باخی گشتی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
74969.jpg

باخی گشتی شاری سلێمانی لەساڵی ١٩٣٧ دروستکراوە، بەپانتایی ١٢ دۆنم زەوی کە ٣٠ هەزار مەتر چوارگۆشە دەکات، موتەسەریفی ئەوکاتە مەجید یاقووبی بووە کەخەڵکی کەرکوکی بووە هەروەها.مەحموود ئەفەندیش کە هەر خەڵکی سلێمانی بووە موهەندیس و سەرۆکی شارەوانی ئەوکاتە بووە سەبارەت بە شێوازی دروستکردنی ئەم باخەوکارکردن تێیدا ئەوکاتەی کە ئەم باخە دروستکراوە ئەم ناوچەیە شوێنێکی چۆڵەوانی و قەراغ شاربووە تەنها گەڕەکەکانی ئابڵاخ و کانێسکان هەبوون،هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ناوچەیەش بۆ دروستکردنی باخێکی لەم شیوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئاوی کارێزی کانێسکان بەم ناوچەیەدا تێپەڕبووە و توانراوە بۆ باخداری سودی لێ وەربگیرێت دوای لەئیستاداو دوای دروستکردنی پارکی ئازادی ئەم سەرچاوەی ئاوە نەماوە.

بیرۆکەی دروستکردنی ئەم باخە بە پێی سەرچاوەکان، دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەم شارە بووە و دیزاینەکەی بەریتانی بووە ،یەکەم باخەوان لەم باخەدا کاری کردبێت بە ناوی (مامە ڕەحمان) کە لەشاری موسڵەوە هاتۆتە سلێمانی و لە بنچینەدا ئیرانی بووە ، تاساڵی حەفتاکان لێپرسراوی ئەم باخەبووە دوای کۆچی دوایی و لەمەراسیمێکی تایبەتدا ساڵی ٢٠١٠ پەردە لەسەر پەیکەری ئەم باخەوانە دڵسۆزەی شار لادراوەوخەڵاتی ڕێز و ماندووبوون بە خانەوادەکەی بەخشراوە.

3914.jpg

ئەم باخە لە کۆندا شێوازەکەی هەمان پانتایی ئێستا بووە، سیاجەکەی تەختە بووە دواتر بووە بە ئاسن کە تائیستاش بەشێکی ئەو سیاجە بە تۆکمەیی و باشیەکەوە ماوە جۆری دارودرەختەکانی ئەم باخە بریتی بوون لە ، توو، سورەچنار، سنەوبەر، قەزوان کە تائیستا هەندێک لەو درەختانە بوونیان هەیە کەتەمەنیان ٤٥ بۆ ٦٥ساڵە و لەبەردەرکی سەرا تا دووڕیانەکەی سەرچنار سەربە باخی گشتی یە.

جگە لە باخی گشتی لەم شارەدا دووباخی دیکە بونیان هەبووە ئەوانیش، باخی شێخ لەتیف دانساز ئەم باخە تاکەکەسی بووە نەک گشتی بەڵام بەناو بانگ بووە کەوتۆتە دەستاڕەکە و لە ئێستادا بۆتە ناوچەیەکی پیشەسازی ئەوی دیکەیان باخی چوارباخ بووە کە تائیستاش بوونی هەیە.

400054.jpg

سەبارەت بە گرنگی ئەم باخە لە مێژووی شاری سلێمانی داو پێشوازی ئەوساو ئیستای خەڵک ساماڵ شەوکەت فتاح، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پێشکەوتوو و لێپرسراوی باخی گشتی وتی: باخی گشتی، جاران پێیان دەوت باخی میللی، ڕۆژانی شەممە خەڵک زیاترسەردانی ئەم باخەی دەکرد و زیاتریش خەڵکی شارەکە خۆی بووبەعەرەبانە دەهاتن، لەناوەڕاستی ئەم باخەدا حەوزو فوارەیەکی هەبووکەتا ئێستاش ئاسەوارەکەی ماوە،یاپراخیان دەهێناو و دانیشتن چوارشەممان کرابوو بە خێزانی وەک ناوچەیەکی گەشتیاری وابوو ئاهەنگ تایبەت و پێشانگای جۆراو جۆری تێدا دەکرا.

