ئایینی مەسیحییەت و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سارا سەردار

Environs 08.jpg

01

بڵاوبوونەوەی مەسیحییەت

ئایینی مەسیحی، مێژووی دەسپێکی بڵاوبوونەوە ی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 27ی زایینی، کە هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتداریی ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی. هەتا ئەو کاتەی مەسیحییەت وەک بەشێک لە ئایینی جوو سەیر دەکرا، دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕۆم زۆر سەرنجی نەدەدا و مەسیحییەکان لە بیروباوەڕی خۆیان ئازاد بوون، بەڵام لەگەڵ گەشەکردن و زیاتر بڵاوبوونەی ئەم ئایینە وەک ئایینێکی نوێ و گوتەی جیاواز و بیروباوەڕی نوێ، دەوڵەتی ڕۆم بە خۆیدا چووەوە بۆ ڕێگری لە زیاتر تەشەنەکردن و گەشەی ئایینە تازەکە بۆ ناو خەڵک و مەسیحییەتی بە نافەڕمیناساند و بۆ کپکردن و سەرکوتکردنی ڕووبەڕووی بوونەوە.

لە سەدەکانی سەرەتای دەرکەوتنی ئام ئایینە، حەوزی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، ناوەند و چەقی قورسایی ئایینی مەسیحییەت بوو، شارەکانی وەک قودس، ئەنتاکیا، ئەلرەها، ئەسکەندەرییە، ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەم ئایینە بوون، کە دواتر بەرەو ڕۆما و قوستەنتینییە - ئیستامبۆل- گەشەی کرد و دواتریش بەرەو سەنتەرەکانی دیکەی ئەورووپا و دونیا. هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی، ئەم ئایینە دژایەتیی کرا و لەلایەن دەسەڵاتداران و خەڵکی ئاساییشەوە ڕەت کرایەوە و ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و چەوساندنەوە بوو، هەتا ئەو ڕادەەیەی، کە کەسایەتیی عیسای مەسیح لەلایەن دژەکانی، دەستبەسەر کرا و لە خاچ درا.

بەڵام هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم ئایینە، کەسانێک هەبوون، کە بڕوایان بە قسە و ئامۆژگارییەکانی عیسا (د.خ) کرد و بۆ زیاتر فێربوون و درێژەدان بەو ئایینە، بوونە قوتابیی عیسای مەسیح و لە هەوڵی بڵاوکردنەوە و زیاتر ناساندنی ئەم ئایینە بە کەسانی دیکەدا بوون، بۆیە دوای ئەوەی پەیامهێن مەسیح لە خاچ درا، کەسانێک هەبوون، کە ببنە درێژەپێدەری ڕێبازەکەی و ئایینەکە لەبیر نەکەن و بۆ زیندووهێشتنەوە و بڵاوکردنەوەی هەوڵ بدەن، بەڵام لە سەدەی چوارەم بەدواوە، بارۆدۆخەکە گۆڕا.

لە ساڵی 313ی زایینی، پاشا قۆستەنتینی گەورە ئەم ئایینەی بەفەڕمیناساند و چووە پاڵ بڕوادارانی مەسیحییەت و کردی بە ئایینی فەرمیی دەوڵەتی ڕۆما و لەوە بەدواوە، ئەم ئایینە زاڵ بوو بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵگە بە گشتی، توانیشی کاریگەریی قووڵ درووست بکات و تا ڕادەیەک ببێتە هۆی درووستبوونی توندڕەویی ئایینی. ئەم بابەتە لە ساڵی 2020 لە ماڵپوڕی باسنیوز بڵاوکراوەتەوە.

