بزوتنەوەی فەرهەنگیی کورد لە سەدەی بیستەمدا – بەشی 01

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: چیا عەزیزی

20-6-2024 120031.bmp.jpg


لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا، حەوت ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی هەبوون کە چواریان لە ئەستەموڵ و ئەوانی تر لە قاهیرە و بەغدا بڵاو بوونەتەوە. بە خوێندنەوەی قۆناغەکانی جووڵەی فەرهەنگیی کورد لە سەدەی بیستەمدا دەبینرێت کە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، ناوەندەکانی فەرهەنگیی کورد لە باشووری کوردستان و عێراق بەتایبەت لە بەغدا و سلێمانی شوێن دەگۆڕن. ئەگەرچی پشکنینی تەواوی ئەم گۆڕانکارییانە نامومکین دەردەکەوێت، ناچارین لایەنگەلی جۆربەجۆریان بە شێوازی جیاوازەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریە، باشووری کوردستان و عێراق، باکووری کوردستان و تورکیە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ڕووسیا بخەینە ژێر لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە.

دەفتەری کوردەواری
دەفتەری کوردەواری



بزووتنەوەی فەرهەنگیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریەدا

بزووتنەوەی فەرهەنگیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٣٠ گرینگیی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێتەوە.

میر جەلادەت بەدرخان
میر جەلادەت بەدرخان

ئەم ڕووداوانە بریتی بوون لە پتەوکردن و بەهێزکردنی هەستی نەتەوەییی کورد لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی زمان و بووژانەوەی ئەدەبی. دامەزرێنەرانی ئەم بزووتنەوە ڕۆشنبیرییە برایانی بەدرخان بەتایبەت میر جەلادەت (١٨٩٣-١٩٥١) و میر کامران عالی بوون.¹

میر کامەران عەلی بەدرخان.
میر کامەران عەلی بەدرخان.

پایەکانی ئەم بزووتنەوەیە، گۆڤاری «هاوار»ە کە بە زمانی کوردی و فەڕەنسی بڵاو دەبووەوە و یەکەم ژمارەی لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢ دەرچووە و تا ساڵی ١٩٣٥ بەردەوام بووە و لە ساڵی ١٩٤١ تا ١٩٤٣ پەنجا و حەوت ژمارەی دەرچووە و پاشکۆیەکی هەبوو بە ناوی ڕووناکی. یەکەمین هەنگاوی گرینگی دامەزرێنەری گۆڤاری هاوار، ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی ئەلفوبێی کوردی بە پیتی لاتینی بوو و داهێنەرانی ئەم ئەلفوبێیە لە کەسانی پێش خۆیان ئیلهامیان وەرگرتووە کە ئەلفوبێی تورکییان بۆ لاتینی گۆڕیوە. ئەوان توانیان بەم ئەلفوبێیە، یەکگرتووییی کورمانجی بپارێزن. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، نووسەران هەموو کەرەستەی پۆلەکانیان ئامادە کرد و زنجیرەیەک نامیلکە و تێبینییان بڵاوکردەوە کە ئەم ئامانجەیان بەدیهێناوە² و دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا، بە جۆرێک هۆکاری گەشەسەندنی بزوتنەوەی فەرهەنگیی کوردیان لە سووریە و لوبنان دابین کرد.

گۆڤاری هاوار
گۆڤاری هاوار


لە دەوری گۆڤاری هاوار و دامەزرێنەرەکەی، کۆمەڵێک نووسەر و شاعیری لاو کۆبوبوونەوە، کە بەشێکیان خاوەنی بەهرەیەکی نائاسایی بوون و دەتوانین لە نێویاندا ئاماژە به مستەفا ئەحمەد بانی - کە بە چیرۆکەکانی بەناوبانگە - و قەدری خان - شاعیرێکی تازەپێگەیشتوو - و هەروەها عوسمان سەبری و مەلا ئەحمەد حەیدەران بکەین. بێگومان ناودارترین و بەناوبانگترینیان شێخ مووسا حوسێن، به نازناوی جگەرخوێن-ە کە یەکەم شیعری خۆی لە ساڵی ١٩٤٥دا چاپ کردووە. دیوانی جگەرخوێن لە شیعری نەتەوەپەرستانە پڕە و پاڵنەری کورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و نەزانییە. ئەم شاعیرە بەرهەمی دووەمی ساڵی لە ١٩٤٥ بە ناوی شۆڕش و ئازادی چاپ و بڵاو کردووەتەوە، هەروەها بەرهەمگەلێ لەسەر ڕێزمان و مێژووی کورد بە پەخشان و شەرەفنامەیەکی به شیعری لە دوای خۆ بەجێهێشتووە.

