ئەبوبەکر ئەفەندى خۆشناو زاناى کورد لە باشوورى ئەفریكا
نووسینی: وەهاب حەسیب محەمەد
دەستپێک: بۆ یەکەمجار بەر ساڵانێک لە پەیجى رێزدار ئەدهەم شێخۆ چەنددێرێکم لە سەر بنەماڵەى ئەبوبەکرئەفەندى بەرچاو کەوت، زۆر جێگاى سەرنجم بوو، دواتر بەرێز مامۆستا سوداد ڕەسول لە ماڵپەرى خۆی وتارێکى لەمەڕ مەلاى خۆشناو بڵاو کردەوە، پاشان تەلەفزێونى ڕووداو بەرنامەیەکى دوور و درێژیان لەسەر ژیان و چالاکى ئەو لە کیشوەرى ڕەش ئامادەکرد، هاوکات ئەنجامى گەشتى ڕووداو بۆ باشورى ئەفریکا بەرهەمهێنانى فیلمێک بوو لەسەر ژیان، چالاکى و بنەماڵەى مەلا ئەبوبەکر، دواتریش کاکى نووسەر دیمانەیەکى لەسەر بنەماڵە، گەشت، ژیان و بەسەرهاتى مە لا ئەبوبەکر لە یەکێک لە ماڵپەرەکاندا بڵاو کردەوە، پاشان کتێبەکەم دەستکەوت بە وردى خوێندمەوە، بەرهەمى ئەم چەند دێرە زادەى ئەو کارانەیە. گرنگی كارەكەی بەرێز سوداد ڕەسول لەوەدا دەردەكەوێت كە یەكەم هەنگاوبووە لە بوارەكەدا و گەرەكێتی ڕۆڵی مامۆستایەكی ئاینی لە ناو جیهانی ئیسلامی ئیمبراتۆریای عوسمانی پیشانی نەتەوەیەكی و جیهان بدات.
پێشگووتن: لێرەدا نووسەر ئاماژە بۆ خاڵێک دەکات کە لە مێژووى دوورو نزێکى کوردستاندا گەلێک زاناى کورد لە مەدرەسەکانى کوردستان خوێندویانە، بۆ درێژەدان بەخوێندن بەوڵاتانى دەورووبەردا گەڕاون بە نموونە میسر، حیجاز، شام و ئەستەنبوڵ، بەڵام باشورى ئەفریکا بە باوەڕى کەسدا نەهاتووە زانایەکى کورد بە هۆى لێهاتووى و توانایەوە لە نێۆ هەزاران زانادا بابى عالى ڕەوانەى کیشوەڕى ڕەشى بکات. مامۆستا سوداد لە درێژەى نووسینەکەیدا ئاماژە دەکات ناوى ئەبوبەکر لە كتێبەکانى مامۆستایان (مەلا عبدالکریمى مودەڕیس و محمد ئەمین زەکى بەگ) دا ناویان نەهاتووە و باسنەکراوە! خۆشبەختانە نووسەر کاتێک لە وڵاتى بەریتانیا خوێندکار بووە لە ڕێگاى کنەو پشکنینى ئارشیف و دەسنووسى کتێبخانەکانى ئەو وڵاتە ئاشنا دەبێت بە مەلا ئەبووبەکر، دواتر ساڵى (٢٠١٨) لە کۆرێک لە سەر ناوچەى خۆشناوەتى ئەوى لە بەردەستیابووە لەسەرمەلا ئەبوکر دەیدا بە گوێچکەى ئامادەبوواندا، ساڵى (٢٠٢٠) کارەکەى لە گۆڤارى ژین وەک توێژینەوەیەک بڵاودەکاتەوە، ساڵى (٢٠٢٣) بە هاورێیەتى تیمى تەلەفزێونى ڕوودا و گەشتى باشوورى ئەفریکا دەکات و چاوى بەنەوەکانى مەڵا ئەبوبەکر دەکەوێت، لە کۆتاییدا بە هەگبەى پڕەوە دەگەرێتەوە کوردستان وساڵى (٢٠٢٤) کتێبەکەى بەو ناونیشانەى سەرەوە لە دوو توێىی (٥٠٠) دانە بڵاو دەکاتەوە.