02 مەسیحییەتیش هەر وەک ئایینەکانی دیکە، لەدوای بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی گۆڕەپانی لایەنگەرانی، دووچاری لەتبوون و درووستبوونی کۆمەڵێ مەزهەبی جیاواز هات. سەبارەت بە مەزهەبەکانی ناو ئەم ئایینە، کە هەر لە سەرەتای سەدەی چواری زایینییەوە دەستی پێکرد، واتا هاوکات لەگەڵ لە یەک جودابوونەوەی هەر دوو کڵێسەی ئەرتۆدۆکسی کۆن و ئەرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات، کە ئەمە بە یەکەم شەقبوونی ناو ئایینی مەسیحی دادەنرێت.

پاشان لە ساڵی 1054 گەورەترین جودایی لەنێوان کاسۆلۆکییەت و ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتیدا ڕووی دا.

ئەم دووبەرەکییە، کە بە گەورەترین شەقبوون لەناو ئایینی مەسیحی دادەنرێت، لەوێوە دەستی پێکرد، کە لە ساڵی 1054ی زایینی، کێشەی سیاسی و ڕێکنەکەوتن لەسەر بیروباوەڕە بنەماییەکانی ئایینی مەسیحی، کەوتە نێوان کڵێسە و پیاوانی ئایینیی دەسەڵاتدار و لە ئەنجامی ئەوەدا، کلێسای ئیمپراتۆری ڕۆم دابەش بوو بۆ دوو بەشی گەورەی ڕؤژهەڵاتی، واتا یۆنان، کە دواتر پێی گوترا کڵێسەی ئەرتەدۆکسی ڕۆژهەڵات و بەشی ڕۆژاوایی، واتا لاتین، کە بە کڵێسەی کاتۆلیکیی ڕۆم ناسرا. دواتر لە سەدەی شازدەی زایینیدا بەرەی چاکسازی، واتا پرۆتستانت درووست بوو، ئەم بەرە نوێیە بێجگە لە ئایینی مەسیحییەت، کاریگەریی لەسەر ئایینەکانی تریشدا هەبوو و ڕۆڵیشی لەسەر درووستبوونی شارستانییەتی نوێدا هەبوو.

پرۆتستانت مەزهەبێکە لە ئایینی مەسیحی، کە بۆ یەکەم جار لەلایەن (مارتین لۆتەر) ی فەڕەنسی باس کرا و بیرۆکەکە بڵاو کرایەوە.

وشەی پرۆتستانت بە واتای ناڕازیبوون و دژایەتی دێت، بۆیە بەم گرووپە مەزهەبییە دەگوترێت پرۆتستانت، چونکە لەبەرانبەر کۆمەڵێ لە یاساکانی کڵێسەی کاسۆلیک ڕاوەستان و ڕەخنەیان لێ گرت. سەرهەڵدانی ئەم ڕەخنەگرییە بۆ ساڵی 1529 دەگەڕێتەوە، کاتێک کۆمەڵێ لە شازادەکانی ئەڵمانی لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریان دا بە قەدەغەکردنی هەر جۆرە گۆڕانکارییەک، کە ئاڕاستەی یاسای گشتیی ئایینی بکرێت، هەروەها هەموو مافە دارایی و مرۆییەکان لەو بەشەی پرۆتستانت بدرێتە کاسۆلیکەکان.

لە درێژە و ئەنجامی ئەم بڕیارەدا، کۆمەڵێک لە شازادەکانی بەرەی پرۆتستانت دەستیان کرد بە نووسین و واژۆکردنی نووسراوێک لە دژی ئەم بڕیارە و پێشکەشی پاشا (کارلی پێنجەم) یان کرد، هەر لەو کاتەوە، وشەی پرۆتێستانت بۆ ئەم گرووپە ناڕازییە بەکار هات و بەرەبەرە لایەنگەرانیان زیاتر بوو و توانییان گۆڕانکاری بەسەر زۆر یاسا و دەرکردەی ئایینی مەسیحیدا بکەن. مارتین لوتەر1483- 1546، لە شاری ئایسبلن لە ئەڵمانیا لەدایک بووە. لۆتەر یەکێکە لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو ئایینی مەسیحی و بە ڕێبەری مەزهەبی پرۆتستانت دادەنرێت. وەرگێڕانی ئینجیل بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، یەکێکی ترە لە کارە گەورەکانی لۆتەر.

