ئەبوحەنیفەی دینەوەری- نووسەری یەکەم پەرتووکی مێژووی کورد

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
پەرتووکی-ڕووەک.jpg

ئەبوحەنیفە دینەوەری، ڕووەکناس و زانایەکی دیاری دینەوەر بووە، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی ڕۆڵی لە تۆمارکردنی زانیارییەکان و زانست هەبووە، بە رەچەڵەک کوردە و یەکەم کەسیش بووە مێژووی کوردی لە دووتوێی پەرتووکدا تۆمار کردووە.

ئەبوحەنیفە ئەحمەد، کوڕی داود، کوڕی وەنەندی دینەوەرە، سەرەتای سەدەی سێیەمی کۆچی لەدایکبووە، کە بەرەچەڵەک، دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی دینەوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە وتەی عیمادەددین دەوڵەتشاهی، شاری دینەوەر لە ناوچەی کرماشان، لە بنەڕەتدا لانکە و بنکەی دەرکەوتنی ئاین بووە، بەدیاریکراوییش ئاینی زەردەشتی، هەر لەسەر ئەم بنەمایە، ناوەکەی لە دین ئاوەرەوە چەسپاوە، کە لە سەردەمی کۆندا، ناوەندی دەسەڵات و پایتەختی دەوڵەتی حەسنەوی کوردیی و ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و لێکۆڵینەوەی زانستی بووە بۆ میدەکان، لەسەر ڕێی ئاوریشم بووە.

ئەبوحەنیفە دینەوەری، لە ئاستی ناوچەی دینەوەردا، کەسایەتییەکی زانا و خاوەن توانایەکی هەمەچەشن بووە، ڕووەکناس، مێژوونووس بووە، توانایەکی زۆری لە بیرکاری و ئەستێرەناسیدا هەبووە، بەمەبەستی فێربوونی زانست، ڕووی لە شارەکانی ئەسفەهان، کووفە و بەسرە کردووە، لە بوارەکانی ئەدەب، ڕەوانبێژی، ڕێنووس، فەلسەفە و مێژوو خوێندوویەتی.

لەتێکڕای ژیانە زانستی و مێژووییەکەی خۆیدا، ئەبوحەنیفەی دینەوەری، زیاتر لە ٢٠ پەرتووکی گرنگی لە بوارە جیاوازەکاندا نووسیوە، لە دیارترینیان:

پەرتووکی ڕەچەڵەکی کوردان

پەرتووکی ڕووەک

پەرتووکی ئەلجێبرا

پەرتووکی دیاردەی مانگگیران

پەرتووکی پووچەڵکردنەوەی تێبینییە فەلەکییەکانی ئەسفەهانیی

پەرتووکی ژمێریاری

پەرتووکی شیکاری ژمێریاری هیندی

کتێىی شیعر و شاعیران

پەرتووکی مێژوو

پەرتووکی دەوڵەتان

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا، ئەبوحەنیفەی دینەوەری، شارەزاییەکی گەورە لە ڕووەکناسییدا پەیدادەکات، هەر لە چوارچێوەی ئەو بوارەدا، ناوبانگ پەیدادەکات و سەرچاوەیەکی گەورە بەناوی “پەرتووکی ڕووەک” دەنووسێت، کە بە کارێکی گرنگی لێکۆڵینەوەیی دادەنرێت، بەو پێیەی ناوی چەندین ڕووەکی جیاوازی تیادا تۆمارکراوە، ئەو پەرتووکە، وەرچەرخانێکی گەورە دەبێت بۆ سەردەمی خۆی، ئەو زانستە پێشکەشی خەڵک دەکات کە لەوەوبەر پێی ئاشنا نەبوون، زۆرێک لە زانایانی سەردەم و پاش خۆی، سوودێکی گەورەیان لێ دیوە.

Images-3دس.jpg

لە ئاستی نووسینەوەی مێژووی کورددا، دەستپێشخەرییەکی گەورەی کردووە، دینەوەری لە پەرتووکی “ڕەچەڵەکی کوردەکان”، بنەڕەت و مێژووی کورد تۆمار دەکات، بەو چەشنە، دەبێت بە یەکەم کەس لە ئاستی مێژووییدا، ڕووداوە کوردییەکان تۆماربکات و پێش دیارترین مێژوونووسەکانی کورد کەوتووە، لە دیارترینیان، شەرەفخانی بەدلیسی، بەڵام ئەوەی جێی گومان و سەرسوڕمانە، ئەو پەرتووکە، هیچ سەرچاوەیەکی نەماوە و ئێستا بە یەکێک لە کتێبە دیارنەماوەکان هەژماردەکرێت.

لە ئاستی ئەستێرەناسییدا، دینەوەر ناوێکی دیار بووە، خاوەنی خانە و ژووری تایبەت بووە بە ناسینی ئەستێرە و لێکۆڵینەوە لەسەر دیاردە گەردوونییەکان، باس لەوە دەکرێت، کە ئامێر و دەزگاکانی دینەوەریی هێندە باش و وردەکار بوون، پاش خۆی، لەسەر دەستی فێرخوازە پێشکەوتووەکانی بەکارهێنراونەتەوە.

شایەنی باسە سەدان ساڵ پاش خۆی، بەرهەمەکانی وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ بەکارهێنراون لە زانستی ئەستێرەناسییدا، لە هەمانکاتدا، پەرتووکەکانی دینەوەری لە بواری کەشناسییشدا کاریگەر بوون و لە باشترین سەرچاوەکانی سەردمی خۆی بوون لە ناسینەوەی دیاردە ژینگەییەکان.[١]

Untitled-1-1-750x430.jpg
  1. سەرچاوە: ڕۆژنیوز