بە زمانی ئەکادیمیی مەدوێن، بە زمانی زانست و زانیاری بدوێن.

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

547mbnail academie.jpg

بەچێژترین زانیاری، زانیاری کەسانی زانستن، کەسانی پرسنن، کەسانی لێکۆڵەرەوە، کەسانێک کە هەست و سۆزیان هەیە بۆ کارەکەیان، نەک کەسانێك کە بەزمانی ئەکادیمی گوایە دەدوێن، بە زمانێکی وشک و درێژدار و بێ تام بنێشت دەجوون و خۆیان لە قەرەی جەوهەر نادەن. نوسینی ئەکادیمی نوسینێکی وشک و برنگە، ستایلێکی دیکتاتۆرانەیە لە نوسین و دەربڕیندا. شکڵی وتاری سەرۆکە؛ چەق بەستووە، جێگای مشتومڕی تێدا نیە. باسی چووارچیوە دەکەن لە بری ناوەرۆک و جەوهەر.

ئەمڕۆ بە هۆی گۆڕانکاریی لە بواری گەیشتن بە زانیاری، کە شکلێکی دیموکراسی وەرگرتووە، هەموو کەسێک ئەگەر ئارەزوو بکات دەتوانێت زانیاری وەدەستخات، بۆیە ئەو دیوارە شکاوە، جۆری دەربڕێنی باسەکانیش گۆڕاون، خەڵکی هەست بە خۆبەکەمزانیی ناکەن بەرامبەر بەوانەی کە خۆیان بە ئەکادیمی دەناساند، چوونکا لە ڕابوردوودا ڕێگالادان لە جۆری نوسین و بیرکردنەوەی ئەوان بڤە بوو، ئێستاکەش لای کەسانی نەزان و قەومی بێ هونەر هەر وەهایە.

کەسانی ئەکادیمی خۆیان کەسانی داهێنەر نین، وەک پۆلیس پاریزگاری لە دەقەکان دەکەن، وەک ئەوەی هیچ بیر و بۆچونێک جێی گومان نەبێت و گۆڕانکاری بە سەردا نەیەت. لە کاتێکدا کەسانی داهێنەر بەو جۆرە بیر ناکاتەوە.

ئەکادیمیستەکان بەهۆی ئەو ئەقڵە چەقبەستوەی کە هەیانە، تاوانی زۆریان کردووە بەرامبەر بە کەڵچەر و زانیاری گەلانی ژێر دەستە، وەک ئەوەی کە ئەوان خاوەنی بیری ڕەها بن. پۆلاتجان لە وتارێکیدا باسی تاوانی ئەکادیمیستەکان دەکات بەرامبەر بە دۆخی کورد، کە چۆن خۆیان دەکەن بە خاوەنی بڕیاردان لە سەر مێژوو و زمانی ئەوان، چۆن ئەکادیمیستەکان دەڵێن:

"ناتوانرێت نەتەوەیەکی یەکگرتوو بۆ کوردان بوونی هەبێت، ئێزیدیەکان کورد نین، بەڵکو پاشماوە و جێهێڵراوی سریان و کلدان و ئەرمەن و ئارامیی و عارەبن. زازاکان(دملیکی) کورد نین، بەڵکو نەتەوەیەکی ترن، رەنگە لە بناغەدا ئەرمەن بوو بن. زمانی کوردی بوون نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە زمانەکانی عارەبی، سریان، تورکی، ئەرمەنی و فارسی. وڵاتی کوردان گردۆڵکەیەکی ئێرانە، هیچ پەیوەندیی بەو دەوڵەتە پیرۆزانە لە سوریا و ئێراق و تورکیاوە نییە. كوردستان بریتیە لە ئەرمینیای رۆژئاوای گەورە، سوریای گەورە، عێراقی مەزن، ئاشوری مەزن. کورد گەلێکی بارە و زێدەیە بەسەر ناوچەکەوە، بۆیەکا هیچ مافێک یا تایبەتمەندییەک یان داواکاریی نەتەوایەتی نییە، سەرباری ئەوەش مافی جوگرافیاشی نییە.

داواکاریی کورد بۆ سەربەخۆیی و بەدەستخستنی مافە نەتەوایەتیەکانی، یاخود هەوڵدان بۆ وەدەستخستنی مافی چارەنوس، زیان دەگەیەنێت بە دەوڵەتانی ئیسلامی و دەبێتە هۆکاری پارچە پارچە بوونی ناوچەکە. هەموو سەرکردە مێژوویەکانی کورد لە بنەچەدا کورد نەبوون، بەڵکو بوونەتە کورد و لە ناو کورداندا ژیاون، چونکە ڕێی تێ ناچێت ! کورد چۆن سەرکردەی مەزنی لێ هەڵدەکەوێت ؟ هەموو شارەکانی کورد، هی کوردان نین بەڵکو هی عارەب، سریانی، ئاشوری، ئارامی، یۆنانین. کوردەکان هیچ نیین جگە لە بەکرێگیراو بۆ ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و رۆژئاوا و ئیسرائیل و ئەمەریکا نەبێت.


ئەو دەستەواژانەی کە لە وڵاتانی خۆبەکەمزاندا زۆر بەکار دێن بریتیین لە دکتۆر، پرۆفیسۆر، ئەکادیمی...تاد، ئەمانەش بۆ جیاوازی کردنە لە نێوان خەڵکی خوێندەوار و ڕەشۆک، لە نێوان کەڵچەر و زمانی زاڵ و گەلانی ژێردەستە، هەموو جۆرە سسیاسەتێک بەکار دەهێنن، هەتاوەکو هەموو کەس بۆی نەبێت بدوێت، یان بچێتە ناو کۆمەڵگەی ئەوان، بۆتە جۆرێکە لە جیاوازی چینایەتیش. هەر بەو پێیەش بیرۆکەی سۆفیەک ناچێتە ناو زمانی ئەکادیمیەوە، دەف و جوزەلە و ئالەتە مۆسیقا میلیەکانیش نابنە ئالەتی ئەکادیمی. ئەم دیاردەیەش هەندێک جار بۆتە دیاردەیەکی قێزەوون.