شوێنکەوتووانی ئەم مەزهەبە، پەیڕەویی لە هیچ یەک لە کڵێسەی کاسۆلیک و ئەرتەدۆکس ناکەن و بە بڕوای ئەوان، هەموو مەسیحییەکی بڕوادار، لە پێگەی پیاوێکی ئایینییدایە. ئەم بابەتە لە ساڵی 2020 لە ماڵپەڕی باسنیوز بڵاوکاراوەتەوە.

03

سێ بنەمای سەرەکیی پرۆتێستانت بریتیین لە:

1- کتێبی پیرۆز واتا ئینجیل، تاکە سەرچاوەی پەروەردە و فێربوونە.

2- دوای مەرگ، خوا بە فەیز و لێبوردەیی خۆی مرۆڤەکان ڕزگار دەکات.

3- هەر بڕوادارێکی مەسیحی دەتوانێت ئینجیل بخوێنێت و لێکدانەوەی بۆ بکات، ئەوە بەتەنێ کاری پیاوی ئایینی نییە.

ئینجیل، کتێبی تایبەتی مەسیحییەکان

وشەی ئینجیل بە واتای مزگێنی و موژدە دێت، کە ناوی کتێبی ئایینی مەسیحییەتە و باس لە ژیان و کردەوەکانی عیسای مەسیح دەکات.

ئەم پەرتووکە دوای لەخاچدانی عیسای مەسیح، لە لایەن چوار خوێندکاری مەسیح نووسراوە، بە ناوەکانی (مەتی یان مەتا، مەرقۆس، لۆقا، یۆحەننا)وە دەناسرێن، هەرچەندە جیاوازی لەنێوان دەقەکاندا هەیە، بەڵام هەر چوار کەسەکە، کەسانی باوەڕدار و قوتابیی خودی عیسا (د.خ) بوون و کتێبەکانیان لە لایەن باوەڕدارانی مەسیحییەت پەسەند کراوە.

بنەما و ئەرکە ئایینییەکانی مەسیحییەت

گرنگترین باوەڕی ئەم ئایینە، هەبوونی خودای تاقانە و گەورەیە، وەک خۆلقێنەری هەموو گەردوون، پاشان تاکی کریستیان دەبێ بڕوای تەواوی بەوە هەبێت، کە حەزرەتی مەسیح کوڕی خوایە، دواتر دەبێ باوەڕی بە پەیامهێنبوونی عیسا و گەڕانەوەی لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی هەبێت.

نوێژکردن، هەر وەک چۆن ئایینەکانی تریش ڕێوەڕەسمی تایبەتیان بۆ نوێژ هەیە، لای کریستیانیش ئەم ئەرکە ئایینییە هەیە و لە ڕۆژێکدا سێ جار ئەنجام دەدرێت، واتا نوێژی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە. لەنێوان ڕۆژانی 2ی شوبات هەتا 2ی ئاداری هەموو ساڵێک، کاتی ڕۆژووگرتنە، وەک ئەرکێکی ئایینی.

بەخشینی بڕە پارەیەک بە هەژاران وەک زەکات، بنەمایەکی دیکەی ئایینی مەسیحییەتە.

هەر تاکێکی مەسیحی وا باشە هەوڵ بدات لە ژیانیدا سەردانی ماڵی خوا لە شاری ئۆرشەلیم و سەردانی بەردی سەهیۆن و داری زەیتوون بکات، بەڵام لەسەریشیان فەرز نییە.

ئەم نانەتە لە ساڵی 2020 لە ماڵپەڕی باسنیوز بڵاوبووەتەوە.

