ئەوەی کە نایدرکێنین، ئایا خڵتەیە یان هەقیقەت ؟

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

8-2024 082502.jpg

بە پێی گووتەی: ڤیکتۆر هیوگۆ " 1802-1885.Victor Hugo"، ئەوەی کە نایدرکێنین، خڵتەیە.

مرۆڤی سەرەتایی، پێش ئەوەی خاوەنی ئەدەب و هونەر و مۆسیقا و سەما بێت، پێش ئەوەی زمان و نوسینی هەبێت، بە خۆ سورکردنەوە، بە ئیشارەت، بە هەڵبەزین و دابەزین و خۆڕاوەشاندن، بە هاوار و قیژاندن، هەست و نەستی خۆی دەربڕیوە. هەر هەمان هەست و نەستن کە ئەمڕۆ بونەتە مۆسیقا، هۆنراوە و چیرۆک و تابلۆ و فیلم. مرۆڤ کاتێک لە گێژاوی بیرکردنەوەدایە، چەندەها پرسیار لە ژیان، لە بوون، لە دەوروبەری دەکات، ئارەزووی گوزارشتکردنی هەیە بە زمانێک، بەشکڵێک بۆ دەوروبەرەکەی، بۆیە هەر لە مێژەوە مرۆڤ چەندەها زوانی ئەدەبیی و هونەریی ئافراندووە، هەتاوەکو بتوانێت لەشێک بکات بە بەری ئەو بیرۆکەیەدا، پەیکەرێک داتاشێت پڕبە باڵای بابەتەکە، هەتاوەکو ئەو شتەی کە پێی دەڵێن بیرۆکە و هێشتا لە ناو مێشکدایە و نەبینراوە و نەبیستراوە، تەنها هەستی پێ کراوە، لەشێکی بۆ داتاشێت، بیکات بە شکڵێک، بە تەنێک، بە دەنگێک، بە مۆسقایەک بە وێنەیەک.

بیرۆکەکان دەکەین بە ووشە بە دەنگ بە سەما، پاشان بە ڕستە، بە تابلۆ، بە سەمفۆنیا، ئینجا بە هۆنراوە و چیرۆک و ڕۆمان و فیلم، لە هەر قۆناغێکدا رووبەڕووی قانون و بەربەست دەبینەوە، لە هونەری ئەدەبیدا خۆمان ڕوبەڕووی قانونی ووشە، ڕستە، زمان و شکڵی ئەدەبی دەبینەوە. خاوەنی بیرۆکەکە بە هەموو ئەم قۆناغانەدا تێپەڕ دەێت و هەریەکەیان دەبنە بەربەستێک بۆ ئەو، بەو هۆیەوە هەرچەندە توانایەکی دەداتێ بۆ بە ماتریالکردنی بیرۆکەکەی بەڵام ناتوانێت هەموو بیرۆکەکەی وەک ئەوەی کە دەیەوێت پێمانی ڕابگەیەنێت.

