جلوبەرگی کوردان لە چاوی گەشتیارانەوە لە ساڵانی 1501- 1979 – بەشی 02

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: چیا عەزیزی

2024 101615.jpg


واڵتر هەریس وەک ڕیچ باس لە نیوتەنەی دوگمەدار دەکات: «ژنان لەسەرەوەی پانتۆڵیان کە شینی تۆخ یان سوور بوو، کەوایەکیان (کە لە هەمان قوماش دروستکرابوو) دەکردە بەر، کە بە دوگمەی زێو ڕازێنرابووەوە.»(١)

Libasi-jinani-kurd-2 w500 h500.jpg

هەروەها سۆن(٢) باسی لە جۆرە بۆدیسێکی بێ دوگمە کردووە و نووسیویەتی جلی ژێرەوەی خانمان بریتییە لە کراسێکی کورت و پانتۆڵێکی پۆفی کە بەشی سەرەوەی لە قوماشی نەخی سپی دروست کراوە و بەشی خوارەوەی لە هەندێک مادەی ڕێ ڕێ دروست کراوە.

لە سەرووی ئەمەشەوە کراسێکی درێژە کە دەگاتە خوارەوە تا پێ بە قۆڵی بچووکی کەتانی سپی و لە ملەوە کراوەیە. دیسانەوە لەسەر ئەم کراسە، بۆدیسێکی درێژ بەبێ دوگمە بە ناوی کەوا(٣) لەبەر دەکرێت کە بە هەمان شێوە دەگاتە پێیەکان؛ لە بەشی پێشەوەی جەستەی لە قوماشی گرانبەها دروستکراوە و قۆڵەکانی توند و تۆڵن، بەڵام چەند ئینجێک لە مەچەکەوە بۆ ناوەوە درزی تێدایە.(٤)

Libasi-jinani-kurd-3 w500 h500.jpg

بەپێی زانیارییەکانی دکتۆر ووم، جلوبەرگی ئافرەتان لە گوندی هومرمل (عمرمل) بەم شێوەیە وەسف کراوە: «ژنان کراسێکیان لە ژێرەوە هەیە کە دەگاتە لای کەلەکەیان؛ جگە لەوەش وەک میسرییەکان کراسێکی درێژ لەبەر دەکەن. قوماشێکی گەورە کە بە توندی بە سەریانەوە بەستراوەتەوە، سەرپۆشەکەیان پێکدەهێنێت کە وەک شاڵێک دەکەوێتە سەر شانەکانیان.»(٥)

Libasi-jinani-kurd-4 w500 h500.jpg

بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەبەستی ووم لە کراسی میسری، هەمان قۆبەی تەواو درێژی ژنانی کوردستانە.(٦)

Libasi-jinani-kurd-5 w500 h500.jpg


سەرپۆشەکە ئەو سەروێنەیە کە زیاپوور بەم شێوەیە باسی دەکات: «ئەم قوماشە لوولەییە ڕەشە لەسەر جەستەی کڵاوەکە کەڵەکە دەکرێت و بە سنجاقگەلێک کە بنەکەی گردە، بەیەک دەبەسترێتەوە و شوێنەواری قوماشێکی لە پشتی سەریدا لێ هەڵدەواسرێت و شۆڕ دەبێتەوە.»(٧)

Libasi-jinani-kurd-6 w500 h500.jpg

ئەگەرچی بە بۆچوونی ڕیچ بە وردی و بەتەواوی باسی سەروێنی ژنانی کورد ئەستەمە، بەڵام بە باشی باسی کردووە: «ئەم سەرپۆشە لە دەستماڵی ئاوریشمی یان بە واتایەکی تر شاڵێکی ڕەنگی کەوانە دروست کراوە، بە شێوەیەکی ڕێک‌وپێک و هونەری بە پێشەوەی تەوێڵ دەبەسترێتەوە و بە سنجاقێکەوە دەیبەستن کە وەک تاجێک، دوو پێ بەرزە و لاکانی بە پشتی سەرەوە شۆڕ بووتەوە لەژێر ئەم سەرپۆشەیە، سەرپۆشێکی گەورەی تر کە پێی دەوترێت دەسماڵ لەسەر شان و مل دادەنرێت کە لەسەر سنگەوە بەستراوەتەوە و کۆتاییەکەی ئەم دەسماڵە بە پشتەوە شۆڕدەبێت. ئەوەندەی من بزانم ئافرەتانی هاوژیندار ئەم دەسماڵە لەسەر دەکەن. قژەکانیان لە پشتەوە زۆر دەرناخەن بەڵام گیس (پەلکە) یا تاڵی پێشەوەی قژ دادەنن.»(٨)

