بەڵگەنامەی ئەندامێتی هونەرمەند رەئوف یەحیا وەک یەک لە دهستهی دامهزرێنهری کۆمەڵی هونەرە جوانەکان
وەک هونەرمەند رەئوف یەحیا دەڵیت: قوڕم شێلاوەو سەکۆیەکم دروست کردووە، لەسەر ئەم سەکۆیەش هەموومان پێکەوە قۆڵمان کردووە بە قۆڵی یەکداو کارمان کردووە، لەبەر ئەوە ئەوسەکۆیە ماڵ و ڕێگەو جێگەی هونەری شانۆی کوردی ئێمە بووە.
هونەرمەند ڕەوف یەحیا پێی وابوو هونەر لەھەموو سەردەمێکدا ڕێنیشاندەری گەلە و بڕوای بە داهێنان وگۆڕانکاری هەمیشەیی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەبوو ، بەتایبەتی لە بواری هونەردا یەکێک لەو گۆڕانکاریانە، پێی باشبوو پێش دەستپێکردنی شانۆ و لەکاتی پشوەکانیشیدا دەبێت ئاهەنگی مۆسیقاو گۆرانی پێشکەش بکرێت، واتە بابەتە ھونەرییەکان بەتایبەتی شانۆ و مۆسیقا بەیەکتری ئاوێتە بکرێن و لێک دوور نەخرێنەوە.
بۆئەم مەبەستەش لە ڕۆژی 1957.06.19 دا لەگەڵ کۆمەڵیک هاوڕێی هونەری مۆڵەتی فەرمی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵی هونەرە جوانەکانیان لەشاری سلێمانیدا وەرگرت.
یەکەم بەرهەمی شانۆییشیان شانۆگەریی عەلە ورگەی شوتی دز بوو لە مانگی نۆی ساڵی١٩٥٧ دا بەبۆنەی کردنەوەی ڤیستیڤاڵی هونەریی لە ئامادەیی سلێمانی کوڕان بە بەشداری هەریکە لە نەمران ولیم یوحنا و قادر دیلان بەئاهەنگی مۆسیقاو گۆرانی پێشکەشکرا، لە نوسین و ڕاهێنانی ڕەوف یەحیا و دەرهێنانی قادر دیلان بوو، هونەرمەند ڕەوف یەحیا دەوری سەرەکی تێیدا هەبووە، دواتر پیسکەی مۆلێر و بووکی ناکام بوو کە لە مانگی دەی ساڵی ١٩٥٧ دا بەهەمانشێوە پێشکەش کرا، دواتریش و لە ساڵی ١٩٥٨دا شانۆی مەم و زینی ئەحمەدی خانی بوو، کە هەریکە لە نەمران دیلان و شەماڵ سایب و هاوڕێکانی تێدابوو.
شایانی باسە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان لە سێ کۆمیتەو یەک دەستەی بەڕێوبەر پێک هاتبوو وەک لە بەڵگەنامەکەدا دیارە. بەداخەوە لە ساڵی 1963دا کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان لەلایەن ڕژێمی عەرەبە نەتەوە پەرستەکانەوە مۆڵەتی لێدەسەنرێتەوەوهەڵدەوەشێتەوە.
هونەرمەند ڕەوف یەحیا له بەرواری 1969/12/31 دا لهگهڵ کۆمهڵێک هونهرمهند و ئهدیبی شاری سلێماندا کۆمهڵهی هونهر و وێژهی کوردییان دامهزراندوه و وهکو ئهندامی دهستهی دامهزرێنهر و بەڕێوبەری هونەری و جێگری سهرۆکی کۆمهڵهکه رۆڵێکی بهرچاوی گێڕاوه لهو بوژانهوه ئهدهبی و هونهرییهی له ئهنجامی رێکهوتننامهی ئازاری ساڵی 1970دا هاتبووە کایه، یەکەم بەرهەمیشیان بەرلە هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەر شانۆگەری کێچ بوو، کە لە نوسینی حەمە سدیقی محامی و لە دەرهێنانی نەوزاد مەجید بوو پاڵەوانی شانۆگەرییەکەش هونەرمەند ڕەوف یەحیا بوو.
شایانی باسە لە یەکەمین کۆنفراسی کۆمەڵ دا و لە ئایاری ساڵی 1980 دا ناوی کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی گۆڕدرا بۆ کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد ، لەڕاستیشدا بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم كۆمەڵەیە، بۆ کۆمەڵی هونەرە جوانەکانی ساڵی 1957 دەگەڕێتەوە، کە لە سەر دەستی دەستەیەك لە ئەدیب و هونەرمەندانی ئەوسەردەمە هاتبووە ئاراوە، کەئەوانیش هونەرمەندان: رەفیق چالاك، ڕەوف یەحیا، نوری وەشتی، ولێم یۆحەننا، نەجات عەبدە، جەمال بەختیار، تاها خەلیل، بەهجەت ڕەشید، نامق محێدین، خالد سەعید ، ئازاد شەوقی و قادر دیلان بوون، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە.
سەرچاوە: هەڤاڵ رەوف یەحیا