ئەشکەوتی کەرەفتوو

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

کەرەفتوو، تەلارێکی کلۆریی بەردینەی سەرنجڕاکێش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەشکەوتێک کە سروشت بناغەکەی داناوە و مرۆڤ تەواوی کردووە.

Kereftu-6 w500 h500.jpg

ئەشکەوتی کەرەفتوو کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری سەقز، لە دوو بەشی سروشتی و دەستکرد پێک هاتووە. مەودای ئەشکەوتەکە تا شاری سەقز نزیک بە ٧٠ کیلۆمەترە.

ئەم ئەشکەوتە چوار نهۆمییە بە درێژایی نزیک بە ٧٥٠ مەتر کە چەند لقێکی لاوەکیی لێدەکەوێتەوە، یەکێک لە ئەشکەوتە سروشتییە مەزنەکانی کوردستان و جیهانە.

مێژووی دروستبوونی بەشی سروشتیی ئەشکەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٦٥ تا ٢٥٠ ملیۆن ساڵ پێش کە دەکەوێتە دەورەی سێهەمی زەویناسی و دواتر بەهۆی دروستبوونی وشکییەکانی گۆی زەوی ئەشکەوتەکە لەژێر ئاو هاتووەتە دەرەوە. کۆمەڵێک ئاسەواری زینەوەرانی نێو ئاو لەسەر دیوارەکانی ئەشکەوتەکە بەجێ ماون و ئەمە دەرخەری ئەم ڕاستییەیە.

Kereftu-5 w500 h500.jpg

بەشی سروشتیی ئەشکەوتەکە کۆمەڵێک زارک و داڵان و قووڵکە لەخۆ دەگریت کە هونەری تەلارسازیی سروشتمان پیشان دەدات. دواتر ئەشکەوتەکە لەلایەن مرۆڤەوە بە مەبەستی نیشتەجیبوون لە سەردەمە جیاجیاکاندا بەپێی پێویست دەستکاری و لە چوار نهۆمدا تەواو کراوە.

هەندێک لە لێکۆڵەران مێژووی بەکارهێنانی ئەشکەوتەکە لەلایەن مرۆڤەوە دەگەڕێننەوە بۆ زیاتر لە ٧ هەزار ساڵ پێش، بەڵام ئەوەی کە بەپێی بەردەنووسەکان دەرکەوتووە، لە سەردەمی حوکمڕانیی سەلووکییەکان کە میراتگری ئەسکەندەری مەقدوونی بوون، ئەشکەوتەکە لەلایەن مرۆڤەوە وەک پەرستگە و حەشارگە و دواتریش لە سەردەمی ئێمپراتۆرییەتی پارتەکان کە ناسراو بە ئەشکانی بوون و پاش ئەوانیش لەلایەن ساسانییەکانەوە بە مەبستی پەرستگە بەکار هاتووە.

لە پاش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە دیسان بە مەبەستی حەشارگە و شوێنی نیشتەجێبوون کەڵکی لێ وەرگیراوە.

یەکێک لە گرینگترین بەردەنووسەکانی نێو ئەشکەوتەکە لە نهۆمی سێهەمدایە و بەسەر دەرگای یەک لە ژوورەکانەوە بە زمانی یۆنانی نووسراوە: "ئێرە ماڵی هێراکلۆسە، هەرکەس پێ لەم ماڵە بنێت پەنا دەدرێت."

69564982.jpg

"هێراکلێس" خودایەکی یۆنانی و یەکێک لە پاڵەوانە مەزنەکانی "میتۆلۆژیا" و چیرۆکە یۆنانییەکانە، هەر بۆیە شارەزایان ئەشکەوتەکە بە پەرستگەی یۆنانییەکان دەزانن کە دواتر لەلایەن پارتەکانەوە دەر کران.