زمانی ئەکادیمیش زمانێكی وشکە. بۆ گەڵتەکردن بەم زمانە، مۆلیێر، هەر لە کۆنەوە باسی ئەم دیاردەیەی کردوە لە شانۆی "بۆرژوا و پیاوە باش"ە کەدا. چۆن کابرایەک فێری هەڵس و کەوت و قسە دەکەن هەتا بتوانێت قبوڵ بکرێت لە کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا.

بە پیاوە باشەکە دەڵێن : ئەزانی دەنگی پیتی نون چۆن گۆ دەکرێت؟

سەری زمانت بە ئاستەم بنوسێنە بە بەشی سەروی پێشەوەی دیواری دەمتەوە و کتوپڕ لێکیان جودا بکەرەوە، ئەوسا دەنگی پیتی نون دەردەچێت.

کابرا باشەکەش، کاتێک ئەوە دەکات کە داوای لێ دەکەن، دەبینێت دەنگی نون دەردەچێت، زۆر سەری سوڕ دەمێنێت و دەڵێت : شتێکی باشتان فێرکردم، نەم دەزانی کە دەنگی نون ئاوەها دەردەبڕێت. ئاوەها زمان و، دوان و زانست، دەبنە جۆرێک لە کۆمێدی، کە کەسانێک دەتوانن چەندەها پەڕە پڕ بکەنەوە بە بێ ئەوەی هیچ بڵێن، لە بەر ئەوەی کە هیچیان لە هەگبەدا نیە. بۆیە لە هەندێک وتاردا دەتوانیت چەند پەڕەیەکی دەستپێک بپەڕێنیت، تا دەگەیتە سەر باسی سەرەکی، لەبەر ئەوەی کە نوسەر دەیەوێت پێمان بڵێت کە ئەو بە زمانی ئەکادیمی دەدوێت.

ئەو دکتۆرە گەمژەیەی کە تێزی لە سەر وتارەکانی مەسعود بارزانی نووسی، گوایە قسەکانی مەسعود بارزانی بەهای مێژوویان هەیە، بێ شک شارەزای زمانی ئەکادیمیە، لە کتێکدا بارزانی نازانێت بدوێت، خۆ ئەگەر لە پاقلە فرۆشێک بپرسیت، باشتر لێکۆڵینەوە لە وتارەکانی بارزانی دەکات.

دەستەواژەی ئەکادیمی نەدەبوا هەرگیز بەکار بهێنرایە، ئەکادیمی بەمانای فکری چەق بەستو دێت، دەبوا بوترێت: دوان و ڕوونکردنەوە و سەلماندن بە زمانی زانست و زانیاری، نەک بە زمانی بازاڕی و ناڕەزایی. هەموو ئەو زانیاریانەی لە گشت بوارەکاندا؛ زمان، یاری، زانست،....تاد، پێش تۆ وتراون و دۆزراونەتەوە، لە لایەن دەزگایەکەوە دانیان پێدا نراوە و قبوڵ کراون، پێیان دەوترێت: دەزگای ئەکادیمی. زانیاریە ئەکادیمیەکانیش هەمیشە دەورووژێنرێن و گۆڕانکاریان بەسەردا دەکرێت لە لایەن داهێنەرانەوە؛ زانا و هونەرمەند و ئەدیب و مێژونووسانەوە، لە بەر ئەوەی کە هیچ زانیاریەک چەقبەستوو نیە.

ئەگەر باسی ئەکادیمی هونەری جوانی پێش سەد ساڵ لەمەوبەر بکەین بۆ پەیکەرێک، لێژنەی سەرپەرشتیار دەهاتن، هەموو بەشەکانی لەشی پەیکەرەکەیان دەپێوا، هەتا بزانن کە ئایا ئەو پەیکەرە دەچێتە ناو زانیاریەکانی ئەوانەوە لە بواری پەیکەر تاشیدا.

بەڵام هیچ تابلۆیەکی پیکاسۆ یان هۆنراوەی رامبۆ ناچنە ناو هونەر و زمانی ئەکادیمیەوە، ئەکادیمیستەکان باسی ڤانگۆگ ناکەن، لەبەر ئەوەی کە ناتوانن بیخەنە چوارچێوەی لۆژیکی خۆیانەوە. تەنانەت لەو سەردەمەدا پەیکەری پەیکەرتاشی وەک ڕۆدان رەفز کرایەوە لە لایەن لیژنەی ئەکادیمیەوە. بێ گومان زانستی ئەکادیمی هەمیشە لە گۆڕاندایە بەڵام کەسانی ئەکادیمی وەک دەروێش و پۆلیس نازانن داهێنان چیە، هەمیشە ڕێگرن لە بەردەم بیری نوێ و داهێنانی نوێدا.

ئاپۆ لە کتێبی مانیفێست بۆ شارستانیەتێکی دیموکراسی، بە زمانێکی دەوڵەمەندی زانستی دەدوێت، نۆوا هەراریش لە کتێبی ساپیاندا کە هەمان باسی ئاپۆ دەورووژێنێت، بە زمانێکی گشت دەدوێت، نۆوا هەراری و ئاپۆ بە زمانی زانست دەدوێن و هەردوکیشیان بە گژ زانیاری ئەکادیمیدا دەچنەوە.