مێژووى ئیسلام وموسڵمان لە باشوورى ئەفریکا
ناوچەى کەیپ تاون وباشورى ئەفریکا بەرلە هاتنى هێزە کۆڵونیاڵە ئەوروپاییەکان نیشتمانى چەند هۆزێکى ئەفریکایی بووە، بەشێوازێکى سەرەتایی و لەسەر هەڵگرتنەوەى خۆراک ژیاون، لە کۆتایی سەدەى (١٥) هەم بەدواوە ناوچەکە دەبێت بە جێگاى چاوتێبڕێنى هێزە کۆڵونیاڵەکان، چونکە عوسمانێکان پاش داگیرکردنى ئەستانەو فراوانبوونى قەڵەمڕەویان لە ناوچە جیا جیاکانى دنیادا دەستیان دەگات بە کیشوەرى ڕەش و رێگاى ئاوریشم دادەخەن. دواتر ئەوروپاییەکان بۆ گەیشتن بە هیندستان بەدواى رێگا چارەیەکدا وێل دەبن و سەرئەنجام بە ڕێگای ناوچەى (کەپوى هیواى خۆشى) دەدۆزنەوە، سەرەتا هۆڵەندێكان ناوچەکەی كەیب یان كەپوی هیوای خۆشە داگیردەكەن، بەمەبەستى کارکردن لە کێڵگەکانى کار لە وڵاتانى هیندى ڕۆژ هەڵات دەست دەکەن بە هێنانى کۆیلە و کەسانى ئازاد. هۆڵەندێکان لە نێوان ساڵانى (١٦٥٢ تا ١٧٩٥) هەزاران کۆیلە و (٢٠٠) دەستبەسەرکراوى ڕامیارى بۆ ناوچەى کەیپ دەگوێزنەوە، بەشێکى ئەم کۆیلانە لە رێگادا دەمرن، رێژەکە بە (%٢٨.٦) دیاریکراوە. نیوەى ئەو کۆیلانە لە وڵاتى هندستانەوە هێنرابوون موسڵمانبوون، ئەوانیتر لە وڵاتانی موسڵمانی باشووری ئاسیا وەك ئەندە نووسیاو مالیزیا هێنرابوون، ئەم موسڵمانانە لە پاشخانى گروپى ئەتنیکى، نەتەوەیی، زمان و کولتوورى جیاوازەوە هێنرابوون، خاوەنکارەکان بێگاریان بە کۆیلەکان دەکرد و لە کارى بیناسازى، کشتووکاڵى، باخەوانى و ...هتد. کەڵکیان لێوەردەگرتن.
کۆمپانیاى هیندی ڕۆژهەڵاتی هۆڵەندى چەندین گیراوی سیاسی بۆ ناوچەی كەیب تاون دەگوێزێتەوە، یەكێك لەو گیراوانە (یوسف مەکاسارى) ساڵی 1694بۆ ناوچەی كەیپ تاون دەگوێزرێتەوە، سەرەتا وەک ڕێپشاندەرى موسڵمان ڕەوانەى ناوچەکە دەکات، دواتر دوو کەسایەتى دیکە بە ناوەکانى (سەید عبدالرحمن) و (سەید عەلەوى) بۆ کەیپ تاون دووردەخرێنەوە، بە گوێرەى بۆچونەکانى توێژەر دووەمیان پاش (١٢) زیندانى ئازاد دەکرێت لەنێو موسڵمانى ناوچەکە دەست دەکات بە کارى بانگخوازى، بە یەکەم بانگخواز لە کەیپ تاون دادەنرێت.