04

پاش مار تۆما، مار ئەدای و مار ماری لەگەڵدا بەرەو ناوچەکانی کوردستان هاتووە. کەسایەتیی مار ئەدای بەهۆی کارە باشەکانی و ئەو دڵسۆزییەی لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکاندا هەیبووە، توانیویە سەرنجی خەڵک بەرەو ئایینی مەسیحی ڕابکیشێت و زۆر خەڵک باوەڕیان پێ هێناووە و بوون بە بڕواداری ئایینی مەسیحی.

یەکێک لەو کەسانەی لە مێژوودا ناوی هاتووە و چووەتە سەر ئایینی مەسیحی و بووە بە یەکەم مەتڕان لە حەدیاب، ئافرەتێک بووە بە ناوی باکیدە.

کەسایەتیی ماری بە دامەزرێنەری فەرمیی کورسیی کەنیسەی ڕۆژهەڵات دادەنرێت لە سالیق و قەتەیسفون (تیسفوون) ، کە دروستکەری کەنیسەی دایک لە (کوخی) لە ناوچەی بوعیسا لەنزیک دۆرەی بەغدایە. پاشان ئایینی کریستیان دەگاتە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، وەک کەرکووک، شەقڵاوە، ئاکرێ و ناوچە چیاییەکان.

سەبارەت بە ناوچەی حەدیاب و بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی لەم ناوچەیەدا، لە ژمارە هەشتی گۆڤاری (سوبارتو) ، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ئامادەکردنی مامۆستا ڕێزان غەفوورە، لەبارەی ئایینی مەسیحی لە شانشینی حەدیاب، وا باس دەکرێ کە: دوای ئەوەی شاژن هێلینا و بنەماڵەی شاهانە ئایینەکەی خۆیان، کە فرە خواوەندی بووە، دەگۆڕن بە ئایینێکی یەکتاپەرەستی، کە ئایینی جوو بووە، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئایینی جوو وەک ئایینی بنەماڵەی پاشا، شاژن هێلینا سەفەر دەکات بەرەو فەڵەستین، هەر لەو کاتەوە بووە، کە پەیامهێن مەسیح لەدایک بووەوە و ئایینی مەسیحیش دەرکەوتووە و بانگەوازیی بۆ کراوە، بەڵام نازاندرێت کە شاژن هێلینا و بنەماڵەکەی چ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئایینی مەسیحیدا بووە، ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە، کە بە بڕیاری گۆڕینی ئایینی ئەم بنەماڵەیە بۆ ئایینی جوو، کاریگەریی کردووەتە سەر هەرێمی حەدیابین، بۆ وەرگرتنی ئایینی تاک خواوەندی و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی حەدیابین ئەم ئایینەیان قبووڵ کردووە.

ڕێگای دووەم: ئەو مەسیحییانە بوون، کە بەزۆر کۆچیان لە زێدی خۆیان پێ کرابوو و لەگەڵ هاتنیان بۆ کوردستان بووبوونە هۆی زیاتر بڵاوبوونەی ئەم ئایینە، ئەو دەستەیە بە سەرۆکایەتیی (بەرکۆکبا) لە ساڵی 67ی زایینی، دوای ئەوەی شارەکەیان لەلایەن فەرماندەی ڕۆمانی (تەیتەس) کاول کرا و سووتا، لە فەلەستین بەرەو ناوچەکانی میزۆپۆتامیا بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی کۆچیان کردبوو و لەدوای نیشتەجێبوونیان و تێکەڵاوییان لەگەڵ خەڵک، ئایینی مەسیحیش بەرەبەرە لەناو خەڵک بڵاو بووە و ژمارەی پەیڕەوانی زۆر بووە.

ڕووداوێکی مێژوویی دیکە، کە کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت لە ناوچە ناوبراوەکان، شەڕەکانی ئیمپراتۆری ساسانی بوو لەگەڵ ئیمپراتۆری ڕۆمەکان، کە بەهۆی ئەم شەڕانەوە ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییەکانی نیشتەجێ لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕۆما، دیلی سوپای ساسانی بوون و دواتر بەهۆی گواستنەوەیان بۆ وڵاتەکانی سەر سنوور وەک نێوان دوو ڕووبار و ئەنتاکیا و سووریا و شارە جیاوازەکانی ئێران، ببوونە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم ئایینە لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و ئێرانی کۆن.

