ئەو شوانەی هەڤاڵی گورگ بێت ، مەڕەکانی خۆی خۆشناوێت

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

هونەر تۆفیق

286445126 1022.jpg

لە توارسی گەلاندا پەندی زۆرهەن لە پەیوەندی گورگەوە ئامۆژگاری بەمرۆڤ دەدات . یەکێک لەو پەندانە لەناو تورکدا باوە کە خۆیان بە ڕەچەڵەکی گورگ دەزانن دەڵێن : چەندە ببەخشیت بە گورگ ، بەڵام هێشتا ئەو بیر لە دارستان دەکاتەوە .

زۆربەی ئەو سریاڵ و فیلمانەی تورکەکان، کوردی تێدا ڕسوادەکەن ، ناونیشانەکانیان گورگێکی پێوەیە . وەکو دۆڵی گورگان ، تۆڵەی گورگ ، نیشتمانی گورگ ، تازەترینیان کە ڕاستەخۆ لە کەسی بارزانی دەدات ، ناونیشانەکەی گورگە تەنیاکەیە .

تورک ڕەچەڵەکی خۆیان دەبەنەوە سەر دایەگورگ (ئاسنا) بەپێ ی ئەفسانەکە هۆزی دوژمن ، گەورە و بچوکی تورک لەناودەبەن .

تەنیا مێردمنداڵێکیان ڕزگاری دەبێت ، ئەویش هەڵدێت بۆ چیای ( ئەرگەنەکۆن) لەوێ گورگە مێ یەک ( ئاسنا) دەیپارێزێت . لەگەڵ دایەگورگدا جوت دەبن . دەکوڕیان دەبێت . لەو بێچوە گورگانە تورکان پەرەدەستێننەوە . لەچیای ئەرگەنەکۆنەوە بەهێزدەبن و دنیا داگیردەکەن .

ناوەکانی ئەرگەنەکۆن و گورگەبۆر و شانازی کردنی تورک بەو ڕەمزانەوە کاراکتەری سیاسی و سەربازی و فەرهەنگی ئەوانت بۆ ڕووندەکاتەوە .

پەیوەندی ئەرگەنەکۆن و گورگەبۆر وەک دوو ڕێکخراوی چەکداری و سیاسی و فەرهەنگی ، دووانەیەکە تەواوکاری یەکترن . ڕێکخراوی ئەرگەنەکۆن کە دەرکەوت بەسەدان کەسایەتی دیاری تورکی لە سەرمایەدار ، هونەرمەند ، ژەنەراڵی سەربازی ، دادوەر ، سیاسەتمەدار ، تیایدا بەشدارن و کاریگەریان بەسەر بڕیاری سیاسی و سەربازی تورکیەوە هەیە ، دەستیان لە کوشتن و تیرۆرکردنی سەدان کورددا هەبووە .

لەکۆتاییدا ئەو فەزیحەتە گەورەیە لە ڕاڕەوە سیاسیەکانی تورکیادا داخرا ، دادگاکانی ئەردۆغان زۆرینەیانی ئازادکرد . بەبیانووی نەبوونی بەڵگەی تەواو بۆ سەلماندنی تاوانبارکردنیان .

لەگەڵ ئەواندا ، گورگەبۆرەکان وەک حیزبێکی سیاسی لەناو تورکیادا هاوپەیمانی پارتەکەی ئەردۆغانن و پێکەوە وڵات بەڕێوە دەبەن .

بێچوە گورگەکان ، نەوەکانی دایەگورگ ( ئاسنا) لەسەرەتای تیئۆریزەکردنی ئەو ئەفسانەیەوە لە ١٩١٧ ەوە تا ئەمڕۆ ، بەهەموو ڕێگایەک و بەئاشکرا سەرەکیترین ئامانجیان نەهێشتنی کوردە .

ئەگەر لەشوێنێکشدا کوردهەبوو ، خواردنی وەک مەڕێکی حەڵاڵ بەئەرکی خۆیان دەزانن لەپێناو تێربوون ( مانەوەی دەوڵەتی تورکیا) ی گورگەکاندا . ئایدیۆلۆژیاکەی گورکەبۆرەکان و ئەرگەنەکۆنەکان و هاوپەیمانەکانیان لەسەر تێڕوانینی گورگ بۆ مەڕ داڕێژراوە .

هەر دۆستایەکی کورد وەک مەڕ لەگەڵ ئەو گورگانەدا ، گوتەکەی دێنیس دیدرۆی فەیلەسوفی فەرەنسی دەیگرێتەوە کە دەڵێت : ئەو شوانەی دەبێتە هەڤاڵی گورگ ، مەڕەکانی خۆی خۆشناوێت و گورگان خواردیان دەکات .