بەرزیی دەرگای چوونەژوورەوەی ئەشکەوتەکە لە ئاستی ئەو تەپۆڵکەی کە لەسەری دروست بووە، نزیک بە ٢٥ مەترە کە پێشتر خەڵک بە کەڵکوەرگرتن لە گوریس دەچوونە ژورەوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابڕدوو پلیکانی بۆ دروست کراوە تاکوو گەشتیاران بتوانن بە ئاسانی سەردانی نێو ئەشکەوتەکە بکەن.

هەر لەگەڵ چوونەژوورەوە لە دەرگای ئەشکەوتەکە مرۆڤ لەگەڵ مێژوویەکی کۆن و کۆمەڵێک پرسیار و نهێنی و نەخش و نیگاری سەرنجڕاکێش و سەرسوورهێنەر ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

چ کەسانێک لێرەدا ژیاون؟

بە چ ئامرازێک ئەو تاشەبەردە مەزنانەیان هەڵکەندووە و ڕێڕەو و ژوور و هۆڵیان لێ ساز کردووە؟ و دەیان پرسیاری دیکە کە ڕەنگە هەتاهەتایە لە دڵی مێژوودا بە نهێنی بمێنێتەوە.

مرۆڤ ئەشکەوتەکەی کردووەتە چوار نهۆمی جیاجیا و لە هەر یەک لە نهۆمەکاندا کۆمەڵێل ڕێڕەو، سەکۆ، دەرگا، دەلاقە و ژووری تایبەتی تێدا ساز کردووە. نهۆمی یەکەمی ئەشکەوتەکە بریتییە لە دوو ژوور و داڵانێکی درێژ و چەند دەلاقەیەک بە مەبستی وەرگرتنی ڕووناکایی ڕۆژ و گۆڕینی کەش و هەوای نهۆمەکە.

بۆ چوونە نێو نهۆمەکانی سەرەوە چەند قادرمە لە تاشینی بەردەکان دروست کراون تاکوو بە ئاسانی لەنێوان نهۆمەکاندا هاتوچۆ بکرێت.

نهۆمی دووهەم لە هۆڵێکی گەورە کە بەشی سروشتیی ئەشکەوتەکەیە و هەروەها لە ٣ ژووری ناوبەناو دروست کراوە کە ژووری سێهەم سەکۆیەکی بەرزی تێدایە کە وێدەچێت شوێنی دۆعاکردن بووبێت.

پاش تیپەڕکردنی نهۆمەکانی ١ و ٢ دەچینە نێو گرینگترین و جوانترین نهۆمی ئەشکەوتەکە کە نهۆمی سێهەمە. شارەزایان ئەم نهۆمە بە گرینگترین بەشی ئەشکەوتەکە دەزانن کە تەلارسازییەکی تایبەتی لەسەر ئەنجام دراوە. لەم نهۆمەدا ژوورەکان بە جوانی و سەرنجێکی تایبەت دروست کراون.

بەهۆی ڕووخانی بەشێکی زۆر لە ژوورەکانی ئەم نهۆمە بە ڕوونی دیار نییە کە چەند ژووری تێدا بووە، بەڵام لە ئێستادا دوو ژووری لێ ماوەتەوە کە بە نەخش و نیگارێکی تایبەت ڕازاوەتەوە. هەروا کە پێشتر باسمان کرد بەردەنووسی یۆنانیی هێراکلێس، یەکێک لە خودا یۆنانییەکان ل سەر دەرگای یەکێک لە ژوورەکانی ئەم نهۆمەیە.

69056914 .jpg

لە ڕێگەی چەند داڵانی سروشتییەوە بۆ چوونە نێو نهۆمی چوارەمەوە ڕێگە هەیە، ئەم نهۆمە زۆرتر لە چەند دەلاقە، چاڵ و قوژبن پێک هاتووە کە لەوانەیە بە مەبەستی پاشەکەوتی دەغڵ و دان و کۆکردنەوەی ئاوی نێو ئەشکەوتەکە بەکار هاتبێت. بەڵام گرینگترین بەشی نهۆمەکە هۆڵێکی سروشتیی گەورەیە کە بە هۆڵی ئارمیتاژ یان هۆڵی گوێچکەماسی دەناسرێت.