06

یەکێک لە کەسایەتییە مەسیحییەکانی کوردستان، کە لە مێژووی هاوچەرخی کوردیدا ڕۆڵێکی گەورە و پرشنگداری هەبوو، کەسایەتیی کەریمی ئەلەکە بووە.

ئەم کەسایەتییە ناوی تەواوی عەبدولکەریم ئەلیاس پۆلس بووە، کە لە ساڵی 1867لە گوندی مەسیحینشینی هەرمۆتەی کۆیە لەدایک بووە.

کەریم بازرگان بووە، بەهۆی زیرەکییەکەی لە بواری ئابووری و خەمخۆرییەکەی بۆ خەڵکی هەژار و نەدار، هەروەها ئەو ڕۆحە نیشتمانپەروەرییەی هەیبووە، دەبێتە وەزیری ئابووریی سەردەمی حکوومەتی شێخ مەحمودی حەفید لە ساڵی 1922.

لە کارە خێر و جوانەکانی ئەم گەورە پیاوە، دەتوانین ئاماژە بەو کارانەی بکەین، کە لە کاتی یەکەم جەنگی جیهانیدا، کە هەموو دنیا بە گشتی و کوردستان و سلێمانی بە تایبەتی تووشی برسییەتی و بێکارییەکی ترسناک بوون، کەریمی عەلەکە بڕێکی زۆری دانەوێڵەی کڕی و لە سایلۆکانی خۆی هەڵگرت و دواتر بە نیوەی نرخەکەی بەو کەسانە فرۆشت، کە توانای کڕینیان نەبوو، هەروەها بەسەر هەژار و نەدارەکانیش دابەشی کرد. لەو سەردەمە گرانی و نەبوونییەدا، ئاشێکی دامەزراند، کە بەخۆڕایی باراشی بۆ خەڵک لێ دەکرد، شەو و ڕۆژ لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی هەژار کاری دەکرد. هەر لە درێژەی کارەکانیدا، نانەواخانەیەکی دامەزراند، بۆ ئەوەی شەو و ڕۆژ خزمەتی خەڵکی پێ بکات.

کەریمی عەلەکە بەهۆی دادپەروەرییەکەی، لە سەردەمی عوسمانییەکان دەبێتە ئەندامی دادگای سزای سلێمانی بە پلەی قازی.

ڕۆحی نیشتمانپەروەریی ئەم کەسایەتییە تا ئاستێک بەرز بوو، کە کاتێک کونسڵی ڕووسیا داوای دیداری دەکات، کەریم ڕەتی دەکاتەوە و پێیان دەڵێ، کە کەسانی حکوومی هەن نوێنەرایەتیی خەڵک دەکەن، بۆیە باشترە لەگەڵ ئەوان دیداریان هەبێت، نەک لەگەڵ من.

کەریمی عەلەکە لە ساڵی 1948 لە شاری بەغدا کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێ لە گۆڕستانی کاسۆلیکی بە خاک دەسپێردرێت.

07

مێژووی هاتنی مەسیحییەکان بۆ کوردستان دێرینە و بۆ سەردەمانی کۆن دەگەڕێتەوە، هەر بۆیەش چەندین دێر و کەنیسە و شوێنی ئایینی لە کوردستاندا هەن، کە لەسەر ئاستی جیهاندا بایەخیان پێدەدرێت و گرنگن. ئێمە لێرە بە شێوازی کورت و پوخت، باس لە چەند نموونەیەک لە بەتەمەنترین شوێنەوارەکانی ئایینی مەسیحی لە کوردستاندا دەکەین:

دێری مار مەتێ

یەکەم شوێنەواری ئایینی مەسیحییەت لە کوردستان، کە وەک کۆنترین شوێنەواریش تۆمار کراوە، شوێنەواری (دێری مار مەتێ) یە لە باشووری کوردستان، کە دەکەوێتە باکووری شاری مووسڵ و نزیکە لە شاری بەعشیقەیە و کەوتووەتە دامێنی چیای مەقلووب. هەڵکەوتە و شوێنی جوگرافیی ئەم دێرە، دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی لەم چیایە درووست کردووە. دێری مار مەتێ بە کۆنترین دێری کریستیانە سریانییەکان لە کوردستان و هەموو ئێراق دادەنرێت و بەهۆی مێژووە کۆنەکەی، لەسەر ئاستی جیهاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم دێرە لە سەدەی چواری زایینی واتا لە سەردەمی دەسەڵاتداریی پاشای ئاشووری، مەلیک سەنحاریب درووست کراوە. تەمەنی ئەم دێرە زیاتر لە 1600 ساڵە و لە کۆتاییەکانی سەدەی چواری پێش زایین، واتە لەنێوان ساڵانی 361- 363، نزیکەی 300 ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت، لەلایەن کەسایەتییەکی کورد، کە لە بنەماڵەیەکی دیاری ئامەد بوو، بە ناوی مار مەتێ، درووست کراوە. ئەم پەرەستگایەش هەر وەک پەرەستگەکانی دیکە، کە نزیک بوون لە سنووری هێرشی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێراق و شام (داعش) ، هەڕەشەی تەقاندنەوەی لەسەر بوو، بەڵام لە ساڵی 2014 لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە پارێزرا.

کەسایەتیی مار مەتێ

مار مەتێ یەکێک لە حوارییەکانی عیسا مەسیح بووە، کە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحی بەرەو ناوچەکانی کوردستان هاتووە و لە ناوچەی نەینەوا، لەگەڵ ڕەبەنەکان شوێنێکیان دامەزراندووە بۆ نوێژ و نزا و بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ ئەم ئایینە.

دێر ڕەبەن هورموزد لە ئەلقووش

ئەم دێرە دەکەوێتە 40 کیلۆمەتری باکووری ڕۆژاوای مووسڵ و دوو کیلۆمەتر و نیو لە شارۆچکەی ئەلقووشەوە دوورە. بە گوتەی سەرچاوەکان، ئەم دێرە لەنێوان ساڵەکانی 628- 648ی زایینی درووست کراوە. دێری ڕەبەن هورموزد، لەلایەن کەسایەتیی قدیس ڕەبان هورموزد، کە بە ڕەگەز فارس بووە، درووست کراوە. ڕەبان هورموزد لە سەرەتاوە لە دێر کاری کردووە و بە ماوەی دوو ساڵ لە دێری ئەلرەئس ژیاوە و دواتر بەرەو دێرێک لەنزیک ئەلقووش ڕۆیشتووە. ڕەبان هورموزد لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و هەر لە بینای دێرەکەدا نێژراوە.

مەریەمانە لە هەولێر

سەبارەت بەم دێرە زانیارییەکی زۆرمان دەست ناکەوێ، ئەویش بەهۆی ئەوەی، کە تا ئێستا توێژینەوەی ئاکادیمی و زانستیی وردی بۆ نەکراوە، بەڵام کۆمەڵێ زانیاریی گشتی لەسەر ئەم دێرە هەیە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین.