Libasi-jinani-kurd-7 w500 h500.jpg


وەسفکردنی جلوبەرگی ژنانی کورد لە ڕێوڕەسمی هەڵپەڕکێدا لە لایەن گەشتیارانەوە چاوپۆشیی لێ نەکراوە و نیشانەی جۆرێکی تایبەتیی جلوبەرگ لای ئەوان بووە. ئۆژین ئۆبن لە وەسفی جلوبەرگی ژنانی مهاباددا دەنووسێت: «ژنان تەنوورەی چین‌چینی ڕەنگی ڕوون و نیوتەنەگەلێکی مەخمەڵی یان زێڕدار، لەبەردەکەن و لەچکەگەلێکی سپی گوڵدار - کە لەسەر سەریان گرێ دراوە و توند و تۆڵ بووتەوە – لەسەر دەکەن. شاڵ‌ملێکی ئاوریشمیی ڕەش لە شێوەی خاچ لە ملیان دەبەستن.»(٩)

Libasi-jinani-kurd-8 w500 h500.jpg

ئێستاش ژنانی کورد لە کاتی شایی و هەڵپەڕکێ جلی کوردی لەبەر دەکەن و تا ئێستاش بە پاراستنی ئەو داب و نەریتە پابەندن و هەرچەندە گۆڕانکاری لە شێوە و فۆرمەکەیدا ڕووی داوە، بەڵام بە گشتی جیاوازییەکیی بەرچاوی لەگەڵ قۆناغەکانی ڕابردوودا نیە. تەنیا ئەو دەسماڵە سپییە گوڵدارانەی باس کراون چیتر سوودێکی زۆریان نیە. مەبەست لەو شاڵەی لە شێوەی خاچدا بەسترابوو لەوانەیە «چارۆکە (١٠) یا فەقیانەی هەمان کراسی درێژ کە پێی دەوترێت سۆرانی، بووبێت کە قۆڵەکانی تا مەچەک و دوای کۆتایی مەچەک، قوماشێکی تری بە درێژی تا لای پێ دەدوورێنن. ژنان کۆتایی ئەم قۆڵانە لە ملیانەوە بە شێوەی خاچ دەبەستن یا بەدەوری دەستیانەوە توند و تۆڵ دەیپێچن» بووبێت، کە ئیتر بە دەگمەن بەکاردەهێنرێت. سەبارەت بە تەنوورە چیندارەکان، پێویستە بگوترێ: «ئافرەتانی کورد بە گشتی - جگە لە ژنانی کوردی خوراسان- تەنوورەیان کەمتر بەکارهێناوە و ئەو جۆرە تێبینییانەی لە لایەن گەشتیارانەوە ڕەنگە بە هۆی زۆربوونی چینی جلوبەرگەکانیانەوە بووبێت کە بووتە هۆی ئەو لێکدانەوەیە یان لەبەر ئەوەی پشتوێند بە ڕوونی جلەکە بە دوو پارچە لە ناوەڕاستدا دەبڕێت، بەشی خوارەوەی وەک تەنوورە دەرچووبێت.» (١١) لەگەڵ ئەوەشدا، بە ڕوونی حاڵەتی تەنوورەی بازنەیی پلیتی ژنانی کورد کە شێوەی جلی کچێکی بالێرین (١٢) دەچێت، ڕاپۆرت کراوە.(١٣)(١٤)

Libasi-jinani-kurd-9 w500 h500.jpg

ئەم بابەتە درێژەی هەیە...