بۆ ئەوەی لە مەبەستی نوسەرەکەش تێ بگەین، پێویستمان بە کاتە؛ دەبێت گوێ لە شیعرێک بگرین لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، سەیری فیلمێک بکەین لە ژورێکی تاریکدا هەتا کۆتایی، ڕۆمانەکە بخوێنینەوە هەتاوەکو لە باسەکە تێ بگەین، لە مەبەستی نوسەر تێ بگەین، ئەم هەموو بەربەستی ووشە و ڕستە و زمان و شکڵە ئەدەبیەش، بیرۆکەکەمان بۆ دەخاتە ناو قەفەزێکی داخراوەوە کە هزرمان تێیدا پەنگ دەخواتەوە. بیرۆکەکان دەچێتە ناو قەفەزی ووشەوە، ناو قەفەزی شکڵەوە، ناو قەفەزی وێنە و مۆسیقاوە. خۆ مەرجیش نیە ئەو تابلۆیە، ئەو مۆسیقایە، ئەو شیعرە، ئەو ڕۆمانە بە تەواوی ببێتە ئاوێنەی بیرۆکەکەم، یان ئەم وتارەی کە من ئێستاکە دەینوسم. خۆ هەندێک جار نوسەر خۆشی دان بەو ڕاستییەدا دەنێت کە نەی توانیوە ئەوەی لە ناخیدا بووە بی درکێنێت. نەگەیشتن بە ئامانجی دەربڕینی ئەوەی لە ناخماندایە هۆکارەکانی زۆرن، جگە لەوانەی کە باسمان کردن، ووشە و ڕستە و زمان و بەربەست و قانونی شکڵی ئەدەبی، کە هەر یەکەیان بە پێی سەردەم و شوێن دەگۆڕێن و بەسەرتا سەپێنراون، لە هەمان کاتا بکەر یان نوسەری بیرۆکەکە هەتا چەندە شارەزا بووە لەو بوارەدا، هەتا چەندە بوێر بووە یان هەتا چ ئاستێک لە گێژاوی بیرۆکەکەدا ژیاوە، بەئەزمونی کردووە کە توانایەکی بداتێ بتوانێت هەموو بەربەستەکان بشکینێت، هەتاوەکو وەک پەیامێک بە ئێمەی خوێنەری بگەیەنێت. کە دەشلێم خڵتە مەبەستم تەنها لەو بەشە نیە کە نەمتوانیوە دەریبڕم بە هۆکاری بەربەست و قانونی ئەدەبیەوە، یان توانای هونەریمەوە، مەبەستم ئەو بەشەی باسەکەیە کە نەم ویست یان نەموێرا دەری بڕم، یان زوانێکم نەدۆزیەوە کە شایەنی ئەوە بێت شکڵێکی ئەدەبیی و هونەریی بکات بە بەریا.


کاتێک شەرابێکی تەمەن بیست ساڵانە دەکەیتەوە، خڵتەیەکی زۆر لەبنی بوتڵەکەدا دەمێنێتەوە، دەبێت ئاگاداربیت نەوەکا لەکاتی ڕۆکردنی دواهەمین پەرداخدا خڵتەکەی ڕۆ بکەیت. هەموو شەرابێکیش ئەو خڵتەیەی نیە، بە شێوەیەکی گشتی شەرابە باش و بەتەمەنەکان هەیانە. بەڵام شەراب شەرابە و مرۆڤ مرۆڤ، ناتوانین ئەم ڕاستیە بچوێنین بە سەر مرۆڤدا و بڵیین: کەواتە، پێ دەچێت مرۆڤی بەئەزمون و بەتەمەنیش وەک شەراب ئەوەی کەنای درکێنێت و نیشانی نادات خڵتە بێت.

دانیپێدا دەنێم کاتێک ئارتور ڕامبۆم خوێندەوە، ووتم ئیتر هۆنراوە تەواو، لەبەر ئەوەی کە ڕامبۆ هێندە لە گێژاوی فکرییدا پەنگی خواردبووە و لە ئەشکەنجەی دەرونیدا ژیابوو، هێندە بە توندیی ژیابوو، بوێرانە توانی بە گژ هەموو قانونێکدا بچێتەوە، هەموو بەربەستێک بشکێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش زمانێکی شیعریی بۆخۆی ئافراند، هەر بۆیەش لە تەمەنێکی زۆر زوودا وازی لە هۆنراوە هێنا و سەری خۆی هەڵگرت. کەواتە ئەو بەربەستانە کاریان ئەوە بوو کە ئەو"خڵتە" یەت تێدا بمێنێتەوە، جا ئیتر ئەو خڵتەیە تۆ ناوی بنێیت پیسایی ئەوە ڕای تۆیە، ڕای ڤیکتۆر هیوگۆیە من بە جۆرێک لە هەقیقەتی دەزانم.