سەرەتا موسڵمانان لە ژێر سایەیی حوكمی هۆڵەندێكاندا بۆ ماوەی (150) هەموو ڕێوو ڕەسمێكی ئاینیان ڵێ قەدەغەكرابوو، ساڵى (١٨٠٣) ژینئاوایی کردووە، سەرەتا هەموو رێوەڕەسمیکى ئاینى لە موسڵمان قەدەغەکرابوو، ساڵی 1794 بەرتانێاییەكان ناوچەكەدا داگیر دەكەن و قۆناغیضكی نوێ لە ژیانی موسڵماناندا دەست پێدەكات و كت وبەندی ئاینییان لە سەر هەڵدەگیرێت، لەو سەروبەندەدا موژدەبەخشەکان کارى زۆریان لەسەر موسڵملن و کۆمەڵگاکەیان دەکرد، ساڵى ١٨٠٤ لەڵایەن هۆڵەندێکانەوە ئازادى پەیڕەو کردنى ئاینەکان ڕادەگەیەنرێت و پارچە زەویەک دەدرێێت بە موسڵمان بۆ شاردنەوەى تەرمى مردوەکانیان بەشێوەیەک ئێستا لە کەیپ تاون و دەوروبەرى قەبر و مەزارگەى (٣٠) لەو کەسانە دەبینرێت.
دواى شۆرشى فەرەنسا گۆڕانکارى بەسەر بارودۆخى موسڵماناندا دێت، ساڵى (١٨٠٦) وڵاتى بەریتانیا کەیپ تاون داگیر دەکات و ناوچەکە دەبێت بە کۆڵۆنیاڵیکى بەریتانیایی، ئەم گؤڕانکاریە هۆکارى گۆڕانکارى دەبێت لە ژیانى کۆمەڵایەتى و کولتوورى موسڵمانەکان. ساڵى ١٨٣٤ پەرلەمانى بەریتانیا سیستمى کۆیلایەتى هەڵدەوەشێنێتەوە، ساڵى (١٨٤٠) (٦٤٣٥) موسڵمان لە کەیپ تاون هەبوون بەشێوەیەک سێیەکى دانیشتوانى شارەکەیان پێکدەهێنا.
موسڵمانەکان لەسەرەتاى هاتنیان بۆ باشوورى ئەفریکا دەستیان بە دروستکردنى مزگەوت و قوتابخانەى ئاینى کردووە، كۆیلەو كەسانی ئازاد لەو قوتابخانانەدا دەستییان بە خوێندن كرد، تێڕوانینى موسڵمانان کە هەندێکیان خاوەن کۆیلەبوون بۆ ئەو سەردەمە زۆر گرنگ بووە، چونکە سەرچاوەکەى لە ئەو قوتابخانەو مزگەوتەتانەوە سەریهەڵدابوو کە خۆیان بونیادیان نابوو، دواتر ڕەنگدانەوەى ئەو مەدرەسانە لەسەر ژیانى ڕامیارى و کۆمەڵایەتى وڵات لەسەردەمى ئەپارتایددا بەتەواو دەردەکەوێت، هاوکات لە کۆمەڵگا ئیسلامێکەدا ئەو جیاکاریە لەسەرەتاوە بوونى نەبووە.
