۆرانییە بە تورکیش گوتراوە بەم ناوە “ئەدە ساحیلیرندە”، تورک خۆیان بۆ ئاوازەکەی ئاماژە بە مەلا عوسمان دەکەن، بەڵام لە هەندێک تۆماری دیکەدا لەسەر قەوانەکان دەڵێن ئاوازدانەر نەناسراوە، هەموو ئەو دەزانین نەناسراو واتا فۆلکلۆر.
توێژەری مۆسیقی Frye Ellen لەکتێبەکەیدا The marble threshing floor; a collection of Greek folk-songs (کێڵگەی مەڕمەڕ -کۆمەڵێک لە گۆرانییە میللییە یۆنانییەکان-) دەڵێت؛ ئەم گۆرانییە دەگەڕێتەوە بۆ ئاوازێکی یۆنانی کۆن کە لە دەور و بەری ساڵی 1821 دا دانراوە و هەر وەک لای سەرە ئاماژەمان پێدا بە دوو ناو ئەوان دەیڵێن یاخود دەیناسن.
دکتۆر محمد صدیق الجلیلی (1903- 1980) لە گوتارێکیدا بەناو نیشانی ( التراث الموسیقی فی الموصل و المقامات الموصلیة) -کلتووری مۆسیقی لە موسڵ و مەقامە موسڵییەکان- دەڵێت؛ لە موسڵ چەندین گۆرانی تورکی جۆراوجۆر وەک گۆرانی، یان سروودی سەربازی و قوتابخانەکان و غەیری ئەوان شیعریان بە عەرەبی بۆ نووسراوە، بەڵام هیچیان بە قەدەر ئاوازی ئەو گۆرانییە تورکییە کۆنە کە بە سرودی ئەستانبول ناسراوە و (استابول شرقیس)لە مەقامی حیجازە و سەرەتاکەی دەڵێت: ئەدە ساحیلیندەر”، کە دەکاتە ئاوازی ((کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە)) کوردییەکەی خۆمان بڵاو نەبووەتەوە، ئەو دەڵێت، دەقە تورکییە لەسەر دەستی ابی الحسن الحصری القیروانی گۆڕاوە بە قەسیدەی (یالیل الصب متی غدە)) و بەڕێکەوت کیشی ئەو قەسیدەیە لەگەڵ ئاواز و ڕیتمی ئەو گۆرانییەدا گونجاوە. پاشی ئەو قەسیدەیەکی دیکەی بۆ دانراوە کەدەڵێت؛ قدک المیاس یاعمری و لە بەغداش هەمان ئاواز لە مەکتەبەکان بە شیعری (وطنی والحق سینجدە) گوتراوە.
ڕەخنەگری موسیقی (ابراهیم عوبیدیا) کە لە جولەکەکانی عێراقە دەڵێت؛ ئەم گۆرانییە بە ئەسڵ عێراقییە وەکوو هەموو ئاوازە عێراقییەکانی دیکە براوە، لە ڕۆژنامەی (الأنباء) ژمارە 1759 لە 4 نوڤمبەری 1977: دەڵێت؛ ( هەر وەکوو گۆرانییە عێراقییە بەناو بانگەکە (قدک المیاس) کە سەرەتاکەی و ئاوازەکەی هەر وەکوو خۆی ماونەتەوە دەقەکەی لە شیعری (میللییە)، واتا زاراوەی عامیی و ئەم گۆرانییە لەکیشی بەستە عێراقییەکانە و نەغمەکەشی نەغمەی حیجازە کە لە مەقامە عێراقییەکانە) و هەندێک لە دەقەکەشی وەک نموونە دەهێنێتەوە لە بەم جۆرەیە:
- تلاطفنی و الا طفە .. وانا الجبور ابهل لطفە
- یعون الحب شفایفهە … احلی من السکر والعسل
- عیونک سود یمحلاها.. یکل الدنیا تهواها
- دخلی الناس ابلواها… سبیت الدنیا أو ماتدری