ئەو کارە هونەریەی هونەرمەندی فەرەنسی مارسێل دوشا "Marcelle de champs" کە ناوی ناوە " کوفارە "، دەگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو لە سەردەمی خۆیدا و هەتا ئەمڕۆش هەموو بیرمەند و فەیلەسوفەکان باسی دەکەن، وەک مۆنالیزای سەردەمی نوێ ناسراوە. وەک وەرچەرخانێکی نوێ ڕەچاوی لێ کراوە لە مێژوی هونەردا کە ناومان نا ستایلی Ready made، واتە بەکارهێنانی شتێکی ئامادەکراو بۆ گوزارشتکردن لە بیرۆکەیەک. ئەوەی تەنگژەی دەنایەوە لەم هونەرە نوێیەدا ئەوەبوو کە خەڵکی پرسیاریان دەکرد: کوانێ هونەرمەند و دەوری هونەرمەند؟ کوانێ دەست ڕەنگینیی؟ هونەرمەند وەک ئەو کەسەی کە توانای ئەوەی هەبێت پەیکەرێک داتاشێت یان کارێکی دەستڕەنگینیی بکات کە بینەر لە توانایدا نەبێت ئەوە بکات، بۆیە خەڵکی بە بنینی ئەو کارە هونەرییە، بێزیان لە هونەر دەهاتەوە و دژی دەوەستانەوە. بەڵام بۆ مارسێل دوشا، کارەکە گرنگ نەبوو بەڵکو بیرۆکەکەی گرنگ بوو، بۆیە ئەو وەک ئارتور ڕامبۆ وازی لە وەزن و قافیە هێنا، هەرچەندە ئارتور ڕامبۆ بە پێی هونەری ئەدەب و شیعر ئیتر نەی دەتوانی لەوە زیاتر قانون بشکێنێت، بەڵام خاسیەتی هونەری شێوەکاریی جیاوازە، هەلىژاردەکان زۆرتر و فراوانترن، دەتوانێت زیاتر ببێتە ئاوێنەی هزری مرۆڤ. مارسێل دوشا لەسەر ئەو کۆنسێپتە ئەو ئاودەستخانەیەی وەک کارێکی هونەریی نیشان دا، گووتی:

ئەو کەل و پەلانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاریان ناهێنین دەتوانن ببنە کارێکی هونەریی.

هەرچەندە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئاپخانە بەکار دەهێنین، بەڵام مارسێل دوشا لە بازاڕی کۆنە فرۆشەکان ئەو ئاپخانەیەی دۆزیەوە، بۆیە مەبەستەکەی تۆزێک دوو فاق دەبێتەوە و چەندەها پرسیار بە دوای خۆیدا دەهێنێت، جگە لەوەی کە خەڵکی عەوام بە دوای دەوری هونەرمەندا دەگەڕان.

لە هونەری شێوەکاریدا بە پێچەوانەی هۆنراوە و چیرۆک و فیلمەوە، مرۆڤ پێویستی بە کات نیە؛ لە یەک کاتا بەلای کارە هونەرییەکەدا تێپەڕ دەبێت و هەموو کارەکە دبینێت، بۆیەکا هونەری شێوەکاریی خاوەنی سەربەستییەکی فرانترە، بۆ نمونە تیپێکی مۆسیقای ئۆپێرا ناتونێت جڕتێک لێ بدات و بڵێت ئەوە مۆسیقاکەمانە، بەڵام هونەرمەندێکی شێوەکار دەتوانێت تەپاڵەیەک دابنێت لەسەر تابلۆیەک و بڵێت ئەوە کارێکی هونەریمە لەبەر ئەوەی کە بانگت ناکات بۆ ساڵۆنێک لە ژورێکی داخراودا هەتاوەک و گوێ بۆ مۆسیقاکەی، فیلمەکەی، ڕۆمانەکەی، هۆنراوەکەی ڕابگریت هەتا کۆتایی، لە یەک کاتا کە بەتەنیشتیەوە تێ دەپەڕیت، هەموو کارە هونەرییەکە دەبینیت، بۆیەکا هونەری شێوەکاریی توانای جیاوازە. بێگومان باسی هونەرمەندانی وەک لالە عەبدە ناکەم کە تابلۆکانی بۆ ڕازاندنەوەی سالۆنەکانن، من باسی ئەو هونەرمەندانە دەکەم کە کارەکانیان بۆ مۆزەخانەکانن، نەک بۆ مەبەستی بازرگانی و جوانیەکی ناسراو.

هەرچەندە هەندێک مۆسیقار لە ساڵانی حەفتادا هەوڵیان دا، ئەوانیش وەک هونەری شێوەکاریی ئەو ئازادییە بدەن بە خۆیان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، وەک چۆن جارێک تیپێکی شانۆ کاتێک بینەران دەگەنە ساڵەکە بۆ سەیری شانۆکەیان، هەر کە پەردە دەکرێتەوە، کەسێک کوتووپڕ بە دەنگی بەرز هاوار دەکات بۆ ڕاچڵەکاندنی بینەران، هەر دوای ئەوە پەردەی شانۆکە دادەخرێت و دەڵێن ئەوە کۆتایی شانۆکەیە، بەڵام خەڵکی ناڕازی دەبن و داوای پارەی بلیتەکەیان دەکەنەوە.