لەبەشێکیترى ئەم بەشەدا توێژەر لە زمانى (ئەحمەد داڤید) ەوە دەنووسێت: لە سەدەى نۆودەهەم هۆکارى مانەوەى ئیسلام لە کەیب تاون دەگەڕیتەوە بۆ سیستمی پەروەردە فێرکردنی ئیسلامى. بەپێى سەرژمێرى ساڵى (٢٠١٩) ژمارەى دانیشتوانى باشورى ئەفریکا (٥٨) ملێون سەرە، لەم ژمارە (٨٩٢.٦٨٥) سەرى موسڵمانە، واتە (١.٩%)، ئەم باوەڕدارانە بڵاو بوونەتەوە بە شارەکانى جۆهانسبورگ، کیب تاون...هتد. کۆچکردنى بنەماڵەى مەلا ئەبوبەکر خۆشناو بۆ دەرەوەى کوردستان
لەم بەشەدا نووسەر ئاماژە دەکات کە سەرچاوەیەکى دروست لە بەردەستدا نییە تا هۆکارى هاتنى بنەماڵەى مەلا ئەبوبەکر بخاتە ڕوو، تەنها ئاماژە بۆ شەرێک دەکات لە ساڵى ١٨٣١ هۆکارى کۆچکردنیان بووە لەکوردستانى باشوورەوە بۆ (ئەرزەڕۆم)، هۆکارکەشى دەگەڕێنێتەوە بۆ هێرشێكی بەدەوی (سارانشینان) بۆ سەرگوندەکەیان. کاتێک بابى ژینئاوایی دەکات تەمەنى (٨ بۆ ٩) ساڵان بووە، هاوکات بۆ یەکەمجار لە مەدرەسەى شارەزوور خوێندویەتى کە باپیرە گەورەى بونیادى ناوە، لەم بەشەد نووسەر باسى نازناوى (قورەیشى) دەکات کە بنەماڵەى ئەبووبەکر کردویانە بە پاشناوى خۆیان، هۆکارەکەش دیارە کە هۆکارى ئاینى بووە.
هاتنى ئەبوبەکر ئەفەندى بۆ کەیب تاون
لەم بەشەدا نووسەر لە مەڕ ژیانى مەڵا ئەبووبەکر پشتى بە ڕاسترین سەرچاوە بەستووە ئەویش بەڵگەنامەكانی وەقفى بنەماڵەکەیەتى، هەندێک لەم بەڵگانامانە بۆ سەدەى دوازدەهەم دەگەڕیتەوە، بە کوردى و پوختى ڕیشەى بنەماڵەکەیان لە گوندى (سیساوە) و لە نێو عەشیرەتى خوشناو دەست پێدەکات، بە گوێرەى یادداشتنامەى برازاکەى کە هاوسەفەرى بووە بۆ باشوورى ئەفریکا مامۆستا ئەبووبەکر لە ساڵى (١٨١٤) لە سیساوە لە دایکبووە. ناوى سیانى ئەبووبەکر عومەر محەمەدە، باوكى بە مەولانا ناسراوە. كۆپی ئەو پاسپۆرتەی كە لە لایەن نووسینگەی دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی بۆ ئەبوبەكر خۆشناو دەرچووە لە كاتی سەفەرەكەیدا تەمەنی (48) ساڵ بووە" ئەمكارەش ساڵی لە دایكبوونی پشت ڕاست دەكاتەوە،سەرەتا لە سیساوە لاى باوکى خوێندویەتى، سیاساوە لە مێژە خاوەن مەدەرەسەى ئاینى بووە و ژینگەیەکى پڕلە زانست و مەعریفەبووە لە ڕۆژگارى خۆیدا.
لە نێوان ساڵانى ١٨١٩ تا ١٨٣٠ لە سیساوە خوێندویەتى، سەرچاوەکان باس لە خوێندنى ئەبوو بەکر ئەفەندى دەکەن بۆ شارەکانى (بەغداو ئەستەنبوڵ) ، بەڵام بەڵگەیەکى وا لە بەردەستادا نییە بۆچوونەکە پشتڕاستبکاتەوە، بە گوێرەى بەڵگەنامەى وەقف ژمارە (٥) ساڵى (١٨٥٢) مەلا ئەبوو بەکر لە مەدرەسەى سیساوە مامۆستا بووە، بە پێى بەڵگەنامەیەک کە لە کیپ تاون لە کن بنەماڵەکەى هەڵگیراوە ئەبوو بەکر ئەفەندى لە ١٣/مارت/ ١٨٦٢ لە شارى ئەرزە رۆم مودەریس بووە، مووچەکى (١٥٠) لیرەى عوسمانى بووە. لە هەمانساڵدا ڕوو لە ئەستانە دەکات بە هیواى هاوکارى کردنى خەڵک وبنەماڵەکەیان لە لایەن دەوڵەتەوە.