مەزارگەی پیرۆزی مەریەمانە، دەکەوێتە سێ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی عەنکاوە لە پارێزگای هەولێر. شێوازی بیناسازیی ئەم مەزارگەیە، پێکهاتووە لە دوو گومەزی بچووک و لە ڕێگای دوو دەرگای بچووک دەتوانی بچیت بۆ ناو مەزارگەکە.لە ساڵی 1965هەر لەسەر شێوازی خۆی، نوێ کراوەتەوە، لە ساڵی 1975دیسان نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام نەک بەو کەرەستەی بەکارهاتووی لەناو خودی بینا کۆنەکە، بەڵکوو ئەم جارە بە بەکارهێنانی کەرەستەی نوێ، بەڵام هەر لەسەر شێوازە کۆنەکەی بیناکە، کاریان تیاا کردووە، کە گومەز و دەرگا و دیوارەکان وەک خۆی ماونەتەوە.چیرۆکێک هەیە، کە بە گوتەی پێشینانی ئایینی مەسیحی، ئەم مەزارگەیە کەنیسەیەکی کۆن بووە لەنزیک گوندێکی کشتوکاڵیدا، هەروەها هۆکاری درووستکردنەکەشی بو دەرکەوتنی مەریەمی پیرۆز لەم شوێنە دەگەڕێننەوە.هەروەها وا دەڵێن، کە هۆکاری درووستکردنی ئەم مەزارگەیە ئەوەیە، کە مەریەمی پیرۆز لەم شوێنە دەرکەوتووە.

08

دێری سوڵتانە مەهادۆخت

ئەم شوێنەوارە، کە لەناو لیستی شوێنە شوێنەوار و کەلەپوورییەکانی ئێراق ناوی نووسراوە، بە گوتەی هەندێ سەرچاوە، مێژووی درووستکردنی بۆ ساڵی 319 زایینی دەگەڕێتەوە، واتا هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتداریی ساسانییەکان. ئەم دێرە دەکەوێتە گوندی ئەردەنای خواروو، کە هەموو دانیشتووانی مەسیحین. بینای دێرەکە لە دوو ژووری گەورە پێکدێت، بە شێوەیەک، کە لە ژووری یەکەم بە سێ هەنگاوی گەورە دەگەیتە ژووری دووەم، کە لە گۆشەی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەم ژوورە شوێنی پیرۆز و تایبەت بۆ قوربانیکردنی لێیە، کە هەر لەو شوێنەش گۆڕی خزمەتکاری دێرەکەی لێیە. هەموو ساڵێ لە 15ی مانگی ئایار، زۆربەی مەسیحییەکانی جیهان سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، بە مەبەستی پیرۆزکردن و جێبەجێکردنی جەژنی شینبوونەوە و سەوزایی، کە بۆنەیەکی تایبەت بە حەزرەتی مەریەمە. چیرۆکی هاتنی مەهادۆخت و خوشکەکەی بۆ ئەم دەڤەرە، بۆ دوو چیرۆک دەگەڕێتەوە، کە خەڵک باسی دەکەن، یەکەم ئەوەی ئەم دوو خوشکە بۆیە نێردراون بۆ ئەم شوێنە، چونکە حەزیان لە خوێندنی قوتابخانە نەبووە، بۆیە هاتوونەتەوە ئەوێ، بۆ ئەوەی فێری خوێندنی ئایینی و دینداری بن. چیرۆکێکی دیکەش هەیە کە دەڵێ: مەهادۆخت و خوشکەکەی لەژێر گوشاری ئایینی، کە لەلایەن ساسانییەکان و خەڵکی دیکە بۆیان درووست کرابوو، بەرەو ئەم ناوچەیە هاتوون و لەوێ سەرقاڵی خوێندنی ئایینی دەبن و هەموو ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی خەڵک و ئایینەکەیان تەرخان دەکەن، بەڵام لەدوای چەند ساڵ لەلایەن کەسانی نامەسیحی، کە دژایەتیی مەهادۆخت و مەسیحییەتیان دەکرد، هەر لەو گوندە و لە دێرەکەی خۆیان دەکوژرێن.