شایەنی باسە کۆنترین تۆماری ئەم گۆرانییە بە عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1907 بە دەنگی (فرج اللە افندی بیضا) بۆ کۆمپانیای (بیضا ابناء العم). هەر وەکوو لە سەرەتای باسەکەدا ئاماژەمان پێدا و هەمووشمان دەیزانین ئەم ئاوازە بە کوردی و سەرەتا بە دەنگی بەهەشتی مەلا کەریمی مەهابادی لە دایک بووی 1885 – 1938 گوتراوە کاتێک کە دێتە سلێمانی چاوی بە پیرەمێردی شاعیر دەکەوێت ئەو شیعری (کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە) ی دەداتێ پیرەمێرد ساڵی 1935 لە گۆڤاری ژین دا ئەوەی باس کردووە و بە حوکمی ئەوەی پیرەمێرد خۆی لە تورکیا ژیاوە بۆیە گوێ بەو ئاوازە ئاشنا بووە و هەر خۆشی پێی دەڵێت؛ لەسەر ئاو ئاوازە بیخوێنێت و بەڕای بەندە پیرەمێرد شیعرەکەی بەپێی کێش و ڕیتمی ئەو ئاوازە نووسیوە.. دواتریش حەسەن زیرەک و مەزهەری خالقیش خوێندوویانە. بۆ نموونە بەندەش ئەگەر ئاوازێکم بە دڵ بوو بێت شیعرم بۆ نووسیوە بۆ نموونە گۆرانییە بەناوبانگەکەی سەری ساڵی (Jngle Bells) دەقێکی کوردی پڕاو پڕم بۆ ئاوازەکە نووسیوە و بە دەنگی هونەرمەند نیان عبداللە تۆمار کراوە.. زۆر دەبینم دەنووسن، یان لە چاو پێکەوتنی تەلەڤزیۆنیدا دەگوترێت ئەو ئاوازە کوردییە تورک، یان عەرەب لە ئێمەیان بردووە، من ئەوە بەڕاست نازانم و ئەم قسانە هەمووی بەبێ بەڵگە دەهێننەوە و بەداخەوە هەندێک هونەرمەند ئاگایان نە لە مێژووی هونەری میللەتەکەی خۆشیان نییە چ جای دەوروبەر. خۆ ئەگەر مکوڕیشن لەسەر ئەوەی کوردییە هیچ بەڵگەیەک نادەن بەدەستەوە تەنها ئەوە نەبێت کە حەسەن زیرەک، یان مەلا کریم گووتویانە پرسیارەکە ئەوەیە کەی گووتویانە؟ دیارە کە زۆر لەدوای ئەوان بووە.
کۆنترین تۆماری ئەو گۆرانییە لەلای عەرەب ساڵی 1907 لەسەر قەوان هەیە، دیارە یۆنان و دواتریش تورک زۆر زووتر ئەو گۆرانییە یان ئاوازەیان گوتووە هەر وەکوو لای سەرەوە ئاماژەمان پێ داوە سەرەتای ئەو ئاوازە لەلای یۆنانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1721. لای خوارە لینکی ئەو ئاوازە بە زمانەکانی یۆنانی و تورکی عەرەبی و کوردیش دادەنێم.[١]
لینکی گۆرانێکە بە کوردی
https://www.youtube.com/watch?v=EtTXkiWxcqw&t=1s
لینکی گۆرانیەکە بە تورکی لەگەڵ گۆرانی وەر قوربان هەر بەتورکی
https://www.youtube.com/watch?v=8nkUtY4R0nQ
لینکی گۆرانییەکە بە یۆنانی
https://www.youtube.com/watch?v=iLZMbHjxkN8
لینکی گۆرانیەکە بەدەنگی فرج اللە بیضا ساڵی 1907
https://www.youtube.com/watch?v=JgHrc1Wsdgk
سەرچاوەکان
ویکیپیدیا
- – نووسەری عێراقي زيد خلدون جميل.
- – تاريخ الموسيقى العربية هنري جورج فارمر وەرگێڕانی جرجيس فتح الله المحامي دار مكتبة الحياة بيروت.
- – مبادئ الموسيقى الكنسية البيزنطية الارشمندريت أنطون هبي طبعة 1964
- – فلسفة الموسيقى الشرقية -ميخائيل الله فيردي – چاپی دووەم.-
- – القدود الدينية، بحث تاريخي وموسيقي في القدود الحلبية – محمد قدري دلال.
- ↑ سەرچاوە:wtarikurd