نووسەر لێرەدا بابەتەکە لە زارى (عومەرجلال الدین) ی كوڕی ئەبوو بەكر ئەفەندی بەمشێوەیە باسدەکات: کاتێک باوکم گەیشتە ئەستەنبوڵ، سەرەک وەزیران خەلیل پاشاو تاقمى هاوکارى لەسەرپلیکانەکانى سەرەوەى کۆشکەکە وەستابوون، یەک بەویترى دەگووت سەیرەکە ئەبووبەکر دێت، داواى کۆمەک بۆ خەڵک دەکات ئێمە ناتوانین هیچى بۆ بکەین، بەڵام نامەیەکمان لە مەلێک فیکتۆریاوە پێگەیشتووە، موسڵمانان لە کەیب تاون کێشەی ئاینیان یەکجار زۆرە، داواى لە سوڵتان کردوە زانایەکى شارەزا بنێرێت بۆ باشورى ئە فریکا، بەمشێوەیە باوکمیان نارد بۆ بەریتانیا، لە لەندەن چووبۆ بینینى شاژن، (لۆرد چەمبەرلینى) پێیگوت شاژن لە سکۆتلاندە بۆ هەواگۆڕکێ. دواتر مەلا ئەبووبەکر لە تەک برازاکەی ( عومەر لوتفى) سازو ئامادە دەبن بۆ گەشتەکەیان، تەواو وردەکارى ئەم گەشتە لە لایەن برازاکەیەوە یادداشت کراوە. لە کاتى خۆیدا لە ئەستانە چاپکراوە ، سالی 1991 جارێكیتر وەرگێر}در}اوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و دووبارە چاپکراوەتەوە، سەرچاوەیەکى بە نرخە بۆ کنەو پشکنینى گەشتەکەیان.
لە ١/ ئۆکتۆبەر/١٨٦٢ هەردوکیان لەگەڵ (محمەمەد جەمیل پاشا) سەفیرى عوسمانى لە پاریس، ئەستانە بەرەو پاریس جێدەهێڵن. دواى (٧) رؤژ دەگەنە بەندەرى (مارسیلیا)، پاشئەوەى بە دیدارى حاکمى شارەکە شاد دەبن، گەڕانێک بە شارەکەدا دەکەن، بەرزى باڵەخانەکان، پان و فراوانى شەقامەکان، سەرسامیان دەکات، هاوکات زیاتر سەراسوێ دەبن کاتێک بە تونێلێکدا تێدەپەڕن ماوەکەى (١٧) خولەک بووە، پاشان سەفەرى لەندەن دەکەن و لەوشارە چاویان بە بالێوزى تورکیا دەکەوێت و دەربارەى گەشتەگەیان گفتووگۆدەکەن.
لە ٣/ کانوونى یەکەم/ ١٨٦٣ بە کەشتیەک کە (٥٧) سەرنشینى هەڵگرتبوو گەشت دەکەن بۆ (کەپوى هیواى خۆشى) بۆ ماوەى (٤٤) رۆژ بە رێگاوە دەبن و لە ١٣/کانوننى دووەم/١٨٦٣ دەگەن بە کەیپ تاون. بە قسەى برازاکەى کاتێک لە کەشتیەکە دادەبەزن مۆسڵمانان بەریز وەستابوون بۆ پێشوازیان، بە هاتنمان دڵخۆشبوون، چونکە ئەوکات کێشەى پێشەوایەتى (مزگەوتى دارخورما) لە ساڵى ١٨٦٠ەوە لە نێو موسڵمانان سەریهەڵدابوو.