لەدوای کوژرانی مەهادۆخت بە چەند ساڵێک، ڕێبوارێک لەو شوێنە تێدەپەڕێت و ڕووناکییەک دەبینێت، کە لە گۆڕی مەهادۆخت و خوشکەکەی دێتە دەرێ، بۆیە شوێنەکە هەڵدەکۆڵێت و دوو کەللەسەر دەدۆزێتەوە و هەڵیاندەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیانبات. هەتا چەند ساڵێک، کە شەوێک خەون بە مەهادۆخت دەبینێت و داوای لێ دەکات، کەللەسەرەکان بۆ ئەو شوێنەی لێی هەڵگرتووە بگەڕێنێتەوە و بیاننێژێت، بۆیە ڕێبوارەکە هەمان کار دەکات و بۆ دواجار تەرمەکەی مەهادۆخت و خوشکەکەی لە دێری مەهادۆخت دەنێژرێت.

سەبارەت بە کەلوپەلی بەکارهاتوو بۆ ئەم بینایە، چیرۆکێک هەیە دەڵێ: بەردەکانی ئەم دێرە هەمووی لە چیای گارەوە هێنراون، بەبێ ئەوەی بە ئەرز بکەون، لێرەش مەبەست ئەوەیە، کە بەردەکان دەست بە دەست لە گارەوە بۆ ئەم دێرە گوازراونەتەوە. مەهادۆخت وشەیەکی کۆنی زمانی فارسییە، کە بۆ سەردەمی ئەخمینییەکان دەگەڕێتەوە و بە واتای کچی مانگ، یان کچێک، کە لە جوانیا وەک مانگ بێت، هاتووە. ئەم دێرە دێرینە هەتا ئێستاش هەر ئاوەدانە و بە ڕووی خەڵکدا کراوەیە.

09

رەبەن بۆیە

مەزارگە و ئەشکەوتی ڕەبەن بۆیە دەکەوێتە قەزای شەقڵاوە، سەر بە پارێزگای هەولێر. ئەم مەزارگەیە، کە لە قەد چیای سەفینە و لەسەر ڕێگای گشتیی شەقڵاوە- هیرانە و بە بەرزی 20 مەتر لە شاخی سەفین هەڵکەندراوە. ڕەبەن بۆیە لە دوو ژووری گەورە و چەند ژووری بچووک پێکهاتووە، شوێنێکی ئایینی لەنێوان هەر دوو ئایینی مەسیحی و ئیسلام، کە لای موسوڵمانەکان بە (وسوو ڕەحمان) ناو دەهێنرێت. ئەم مەزارگە مێژووییە بووەتە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە هەردوو پەیڕەوانی مەسیحی و ئیسلام، کە بۆ نزا و پاڕانەوە سەردانی دەکەن، بە تایبەت مەسیحییەکان، کە لەدوای جەژنی قیامەت، لە زۆربەی شوێنەکانی عێراق دێن و سەردانی دەکەن.

مەزاری مار بێنە قەردیشە

ئەم دێرە، کە (مار بەهنام) یشی پێدەگوترێ، دەکەویتە سێ کیلۆمەتری باکووری گوندی هەرمۆتە، 1260 پێ لە شاخی باواجی لەنزیک گوندی تۆبزاوا، لە شارۆچکەی کۆیە. لەسەر مێژووی ئەم دێرە دوو بۆچوون هەیە: یەکەمینیان ئەوەیە کە دەڵی: مێژووی ئەم دێرە پەیوەندیی بە مێژووی دروستکردنی دێری مار بەهنام لە مووسڵ هەیە، کە لەلایەن بەهنام و سارای خوشکی لە ساڵی 361- 363 دامەزرابوو، کە بە دەست ئیمپراتۆری ساسانی (شاپووری دووەم) کوژراون.

دووەم: لە ئەنجامی هێرشی مەغۆلەکان بۆ ناوچەی مووسڵ و کاولکردنی کەنیسەی مار بەهنام لە مووسڵ، ڕەبەنەکەی ئەوێ کۆچی کردووە بۆ هەرمۆتەی کۆیە و ئەم دێرەی بە یادی شەهید بەهنامەوە دروست کردووە.[١]

  1. سەرچاوە:باسنيوز