ئارمیتاژ بە مانای بەرز و بڵیند و شوێنی حوکمڕانی لە ئیمپراتۆرییەتی ئەشکانیدا هاتووە، هەروەها بەهۆی پتووکانەوە هۆڵەکە شێوەی گوێچکەماسیی بەخۆیەوە گرتووە کە دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێشی لەنێو ئەشکەوتەکەدا دروست کردووە.

لە بەشی پشتەوەی ئەشکەوتەکە هەندێک ڕێڕەو و داڵانی تێدایە کە دەبێ بە دانیشتن و زگەخشکێ پێیدا تێپەڕ بیت، وێدەچێت کە پێشتر نهۆمەکان لە بەشی پشتەوەش بۆ یەکتر ڕێگەیان بووبێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە تا ئێستا کەس نەیتوانیوە بگاتە کۆتاییی ئەم کەلێن و قوژبنانەی پشتەوەی ئەشکەوتەکە کە ئەمەش بۆ خۆی بووەتە ھۆی ئەوە کە گەلێک حیکایەت و چیرۆکی خەیاڵی لەم ناوچەدا بکەوێتە سەر زاران و تەنانەت ئەم خاڵە لە نووسراوەکانی نووسەرانی ناوچەی سەقزدا ڕەنگی داوەتە و لەم بوارەدا دەیان چیرۆک و بەسەرھات تۆمار کراون.

هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەشکەوتەکە بە شێوازێکە کە لە زستاندا کەشێکی گەرم و لە هاوینیشدا هەوایەکی فێنکی هەیە.

لە هەندێک شوێن دڵۆپەی ئاوی بنمیچی ئەشکەوتەکە گۆلاوی دروست کردووە، هەروەها چەند شوێنێک لە تەختی زەویی ئەشکەوتەکە بە شێوەی پیاڵە هەڵکەندراوە و ڕێچکەی بۆ دروست کراوە تاکوو ئاوی نێو ئەشکەوتەکەی تێدا کۆ ببێتەوە.

بەسەر دیوارەکانی ئەشکەوتەکەوە کۆمەڵێک نەخش و نیگار وەکوو مەعین، دەستی مرۆڤ و بزنەکێوی هەڵکەندراوە کە هێما و نیشاندەری پیرۆزیی ئەشکەوتەکە بوون.

تاکوو ئێستا نە کەس توانیویەتی تا کۆتاییی ڕێ و ڕێچکەکانی ئەم ئەشکەوتە بڕوات و نە توانیویانە نەخشەی ئەشکەوتەکە بە تەواوی ئامادە بکەن، ڕەنگە لە داهاتووشدا هەموو ئەو نهێنییانەی نێو ئەم ئەشکەوتە هەتاهەتایە هەر نەدۆزرێتەوە، بەڵام ئەوەی کە گرینگە کەرەفتوو یادگارێکی بەنرخ و بێوێنەی مێژووی مرۆڤایەتییە لە کوردستان.[١]

111242020 2..jpg

.....


ئەشکەوتی کەرەفتوو، یەکێک لە بەرھەمە مەزنەکانی تەلارسازیی بەردیە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێھەمی زایینی. ئەم ئەشکەوتە مێژوویە لە مەوداری ٧٥ کیلۆمتری نێوان دووشاری سەقز و دیواندەرە ھەڵکەوتووە. نزدیکترین گوند بەم ئەشکەوتە دێی میرسەعیە کە لە باکووری رۆژھەڵاتی ئەشەکەوتەکە ھەڵکەوتووە. ڕێگەی سەرەکەی بۆ ئەم کوولە لە جادەی تیکابەوە دەڕوات. ڕێگاکە سەرەتا بە تێپەڕاندنی ھەرێمێک بە ناو گۆڕباوەلێ دەست پی دەکات وە دواتر دەگاتە گوندی یوزباشکەندی و پاش دەرچوون لەم دێیە و تێپەڕاندنی ٣ کیلۆمتر دەگاتە ئەشەکەوتەکە.