پاشمانەوەى لەو شارەدا دوو جار هاوژینى پێکدەهێنێت، بە گوێرەى سەرچاوەکان لە ئەرزەرۆمیش جارێک ژیانى خێزانى دروستکردووە، بەڵام هەوالێک لە بارەى خێزان و منداڵى لە گۆڕیدا نییە! سەرچاوەکان ئاماژە بۆ جیابوونەوەى ئەو دوو هاوژینە دەکەن، هاوکات کاتێک سەفەرى کیپ تاونى کردووە منداڵى لە تەکدا نەبووە، لە ژنى یەکەمى لە کیپ تاون دوو منداڵى بووە و یەکێکیان بە منداڵى ژینئاوایی کردووە، لە هاوسەرى دووەمیش پێنج منداڵى بووە، لە رێکەوتى ٢٩/حوزەیران/١٨٨٠ لە تەمەنى (٦٧) ساڵیدا ژینئاوایی دەکات و هەر لەوێش ئەسپەردەى خاک دەکرێت. شایانى باسە بەر لە مردنى وەسێتنتامەیەکى بۆ منداڵەکانى نووسیوە.
چالاکییەکانى ئەبووبەکر ئەفەندى لە نێو موسڵمانەکانى باشوورى ئەفریقا
موسڵمانى کەیپ تاون زۆربەیان بە کۆیلەیی و ژێر دەستەیی هێنرابوون، بە هۆى دوورکەوتنەوەیان لە جیهانى ئیسلام و نەبوونى زانایەکى ئاینى رێبەرایەتیان بکات کەلێنى زۆر گەورە لە ژیانى ئاینى و کۆمەڵایەتیاندا دروست بوو بوو. تەنانەت مەلا ئەبوو بەکر ئاماژە بەم ڕاستییە دەکات و دەنووسێت هەندێک لەم خەڵکە موسڵمانە زۆر بێئاگابوون و تەوا و لە بنەماکانى ئاین دوور کەوتبوونەوە، ئاین لە ژیانیاندا هیچ بایەخى نەمابوو تەنها بە ناو موسڵمان بوون.
دواى گەیشتنى بە کیپ تاون لە خانوویەک کە حکوومەتى کۆلۆنیالى بۆی دابینکردبوو نیشتە جێدەکرێت، چەند ڕۆژ دواتر دەست دەکات بە چالاکى ئاینى وەک پەروەردە، چاکسازى کۆمەڵایەتى و کولتوورى و ...هتد. یەکێک لە ئامانجەکانى ئەبوو بەکر لەو وڵاتەداو لە رێگاى مەدرەسەکانەوە کۆمەڵگاى موسڵمانان هۆشیار بکاتەوە، برازەکەى کە هاوسەفەرى باسدەکات دواى گەیشتنیان بە کەیپ تاون بە (١٥) رۆژ مەلا ئەبوو بەکر مەدرەسەیەک دەکاتەوە بە ناوى (مەدرەسەى لاهوتى) لە ماوەى تەنها بیست ڕۆژدا (٣٠٠) کەس ناویان تۆمار دەکەن. سەرەتا ئەلف بێ و دواتر بابەتەکانى عەقیدە و تەفسیرى قورئان دەخوێنرێت، تەنانەت هەندێک لە قوتابێکان قورئانیان پێ لە بەر دەکرا. عومەر لوتفى لە درێژەى باسەکەیدا دەنووسێت لەماوەى چوار ساڵدا موسڵمانان زۆر بەچاکى شارەزاى ئاینى ئیسلام بوون.