سەرچاوە و تێبینییەکان:

1.Harris٫ B. Walter (1896)٫ From Batum to Baghdad: Viâ Tiflis٫ Tabriz٫ and Persian Kurdistan٫ William Blackwood and Sons٫ Edinburgh and London. ٫ 1896: 198


٢.مارتێن هێنری دانۆهۆ (Martin Henry Donohoe)، ژمارەی ئەو ئەوروپیانەی کە هات و چۆی کوردستان و خەڵکەکەیان کردووە، زۆر بەکەم زانیوە (بەهۆی دووریی کوردستان لە ڕێگای ناسراوی سەفەر و سەفەرکردن) و بەشی گەشتیار و توێژەرانی ڕووسی و ئەڵمانی لە بابەتی زمانناسی و خەڵکناسی ئەوان بەقەد نینۆکێک زانیوە لەم نێوانەدا بڕوای بەوەیە کە سەرگورد سۆنی بەریتانیایی E.B.SOANE بە کتێبی To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise توانییویەتی کەمێک پەردەکە بکێشێتەوە دواوە و لە ڕێگەی ئەمەدا دەتوانین شێوەی ژیان و ڕەفتاری کوردەکان بە شێوەی سرووشتی چاولێکەین (دانۆهۆ، ١٣٩٩: ١٨١).

٣. بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەبەستی سۆن لە نیوتەنەی درێژ هەر ئەوەیە کە لە کوردیدا «کەواشۆڕ»ی پێ دەڵێن.

4. Soane E. B(1926)٫ To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise٫ Boston٫ Small٫ Maynard and Company Publishers, 1926: 402.

٥.بایندر هانری (۱۳۷۰) سفرنامه هانری بایندر کردستان بین النهرین و ،ایران ترجمه کرامت الله افسر چ اول ،تهران انتشارات فرهنگسرا (یساولی)،ص ٤٠٨_٤٠٧.

٦. زیاءپوور،جلیل (بی تا)، پوشاک ایل ها، چادر نشینان و روستائیان ایران، بی جا، انتشارات اداره ی فرهنگ عامه از انتشارات وزارت فرهنگ و هنر.ص ٢١.

٧. زیاءپوور،جلیل (بی تا)، پوشاک ایل ها، چادر نشینان و روستائیان ایران، بی جا، انتشارات اداره ی فرهنگ عامه از انتشارات وزارت فرهنگ و هنر.ص ٢٢.

٨. ریچ، کلودیوس جیمز (١٣٩٨)، سفرنامۀ کلودیوس جیمز ریچ (بخش کردستان)، ترجمه و تعلیق حسن جاف، تصحیح فرامرز آقابیگی، چ اول، تهران، انتشارات ایرانشناسی، ص٢٣٠-٢٣١.

٩. اوبن،اوژن(١٣٦٢)، سفرنامه و بررسی های سفیر فرانسه در ایران، ایران امروز ١٩٠٧_١٩٠٦ ایران و بین النهرین، ترجمه و حواشی و توضیحات ار علی اصغر سعیدی، چ اول، تهران، کتابفروشی زوار.ص ١١٦.

١٠. چارۆکە: سەرشانیێکی ژنانە.( شەرەفکەندی، ١٣٦٩:١٩٦) فیفێر، لەڕواڵەتدا سەبارەت بە چارۆکەیە کە دەڵێت قوماشێکی گەورە و شینە کە لە پشتی ملەوە تا مەچەکی پا درێژی هەیە.(Pfeiffer 1850: 189).

١١. آقابیگی، فرامرز (١٤٠٠)، کرد در سفرنامه‌ها (از صفوی تا پایان پهلوی)، چاپ اول، تهران، انتشارات ایران‌شناسی.ص ١٣_١٢.

12. Ballet_girl.

13. Harris٫ B. Walter (1896)٫ From Batum to Baghdad: Viâ Tiflis٫ Tabriz٫ and Persian Kurdistan٫ William Blackwood and Sons٫ Edinburgh and London. ٫ Barjesteh٫ 1999: 110_113.

١٤. آقابیگی، فرامرز (١٤٠٠)، کرد در سفرنامه‌ها (از صفوی تا پایان پهلوی)، چاپ اول، تهران، انتشارات ایران‌شناسی.[١]

  1. سەرچاوە:kurdshop.net