ئەم ئەشکەوتە لە ناو دڵی زنارێکی بەرز ھەڵکەوتوە و ئاواییەکانی مەحموو ئاوا لە باشوور، میر سەعید لە ڕۆژئاوا، عەلی ئاوا لە باکوور و یوزباش کەندی لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ئەشکەوتی کەرەفتوو هاوسنوورن. کەرەفتوو سەر بە ناوچەی سەقز بوو بەڵام دواتر دیواندەرە بوو بە شارستان و کەرەفتوو بوو بە ناوچەی سەر بەو شارستانە.

کەرەفتوو ئەشکەوتێکی بەردی و سرۆشتیە و ئاسەوارە مێژوویەکانی ناو ئەشکەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەورەی سێھەمی زەویناسی.

لە زۆر شوێنی ناو ئەشکەوتەکە ئاو بەرچاو دەکەوێت بەڵام کەمە و وەک گۆلاوی پاش باران دەچێت، ھەروەھا زۆر جێگای میچی ئەشکەوتەکە دڵۆپە دەکەن.

لە ڕابردوودا بە ھۆی نیشتەجێ بوونی ھۆزی جۆر بە جۆر ئاڵوگۆڕ و دەستکاری لە ئەشکەوتەکە بەدی ھاتووە و ڕێگا و داڵانی تێدا درووست کراون.

بەرزایی ئەو درگایەی پێیدا دەچنە ژوورەوە ٢٠ تا ٢٥ میتر لە ئاستی زەوییەوە بەرزە کە بەم ھۆیەوە لە ڕابردوودا ڕێگەی چوونە ژوور زۆر زەحمەت بوو.

Karaftu Cave 2019-07-09 08.jpg

لە بەشی پێشەوەی ئەشکەوتەکە چوار قات تەلارسازی و ڕەوەزە بەردی دەستکرد چێکراوە کە لە ھەر قاتێکدا جگە لە درووست کردنی دیو و ژووری بە سەر یەکەوە، پەنجەرە و ڕۆچنە گەلێک بۆ گۆڕانی ھەوا و پەیوەندی ژوورەکان پێکەوە بەرچاو دەکەوێت.

پلیکان و قادرمەی لە بەرد تاشراوی نێو ئەشکەوتەکە و تەنانەت پشتیوان و کلۆمی دەرگا و پەنجەرە پێداخستن بواری پاراستن و ئەمنیەت و ھێمنیش لە بەر چاو گیراوە و ڕەچاو کردنی ئەو تێبینیانە پیشاندەری پێشکەوتوویی تایبەتی تەلارسازی (مێعماری) ئەو سەردەمە نیشان ئەدات.

لە سەر دیواری ھەندێک لە ژوورەکان و ڕاڕەوەکان، نەخش و نیگارگەلێک لە ئاژەڵان و گژ و گیا بەرچاو دەکەون. لە سەردەرانی درگای یەکێک لە ژوورەکان بە خەتی یۆنانی نووسراوەیەک لە بەرد ھەڵکەندراوە، لەم نووسینەدا یادی خودایەک بە نێوی ھێراکلۆس کراوە، ھەر بەم بۆنەوە مێژوونووسانی کۆن لە کتێبەکانیاندا ناوی ئەم ئەشکەوتەیان بە پەرەستگای خودای یۆنانی ھێناوە. لەم نووسراوەدا ھاتوھ:

ئەم ماڵە ماڵی ھێراکلۆسە، ھەر کەس پێ لەو ماڵە بنێ پەنا ئەدرێت.