لە کۆنداو لە ئیستاشدا زۆربەی شاعیران و ئەدیبان سەردانی ئەم باخەیان کردووەودێڕە هۆنراوەکانیان لە نێو سەوزی و جوانی ئەم باخەدا هۆنیوەتەوە بەپێی قسەی ساماڵ شەوکەت لێپرسراوی ئەم باخە بەهۆی ئەو شاعیرانەوە ئەم شارە بۆتە ناوجەرگەی ڕۆشنبیری و ئەدەب ئەو شاعیرانەی دەهاتنە ئەم باخە وەک( شێرکۆ بێکەس، فایەق بێکەس، دیلان، چەندین کەسایەتی تری شارەکە).

لە ئێستاشدا نوسەران و ئەدیبان بەردەوام دێنە ئەم باخە.

ساماڵ سەوکەت ئاماژەی بەوەشدا کە: فرۆشتنی خواردەمەنی لەکۆنداو لەم باخەدا قەدەغە بووە تا پێش ڕاپەڕین، بەڵام لە ئێستادا دەرگاکان کراوەن بەڕووی فرۆشیاراندا، بەڵام ئەوەی جیی نیگەرانییە ئەوەیە فرۆشیاران بەشێوازێکی ناتەندروست دێنە ئەم باخەو گوڵ و نەمامەکان دەشکێنرێت بەتایبەت ئەو فرۆشیارانەی لە ناوچەکانی دیکەوە هاتوون.

ئەوان وەک لێپرسراوی ئەم باخە هەوڵیان داوە سیمای جوانی شارەکە لە گەڵ گۆڕانی مۆدێرنەو سەردەمە جیاوازەکاندا وەک خۆی بپارێزنن بەڵام داواش دەکەن چیتر ئەو بازاڕی فرۆشیاریە لەوێدا نەمێنێت بۆ ئەوەی داب و نەریتەکۆنەکانی شار بگەڕێتەوە، جگە لەوەی پەیکەری چەندین شاعیرو کەسایەتی دانراون، بەڵام لێپرسراوی ئەم باخە پێی وایە ئەم پەیکەرانە بونەتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانی ئەوانداوپێشنیار دەکەن کە هەر یەکێک لە ڕێڕەوی ناوباخەکان بکرایە بەناوی شاعیرەکانەوەو پەیکەرەکان لە نێویاندا دابنرایە، هەروەها داواش دەکات ئەو کەرەستانەی بۆ منداڵان و یاریە وەرزشییەکان کەسەرجەمیان بێبەرامبەرە هاوڵاتیان بیپارێزن هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەوکەل و پەلانە شکێنراون و لەناوچوون.

لەم باخەدا ماڵی کۆترەکانیش بوونی هەیە کە بیرۆکەی ڕێبواری دەلاکە لەوێ وەک دیمەنێکی جوان دانراون و ماڵی کراون، کە خەڵکی بۆ وێنەگرتن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی دەکەن و لە ئەمساڵدا دووبارە نۆژەنکرایەوە.[١]

سەرچاوەیەکی تر:

باخچەی گشتی لە کۆندا نەبووە. تا سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان کە حاکمی سلێمانی بووە چوار باخی دروست کرد، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی. جا لەبەر ئەوەی ئاوی سلێمانی زۆر بووە و پڕ بووە لە کانی و کارێز جگە لە ئاوی شیوەکان و زێرابەکان کە بەرەو خوار بوونەتەوە، ئەمانە ھەموو سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخ دروستکردن.

ئەمانەش ناوی ئەو باخانەن کە ھەبوون و ئەوانی تریش ئەوانەن کە لەم دوایییەدا دروست کران:

باخی پورە بەگ: لە گەڕەکی گۆیژە نزیک سابونکەران و ژوور مزگەوتی ھەمزاغا، ماڵی شاعیری گەورەی کورد پیرەمێرد لەوێدابوو.

تووی مەلیک: لە باکووری شاری سلێمانی، لە ساڵەکانی سی و چلی سەدەی ڕابردوو (حەوزێکی گەورە)ی ھەبوو لە بەھارا پر دەبوو لە ئاو، لەوەو پێش دار و درەختی لە بەرابوو، خەڵک لە بەھارا دەچوونە ئەوێ بۆ سەیران.