ئەبوو بەکر بۆ کۆکردنەوەى ژنان مەدرەسەیەک دەکاتەوە کە بۆخۆى شۆڕشێک بوو، چونکە پێشتر کەس بە لاى وەها کارێدا نەچوو بوو، هاوکات خێزانەکەشى لەم مەدرەسەیەدا ڕۆڵى سەرەکى دەگێرێت، فەلسەفەى پەروەردە لە کن مەلا ئەبوو بەکر هێندە پێشکەوتوو بووە جیاکارى نەکردووە لە نێوان ١ژن و پیاودا، گەرەکى بووە هەرتک وەک یەک خوێندەواربن، تا ئەو جیگایەکى ژن دەبێت بە بەڕیوەبەرى مەدرەسە ڕێگرى لە ئافرەت نەکراوە، لە نێوان ساڵانى (١٨٦٣ تاوەکو ١٨٨٠) جاروبار نامە و ڕاپۆرتى بۆ گۆڤارى ( مجموعه فنون) ناردووە و باسى ڕەوشى کۆمەڵایەتى کولتوورى موسڵمانى کردووە، لەو نووسینانەدا ئاماژە دەکات موسڵمانان بە ڕادەیەک لە ئاین دوورکەوتبوونەوە خواردنى گۆشتى قەل، مەڕو سەرى گایان لێ حەرام کرابوو!؟
لەو کات و ساتەدا سپى پێستەکان سیستمى خوێندنیان تازە کردبۆە و مژدە بەخشەکانیش کارابوون لە وڵاتدا، بەڵام موسڵمانان گەرەکیان نەبوو بچنە ناو ئەو سیستەمەوە، بە گوێرەى بەڵگە نامەیەک لە کەیپ تاون هەڵگیراوە ساڵى ١٨٧٠ مەلا ئەبوو بەکر مەدرەسەیەکى لە شەقامى (باوتنخراخت) کردۆتەوە وانەى غەیرى ئاینى تیادا گوتراوەتەوە وەک جوگرافیا و ماتماتیک، سەربارى زمانەکانى عەرەبى، هۆڵەندى و ئینگلیزى. هەروەها مامۆستا ئەبووبەکر ئەفەندى هەوڵیداوە موسڵمان لەگەل پەیرەوکەرانى ئاین و ڕێبازەکانیتردا فێرى پێکەوە ژیانیان بکات.
لایەنێکیترى ئەبوو بەکر ئەفەندى کتێبى چاپکراوبووە، ئەو ماوەیەیی لە ئەفریکا بووە، چەندین کتێبى بە زمانى ئەفریکانى وئەلفوبێى عەرەبى نوسیووە، ئەو لە فێربوونى زماندا زۆر زیرەک بووە، پاشماوەیەکى کەم فێرى زمانى ( ئەفریکانى) بووە، چەندکتێبى بەو زمانە نوسیووە دیارترینیان ( بیان الدین) ە کە ڕۆلێکى گەورەى لە هۆشیارکردنەوەى موسڵمانى ئەو وڵاتەدا هەبووە، ئەو ئاماژە بە (٨) کتێب دەدات کە یادداشتیکردوون، دوانیان بە ناوەى ( بیان الدین و مرصاد الدین) لە ساڵى ١٨٦٩ لە ئەستنەنبول لە بەرگێکدا چاپ دەکرێن. بیان الدین گرنگیەکى زۆرى هەیە سەربارى لایەنە ئاینى لە ڕووى زمانەوانییەوە بە دەقێکى پەخشانى کۆن دادەنرێت کە بەم زمانە نووسراوە.
کارێکى دیکەى مەلا ئەبوو بەکر هەموار کردنى ئەلفوبێى عەرەبییە بۆ زمانى هۆڵەندى کەیپ ( ئەفریکایی)، چونکە بەدەر لەمکارە مەحاڵ بوو زمانەکە ڕۆڵ لە بوارى وانە گوتنەوە و نووسینى کتێبدا بگێرێت. هەروەها لەو ماوەیەدا کێشەى هەردوو مزگەوتى دارخورما و مزگەوتى (نور الإسلام) ى لە نێوان مەلاى مزگەوت و نوێژ خوێناندا یەکلایکردۆتەوە.
