ئەتۆم و سۆفی و شەراب و ڕامبۆ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

2024 234718.jpg

دەڵێن گوایە هەندێک دیاردەی سەرسوڕمێنەر هەنە لە ئەتۆمدا، تەنها لەوکاتانەدا بوونیان هەیە کە تۆ بە دووایدا دەگەڕێیت، واتە کاتێک لە تاقیگەدا پشکنینی بۆ دەکەیت، لە دەرەوەی ئەو کاتانە بوونیان نیە. هەر کە ئەو زانیاریەم خوێندەوە بیرم چوو بۆ ئەو دوو سۆفیەی کە لە ژورێکی خانەگادا بەرامبەر بە یەکتر دادەنیشن، چاو دادەخەن بەبێ وورتە، هەتاوەکو بزانن چی لە نێوانیاندا درووست دەبێت. هەر بە بێ دەنگیش لەگەڵ یەکتریدا دەدوێن و زۆر ناکۆکی نێوانیان چارەسەر دەکەن.

لە نێوان دووتەنی زیندوودا ئەم دیاردەیە هەستی پێ دەکرێت و بوونی هەیە، تەنانەت لە نێوان من و گوڵێکدا، ئەگەر کەسانێک هەستی پێ ناکەن ئەوە ئەو کەسانەن کە بێ ئاگان بەو بیرۆکانەی بە مێشکیاندا گوزەر دەکەن وەک ئەستێرەی کشاو لە هەموو ئان و ساتێکدا، بە مەش دەڵێن: ئاگایی. چونکا تۆ پێش ئەوەی دەمبۆلەت بێت لەگەڵ خۆشەویستێکدا، لەوە و بەر، لە بیری خۆتا خۆت بۆ ئامادە کردبوو. ئەگەر درووستبوونی گەردوون و بونەوەر هۆکاری جیابونەوە بووبێت هەر لە سەرەتاوە، ئەوا بەیەکگەیشتن شایەنی ئەوەیە خۆت بنوێنیت بەرامبەر بەوی تر، ئەمە جگە لەوەی کە کارێکتێری هەموو زیندوویەکە، بە هاتنی کەسێکی خۆشەویست، شایی و زەماوەند بۆتە ڕیتوێلێك بۆ هەمووان.

دایکم دەیگووت: "لە کاتی سوڕی مانگانەدا، ئەگەر ئافرەتێک بە تەنیشت گۆزەیەک سرکەدا تێپەڕێت، لە بەر ئەوەی کە ئەو ئافرەتە دوو جار زیندووە، سرکەکە وەردەچەرخێنێت بۆ شەراب". باشتر. سپێرماتۆزۆیدی هەندێک سەگ کاتێک دەگەنە ناو منداڵدان، دەزانن کە هێلکۆکەی دەڵەسەگ هێشتا نەگەیشتووە بۆ پێشوازی لێکردنیان، بۆیە بە پێچەوانەی سپێرماتۆزۆیدی مرۆڤەوە هەفتەیەک دەژیێن. سپێرماتۆزۆیدەکان خۆیان دەنوسێنن بە دیواری منداڵدانەوە، لە چاوەڕوانی خانمی هێلکۆکەدا چەند رۆژێک چاوەڕوان دەبن، هەر کە هێلکۆکە دەگات، خەبەریان دەبێتەوە. خۆ سپێرماتۆزۆید مێشکۆلەی نیە، تەنها بە دەرکەوتنی هێلکۆکە دەکەوێتەوە کار، ئەمەیە نهێنی بوون.

بۆچی هەموو گەردوون لە بزاوتندان و چی پاڵنەرە ؟ ئەوەی تا ئێستا زانراوە ئەوەیە کە تەلێک بزوێنەری ئەم گەردونەیە لە ناو ئەتۆمدا، ئەم تەلەش بارستایی نیە یان بارستاییەکەی نزیکە لە سفرەوە، ئەوەی بارستاییش دەدات بە ماتریاڵ "بۆزۆنی هیگس"ە و ماتریاڵیش لە بۆشایی پێکهاتووە، بوداش بە بیرکردنەوە پەی بەم دیاردەیە بردووە. بەڵام هەموومان لە بۆشایی دەترسین، ئەوکاتەش مرۆڤ کەمێک ئاسودە دەبێت کاتێک بۆشایی قبوڵ دەکات.

ئەگەر لەم گەردوونەدا هەموو شتێک لە ناو بچێت، ئەو مەسجەی دەبێت بدرێت بەو مرۆڤەی کە ماوە لەسەر ئەم زەویە، ئەوەیە کە ئەم گەردوونە لە ئەتۆم پێک هاتووە و ئەتۆمیش بچووکترین گەردیلەیە و هەموو شتێک لەوەوە دروست بووە. ئەمە قسەی زانایەکی فیزیایە.

"بۆیە سروشت مرۆڤی ئافراندووە، بۆئەوەی چاوێک بی بینێت لە دەرەوەی خۆی"، ئەمە بودا نەی گووتووە زانایەکی ئەمریکی لە بواری گەردوونناسیدا گووتویەتی. بەڵام مرۆڤ هەرگیز ناگاتە هەڵماڵینی نهێنی بوون، لەبەر ئەوەی کە بۆ تێگەیشتنی دەبێت بچێتە دەرەوەی گەردوون، ئەمەش مەحاڵە، بۆیە مرۆڤ لە داهاتوودا خۆی لە بەردەم دیواری "پلەنک" دا دەبینێتەوە، واتە بەربەستێک کە ناتوانیت تێی پەڕێنیت. دە بڕۆ سەرت بیدات لە بەرد وەک لە کوردەواریدا گووتراوە.

"من لەو کەسانە نیم کاتێک دەبینم کەسێک سەری دەکێشێت بە دیوارێکدا ئیدی من سەرم نەکێشم بە دیواراد، من دەبێت خۆم سەرم بیدات بە دیواردا، هەتاوەکو خۆم تێ بگەم". فروغی فروغ زادە وەهای گووت.

بۆیە ناچارین خۆمان خەریک بکەین بە شتێکەوە، بە باسێکەوە، من هەرگیز باسی ململانێ و خەباتم نەکردووە، زیاتر لەگەڵ ئەو دێرە شیعرەی ڕامبۆدام کە دەڵیت:

"ئەکسیۆن ژیان نیە جۆرێکە لە بە فیڕۆدانی ووزەیەک، توڕە بوونێک"

دانی پێدا دەنێم کە هەڵەبووم، خەباتم نەکردووە.