جگەر خوێن
جگەر خوێن

بزوتنەوەی فەرهەنگیی کورد لە باشووری کوردستان و عێراقدا

دوای کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانی ساڵانی ١٩١٩ تا١٩٢٠ بزوتنەوەی فەرهەنگیی کورد لە باشووری کوردستان و عێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بوو و ئەو ڕۆشنبیرانەی بەهۆی زۆربوونی فشارەکانی هەمووڕۆژەی سیستەمی حوکمڕانیی وڵاتەکەیان، لە ئەستەموڵ دەژیان، بۆ باشووری کوردستان و عێراق گەڕانەوە و کۆمەڵی ڕۆشنبیریی کوردیی باشووری کوردستانیان بەهێزتر کرد و دوو ناوەندی گەورەی زانستی و ئەدەبییان لە سلێمانی و بەغدا دامەزراند.

ڕۆژنامەی هیوا
ڕۆژنامەی هیوا


ڕۆژنامەکانی: پێشکەوتن (١٩٢٢-١٩١٩)، بانگی کوردستان، ڕۆژی کوردستان، بانگی حەق، ژیان و زانست-یان لە سلێمانی بڵاو کردەوە.³ پێویستە بگوترێ ڕۆژنامەی ڕۆژانەیێک کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ بڵاو دەبووەوە، سەرەتا بە ناوی ژیانەوە و دوایی بە ناوی ژیان و لە کۆتاییدا به ناوی ژین بڵاو دەبوو.

ڕۆژنامەی ڕۆناهی
ڕۆژنامەی ڕۆناهی

ڕۆژنامەی ڕۆناهی

لە بەغدایش ڕۆشنبیران، سەرەتا ڕۆژنامەی دیاریی کوردستان و پاشان گەلاوێژیان لە ساڵی ١٩٣٩ تا ١٩٤٩ بڵاوکردەوە، پاشان ڕۆژنامەگەلی دیکە بە ناوی "دەنگی گیتیی تازە" و "نزار"یان بڵاو کردەوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوون. پاشان ڕۆژنامەی "دەنگی کوردستان"ی دەستەی خوێندکاران بڵاو بووەوە و دواتر بە "خەبات"، ئۆرگانی حزبی دیموکڕاتی کوردستان ناوی گۆڕی و تا ساڵی١٩٩٦ بڵاو دەبووەوە و لە هەمان ڕۆژانەدا لە لایەن حکومەتی جەنەڕاڵ قاسم دەستی بەسەردا گیرا. دواتر ڕۆژنامەگەلی "هیوا"، "ڕزگاری" و "ڕۆناهی" بە شێوەی مانگانە و دوو هەفتە جارێک بڵاو دەبوونەوە. پاشان ڕۆژنامەی "ئازادی"ی ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستیی عێراق لقی کوردستان لە ڕواندز بڵاو بووەوە و لە ساڵی١٩٣٦ ڕۆژنامەگەلی "زاری کرمانجی"، لە هەولێر و "ڕاستی" لە مووسڵ بڵاو بوونەوە.5

ڕۆژنامەی گەلاوێژ
ڕۆژنامەی گەلاوێژ

ڕۆژنامەی گەلاوێژ

ئەم وتارە درێژەی هەیە...


سەرچاوەکان:

١. کامران عالی بەدرخان، قورئانی پیرۆز و هەروەها هەفتسەد فەرموودەی پێغەمبەر و پەندەکانی حەزرەتی سلێمان(١٩٤٧_١٩٤٩) و ئینجیل-ی یوحێنا و ئینجیل-ی یووفای بە کوردی و هەروەها مەتەڵگەلی کوردی-ی لە ساڵی ١٩٣٧ بە فەڕانسە و ئاڵمانی وەڕگێڕاندووە و لە ساڵی ١٩٥٣ ڕێزمانی زمانی کوردی-ی کە لە سەرچاوەکانی سەرەکیی ئەورووپیەکان بوو، لە قوتابخانەی السنە شرقی پاریس بە چاپ گەیاندووە.

٢.cahier N I.Note sur lalphet Kurdc.

٣.CF.R.P.Thomas Bios. Op cit PP212_213. CF egalemnt C.J.R.A.C.S. 1954.

٤.Geew Mukriani.Dictionaric arabe_ kurde de 15000 mots

٥. le problème kurde - joyce blau[١]

  1. سەرچاوە:https://kurdshop.net/