ئەم ناوچەیە موڵکی شێخان بوو. لەکاتێکدا دروست کرا کە شێخ مەحموود حوکمدار بوو، بۆیە ناونرا تووی مەلیک.

باخی شێخ لەتیف (شێخ لەتیفی دانساز) لە لای ماڵەکەی خۆیانا لە گەڕەکی دەرگەزێن، پڕبوو لە داری بەردار و حەوزێک بە فوارەوە لە ناوەڕاستیا ئێستاش ھەندێ شوێنی ماوە بە باریکی درەختی سێو و ھەڵوژە و ھەرمێ و ھەنار و قۆخ و گێلاس و بەھێ و ھەنجیری تیا بوو.

باخی فەرەجی حەمە مراد لە دەرگەزێن نزیک بە کارێزی دایکی پاشا دە دۆنم زەوی بوو. بە موڵک ھی (عەزمی بەگی بابان) بوو، لە ھاوینا تەنیا ئەو باخە ھەبوو کە بە تەنیشت ماڵی عەزمی بەگ خۆیەوە بوو، خەڵکی شار پۆل پۆل بۆی دەھاتن. ئێستا شوێنەکەی قوتابخانەو خانووە.

باخی مەجید بەگ: لە باکووری شاری سلێمانی. شوێنی بینای زانکۆی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و گشتییە.

باخی کانی دۆمان لە خوار گەڕەکی سەرشەقامەوە بوو.

باخی گەورە و بۆگەنە: ئەمیش ھەر موڵکی (عەزمی بەگی بابان) بوو لە خوار شاری سلێمانییەوە.

باخچەی گشتی: لە ڕاستیدا ھەر ئەم شوێنە بوو کە بە تەواوی پێی بوترێ (باخچە). دەکەوێتە ڕۆژ ئاوای سلێمانی نزیک (سەنتەری پارێزگای سلێمانی).

یەکەم باخچەی میرییە و کاتێک کە مەجید یەعقوبی لە ساڵەکانی (١٩٣٧–١٩٣٩) موتەسەریفی سلێمانی بوو دروستی کرد کە ئەوسا ئەوپەری شار بوو، واتا ھیچ خانوو بینا لەو لایەوە نەبوو بێگومان ئەم باخچەیە بۆ ڕازاندنەوەی شارەکە و گەشت و جوانی سەردانی ژن و پیاو ڕۆژانی (چوارشەممە تایبەت بوو بۆ ژنان) بە عەبا و پەچەوە دەھاتن بەداخەوە بەھۆی نالەباری ئاسایشەوە زۆر دەستکاری کراو زۆری لێ کەمکرایەوە و دارەکانی دەبڕران، بەڵام ئێستا گەشاوەتەوە.

شارەوانی سلێمانی لەم ساڵانەی دوایییەدا فەرمانگەی باخچەکانی بەتایبەت پێک ھێنا بۆ دروستکردنی باخچە لە ناوشارا. ئەو فەرمانگەیەش ژمارەیەکی زۆری باخچەی دروست کردوە سەرپەرشتیان دەکات لە ژوور ھەموویانەوە پارکی ئازادی کە لەوەو پێش لەشکرگای حوکمەت بوو (حامییە) بوو. دەکەوێتە بەشی ژوورووی شار.

ژمارەیەکی زۆری تر باخچەی بچووک ھەن لە ناو شارەکە کە ھەموو ڕازاوە و جوان و ڕێک و پێکن ھەندێکیان بە ناوی ئەو کەسانەی بیانی و خۆیییەوە ناونراونکە خزمەتیان پێشکەش کردووە. وەک (باخچەی ئولڤ پالما) سەرەک وەزیرانی سوید کە بەدەستی ناحەز شەھید کرا و باخچەی جەواھری کە بە ناوی شاعیری گەورەی عەرەب محەممەد مەھدی ئەلجەواھیری دۆستی دێرینی کورد و باخچەی فەرەیدون علی ئەمین و گەلێکی تر.

  1. سەرچاوە: خاک تیڤی