ھەبوونی ئەم نووسراوە بوەتە ھۆی ئەوەی کە ھەندێک پێیان وایە دەبێ ئەشکەوتی کەرەفتوو ماوەێک بە شێوەی کاتی جێگای دانیشتن و حەوانەوەی سەلوکییەکان ( میراتگر و جێگەدارانی ئەسکەندەر مەقدوونی ) بووبێ کە دوای سەرکەوتنەکانی مێھردادی دووھەمی ئەشکانی بەرەو ڕۆژئاوای ئێران ڕۆیشتن.

درێژایی ئەشکەوتەکە نزیکەی ٧٥٠ میترە کە ئەو مەودایە دەیان پێچ و کەلێن و قوژبنی لێ دەبێتەوە، ھەروەھا ڕەھەند گەلی جۆر بە جۆری لێ جیا دەبێتەوە و ھەر بەم ھۆیە تاکو ئێستا ھیچ کەس نەیتوانیوە بە تەواوی سەر و بنی ئەو ھەموو کەلێن و قوژبنە بەرێتەوە سەر یەک و نەخشەیەکی لێ ئامادە بکات.

تا ئێستا کەس نەیتوانیوە بگاتە کۆتایی ئەم کەلێن و قوژبنانەی ئەشکەوتەکە، کە ئەمە بۆ خۆی بوەتە ھۆی ئەوە کە ئەفسانە و چیرۆک گەلێکی زۆر لەم ناوچەدا بکەوێتە سەر زاران و تەنانەت ئەم خاڵە لە نووسراوەکانی نووسرانی ناوچەی سەقزدا ڕەنگی داوەتە و لەم بوارەدا دەیان چیرۆک و بەسەرھات تۆمار کراوە.

67328.jpg

گەشەپێدانی ئەشکەوتەکە

لەم ساڵانەی دواییدا لە لایەن کاربەدەستان و لێپرسراوانی ناوچەی سەقز بە تایبەت میراتی کولتووری و شارەزایانی بواری ئاسەواری پارێزگای کوردستان، بە مەبەستی گەشەپێدان و ھێنانە ڕووی ئەم شوێنەوارەی ناوچەی سەقز، چەندین چالاکی کراوە کە گرینگترینیان بریتین لە:

  • لێکۆڵینەوە و پێدا چوونەوە لە بواری مێژووی ئەشکەوتەکە و دۆزینەوەی کەلێن و قوژبنەکان و خاوێن کردنەوە و ھێنانە ڕووی ژوورەکان و لابردنی گڵ و بەردی زیادی نێو ئەشکەوتەکە.
  • کێشانی ھێڵی کارەبا بۆ ژوورەوە و دەرەوەی ئەشکەوتە.
  • درووست کردنی پەینجە و پێ گۆڕ، لە دەرەوەی ئەشکەوت و دانانی پیلکان و قادرمەی ئاسن لە نێو ئەشکەوتەکەدا بۆ ئاسانکاری ھاتووچوو کردن.
  • ساز کردنی جێگە و شوێنی حەسانەوە و دانیشتن بۆ گەشتیاران.
  • درووست کردنی حەوشەێکی گەورە و بەردچین کراو بۆ ڕاگرتنی ماشین و سەیارەی گەشتیاران.
  • کۆکردنەوە و دابەش کردنی ئاوی کانیەکانی دەوروبەری ئەشکەوت و کێشانی سۆندەی ئاو بۆ حەوشەی ئەشکەوتەکە.
  • درووست کردنی ژووری پارێزگاری و بڵیت فرۆشتن و ھەروەھا سازکردنی مەستەراو.
  • دانانی پەرژین و پیلکان و قادرمە لە بەشە جیاوازەکانی نێو ئەشکەوت بۆ پێشگرتن لە ھەر چەشنە ڕووداوێکی ناخۆش و چاوەڕوان نەکراو.
  • لە تازەترین لێکۆڵینەوە و گەڕان بە نێو ئەشکەوتی کەرەفتوو، دەیان پارچە ئاسەواری دەورانی پێش مێژوو و دەورەی ئیسلامی دۆزراوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت.[٢]
  1. سەرچاوە:https://kurdshop.net/
  2. سەرچاوە:ckb.wikipedia