دەوڵەتى عوسمانى هاوکارى وپشتیوانى موسڵمانان دەکات ئەوانیش هاوکارو دەستبارى دارایی، مەعنەوى و سیاسى دەوڵەت دەبن. بەڵام دواى هەڵوەشاندنەوەى خەلافەو دروستبوونى کۆمار هیچ پەیوەندیەک لە نێوان دەوڵەت و موسڵمانى ئەو وڵاتەدا نامێنیت، چونکە دەوڵەتە تازەکە هیچ بایەخ[ێکى بە بەرژەوەندى موسڵمانان نەدەدا.
شێواندنى ناسنامەى ئەبووبەکر ئەفەندى
نووسەر لە کۆتا بەشى کتێبەکەیدا دەنووسێت: ئەو نووسین و توێژینەوانەى لە بارەى ئەبوو بەکر ئەفەندییەوە بڵاوکراونەتەوە، بەمەست و بێئاگا جۆرێک لە شێواندن و چەواشە کردنیان تیادا دەبینرێت! هەوڵدراو ڕەگ و ڕەگەماى بنەماڵەکەیان بکرێت بە عەرەب یان تورکى عوسمانى، یەکەم کەسیش کە ماستەر نامەى لەسەر ژیان و چالاکى ئەبوو بەکر ئەفەندى نووسیووە لە زانکۆى ( کەیپ تاون) (حەلیم گەنجۆغڵۆیە)، دواى شەن و کەوێکى بەڵگەنامەکانى عوسمانى کە هیچى لێ هەڵناکڕێنرێت ئەمجا حەلیم هەوڵدەدات لە ڕیگاى دایکى ئەبوبەکرەوە مەرامەکەى بەدیبهێنێت، دەنووسێت دایکى ئەبووبەکر ژنێکى خانەدانى عوسمانى بووە!
دواتر (مارتن فان برۆنێسن) لە لێکۆڵینەوەیەکەدا دەنووسێت، ڕەنگە ئەبوو بەکر ئەفەندى عەرەب بێت و لە نەتەوە (هۆز) ى قورەش و پەیامبەر بێت، تەنانەت لەم دوایانەدا کتبێک لە لایەن نووسەر و ڕۆژنامە نووس (شەفیق مۆرتۆن) کە خەڵکى باشوورى ئەفریکا سەر ئەبوو بەکر ئەفەندى بڵاوبووە وە ئەویش کەوتۆتە ژێر کاریگەرێکانى (حەلیم گەنج ئۆغڵۆ)وە.
بەداخەوە لە ئێستدا بەشێک لە بنەماڵەى خۆیان بە تورک دەزانن، لەم نێوەندەدا هەوڵى دەوڵەتى تورکیا بە ڕوونى دیارە، چونکە بەشێوەیەک پێناس و مافى هاووڵاتیبوونى بۆ دابینکردون، تەنانەت لە سالى (٢٠١٣) بە دەستپێشخەرى حەلیم گەنجۆغۆ ڕێکخراوى (TiKA) گۆڕەکەیان نۆژەن کردۆتەوە کێلى گۆڕەکەیا بە مانگ و ئەستێرەى ئاڵاى تورکیا نةخشاندووه.
له كۆتاييدا دةتوانين بڵێن ئەوەى بایەخى ئەم زانا کوردە زیاد دەکات نووسینى چەند کتێبێکە بە زمانى هۆڵەندى (ئەفریکایی) بە ئەلفوبێى عارەبی. هاوکات یەکەم زاناى ئاینى بووە مەدرەسەى بۆ ژنان کردۆتەوەـ، لە کۆتای کتێبەکەدا د. سوداد چەند ڕاسپاردەیەک دەخاتە ڕوو لەوانە شەقامێک بە ناوى مەلا ئەبووبەکرەوە بکرێت، لە پرۆگرامى خوێندن وەک زانایەکى کورد بە کورد ئاشنا بکرێتەوە و ...هتد.