بۆیە تەنها هونەرێک کە بتوانێت ئەو "خڵتە"یەت پێ هەڵهێنجێێتەوە هونەری شیوەکاریە لەگەل سەماکردندا، لەبەر ئەوەی کە هەوردووکیان دوو هونەری زۆر دێرینی مرۆڤایەتین، ناومانناوون: هونەرە سەرەتاییەکان. وەک کاری لەشفرۆشی، کۆنترین هونەری مرۆڤایەتین.

کەواتە مەرج نیە وەک ڤیکتۆر هیوگۆ دەڵێت ئەوەی کە تێماندا دەمێنێتەوە و نایدرکێنین خڵتە بێت، پێ دەچێت هەقیقەتێک بێت زۆر لە هەقیقەت خۆی گەورەتر بێت، بەڵام ئەو "خڵتە"یە پێویستی بە زمانێکی زۆر ژیرتر و لێزانترە، جیاواز ترە، هەربۆیەش لەگەڵ کاتا مرۆڤ هونەری جیاوازی بەرهەم هێنا، لە هونەری شێوەکاریەوە هونەری فۆتۆگرافی و هونەری فیلمسازی و ڤیدیۆ و...تاد، مان داهێنا هەتاوەکو بتوانین دوا "خڵتە" ی بنی پەرداخەکەمان ڕۆبکەین.

خۆ ئەگەر ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی لۆڤەردا خەڵکی بە هەزارەها لە بەردەم مۆنالیزادا چرکەی کامێراکانیان هێندە زۆرن وەک جریوەی چۆلەکە دێتە بەرگوێ، ئەوا لەسەردەمی خۆیدا وەک ئاودەستخانەکەی مارسێل دوشا، خەڵکی مۆنالیزایان بەلاوە گرنگ نەبوە و دڵگیر نەبووە، بەڵام کاتێک داڤنچی لە ئیتالیاوە دێت بۆ فەرەنسا بە سواری کەر، سێ تابلۆی بە شانەوە دەبێت یەکێک لەو تابلۆیانە مۆنالیزا بووە. بۆ مارسێل دوشا بە هەمان شێوە ئەو ئاپخانەیە یەکێک بووە لە گرنگترین کارەکانی. تەنها رەسمەکەی مابویەوە و کارە هونەریە ڕەسەنەکەی کە لەساڵی 1917 دا لە ئەمەریکا لە پێشانگایەکدا نیشانی دابوو لە ناوچوبوو.

کەواتە ئەوەی ڤیکتۆر هیوگۆ ناوی نابوو خڵتە، مارسێل دوشا دەروازەیەکی دۆزییەوە بۆ دەربڕینی و کردییە هونەرێکی ڕەسەن لەبەر ئەوەی بۆ مارسێل دوشا جگە لە بیرۆکە هیچ شتێک خڵتە نەبوون. دەبێت ئەو ڕاستیە بڵێین کە پاڵنەر و دیمانیزمی هەڵهێنجاندنی بیرۆکە ئەشکەنجەیە، چەندە ئەشکەنجە بەتینتر بێت هێندەش هەڵهێنجاندنی بیرۆکە. بێ گوومان باسی ئەشکەنجەی دەرونی دەکەم، ئەشکەنجەی سپیریتوێڵ؛ کاتێک مرۆڤی ساپیان خولیای گەڕانە بە دوای وەڵامدا، لێرەدا ئەشکەنجەی بوون کەرەسەی پاڵنەرە بۆ شکاندنی بەربەستەکان بە مەبسی دەربڕینی "خڵتە".

لە زمانەوانیدا، لە زمانی فەرەنسیدا وشەی ئەشکەنجە (torturer) و دۆزینەوە (Trouver) یەک سەرچاوەیان هەیە؛ ئازاری کەسێک دەدەم هەتا ڕاستیەکانم بۆ بدرکێنێت.

یان ئەشکەنجە دەچێژم و بەخۆمدا دەچمەوە و پرسیار لە شتەکان دەکەم هەتاوەکو هەقیقەتێک بدۆزمەوە و بیدرکێنم.